با چاوەکانمان بشۆین‌و بەجۆرێکی دیکە بڕوانین

لەشکر قادر ڕەسوڵ
  2019-04-05     1073

١. ئەم دێرەی ”سهراب سپهری” لەڕەھەندە ئەدەبیەکەیەوە دەتوانین بیھێنینە ناو جیھانی سیاسی و سۆسیۆلۆجی کۆمەڵگەی کوردی و ھەر لەو ڕەھەندەشەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین. دونیای ئێمە لەھەمووکات زیاتر، ئێستا پێویستی بەم دێرەی سۆھرابە «با چاوەکانمان بشۆین و بەجۆرێکی دیکە بڕوانین». با بەجۆرێکی دیکە بڕوانینە بەرەنگاری و گۆڕانی ڕادیکال(Radical Change) لەنێو ئەم سیستەم و کولتوورە سیاسیەی یەکێتی و پارتی بەرھەمیانھێناوە. بۆ ھێنانەدی ئەم خواستە پێویستە لە جیھانی سیاسەتەوە بگوازینەوە بۆ جیھانی پەروەردە و فیکر و زانست. بگوازینەوە بۆ بەرھەمھێنانی فۆڕمێکی دیکەی ئینسانی کورد کە خاوەنی کاراکتەر و دونیابینی و پەروەردەیەکی تازەو جودابێت لەو فۆڕمەی ئێستا تیایدا دەژی. 


٢. بۆئەوەی کولتوور و جیھانبینی سیاسی مرۆڤی ئێمە بگۆڕێت و ھیچیتر بەشێوەیەکی «ئایدۆلۆژی و دۆگمایی» بەشداری سیاسی نەکات، پێویستە لە پەروەردەی سیاسی نوێی دونیای ئێمەدا حیزب ببێت بە ئامراز و ھاوڵاتی ببێت بە سێنتەر و ئامانج. ئەم مۆدێلە نوێیە لەدواجاردا ئاستێکی بەرزی ھوشیاری سیاسی بەرھەمدێنێت و خودی بەشداری سیاسی لە فۆرمە عەقڵانیەکەشیدا بەمجۆرەیە. 


٣. ئێمە نابێ بڕوامان وابێ بەتەنھا کارکردن لەبازنەی بەرتەسکی حیزبی(بە ئۆپوزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە) دەتوانین خەبات و بەرەنگاری دژ بەو کولتوورە خێڵگەریە سیاسیەی یەکێتی و پارتی بکەین. ئەم جۆرە لە خەبات تاکو ڕیفۆرمی ھەندێ شتی بچووک دەکات، بەھەزارەھا ڕێگا دەچێتەوە خزمەتی ئەم عەقڵیەت و نەریتە سیاسیەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە بەرھەمیانھێناوە. ئێمە دەبێ زۆر «ڕادیکاڵ»تر بین بەرامبەر ئەم فۆرمە لە سیاسەت و بەم«ڕیفۆڕم»ە شکڵی و سەرپێییە ڕازی نەبین کە خواستی لەپێشینەی ھەموو ھێزە ئۆپۆزسیۆنە پۆپۆلیزمەکانی دونیای ئێمەیە و توانای گۆڕین و دەسکاریکردنی ھیچ شتێکیان نییە.


٤. لەمۆڕاڵ‌و ھزری سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ئینسانی کورد دەبێ ئەوە بچەسپێت کەھەڵوێست وەرگرتن و بەرەنگاری لەھەمبەر ھەر کردەیەکی ناعەقڵانی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ئەرکێکی پیرۆزە، واجبێکی ئەخلاقی و ئینسانیشە. 


٥. دونیای ئێمە دونیایەکی بە سیاسیکراوە و لەئاستی ڕۆشنبیری و جەماوەریش بەرەنگاری دژ بە سیستەم تەنھا لە فۆڕمە سیاسیەکەیدا دەبینرێ، بەڵام ئێمە دەشێ ئەو بەرەنگاریە لە شوێنێکی دیکەوە دەستپێبکەین. 

بۆنموونە: ئەو ھێزەی ”سیستەمی پەروەردە” ھەیەتی لە دروستکردنی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا، ھیچ سیستەمی تر ئەو توانایەی نییە، بۆیە کارکردن بۆ گۆڕینی میتۆدەکانی پەروەردە «پەروەردەی فەرمی و نافەرمی» خواستی ئێمە بەدی دێنێت لەھەمبەر گۆڕانکاریدا.  بەجۆرێک گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە تەواوی دونیای ئێمەدا، بەپێچەوانەشەوە  وێرانبوونی سیستەمی پەروەردە وێرانبوونی تەواوی دونیای ئێمەیە. لەم ڕوانگەیەوەیە بیرمەند و سۆسیۆلۆگی گەورەی فرەنسی «ئۆگست کۆنت» لەبارەی خوڵقاندنی گۆڕانکاری ڕادیکاڵ لە کۆمەڵگەدا دەڵێت: ”ئێمە پێش ھەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، پێویستیمان بە شۆڕشی فیکری و پەروەردەیی ھەیە”. 


٦. بەشێکی گەورەی ئەم سیستەمە سیاسیە ستەمکارە لەکۆمەڵگەی کوردی بەرھەمی ئەم پەروەردەیەیە، سیستەمی پەروەردەی ئێمە ھەمیشە لەسەر بەلاڕێدابەدنی ھوشیاری فێرخوازو تێکشکاندنی کارەکتەری ئینسانی کورد کاردەکات، بەشداری گەورەی ھەبووە لە وێرانکردنی دونیای ئێمەدا.


٧. کۆمەڵگەی ئێمە لەجیاتی نەقڵ‌و خۆ-کۆپیکرنەوەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی، پێویستی بەدەنگی عەقڵە. پێویستی بە فیکری ئازادو دروستکردنی کولتووری تاکگەرایی (Individualism)یە.


٨. لەکۆتایدا، دەکرێ بڵێین: بۆ ھێنانەدی و خوڵقاندنی گۆڕانکاری گەورە پێویستە پەنابەرین بۆ ”ئارگۆمێنتی قووڵ و سیستەمی بەڵگەھێنانەوەی زانستی و ڕەخنەی عەقڵانی” کە توانای تێپەڕاندنی پانتایی سیاسی ھەبێت و بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ سیستەمی کۆمەڵایەتی و کولتووری و پەروەردەیی و...ھتر بگرێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×