زۆربەی خوێندنگە ئەهلییەکان زیان بە خوێندکار دەگەیەنن

فایەق سەعید
  2022-12-07     380

«ئێمە ئاگاداری هیچ توێژینەوەیەکی زانستی نین کە پێی وابێت ستایش دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ فێری شتێک ببێت یان مەعریفە و تێگەیشتنی خۆی پێ زیاد بکات».

جۆن هاتتی و گریگۆری یەیتس

 

بێگوومان جیاوازی لەنێوان خوێندنگەکاندا نییە، بەڵام من لەم وتارەدا بۆیە خوێندنگە ئەهلییەکانم زەق کردووەتەو، چونکە زۆربەی ئەو خوێندنگانە شێوازێکیان لە کارکردن بەکار دێنن کە گوایە داهێنانە و شتێکی ناوازەیە و کارایی منداڵ و خوێندکارانی پێ بەرز دەکەنەوە، لە کاتێکدا ئەو شیوازە کە ئەوان وەکو مۆدێل ڕانانی بۆدەکەن زیانی کوشندە بە خوێندکار دەگەیەنێت. بە دیوێکدا ئەم شیوازە زۆر کۆنە و تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ ساڵ دەبێ و لەگەڵ تیۆری ڕەفتارگەراییدا لە ناوەندەکانی خوێندن کاری پێ کراوە. ڕەفتارگەراییەکان تاقیکردنەوەکانیان لەسەر ئاژەڵ دەکرد و دواتر لەسەر مرۆڤ پیادەیان دەکرد. لەم نێوەندەشدا پەنایان دەبردە بەر ستایش و خەڵات بۆ بەرزکردنەوەی کارایی خوێندکار.

ئەگەر تەماشای خوێندنگە حکومی و ئەهلییەکانیش بکەین جۆرەها نموونەی خراپیان لەم بوارەدا بەکار هێناوە، بەتایبەت خوێندگە ئەهلی و تایبەتەکان بودجەشی بۆ تەرخان دەکەن بۆ ئەوەی ئاستی خوێندکار داگرنە خوارەوە. ئەوان پەنا بۆ دابەشکردنی ستیکەر، قردێلەی ڕەنگاوڕەنگ، دروستکردنی جیاکارییەکی زۆر لەنێوان خوێندکارە بەناو زیرەکەکان و نازیرەکەکاندا دروست کردووە و شکانەوەی ئەوانەی نمرەکانیان نزمە.. ئەم کارە خراپە تا ئەو ئاستەش ڕۆشتووە کە بە بەرچاوی خوێندکارە نازیرەکەکانەوە خەڵات بەسەر خوێندکارە زیرەکەکاندا دابەش دەکەن. ئەم خوێندنگانە تەنها چاویان لە گرووپێکە کە خۆیان زیرەکن و نمرەی بەرزیان هەیە. بێگوومان نمرە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر خوێندکار نییە، فێری هیچی ناکات و پێوەرێکی خراپیشە بۆ خوێندکار.

 

بۆچوونی خوێندنگەکان

کاتێک مرۆڤ پرسیار لە ئیدارە و مامۆستاکانی ئەو خوێندنگانە دەکات بۆ ئەم کارە دەکەن و لەسەر چ بنەمایەک ئەم کارە لە بەرژەوەندی خوێندکاردایە، لە وەڵامدا هیچ بنەمایەکی زانستی ناخەنە ڕوو جگە لە قسەیەکی سادە کە گوایە ئەم ستایشە دەبێتە هۆی هاندانی خوێندکاران.

ڕای بەندە ڕێک پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەرەوەیە و پەروەردەکردنی نەوەکان بەو ڕۆحە دەبێت هۆی دابەزینی ئاستی گەشەکردنی منداڵان. بەندە لە کتێبی فیدباک و کارایی خوێندکاردا چەندین توێژینەوەی زانستیی گرنگم خستووەتە ڕوو کە چۆن ستایش و خەڵات زیانی کوشندە بە خوێندکاران دەگەیەنن. لەبەر ڕۆشنایی بانکێکی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان، ئەوەم خستووەتە ڕوو کە ئەندازەی کاریگەری ستایش و خەڵاتکردن لەژێر سفرەوەیە، بە داڕشتنەوەیەکی دیکە ژمارەی نەگەتیڤ زیان بە خوێندکار دەگەیەنێت.

