لەجوغزی سەربەخۆییدا

د. کاوە مەحمود
  2019-06-18     973
سەماحەتی سەید خەونەکانمان بەتۆ کۆنترۆڵ ناکرێت!
گەلان و کەسانی تێکۆشەر بۆ وەدیهێنانی ئامانج و داواکاریی ڕەوا، کە ژیانی خۆیانیان بۆ تەرخان کردووە، هەردەم خاوەن بەها و پەیامی تێکۆشەرانە بوون، و لە کاروانی خەبات بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئامانج و بەهانە رێگای بەردەوامبوونی بێ ووچان و بێ سڵکردنەوەیان هەڵبژاردووە. لە مێژووی گەلانی تێکۆشەر لە پێناوی سەربەخۆیدا ئەوە ڕچاو دەکرێ کە پەیامی ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمان و سووربوون بە سەر تێکۆشان لە پێناویدا، سەڕەڕای ئاستەنگ و کۆسپەکان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستراوەتەوە. لەم کاروانەدا هەردەم ئەو ئامانج و هیوایە لە  سەر ئاستی  گەلان و لە سەر ئاستی تاکی تێکۆشەر، بە خەونێکی ڕەوا دەستنیشان کراوە. خەونێک دوور لە پێناسەکردنی خەو بە مانا بایۆلۆجییەکەی. خەونێک نەوە لە دووا نەوە بە قۆناغی حیاواز و لە میانەی تێکۆشان لە پێناویدا بە بەرزی و نشێویدا ڕویشتووە، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی   ئەنجام و ئاکامی گشتی لێی بڕوانین، ئەوا لە هەر قۆناغێکدا دەسکەوتێکی هەبووە، و کەڵەکەبوونی ئەو دەسکەوتانە گۆڕانکاری چەندایەتی لە قۆناغە جۆراجۆرەکانی پەرەسەندنی تێکۆشان، بە گۆڕانکاری چلۆنایەتی، دەگەیەنێت.

خەونی تێکۆشەرانە کە بریتییە لە دەستنیشانکردنی بەرنامە و کار و قوربانیدان لە پێناویدا، تەنها لە مێژووی گەلی کوردستان و تێکۆشەرەکانی ئەم گەلە نەبووە.

سپارتاکۆس خەونی بە رزگاری کۆیلەکانی دەبینی. لینین خەونی بەوە دەبینی کە کارەبا بۆ سەرتاپای رۆسیا بگەیەنێت. گیڤارا خەونی هەبوو، و لە پێناویدا قوربانی دا.

لە ساڵی 1963 لە واشنتۆن و لەبەردەم نزیکەی 250 هەزار کەسدا و لە کاتی باسکردنی دۆسێیی یەکسانی نێوان ڕەش پێست و سپی پێست، مارتن لۆسر کینگ لە وتارێکیدا  دەڵێت من خەونێکم هەیە کە هەموو خەڵک بە یەکسانی درووست کراون.. با زەنگی ئازادی لێبدرێ ...  لە کۆتاییدا ئێمە ئازادین. ئەم خەونەی مارتن لۆسەر کینگ لەو سەردەمەدا کە لە خۆپیشاندانێکدا باسی کرد خەونێکێکی تێکۆشەرانە بوو، و دووای چەندین ساڵ و لە ئاکامی تێکۆشان و قوربانیدان سیستمی جیاکاری ڕەگەزی لە ئەمەریکا کۆتایی هات، و تا ئەو ڕادەیەی سەرۆک ئۆبامای ڕەش پێست بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا.

لە باشوری ئەفریقیا نیلسۆن ماندیلا خەونی بە کۆتایپێهێنانی حوکمی ئەپارتاید دەبینی، و لە پێناوی ئەو خەونەیدا ژیانی لە بەنیخانەدا بە سەر برد و لە ئاکامی خۆڕاگری و تێکۆشانی ئەو، و گەلی باشور ئەفریقیا، حکومەتی ئەپارتاید کۆتایی هات.

خەونی تێکۆشەران کە سووربوون لە سەر جێبەجێکرنیدا هەبێت، و تەنانەت ئەگەر کەسێک واز لە خەونەکەی بهێنێت، ئەوا تەواو نابێت، و کەسان و نەوەی دوواتر لە پێناوی جێبەجێکردنیدا بەردەوام دەبەن.

هەردەم ئەوانەی مەیدانی گڕی تێکۆشان بە جێدەهێڵن، و نەیارانی رزگاری و ئازادی و سەربەستی گەلان بە تاقم و جۆری جیاوازە لەم لۆجیکە شۆڕشگیرانەیە نایانەوێت حاڵی بن، و یان بیانووی ئەو دەهێننەوە کە ناکرێ و وەزع لە بار نییە، یان بەرژەوەندییەکانیان لەوە دایە کە دان بە مافێک بۆ بەرامبەر نەنێن کە بۆ خۆیانی بە ڕەوا دەیبینین.

