‌وروژاندنی پرسیارە ئاڵۆزەکان!

د. کاوە مەحمود
  2019-02-05     204

دیالۆگ و دانوستانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلان لەگەڵ نەیارانیدا بابەتێکی تابۆکراو نەبووە، بەڵام گرنگە ئەو بزوتنەوەیە کە دەڕبڕی ئیرادەی گەلێکی مافخوراوە، لەسەر چ بنەمایەک دیالۆگ و دانوستان دەکات، و بۆ ئەوەی فرسەتەکان بەفیڕۆ نەدات چۆن مامەڵە لە گەڵ فاکتەری کات دەکات.

بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان گفتوگۆی تەنانەت لە گەڵ رژێمی دیکاتۆری بەعسی ڕەت نەکردۆتەوە، و ئێستاش دانوستان لە گەڵ حوکمرانانی نوێی عێراق بەردەوامە. بەڵام بۆ ئەوەی دانوستانەکان بەرهەمداربێت، و نەیارانی گەلکەمان ئامرازی کات بە مەبەستی چاوەڕێ کردنی ئەو گۆڕانکارییانە نەبێت کە لەسایەیدا ڕەوشی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن، و لە بەڵێنەکانیان پەشیمان ببنەوە، لایەنەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان، بە ڕچاوکردنی قۆناغی نوێی ئەم بزوتنەوەیە کە لە لایەکدا بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتە، و لە نێو کۆمەڵگاکەماندا حوکمران و حوکمکراو هەن، و لەلایەکی دیکەوە ئەرکی تەواوکردنی ئەرکەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی لەئەستۆی سەرجەم لاینەکانی بزوتنەوەکە ماوە، پێویستە ئەم لایەنانە بزانن لەسەر چ بنەمایەک دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەرامبەردا دەکەن، و چۆن ریزبەندی هێزە سیاسییەکانی نەتەوەی باڵادەست دەخوێننەوە، و هەڵسەنگاندن بۆ بۆچون و هەڵوێستەکانیان دەکەن، و بەهەمان شێوە چۆن هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و فاکتەرە کارتێکەرەکان لەسەر دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، دەخوێننەوە.

هەڵبەت لە هەمووی گرنگتر داڕشتنی هەڵوێستی یەکگرتووی هێز و لایەنە سیاسییەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانە کە هەموو ئەزمونەکانی کۆن و نوێ پێمان دەڵێن: هەر درز و کەلێنێک لە هەڵوێستی یەکگرتوو بە زیان بە سەر دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەگەرێتەوە.

حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەلومەرجی ئەمرۆدا میکانیزمی کاری بەکۆمەڵ و گردبوونەوەی هاوبەشیان فەرامۆش کردوە، و بەشێکی زۆری کۆبونەوەکانیان شێَوازی دانیشتنی دوو قۆڵی وەرگرتووە، و هەر ئەمەش وای کردوە کە تائێستا عەقلیەتی پاراستنی بەرژەوەندی حزبایەتی و چۆنێتی بەشبەشێنەی پۆست و پلە و پایە بەسەر ئەم کۆبونەوانەدا زاڵ بێت.

ڕوشی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارتێکردنی هەژمونی وڵاتە زلهێزەکان و ناوەندەکانی حوکمران لە وڵاتە هەرێمایەتییەکاندا، بەردەوام لە گۆڕانکارییەکی خێرادایە. ئەم بابەتە پێویستی بە بیرکردنەوەی هاوبەش و عەقلی بە کۆمەڵ هەیە، کە دەبێ میکانیزمی گونجاوی بۆ دابرێژرێت کە ئەویش کۆبونەوەی هاوبەشی سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانە. کۆبونەوەی هاوبەش مانای ئەوە نییە کە سەرجەم لایەن و حزبە سیاسییەکان وەک یەک بیردەکەنەوە، بەڵام کۆبونەوەی هاوبەش بواری نێوان جیاوازییەکان تەسک دەکاتەوە، و لە ئاکامدا خاڵ و بنەمای هاوبەش سەبارەت بە هەڵوێستە جۆراجۆرەکان، درووست دەبێت، و پرۆژەی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن سەبارەت بە بابەتە نیشتمانییەکان لە گەڵ بەرامبەردا، درووست دەبێت.

