گاڵتەجاڕی عەقڵی سیاسی

لەشکر قادر ڕەسوڵ
  2019-03-10     1434
«ڕامانێک سەبارەت بەشکستی پڕۆسەی سیاسی و سیستەمی حیزب لەدونیای ئێمەدا» 

لە فەرھەنگی و کولتووری دونیای ئێمەدا لەپاڵ سیستەمی تێڕوانین و عەقڵی گشتی، نەریتی سیاسی ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەر دەبینێت لەسەر ڕووداوەکان. ماناو دەلالەتی سیستەمی ژیانی تاک و کۆمەڵگە ڕێساکانی دەسەڵات شکڵیان پێداوە. هیزە سیاسیەکان پرەنسیپی کارکردن و سیستەمی دیسپلین و سزایان دیاریکردووە. ئەکتەرە سیاسیەکان هەمیشە بەشداریەکی گەورەیان هەیە لە خوڵقاندنی شکستی جۆراوجۆر، هەتا ئەو شکستە لە شکستی حوکمڕانیەوە گواستۆتەوە بەرەو شکستی گشتگیر (ئابووری، سیاسی، یاسایی، سەربازی، پەرەوەردەیی...) کۆی کایەکانی کۆمەڵگە تووشی بوون. شکستی کولتووری حیزبی سیاسی بەگشتی و شکستە گەورەکانی ئەم دوایانە بەدیاریکراوی، دەکرێت لەم چەند خاڵەدا بەکورتی دەرگای تێگەشتنێکی نوێ بکەینەوە سەبارەت بەم پرسە:


١- هەرەسی ئەم چرکەساتە بەتەنها ھەرەسی ئابووری و سیاسی نییە، بەڵکو هەڵگری کۆمەڵێک ڕەهەندی قوڵە و لەم ئێستایە و لێرەدا نەخوڵقاوە. ئەم شکستە بەرهەمی سیاقێکی مێژوویی دوور و درێژە و ڕیشەکانی لەناو کولتوور و پەروەردە و مێژوو و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی دونیای ئێمە دایە. سەرچاوەی ئەم شکستە بەرهەمی ٢٦ ساڵ هەرەسی سیاسی و شکانی شکۆی ئینسانی کوردیە لەلایەن ئەم نوخبەیەوە. 


٢- ئەم شکستە گشتگیرەی حیزبی کوردی بەگشتی و یەکێتی و پارتی بەتایبەتی بەرھەمیان ھێناوە تەنها بەتاڵکردنەوەی خەونی ئینسانی کوردی نەبوو، بەڵکو شکانی ئیرادە و شکۆی " ڕۆحی نەتەوە"یەک بوو، ئەمە کاریگەری سایکۆلۆجی گەورە بەجێدێڵێ لەسەر تاکی کورد، لەداھاتوودا. 


٣- ئەم دۆخە بەتەنھا دەرئەنجامی شکستهێنانی عەقڵییەتی دوو گروپی سیاسی نییە، کە چارەگە سەدەیەکە ئەم گەلە دەڕەتێنن، دەیگریێن، سەرچۆپی پێدەگرن. لەھەمان کاتدا دەرئەنجامی نەبوونی دیدگای نوێ و ئیفلیج بوونی سیستەمی سیاسیی و تیۆرەی سیاسی و فەلسەفە و زانستی سیاسی بوو، کەھەموو ھێزە سیاسییەکان "بە ئیسلامی و عەلمانی، بە ڕیفۆرمیست و پارتی و گۆڕان و یەکێتی و....ھتد" بە فۆرمی جیاواز تووشی بوون.


٤- لەکولتووری حیزبی کوردیدا هیچ  گوتارێک و هیچ عەقڵێکی سیاسی بوونی نیە شکستەکان ببەستێتەوە بە خۆیەوە، ھەمیشە عەقڵێکی سیاسیی ساختە و فریودەر ئامادەیە کە ھەموو شکستەکان دەباتە دەرەوەی خۆی. 


٥- ئەڤینداری ئەم نوخبەیە بۆ حیزب وایکردووە ھۆشیاری و کەلتوری "ڕەخنە لەخۆگرتن" و ڕەخنە لەو حیزب و ئایدۆلۆژیایەی خۆی بڕوای پێیەتی زۆر لاواز بێت. هەتا لەدۆخێکی حەساس و ئاڵۆزی لەم جۆرەدا پارتە سیاسیەکان لەپێناو مزایدەی سیاسی بەردەوام خەریکی تەخوینکردنی ئەوانی دیکەن، بە بڵاوکردنەوەی هوشیاری ساختە و فریودەر خۆیان دەبەنە دەرەوەی شکستەکان. هەمیشە ئەم گوتارە کاردەکات لەسەر پڕۆسەی بە فریشتەکردنی خۆیی و بەشەیتان کردنی هەموو ئەو گروپ و هێزانەی دەرەوەی خۆی.


