دور بون لەجەمسەرگیریی رێگای پاراستنی کوردستانی باشورە

د. کاوە مەحمود
  2020-01-13     705
پەیتا پەیتا ململانێی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ناوچەی هەژمون توندتر دەبێت. بە درێژایی سەد ساڵی ڕابووردوو ئەو ململانێیە بە چەندین قۆناغی جیاواز تێپەڕیوە و هێزی جۆراجۆری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بە پلە و کارتێکردنی هەمەجۆر و جیاواز، بەشدارییان تیایدا کردوە.

لەهەلومەرجی ئەمڕۆدا جگە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و روسیا و یەکێتی ئەوروپا، بەشێک لە دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان وەک ئێران و تورکیا و سعودییە و ئیسرائیل لایەنەکانی ململانێ بۆ دابەشەبوونەوەی ناوچەی هەژمون پێک دەهێنن. هەر یەک لەو وڵاتانە ستراتیجی تایبەتی خۆیانیان هەیە، و ئەو ستراتیجیانەش بە پێی شێوازی داکۆکی لە بەرژەوەندییەکان، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

لە سەرەتای ساڵی 2019 و لە میانەی شەری تیرۆر لە ناوچەکە و سەرهەڵدانی ئێران وەک هێزێکی کاریگەر پاش رێکەوتتنامەی ئۆتۆمی لە گەڵ وڵاتە زلهێزەکان، سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بە خۆوە بینی و ئەمەش لە ڕوونکردنەوەی هێڵە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتە لە لایەن پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆڕێکیدا لە زانکۆی ئەمەریکی لە قاهیرە لە سەرەتای ساڵی 2019 ڕوونکرایەوە، و تیایدا وەزیری دەرەوی ئەمەریکا ڕەخنەی لە سیاسەتی ڕابووردووی وڵاتەکەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرت و ئەو سیاسەتەی بە شەرم ناوبرد، و بەڵینی ئەوەی دا کە پشتگیری لە هاوپەیمان و دۆستەکانیان لە ناوچەکەدا بەکەن و کار بۆ ڕووخاندنی رژێمە دیکتاتۆرییەکان ئەنجام بدەن، و سنوور بۆ دەستتێوەردانی ئێران لە ناوچەکەدا بە تایبەتی لە سوریا و عێراق و لوبنان، دابنێن. هەر لە چوارچێوەی ئەم ستراتیجە و لە ماوەی ساڵێکدا گۆڕانکاری چلۆنایەتی لە سیاسەتی ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئەم رێبازە ئەنجام درا و سزاکانی ئەمەریکا لە سەر ئێران زیادی کرد، و ئەمەریکا سەربازگاکانی حەشدی شەعبی بۆردمان کرد، جگە لە بۆردومانکردنی سەربازگاکانی حزب الله و سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا لە لایەن ئیسرائیلەوە. ئاستی ململانییەکان گەیشتە کوشتنی قاسم سولیمانی سەرکردەی سوپای قودسی پاسداران و ئەبو مهدی موهەندس جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی لە فرۆکەخانەی بەغدا، و پشتگیریکردنی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران دژ بە حکومەتی ئەو وڵاتە.

هاوکات لە گەڵ ئەمەشدا حکومەتی ئێران سەڕەڕای قورسی سزاکانی ئەمەریکا لە سەر ڕەوشی ئابوری ئێران، لە سیاسەتی خۆی کە پشت دەبەستێت بە سیاسەتی "ولایە الفقیە" بەردەوام بوو، و ئەو رێبازەی گرتەبەر کە ئێران بە پایتەختی جیهانی ئیسلامی دەزانێت و جیهانی ئیسلامیش سنوورێکی جۆگرافی دەستنیشانکراوی نییە، و مافی خۆیەتی کە هیلالی شیعە درووست بکات، و ئەگەر ناکۆکی نێوان بەرژەوەندی نیشتمانی ئەو دەوڵەتانە و بەرژەوەندی ئیسلام هەبێت کە ئێران نوێنەرایەتی دەکات، ئەوا دەبێت بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی سەروەر بێت، و رێنماییەکانی "ولی الفقیە" تەنها سنوری ئێران ناگرێتەوە بەڵکو سەرجەم جیهانی ئیسلامی کە پێویستە میلیشیاکانی موقاوەمەتی ئیسلامی چالاکی خۆیان دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا ئەنجام بدەن، و کار بۆ دەرکردنی سوپای ئەمەریکا لە عێراق بکرێت و لە ئاکامی ئەم ئاراستەیە سەربازگاکانی ئەمەریکا لە عێراقدا لە لایەن حشدی شعبی بۆردومان کرا.

