دیوه‌ شاراوه‌كه‌ی لاوازبونی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌هه‌ولێر

سەتیپ وەیسی كەریم
  2019-02-01     1412

پانزده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ڕۆژی 1ی شوباتی 2004، یه‌كێك له‌سیاسه‌تمه‌داره‌ ژماره‌ یه‌كه‌كانی یه‌كێتیی‌و باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، كه‌ له‌ته‌قینه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێر گیانی له‌ده‌ستدا، ناوی " به‌هرۆز حمد" ناسراو به‌مامۆستا شوان بو.


ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كێتیی له‌ساڵی 1976، په‌یوه‌ندی به‌كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانه‌وه‌ كرده‌وه‌، له‌سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانیشه‌وه‌ ده‌ستی به‌كاری سیاسی كردوه‌، تاوه‌كو ئه‌و ڕۆژه‌ی گیانی له‌ده‌ستدا.


به‌پێی گێرانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبه‌، به‌هرۆز حه‌مه‌د سه‌ركرده‌یه‌كی په‌روه‌رده‌كاری لێهاتووبووه‌و، به‌ پیاوی زانیاری وردو بەڵگەداره‌كان هەژماردەکراو، هه‌میشه‌ خوێندنه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌كانی بۆ قه‌زیه‌ ناوخۆییه‌كانی نێوحزب له‌ شوێنی خۆیدابووه‌.


هه‌رله‌سه‌ره‌تای كاركردنیه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی كۆسره‌ت ڕه‌سول علی و ئیداره‌ی ئه‌و باڵه‌ی كۆسره‌تی كردوه‌، كه‌ له‌ ناو یه‌كێتیی به‌ باڵی هه‌ولێری و كۆسره‌تییه‌كان ناسراوبوون، هه‌ربۆیه‌ش له‌ لای ماڵی مام جه‌لال ناوبراو به‌ مه‌تبه‌خی پشته‌وه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ناسراوبوو.


به‌پێی قسه‌ی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی بێت، ئه‌و یه‌كێك بوو له‌سه‌ركرده‌ خوێنه‌واره‌كانی ده‌شتی هه‌ولێرو هه‌میشه‌ له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ كاری جیاوازی كردوه‌و، بیركردنه‌وه‌ی قوڵیشی هه‌بوو بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، زۆرجاریش به‌ ڕاوێژكاره‌ ده‌سته‌ڕاسته‌كه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ناوی ده‌هێنرا. ده‌وترێ تاكه‌ كه‌سیش بووه‌ كه‌ به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ سه‌ردانی ماڵی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و ژووره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ئه‌وی ده‌كرد، كۆسره‌ت گوێگرێكی باشی ئه‌و بوو له‌و كاتانه‌ی قسه‌ی بۆده‌كرد.


به‌پێی گێڕانه‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ناوبراو، دوای ئه‌وه‌ی مام جه‌لال به‌وه‌ی زانی، كه‌ ناوبراو ئه‌ندازیارو پلانداڕێژه‌ری كۆسره‌ت ڕه‌سوله‌و ئیداره‌ی رێكخستنه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌و ده‌دات، بانگهێشتی ده‌كات و داوای لێده‌كات كار له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتیی بكات، واز له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سول بهێنێت، له‌به‌رامبه‌ردا له‌ كۆنگره‌ی دوو ئه‌و حزبه‌ ده‌یكات به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، به‌ڵام ناوبراو به‌ مام جه‌لالی ڕاگه‌یاندوه‌: به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوڕێی نزیكی كۆسره‌ته‌ ره‌سوڵه‌و ئه‌خلاقیه‌ن ناتوانێت ئه‌و داواكاریه‌ قبوڵ بكات.


به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی مام جه‌لال، ناوبراو نه‌یتوانی له‌ كۆنگره‌ی دووی ئه‌و حزبه‌ بچێته‌ سه‌ركردایه‌تی، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌ك كادیری ئه‌و حزبه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و په‌روه‌رده‌ ببوون، چوونه‌ سه‌ركردایه‌تی و یه‌كێك له‌وانه‌ش بوو به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی.