٦- پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات بەشداریەکی گەورەی هەیە لەم شکستەدا. ھاوڵاتی سەرچاوەی یەکەمی دەسەڵاتە. دەسەڵات، ڕەنگدانەوەی ھوشیاری سیاسی وکۆمەڵاتی ھاوڵاتیانە، ئەم پەیوەندیە لەدونیای ئێمەدا خودئاگایی و مەنتق و عەقڵانیەتی لەدەستداوە. جەماوەر کەمترین کات توانای وەستانی نییە لەسەر ئەو بەها باڵایانەی کە ژیانی خۆی و کۆمەڵگاکەی دەگوازنەوە بەرەو ئەزموون و نەریتێکی سیاسی نوێ. ئینسانی کوردی کەمترین کات سەروکار و بەرکەوتنی لەگەڵ ڕیشە کەلتوری و مەعریفەکاندا نیە. 


٧- چرکەساتی تێڕامان و ھوشیاری ڕەخنەیی و سەقافەیی سیاسی ئینسانی کوردی تاکو ئیستا نەیتوانیەوە ئەم کولتوورە سیاسیە تێپەڕێنێت. مۆڕاڵ و پەروەردەی سیاسی ئێمە هەڵگری خودئاگایی و دونیابینیەکی ڕەسەن نیە بۆ بیناکردنی قۆناغێکی نوێ. بەبڕاوی من هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی نوێ بیەوێت کار لەسەر گۆڕانکاری بنچینەیی بکات، دەبێت لەو دەرچەیەوە، لەم ئیشکالە سەرەکیەوە دەست پێ بکات.


٨- ئەم شکستە هیجی تر بۆ ئێمە شایەنی حەپەسان و شۆك نیە، ڕامان ناچڵیکێنێت. دەركەوتەكانی ئەم شكستە لای ئێمە بەردەوام و ڕۆژانە بەشێوازی جۆراوجۆر بەسەر کۆمەڵگەی کوردی دێت و خۆی مانفێست دەکاتەوە. ئەم شکستە بەشێوازی جۆراوجۆر، وەکو فاکتی مێژوویی و کارەساتی سیاسی و سەربازی و ئابووری،  بەسەر دەیان هەزار تاک و خێزانی کورددا هاتووە. 


٩- ئەو چاوەڕوانیە دەمێکە لای ئێمە کۆتایی هاتووە کە ئەم کولتوورە سیاسیە دنیای ئێمە بگۆڕێت و فۆڕمێکی نوێ بێنێتە ناو ژیانی ئێمەوە، لای ئێمە نەک یۆتۆپیای گۆڕانکاری بنچینەیی بەدەستی ئەم نوخبەیە کۆتایی هاتووە، بەڵکو چەمکەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی گۆڕانکاری هەڵگری ماناو دەلالەتی زۆر لەوە گەورەترە کە لەئایدیای ئەم عەقڵیەتە فاشیستیە سیاسیە و ئەم نوخبە نەخوێندەوارە کورت بێتەوە.


١٠- ئەگەر حیزبە نوێکان، کولتوور و لۆجیکی ھەموو ئەو حیزبانەی پێش خۆیان تێنەپەڕێنن، ئەگەر فۆڕمێکی ڕادیکاڵ و مۆدێلێکی نوێ نەھێننە ناو دونیای سیاسی ئێمە، ھیچ گومانی تێدانیە دەچنە چوارچێوەی ئەم شکستە گشتگیرە لە داھاتووودا. بەمانایەکی قوڵتر، کێشەکە پەیوەندیدارە بە نەبوونی کولتوور و کەلەپوری سیاسی، نەبوونی عەقڵیەتێکی سیاسی مۆدێرن، نەبوونی دیدگا و پلانی سیاسی و ستراتیژی بۆ خوڵقاندنی مۆدێلێکی نوێ. پێویستە بزوتنەوە سیاسیە نوێکان ئەم مۆدێلە کۆتایی پێ بێنن، شکڵێکی دیکەی نەریتی سیاسی بێتە ناو دونیای ئێمەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×