زمانی ژمارەکان لەنێوان جیهانی ئەوان‌و دنیاکەی ئێمەدا!

عەلی حەمە
  2022-10-29     667

موشی دایان ئەڵێ (عەرەب بەردەوام باسی سەروەری و نەمری باوباپیرانیان و شەڕی حطین و یەرموک دەکەن ، وە هەمیشە لە نێو دنیای وەهم و ئاوێنەی رابردودا خۆیان ئەبینن ،بەڵام ئێمە ئەوان وەک کەلە ئێستادا هەن دەیان بینین!".

دەسەڵاتدارانی ئێران زیاتر لە ٤٠ چل ساڵە ئەڵێن ئەمەریکا شەیتانی گەورەیە ، زۆرێک لە پیاوانی ئاینی و حزب و لایەن و پێکهاتە جۆراوجۆرە سیاسیە ئیسلامیەکانیش لە پشت بەشێک لە هەر دیاردەو دەرکەوتە و بیرو نەزمێکی تازە بەدەست و پیلانی ئەمەریکای دادەنێن ، لەم ماوەیەدا دوو بابەت ،یەکەمیان ؛ پرسی خوێندنی مێژووی ئایینەکان لە زانکۆکاندا وەک بابەتێکی ئاسایی لەپاڵ بابەتەکانی تری زانستە مرۆڤایەتیەکان ..
دووەم ؛ بابەتی ئاینی زەردەشتی وەک ئاینێکی دێرینی کورد و لێکەوتەکانی ….
ئەم دوو پرسە مشتومڕ و گەلێ وتە و لێکەوتەی جۆراوجۆری لەگەڵ خۆیدا هێناو چەندین پیاوی ئاینی و لایەنی ئیسلامی سیاسی بە ئاشکرا و بەنهێنی لەکەناڵەکانی تی ڤی و سایت و پەیجەکانەوە قسە و وەڵامی توند و کاڵوکرچی بێ ناوەڕۆک و نازانستی و نابابەتی لەسەر کراو سەرجەمیان ئەم پێشنیار و دیاردانەیان بە کار و دەسیسەی ئەمەریکا ناوەزەند دەکەن و پەنجەی تاوان خستنەپاڵ و تۆمەتیان بۆ ئەمەریکا رائەکێشا !
بۆیە بەباشم زانی چەند ئامار و داتایەک وەک ( مشتێ لە خەروارێک بەراورد ) بخەمە بەر دیدەی هاوڕێیانی بەرێز لە نێوان رەوش و بەرهەم و دەستکەوتی ئەوانەی کە بە دار الحرب نادەبرێن بەبەراور بە دار السەلامی دنیای خۆماندا ؛

آ- گرنگترین دۆزراوە زانستیەکان کە رێرەوی کاروانی مرۆڤایەتی گۆڕی هەمووی بەرهەمی زانایانی رۆژئاوا وپێشکەوتنی زانستی و ژیری مرۆڤ و پیشەسازیە ،کەبەداخەوە هیچ دۆزراوە و ناوێکی دنیاکەی ئێمەی تیانیە
کەبەم شێوەیەیە ،دۆزراوەکان ؛

١-ئۆکسجین : لە ساڵی ١٧٧١ ز لەلایەن زانای کیمیاگەر کارل فیلهمى ئەڵمانی دۆزرایەوە .
٢- کارەبا : لە ساڵی ١٨٢١ ز لە لایەن مایکل فارادای بەریتانی دۆزرایەوە .
٣- بێ هۆش کردن ( التخدیر ) : لە ساڵی ١٨٤٦ ز لە لایەن دکتۆر ویلیام مورتونی ئەمەریکی دۆزرایەوە .
٤-پەستەرە : لە ساڵی ١٨٦٠ لەلایەن زانا لویس پاستری فەرەنسی بۆ پاراستنی خۆراک و چۆنیەتی پاراستنی دۆزرایەوە کە پێی ئەڵێن ( باوکی زانستی بەرگری لەش )
٥- تیشکی سینی ( X-Rays ) : لەساڵی ١٨٩٥ لەلایەن زانای ئەڵمانی کونراد رونتجن دۆزراوەتەوە .
٦- پەنسلین : لەساڵی ١٩٢٨ ز لە لایەن زانای بەریتانی ئەلیکسەندەر فلیمنج دۆزرایەوە کە بەگەورەترین دەستکەوتی زانستی و پزیشکی دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا .
٧- ناوکە ترش DNA : لەساڵی ١٩٥٣ ز لەلایەن تیمکی پزیشکی و سەیدەلانی زانکۆی کامبریدجی بەریتانی دۆزراوەتەوە .