ململانی و پێکدانەکانی ئێران و ئەمەریکا گەیشتە شەڕی بە وەکالەت، و دەستێوەردانەکانی ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە تایبەتی لە هەژمونی ڕاستەوخۆی لە عێراق و ئاراستەکردنی میلشیاکانی حەشدی شەعبی بە شێوەیکی زەق دیارە.

پەرەسەندنەکانی ئەم ڕەوشە نوێیە بەتایبەتی لە عێراقدا وای کرد کە فشاری ئێران و ئەمەریکا لە سەر ناوەندی بریار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، بەتایبەتی کاتێک لە هەلومەرجێکی هەڵچووندا پێ ڕچاوکردنی پرنسیپی تەوافق ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بریاری دەرچوونی هێزی ئەمەریکا دا.

لەم هەلومەرجە نوێیەدا بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان دووچاری وەرگرتنی هەڵوێست دەبێتەوە بەتایبەتی خۆپیشاندانی جەماوەری دژ بە حکومەتی عێراق پێ دەنێتە چوار مانگ و لە ئاکامدا نزیکەی 500 کەس شەهید کراون. سەرەڕای تێبینی نەگەتیفانە لە سەر بەشێک لە داواکارییە سیاسییەکانی خۆپیشاندەران وەک نەهێشتنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، و داڕشتنی یاسایەکی هەڵبژاردن کە کەموکوڕی لە یاساکانی پێشتر زیاترە، و پانگەشەکردنی هەموارکردنی دەستور و ئاراستەبوون بەرەو ناوەندێتی زیاتر، بەڵام داواکارییە ئابورییەکانی جەماوەر دژ بە گەندەڵی و بەشبەشێنەی دەسەڵات و نەبوونی ڕادەی نزمی ژیانی پڕ کەرامەت و زیادبوونی هەژاری و برسێتی، ڕەوابوونی خۆی هەیە و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی بە شیعە و سوننەوە توانای چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی نییە. بۆیە پشتگیریکردنی داواکاری رەوای خەڵک لە لایەن ناوەندی بریاری سیاسی لە هەرێمدا کارێکی پێویستە و ناکرێ لەم هەلومەرجەدا پشتگیری حکومەتی عادل عبدالمهدی یان هەر حکومەتێک بکرێت کە جەماوەری خۆپیشاندەران لە بەغدا و باشوری عێراق پێی قایل نەبن، بەتایبەتی پرنسپی تەوافق و شەراکەت و هاوسەنگی لە گەڵ تاقمی حوکمرانی چەند ساڵە لە عێراقدا کۆتای هاتووە، و ناکرێ ئەو ناوەندە دەسەڵاتە بە پشتگیری ناوەندی بریاری کوردستانی لەو شکستییە کە تێی کەوتووە رزگار بێت، بەتایبەتی چاوەڕێی ئەوە ناکرێت کە حکومەتەکانی ئیسلامی سیاسی حوکمران لە 2003وە تا ئێستا لە بەغدا کێشەکانی نێوان کوردستانی باشور و عێراق چارەسەر بکات یان چارەسەری قەیرانی دەوڵەت لە عێراقدا بکات.

لەم هەلومەرجە ئێجگار ئاڵۆزەدا لە گەڵ ڕچاوکردنی هەڵوێست و ستراتیجە جیاوازەکانی وڵاتانی دیکە وەک روسیا و تورکیا، جگە لە هەڵوێستەکانی ئێران و ئەمەریکا کە دەوڵەتی عێراقیان کردۆتە گۆڕەپانی ململانێ و پێکدادانەکانیان، گرنگە بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی لە باشور بە وریایی مامەڵە لە گەڵ سەرجەم پێشهاتەکان بکات و نەبێتە لایەنێک لەو جەمسەرگیرییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، خۆی بە دوور لەو دابەشبوونە بگرێت، و بە پشتبەستن بە پێوەری بەرژەوەندی گەلی کوردستان هەنگاو و هەڵوێست لە سەرجەم پێشهاتەکان وەربگرێت و تەنها بە بەڵین و گفتوگۆی زارەکی بریاری سیاسی وەرنەگرێت، و لەم ڕەوشە پڕ ئاڵۆزەدا پاراستنی کوردستان بە پشتبەستن بە بەرژەوەندی جەماوەری کوردستان و دابینکردنی ژیانێکی پڕ کەرامەت بۆیان بە ئەرکی پلە یەک دێت، و بوونی هەژمونی و هێزی ئێران و ئەمریکا لە بەرژەوەندی کوردستاندا نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×