ڕەنگە منداڵان و خوێندکاران دڵیان بە ستایش خۆش بێت و شانازییشی پێوە بکەن، بەڵام ستایش فێری هیچ شتێکیان ناکات. بەندە تا ئێوارە بە یەکێک بڵێم تۆ زیرەکیت، هیچ سوودێک بەو کەسە نەگەیەنم و لەسەر ئاستی دووریش کارایی ئەو کەسە نزم دەکەمەوە. تەنانەت سەدان توێژینەوەی زانستی دەگەنە ئەو دەرئەنجامەی ئەگەر مرۆڤ ستایشی دوو خوێندکار بکات کە یەکێکیان کارەکەی بە باشی ئەنجام داوە و ئەوی دیکەیان بە باشی ئەنجامی نەداوە، ئەوە گەورەترین زیان بەر ئەو خوێندکارە دەکەوێت کە کارەکەی بەبێ کەموکوڕی ئەنجام داوە. لەنێو ئەو خوێندگە ئەهلییانەدا و خوێندنگە حکومییەکانیشدا هیچ تێگەیشتنێک بۆ ئەوە نییە کە ستایش و خەڵات زیانی گەورە بە خوێندکار دەگەیەنن.

توێژەری بەناوبانگی ئەمریکی، دوێک لە وتارێکدا بە ناوی «هۆشداری: لەوانەیە ستایش مەترسیدار بێت»، هۆشداری دەدات کە ستایش هۆکارە بۆ دابەزینی ئاستی خوێندکار. دوێک ئەوەیش یاداشت دەکات هەر کات ئێمە ستایشی منداڵەکانمان بکەین، وەکو ئەوە وایە پەیامێکیان بۆ بنێرین کە پێویست ناکات خۆتان لە ئاڵنگاری و مەترسی بدەن. بە شێوەیەکی دیکە خۆتان لەو پرسیارە سەختانە مەدەن کە لەوانەیە نەیزانن و بەمەیش داهاتووتان بکەوێتە بەر مەترسی.

 

جۆرەکانی ستایش

ستایش دوو جۆری هەیە:

ستایشی کارامەییەکان:  ئەم جۆرە خراپترین جۆری ستایشە کە لە خوێندنگەکان و خێزانەکاندا هەیە و تەنها باسی کەسەکان دەکات نەک کار و کۆششی ئەو کەسانە، بۆ نموونە تۆ زیرەکیت، تۆ ئاقڵیت، ئافەرین تۆ پاڵەوانیت، ...هتد.

ستایشی کۆششەکان: مانای ستایشکردنی خوێندکارە لەبەر کارێک کە کردوویەتی، ئەمەش دەچێتە خانەی فۆرمی چوارەمی فیدباکەوە.

ستایشی کارامەییەکان و خودی کەسەکان هەر ئەوەندە نییە کارایی خوێندکار داگرنە ئاستێکی نزمتر ئانژی زیانی پێ بگەیەنێت، بەڵکو فێری گزی و فێڵێشی دەکات. لی ژاو، لولو چین، گالی هایمان و کانگ لی، لە زانکۆکانی چین، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا، لە توێژینەوەیەکی زانستیدا بە ناوی «ستایشکردنی منداڵی بچووک لەبەر ئەوەی زیرەکە، دەرفەتێکە بۆ فێڵکردن»، باسی ئەوە دەکەن چۆن ستایشکردن دەبێتە هۆی گزیکردن و فێڵکردن.

 

کاریگەرییە نەرێنییەکانی ستایش

قۆناغەکان

کاریگەرییەکانی ستایش و خەڵات لەسەر کارایی خوێندکار بە سێ قۆناغدا تێپەر دەبن:

قۆناغی یەکەم: ستایش و خەڵات سوودێکی زۆریان هەیە، دڵی خوێندکار خۆش دەکەن و کارایی و خوێندکار بۆ ماوەیەکی کورت بەرز دەکەنەوە (ئەندازەی کاریگەری سەرووی سفرە).

قۆناغی دووەم: ستایش و خەڵات هیچ سوودێکیان نابێت (ئەندازەی کاریگەری سفرە).

قۆناغی سێیەم: ستایش و خەڵات زیان بە خوێندکار دەگەیەنن و دەبنە هۆی ئەوەی ئاستی کارایی خوێندکار دابەزێتە خوارەوە، تا ئەو ڕادەیەی خوێندکار تاقەتی کارکردنی نەبێ و متمانەی بە خۆی نەمێنێت (ئەندازەی کاریگەری لە ژێر سفرەوەیە).

کاریگەرییە نەرێنییەکانی ستایش

ستایش جەخت لەسەر کەسەکان دەکاتەوە نەک کار و کۆششی ئەو کەسانە.

ستایش دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندکار لە هەڵەکردن بترسێت.

ئەو کەسانەی بە ستایش ڕاهاتوون، هەڵەکردن وەکو شکست دەبینن، لە کاتێکدا ئەوانەی بە فیدباک ڕاهاتوون هەڵەکردن وەکو دەرفەتێک بۆ فێربوون دەبینن.

ستایش خوێندکارە ستایشکراوەکان دڵخۆش دەکات، پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ مامۆستاکاندا بەهێزتر دەکات، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کارایی ئەو نییە و فێری هیچیان ناکات.

ستایش کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر فیدباک هەیە و لە بەهای فیدباک کەم دەکاتەوە، لە کاتێکدا فیدباک بە داینەمۆی گەشەکردنی خوێندکار ئەژمار دەکرێت.