كۆسره‌ت ڕه‌سول، له‌ زۆر بۆنه‌و دانیشتندا باسی له‌ گرینگی به‌هرۆز حه‌مه‌د و فاروق جبار ( سكرتێری پێشووی نوسینگه‌كه‌ی ) كردوه‌ ، چونكه‌ له‌ دوو قۆناعی جیاوازدا له‌ ساڵی 1996 و 2004 ، به‌هۆی نه‌مانی ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌ زۆر وێستگه‌دا نه‌یزانیوه‌ په‌نا بۆ كێ به‌رێت، هه‌ربۆیه‌ش لای ئه‌و هه‌رجارێك باس له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و دوو كه‌سه‌ ده‌كرێت، ناوبراو ئاخێكی زۆر هه‌ڵده‌كێشێت، به‌پێی هه‌ندێ گرته‌ ڤیدیۆیش كه‌ له‌ كاتی مردنی ئه‌و كه‌سانه‌ تۆماركراوه‌، كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ زۆر به‌حسره‌وه‌ته‌وه‌ بۆیان ده‌گریت.


تاوه‌كو مردنیشی زۆربه‌ی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، كه‌ به‌ كۆسره‌تیییه‌كانی هه‌ولێر ناوده‌بران، به‌شێكی زۆریان له‌سه‌ر ده‌ستی به‌هرۆز حه‌مه‌د ته‌نزیمكرابوون و هه‌رخۆشی ئیداره‌ی ده‌دان، له‌ دوای نه‌مانی ئه‌و ئیتر رێكخستنی یه‌كێتی به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان له‌ نێوشیان ئه‌وانه‌ی نزیكبوون له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سول له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ره‌و لاوازی چوو، جگه‌له‌وه‌ی نه‌مانی به‌هرۆز له‌ ژیان یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌كانی گه‌وره‌كانی لاوازبوونی كۆسره‌ت ڕه‌سول له‌ هه‌ولێر.


ده‌وترێ له‌ دوای كۆتایهاتنی شه‌ڕی ناوخۆو به‌فه‌رمی هاتنه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، ناوبراو یه‌كه‌م كه‌س بووه‌و له‌ ڕێگه‌ی داتاو ئامارو دۆكۆمێنته‌وه‌، باسی له‌ لاوازبوونی نفوزی یه‌كێتیی له‌ هه‌ولێر بۆ كادیرو سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی كردووه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌: پێگه‌ی یه‌كێتیی له‌ هه‌ولێر زۆر لاوازبووه‌، ناكرێت ئه‌وه‌نده‌ خۆشباوه‌ڕبین به‌وه‌ی، كه‌ دوو هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌ڵه‌به‌ندی هه‌ولێر ڕێزی گرتووه‌، وابزانین یه‌كێتیی وه‌كو جاران زۆرینه‌ له‌ هه‌ولێر.


پڕۆفایلی ناوبراو:
ـ ناوی ته‌واو : به‌هرۆز حمد صالح نادر
ـ ناسراو به‌ : شوان
ـ ته‌مه‌ن : 1ـ7ـ 1953
ـ شوێنی له‌ دایك بوون:ناحیه‌ی قوشته‌په‌ ـ پارێزگای هه‌ولێر.
ـ ئاستی خوێندن : ده‌رچووی كۆلیژی یاسا
ـ خێزانداربوو خاوه‌نی پێنج منداڵه‌.
ـ ساڵی په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستن : 1976
ـ ئه‌ندامی هه‌ردوو كۆنفرانسی دوو سێی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بووه‌، له‌ ناوزه‌نگ له‌ ساڵی 1982، له‌ ساڵی 1984 له‌ مێرگه‌ پان، له‌ كۆنفرانسی سێی كۆمه‌ڵه‌ ڕه‌نجده‌ران پالێوراو بوو بۆ ئه‌ندامی سه‌كردایه‌تی.
ـ به‌شداری زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی سنوری مه‌ڵبه‌ندی سێی كردوه‌.
ـ دواپله‌ی به‌رپرسی مه‌كته‌بی مافی مرۆڤی یه‌كێتیی بووه‌.
ـ 1ـ2ـ 2004، له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێر گیانی له‌ ده‌ستدا.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×