بێدەنگی ئەمەریکاو پەلهاویشتنەکانی تورکیا بەرەوکوێ !

عەلی حەمە
  2022-12-18     442

(ئەگەر ئەمەریکا سەبارەت بە باکوری سوریا گوێمان لێ نەگرێ ئەوا ؛( خۆمان ناوکی خۆمان ئەبڕین)!  ئەردۆغان .

 

ئابوری گرنگترین و دیارترین پێکهێنەرە بنچینەییەکانی فراوانخوازی و کاری دەست درێژیکارانەیە ، تورکیا هەر بەتەنها بەبونی سەربازی و تیمەهەواڵگریەکانی کۆڵ نادات ، بەڵکو لەراستیدا کار بۆ دەستکەوتە ئابوریەکانی خۆی دەکات .

 

  *~   تورکیا ؛ وەک دەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەیی وکاریگەر لەپرس و هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا ،لەئێستادا و بەهۆی قەیرانی شەڕی ( روس - ئۆکرانیا ) وەک سود مەندترین وڵات دەردەکەوێت و پێگە جیوپۆلتیکەی لە ململانێ و هاوکێشە جیوسیاسیەکاندا ئەوەندەی تر رۆڵ و ئامادەیی ئەو دەوڵەتەی گەورەتر کردوە .

  *~    تورکیا ؛ وەک کارەکتەرێکی زیرەک و بکەرێکی ناوچەیی دیار ، بەئاگایی و وریاییەوە پلان و نەخشە رێگای ستراتیژی خۆی لەسەر ئاستی نیشتیمانی و ناوچەیی و نێو دەوڵەتی جێبەجێ دەکات و هەنگاوەکانی لەسەر شانۆی سیاسی و رەهەندە ئابوری و ململانێی هەرێمی و نێو دەوڵەتی کاندا جێگر تر دەکات .

  *~ تورکیا ؛ لەم قۆناغە پڕ قەیران و ئاڵۆزەی  ناوچەکەدا سەرەڕای ئەندامێتی لە هاوپەیمانیەتی (ناتۆ) ،و سزا سەپێنراوە ئابوریەکانی رۆژئاوا لەسەر روسیا ، پەیوەندی قوڵی هەمەلایەنەی لەگەڵ روسیا دروست کردوە لەوانە ؛

١- تورک ستریم لە بری نورد ستریم ؛

لەدیداری سوتشی لەئابی ٢٠٢١ لە نێوان ڤلادیمێر پۆتین و ئەردۆغاندا گفتوگۆی ورد سەبارەت بە ناردنی غازی روسی لەرێگەی تورکیا بۆ ئەوروپا و وڵاتانی تر کراوە بەمەرجی ئەوەی مامەڵەکە بەنەختینەی دراوی (رۆبڵ )بێت .

دوای تەقاندنەوەی هێڵی بۆڕی ناردنی غازی روسی (ستریم ١ و وەستانی ستریم ٢ ) بۆ ئەوروپا ، هەروەها(  پەککەوتنی هێڵی ترانزێتی غازی روسی لە ئۆکرانیا و داخستنی ویستگەی رێرەوی غازی روسی - پۆڵەند ) بۆ ئەوروپا ، لەئێستادا رێرەوی تورکی رێگەی ستراتیژی و سەرەکی گەیاندنی وزەی روسیایە بۆ ئەوروپا ،بۆیە روسیا پێشنیاری ستراتیژی جەوهەری پێشکەش بە تورکیا کردوە بەوەی کە گەورەترین مەڵبەندی نێودەوڵەتی دابەشکردن و ناردەی غازی روسی لە ئەسنەبوڵ بکاتەوە و بەمەش ئەو مەڵبەندە وەک جێگرەوەیەکی بۆڕی غازی ستریم ١ و ستریم ٢ غاز ناردەی ئەوروپا بکات .

٢- چەندین هەزار بازرگان و سەرمایەدار و کۆمپانیای گەورەی روسی کاروچالاکی خۆیان گواستۆتەوە بۆ ناو تورکیا بەتایبەتی بۆ ئەستەنبوڵ و ئەنطالیا و بەحری ئیجە ، تورکیا کارئاسانی زۆری بۆکردون لە گواستەنەوە و سپی کردنەوەی پارەی روسی لە بازرگانی نێو دەوڵەتیدا بەهۆی نێوەند گیری کۆمپانیا تورکیەکانەوە ، کەئەمە پێچەوانەی ستراتیژ و سزاکانی هاوپەیمانێتی ناتۆیە بەرامبەر روسیا .

٣- بەپێی زانیاریەکان ، تورکیا وەجبەی دووەمی پێکهاتەی رۆکێتی بەرگری S400 روسی بەدەست هێناوە  ، شایانی بیرخستنەوەیە کە ساڵی پار کۆنگریسی ئەمەریکا لە ئابی ٢٠٢١ بەهۆی گرێبەستی کڕینی رۆکێتی S400 لەروسیا ، سزای ئابوری خستە سەر تورکیا .

