نە سلیکۆن، نە تەباخ

لەشکر قادر ڕەسوڵ
  2021-02-13     591
- زەوی ھی ھەمووانە، ھیچ ئایدۆلۆژیایەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی بۆی نیە مرۆڤ لەچوارچێوەیەکی دیاریکراو کۆت و بەند بکات و بەئارەزووی خۆی حوکمی ئەخلاقی بەسەردا بدات. ژن پێش ئەوەی وەکو مۆدێل و ژنی بەر متبەخ  سەیربکرێت، پێویستە وەکو مرۆڤ سەیر بکرێت و ڕێز لە ئازادی و ئامانج و خەونەکانی بگیرێت.  


- کورتکردنەوەی ڕۆڵ و ژیانی ژن بۆ متبەخ، کورتکردنەوەی ژیانی مرۆڤێکە بۆ بوون بەئامێری چێشتلێنان. بەھەمانشێوە کاتێک ژیان و خەونی ژن دەگۆڕێ بۆ گەورەکردنی لێو و سمت و سنگ، بۆ فیلەر و بۆتۆکس دووبارە ژن دەبێتەوە بەئامێر و بوکەڵەی سەمایەداری.  لێرەدا گەرچی لە فۆڕمدا جوودان، بەڵام لە ناوەڕۆکدا یەک شتن، لەدواجاردا ھەردوکیان دەبنەوە بە ئامێر و کاڵا، یەکیان ئامێری کەپیتاڵیزم و ئەوی دیکە ئامێری سیستەمی کۆمەڵایەتی و نێرسالاری.


- نە مۆدێلبوون پێشکەوتنە، نە ژنی بەر متبەخ دواکەتووییە. نە مۆدێلەکان شەیتانن، نە ژنی متبەخ فریشتەن. بەڵکو ڕەفتار و پەروەردە و سەقافەی و مومارەسە و شێوەی کارکردنی ئەم ئینسانە بەرجەستەی بوون و ماھیەتی کارەکەی دەکات و مانای پێ دەبەخشێ. بەواتەیەکی دیکە، کێشەکە لەوەدا نیە ژن مۆدێل بێت یان ژنی ماڵ، بەڵکو ڕەفتار و سلوک و بەرپرسیارێتی ئەو ئینسانە بەرامبەر وەزیفەکەی جەوھەری بابەتەکە دیاری دەکات.


- وەکچۆن بەشێک مۆدێلەکان قوربانین، کاتێک تۆش ژن لە چوارچێوەی متبەخ و ژووری نوستن سجن دەکەیت، بەھەمان شێوە ئەبێتە قوربانی. وەزیفەی ژن نە چێشتلێنان و متبەخە، نە مۆدێلبوون و بەکاڵاکردنی جەستەی، بەڵکو بەشداریکردنیەتی لە چالاکی ڕۆژانە، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و پەروەردەیی. لە چالاکی سیاسی و ئابووری. 
ژن مافی خۆیەتی ئازاد بێت، بخوێنێت، کار بکات، بەشداری چالاکیە ڕەنگاوڕەنگەکانی ژیان بکات. ژن نە دەبێت بیکەیت بە چێشتلێنەر و پاککەرەوەی خۆت، نە دەبێت ببێتە بوکەڵەی سەرمایەداری بەڵکو دەبێت ماف و ئازادی پێ بدرێت و ژینگەیەکی تەندروستی ژیانکردنی بۆ بڕەخسێنرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×