کۆبونەوەی هاوبەش باشترین و گونجاوترین میکانیزمە بۆ ئەوەی تیایدا پرسیارە ئالۆزەکان و شێوازی مامەڵەکردن لە گەڵیاندا و توێژینەوەی ڕەوشە نوێکان، تیایدا ئەنجام بدرێت، و بە هاوبەشی وەڵامی گونجاو بۆ ئەو پرسیارانە هەبێت، و بە ڕوونی مامەڵە لە گەڵ پێشهاتەکانی ڕەوشی سیاسی و گۆرانکارییەکان بکرێت، و لەسەر ئەم بنەمایەش شێوازی مامەڵەکردن و دیالۆگ لە گەڵ بەرامبەردا بکرێت.

لە جوغزی سەربەخۆییەوە و لە سەر بنەمای باوەڕ بوون بە مافی گەلان بۆ بریاردانی چارەنوسیان و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئیرادەی گەلی کوردستان، کۆمەلێک پرسیاری گرنگ چاوەڕیی هەڵوێستی هاوبەش دەکات، لەوانەش:
یەکەم: لە ساڵی 2005 کە تا ئێستا دەگاتە چواردە ساڵ بریاری دەستور دەوڵەتی عێراق دراوە، ئایا ماددەکانی دەستور عێراق قەیرانی دەوڵەتی لە عێراقدا چارەسەر کردوە، یان لە ئایندەدا چارەسەری دەکات؟!

دووەم: زۆر جار لایەنە دیموکراتیخوازەکان لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کە باس لە چارەسەری مەسەلەی گەلی کوردستان دەکەن، جەخت لەسەر چارەسەر فدراڵی لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراسی مەدەنی دەکەن. لێرەشدا پرسیار ئەوەیە ئایا حکومەتی عێراق حکومەتێکی دیموکراسی مەدەنییە کە لە چوارچێوەیدا فدراڵی زامن بکات، و ئایا دیموکراسیبوونی دەوڵەت تەنها بەم جۆرە هەڵبژاردنە گاڵتەجارییانەی کە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت، مسۆگەر دەکرێت؟!

سێیەم: لەوانەیە بەشێک لە هێزی دیموکراسیخوازی ناوەوەی عێراق و جیهان لە گەڵ ئێمەدا هاوڕابن کە ئەم دەوڵەتە و ئەم شێوازەی حوکمرانییە دیموکراتییە نییە. لێرەشدا پرسیار ئەوەیە ئایا گەلی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافە نیشتمانییەکانی تا چەند ساڵی دی چاوەڕوان بێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق ببێت بە دەوڵەتێکی دیموکراسی، و لە دووایشدا بە خێری خۆی مافەکانی گەلەکەمان بدات؟!

چوارەم: لایەنی سیاسی حوکمران لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کوردستان لە حکومەتی عێراق و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە گفتوگۆ و دانوستانەکان و لە بەشداری سیاسی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا، بابەتی باسەکانیان لەگەڵ بەرامبەردا لە چوارچێوەی بەشی بودجە کە عێراق لە 17% پاشگزبۆوە، و قەرەبووکردنەوەی ئەم بابەتە بە ناردنی موچە و لابردنی گومرکی ناوخۆ، کۆکردۆتەوە، کە لە بنەڕەتدا نەدەکرا موچە ببڕدرێت و گومرگی ناوخۆ لەسەر ئەو کاڵانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دێن، دابنرێت. ئێستاش هەرێمی کوردستان چاوەڕیی مەرحەمەتی ڕینماییەکانی بودجەیە کە بە کۆمەڵێک مەرج بەند کراوە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا کێشە هەڵپسێردراوەکانی نێوان دەوڵەتی عێراق و کوردستانی باشور تەنها کێشەی بودجە و موچە و گومرگە؟! 

پرسیارەکان لەمانە زیاترن، و لە هەمووی هەنووکەی تر چۆنێتی مامەڵەکردنە لە گەڵ فاکتەری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و لە گەڵ حکومەتی عێراقیش بە پێی بریارێکی نیشتمانی سەربەخۆیی کوردستانی، دوور لە دابەشبوون بە سەر جەمسەری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و نەیارانی گەلی کوردستان. 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×