٤- ئێوارەی یەک شەممەی رێکەوتی ١١-١٢-٢٠٢٢ لە مەراسێمکدا لە پارێزگای سامسونی تورکیا سەرۆک ئەردۆغان رای گەیاند کە وڵاتەکەی رۆکێتی جۆری (ئایفۆن) ی بەرهەم هێناوە و دەتوانین لە ئەسینای پایتەختی یۆنانی بدەین . ( شایانی باسە رۆکێتی ئایفۆن یەکەم رۆکێتی بالیستی کورت مەودای بەرهەمهێنراوی ناوخۆی تورکیە و دەتوانێ لە دووری ٥٦١ کم لە ماوەی ٤٥٦ 

سانیە ( نزیکەی ٥ خولەک ) لە ئامانجەکەی بدات ، ئەم رۆکێتە دڵەراوکێ و دوودڵیەکی زۆری لە ناوەندە سەربازی و حکومی یۆناندا دروست کردوە .

هەروەها لەبەشێکی تری وتەکەیدا وتی ؛ چەند جارێک ئاگاداری ئەمەریکامان کردۆتەوە کە هاوکاری و یارمەتی چەکدارە تیرۆرستەکانی باکوری سوریا ( مەبەستی هێزە شۆڕشگێرەکانی رۆژ ئاوایە) نەدات ، بەڵام ئەوان هەر بەردەوامن ، ئێمەش ئۆپەراسێۆنی خۆمان ئەنجام دەدەین و مۆڵەت لەکەس وەرناگرین ، ئایا ئەمەریکا کە عێراق و ئەفغانستانی داگیرکرد و روسیا پەلاماری ئۆکرانیای دا مۆڵەتیان لەکەس وەرگرت  ؟  بۆیە ناچارین ( خۆمان ناوکی خۆمان ببڕین ) .

شایانی باسە تورکیا پێشتریش هەریەک لە قوبرس و لیوای ئەسکەندەرونە و شاری عەفرینی لەسوریا داگیرکردوەو پرسیشی بەکەس نەکردوە .

٥- بەپێی هەندێ سەرچاوە باس لە رێککەوتنی نهێنی و دووقۆڵی نێوان سەرۆک ( پۆتین و ئەردۆغان ) دەکرێت کە ڤلادیمێر پۆتین هاوکاری و پشتیوانی ئەردۆغان بکات لە تێکشاندنی نەیارە ئۆپۆزسێۆنەکان لەناوخۆی تورکیا و هەروەها بڕێک پارەی نەختینە بدات بە بانکی ناوەندی تورکیا بۆئەوەی کەمێک لەو قەیرانە ئابوریەی هەیەتی رزگاری ببێت و لە بەرامبەردا تورکیا ئاسانکاری گەورە بکات لە بواری بازرگانی و گواستنەوەی وزە و کاڵای روسی و پشتیوانی سیاسەتی پۆتین بکات لە ناوچەدا .

٦- سەرەڕای سزای توندی نێودەوڵەتی و ئەوروپی و ئەمەریکی لەسەر دەوڵەتی ئێران ، کەچی کۆمپانیاکانی تورکیا بەبەردەوامی نەوتی ئێرانی دەکڕن و بەئاشکرا بازرگانی پێوە دەکەن ، کەئەمە پێشێلکاری سزا نێودەوڵەتی و سیاسەتی ناتۆیە .

٧- تورکیا هاوشێوەی بۆ چون و رای چین و روسیا و ئێرانیەکان کە نەیاری سەرسەختی یەک جەمسەری و سیستمی لیبراڵی ئەمەریکین ،کار لەسەر پشتگیریەکانی فرە جەمسەری و کاڵکردنەوەی هەژمونی سیاسەتی ئەمەریکا لەسەر کۆی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی و  شانۆی سیاسی و پەیوەندی سیاسی نێودەوڵەتیەکان دەکات .

٧- تورکیا لە ناوەڕاستی سەدەی رابردودا ، کارەکتەر و ئەندامێکی چالاکی ناتۆ و هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمەریکابوو لە قۆناغی شەڕی ساردا لە دژایەتی کردنی  بلۆکی سوسیالیستی بە رابەرایەتی یەکێتی سۆڤیەتی جاران ، بەڵام لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکدا و لە دوای گرتنە دەستی جڵەوی سیاسی لەلایەن پارتی دادوگەشەپێدانەوە بەگشتی و بەتایبەتیش لە دەسەڵاتداریەتی ئەردۆغانەوە رۆژ داوی رۆژ کەلێن و درزی گەورە لە پەیوەندی سیاسی نێوان ئەمەریکا و تورکیا دروست دەبێت و تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە تورکیا لە شوباتی ئەمساڵدا (٢٠٢٢) ویستی  سەفیری ١٠ وڵات لە تورکیا دەربکات کەیەکێک لەو سەفیرانە سەفیری ئەمەریکا بوو ،بەڵام دواتر پەشیمان بۆوە .

٨- تورکیا جگە لەوەش لە ئاسیای ناوەڕاست و دەریای سپی ناوەڕاست و کێشوەری ئەفریقیا و بەحری سور  پێگە و نفوذی زۆر و هەمەلایەنەی پێکهێناوە و وەک بکەرێکی کاریگەری نێودەوڵەتی بەشدار و چۆتە نێو بازنەی گەمەی یاری ململانێ و کيشەگەورەکانەوە ، کە لەوانەیە بەریەککەوتن و رووبەروبونەوەی توندی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسی و شارستانی و کلتوری و ئایینی و مێژوویەکان بەدوای خۆیدا بهێنێت و ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکە تێکبچێت  و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بخاتە مەترسیەوە ، بەتایبەتی بۆچون و دیدی تورکیا بۆ حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست کە بە (نیشتیمانی شین )ناوی دەبات . 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×