ب - لە ١٠ دە گەورەترین کۆمپانیای جیهان لە سەر ئاستی نرخی بازاڕ بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ، (٨) هەشت لەم کۆمپانیا زەبەلاحانە هی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکایە و بەم شێوەیە ؛
١ - ئەپڵ
٢ - مایکرۆسۆفت
٣ - ئارامکۆی (سعودیە )
٤ - گۆگل (الفابێت )
٥ - ئەمازۆن
٦ - تێسلا
٧ - بریکشاد هاثوای
‏٨ - TSMC (تایوانی )
‏٩ - Meta فەیسبوک
‏١٠ - Nvida

ج - لە ساڵی ١٩٠٧ کەیەکەم خەڵاتی نۆبڵی بەخشراوە تا ساڵی ٢٠٢٢ کە نزیکەی ١١٥ ساڵە خەڵاتی نۆبڵ دەدرێت بە زانا و داهێنەر وکەسایەتیە دیارەکانی کۆمەڵگە هەندێ ئامار و زانیاری تایبەت بە باسەکەمان بڵاودەکەینەوە کەبەم جۆرەیە ؛

آ - لە هەمو جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا تەنها ١٢ کەس خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتوە ئەویش بەم شێوەیەو لەم بوارانەدا :

١- محمد انور سادات بە هاوبەشی لەگەڵ مناحم بیگنی اسرائیلی بەهۆی رێککەوتنی ئاشتی کامپ دێڤدی ساڵی ١٩٧٨ (میسر - اسرائیل ) .
٢- یاسر عەرەفات بەهاوبەشی لەگەڵ هەریەک لە شەمعۆن پێرێز و اسحاق رابینی اسرائیلی بەهۆی رێککەوتنی ئاشتی ئۆسلۆی ساڵئ ١٩٩٤ (فەلەستین - اسرائیل ).
٣- محمد البرادعی بەهاوبەشی لەگەڵ تیمە نێودەوڵەتی وزەی ناوکی لەهەوڵەکانی سەبارەت بە ئاشتی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٥ دا.
٤- محمد عبدالسلام پاکستانی بەهاوبەشی لەگەڵ زانای بەناوبانگ ستیفن وینیبرغ لەساڵی ١٩٧٩ .
٥- نجیب محفوظ نوسەری گەورەی میسر لە بواری وێژەدا لەساڵی ١٩٨٨ .
٦- احمد زویل هەڵگری رەگەز نامەی ئەمەریکی و لە بنچینەدا میسری لەبواری کیمیا لەساڵی ١٩٩٩ز.
٧- شیرین عبادی ژنە چالاکونی ئێرانی لە بواری ئاشتی لەساڵی ٢٠٠٣ .
٨- محمد یونس بنگلادیشی لەبواری ئاشتیدا لەساڵی ٢٠٠٦ .
٩- ئۆرهان باموق تورکی لە بواری وێژە دا لەسالی ٢٠٠٦ .
١٠- توکل کرمان ژنە چالاکوانی یەمەنی بۆ ئاشتی لەسالی ٢٠١١ .
١١- مالالا یوسف ژنە چالاکوانی پاکستانی بۆ ئاشتی ساڵی ٢٠١٤ .
١٢- عزیز سنجار نوسەری تورکی بۆ ئاشتی ساڵی ٢٠١٥ .