کارکردنی نەیارانی ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەمان شێوازی جۆراجۆر بۆ بەربەرەکانی تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەمان بەکار دەهێنن. ئەوانەی کە توانای بەکارهێنانی هێزیان هەیە، تا بۆیان بکرێت هێز بەکاری دەهێنن، و هەندی دیکەش شەڕی دەروونی لە گەڵ گەلەکەماندا دەکەن.

بەشێک لەو شەڕە دەروونییە لەو ئاخافتنانەیە کە باس لەوە دەکات "مەرج نییە خەونی کوڕەکان هەمان خەونی باوکان بێت". ئەم ڕستەیە عەمار الحکیم لە دانیشتنێکی پرۆتۆکۆلی بۆ سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم، بەکاری هێنا. هەڵبەتە مەبەست لە وتەکەی عمار الحکیم دیارە وا بزانم ئەوانەی لە دانیشتەنەکەدا ئامادە بوون بە تایبەتی لایەنی کوردستانی لە مەبەستەکەی تێدەگەن، و مەسەلەیەکی کوردی هەیە کە دەڵیت "لە فیکەی خۆمان تێدەگەین... وفیکەکان دیارە".

ئەوەی لە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی خۆمان بە دی دەکرێت کە کەس وەڵامی ئەم بۆچونەی نەدەیاوە، کە سەماحەتی سەید دەیەوێت خەونەکانی گەلێک بەو ئاخافتنەی بچووک بکاتەوە، بێ ئەوەی خۆی ماندوو بکات کە بە سەرپێیش بێت، تەماشای تێکۆشانی گەلێک بکات کە بە درێژایی سەدەیەک لە قوربانیدان ئەنجامی داوە، و نەوە بە دووای نەوە ئاڵای تێکۆشانیان نەک لە هۆڵەکان بەڵکو لە سەنگەری موقاوەمەت ئاڵۆگۆڕیان کردووە.

هەڵبەتە خەونی ئازادی و سەربەخۆیی خەونێک نییە تەنها لە ڕوانگەی هەڵوێست و دانوستان و گفتوگۆی حکومەتی کوردستان و ئاخافتنی  بەشێک لە  سیاسەتمەدارانی کوردستانەوە تەماشا بکرێت. خەونی سەربەخۆیی خەونی گەڵێکە کە دوور لە ئیرادە و خواستی خۆی وڵاتەکەی خراوەتەوە دەوڵتێکی دەستکردی فاشیلەوە، کە هەر لە کاتی درووستکردنییەوە خەڵکی کوردستانی بە هاوڵاتی نەزانییوە، و شەڕی جینوساید و ئەنفال و تەعریب و ڕاگواستن و سیاسەتی زەوی سوتێنراوی لە گەڵدا کردوە، و تەنانەت بوونی ئێستای نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە حکومەتدا شاڵاوی دژایەتیکردنی گەلی کوردستانی کۆتایی پێنەهێناوە، و پێشی ناهێنێ.

سەماحەتی سەید ئەوەی لە بیر چووە کە خەڵکی کوردستان گەلێکی جیاوازە لە بواری شوناس، و بەزۆرەملێی خاکەکەی بە عیراقەوە لکێنراوە، و هەستی عیراقیبوون تەنها لای ئەو سیاسەتمەدارە کوردانە هەیە کە بۆ مجامەلە یان لە پێناوی بەرژەوەندی لە ئاخافتنەکانیاندا باس لە عیراقیبوون دەکەن، ئەگینا ئەم هەستە لای بەشێکی زۆری ئەندامانی کوردستانیانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا نییە، هەر وەکو چۆن هاورێییەکی ئازیزم کە ئەندامی ئەو ئەنجومەنەیە بە هاوکارانی ڕاگەیاندبوو کە هەست بە عیراقی بوون ناکات، و گوناحی ئەو چییە و چی داوە لەوەی کە کاتێک باسی قانونی هاتوچۆ دەکەن، گفتوگۆکان لە پێناسەکردنی ئۆتۆمۆبیل ماوەیەکی زۆر بخایەنێت ئایا دەستەوازەی ( عجلە، یان سیارە) بە زمانی عەرەبی بەکار بهێنرێت.

بۆیە سەماحەتی سەید خۆت ماندوو مەکە، خەونی گەلی کوردستان بە جەنابت کۆنترۆڵ ناکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×