ب- بەڵام تەنها وڵاتانی رۆژئاوا( بەریتانیا ، ئەڵمانیا ، فەرەنسا و ئەمەریکا ) ئەم ژمارە خەڵاتانەیان وەرگرتوە ؛
١- ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ٣٧٥ خەڵاتی نۆبڵی بەدەست هێناوە .
٢- بەریتانیا ١٣١ خەڵات
٣- ئەڵمانیا ١٠٨ خەڵات
٤- فەرەنسا ٦٩ خەڵات .

ج - لە نێوان لیستی ١٠٠ لەباشترین زانکۆکانی جیهاندا بۆ خوێندنی ساڵانی ( ٢٠١٨ تا ساڵی ٢٠٢٢ ) هیچ زانکۆیەکی ئیسلامی لەو لیستەدا نیە ، شایانی باسە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها ناوی ٣سێ زانکۆی اسرائیلی هاتوە .

د - هەندێ زانیاری و ئاماری سەرەتایی سەبارەت بە پرسی خوێندەواری وخوێندنەوە و رۆشنبیری و فەرهەنگی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا بەتایبەتی ؛

١- لە ٧٥٧ ملێۆن نەخوێندەواری جیهان ،نزیکەی ١٠٠ ملێۆن نەخوێندەوار لە وڵاتانی عەرەبیدایە .
٢- لە جیهانی عەرەبیدا ساڵانە تاک بەتێکڕایی
تەنها ٦ شەش خولەک (دقیقة) دەخوێنێتەوە ، بەڵام لە وڵاتانی رۆژئاوا تاک ساڵانە بەتێکرایی نزیکەی (٢٠٠) دوو سەد کاتژمێر دەخوێننەوە ! .
٣- مناڵێکی عەرەبی ساڵانە بە تێکڕایی تەنها ٧ حەوت خولەک دەخوێنێتەوە ، لەکاتێکا مناڵێکی ئەمەریکی بەتێکڕایی لە رۆژێکا ٦ شەش خولەک دەخوێنێتەوە .
٤- لەوڵاتانی عەرەبیدا ساڵی بەتێکڕایی نزیکەی ٦٥٠٠ کتێب بڵاودەکرێتەوە ، بەڵام لەئەمەریکای باکور تەنها لە ساڵێکا بەتێکڕایی ١٠٢٠٠٠ سەدودوو هەزار کتێب بڵاو کراوەتەوە و لە ئەمەریکای لاتین و بەحری کاریبیش بەتێکڕایی ٤٢٠٠٠ چل و دوو هەزار کتێب لە ساڵێکدا بڵاو کراوەتەوە .
٥- بەهەمو وڵاتانی عەرەبی نزیکەی پێنج یەک واتە ٢٠٪ وڵاتی بچوکی وەکو یۆنان پرۆسەی وەرگێرانی پەڕاوی تیا ئەنجام دەدرێت .
جیاوازیەکان گەلێ گەورە و شەمهێنن ، بەجۆرێک کە مرۆڤ توشی شۆک ئەبێت بەتایبەتی لە دەڤەرێک کە سەردەمانێک پێگە و زەمینی دێرینترین شارستانی وەک سۆمەریەکان و پێشکەوتوترین شارێکی بازرگانی و بازاڕی بەناوبانگی وەک بابل بێت و ئێستا لەلیستی وڵات و شارستانیە دواکەوتوەکانی گەلانی دنیادا ناوی بێت !

لەم مەملەکەت و سەرزەمینی شارستانی و شوێنەواری دێرینی ژیان و کشتوکاڵ و رۆشنبیری و رێکخستن و یاسادا ، گەلەکەی نقومی سەروەری ژیانی رابردوی بوە و لەئاوێنە تەڵخەکەی رابردودا بۆ ئێستاو ژینای داهاتوی ئەگەڕێ ! کەئەمە جگە لە خۆ هەڵخەڵەتاندن و خەڵک چەواشەکردن چ ئامانج و بەرهەمێکی بەکەڵکی لێ سەوز نابێ !

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×