لە ڕوانگەی زۆرێک لە خوێندکارانەوە، ستایشی زۆری خوێندکار، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو  خوێندکارە لاوازە و پێویستی بە ستایش هەیە، چونکە ئەو بۆچوونە باوەی لە لای خوێندکاران هەیە ئەوەیە، مامۆستاکان ستایشی زۆر بۆ ئەو خوێندکارانە بە کار دێنن کە کاراییەکی خراپیان هەیە.

ستایش بەرگریی خوێندکار کەم دەکاتەوە، چونکە ئەو ئاماژەیە بە دەستەوە دەدات ئەوە خودی خوێندکارە، نەک هەوڵ و کۆششەکانی کە دەبێتە هۆکاری فێربوون، واتە جەخت لەسەر کەسەکان دەکرێتەوە نەک بابەتەکان.

مەترسیی ئەوە هەیە کۆمەڵێک خوێندکار ئالوودەی ستایش ببن و نەتوانن دەستبەرداری ببن، چونکە تەواوی سەرنجیان دەچێتە سەر خۆیان نەک هەوڵ و کۆششەکانیان. ئەم گرووپە هەمیشە چاوەڕێی ستایش دەکەن و ستایشەکان نابەستنەوە بە ڕادەی کۆششەکانیان، بەڵکو دەیبەستنەوە بە کەسی خۆیان.

ستایش خوێندکار فێری هیچ ناکات، جگە لەخۆباییبوون.

ئەو خوێندکارەی بە ستایش ڕاهاتووە، هەر کات ستایش نەکرێ، ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت کە ئەو کەسێکی شایستە نییە و ئەمەیش لە دۆخی کارە سەختەکاندا جۆرێک لە بێهیوایی لە لایان دروست دەکات. هۆکاری ئەمەیش بۆ هەڵەی ئێمە دەگەڕێتەوە کە بە ستایشی زۆر ڕامان هێناون.

ئەوانەی بە ستایشی زۆر ڕاهاتوون، زیاتر چاویان لە مامۆستایە و حەز بە بەراوردکردن دەکەن لە هاوپۆل و هاوڕێکانی خۆیاندا، ئەمەیش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کارایی ئەوان دادەنێت.

ئەوانەی بە ستایشی زۆر ڕاهاتوون، ناوێرن لەگەڵ ئەو پرسیار و ڕاهێنانانەدا کار بکەن کە لە ئاستی خۆیان بەرزترن، لە ترسی ئەوەی نەبادا ستایش نەکرێن. ئەمەیش دواجار لە بواری فێربووندا بەربەستێکی گەورەیان بۆ دروست دەکات کە بریتییە لەوەی ئەوان ناوێرن کار لەگەڵ ڕاهێنانی ئاڵنگارانە و سەختدا بکەن بۆ ئەوەی ئاستی خۆیان بەرز بکەنەوە.

ئەوانەی بە ستایشی زۆر ڕاهاتوون، هەمیشە ترسی ئەوەیان هەیە لە بەردەم هاوپۆلەکانیاندا ستایش نەکرێن، ئەم ترسەیش کاریگەریی لەسەر متمانەبەخۆبوون و بڕوابەخۆبوونیان دروست دەکات.

ستایش گوزارشت لە خۆشەویستی ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی منداڵ متمانەی بە خۆی لاواز بێت. ئەو منداڵانەی دایکوباوکەکانیان ستایشی زۆریان دەکەن، متمانەیان بە خۆیان بەهێز نییە.

ستایش بە هۆی کارامەییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی چالاکی و کارایی خوێندکار داکشێت و ئارەزووی خوێندنی کەم ببێتەوە.

 

چارەسەر چییە؟

رەنگە پرسیارێکی شایستە بێتە ئاراوە ئەویش: ئەگەر ستایشکردن، خەڵاتکردن و پاداشتکردن زیانی بۆ خوێندکار هەبێت، ئەر چارەسەر چییە؟

فیدباک چارەسەرێکی کۆنسترەکتیڤە و دەبێ لە هەموو ناوەندەکانی خوێندندا کاری پێ بکرێت. فیدباک کار لەگەڵ کەسەکاندا ناکات، بەڵکو لەگەڵ هەوڵ و کۆششی ئەو کەسانەدا دەکات و بە شێوەیەکی ڕۆژانە لایەنە بەهێز و لاوازەکانی بەرهەمەکانی خوێندکار دیاری دەکات. مامۆستاکان هەڵەکان بۆ خوێندکار چاک ناکەنەوە، بەڵکو سەرەداویان دەدەنێ بۆ ئەوەی خۆیان بیر بکەنەوە و هەڵەکانی خۆیان چاک بکەنەوە. پێم خۆشە ئەوەش یاداشت بکەم کە ئەندازەی کاریگەریی فیدباک دەگاتە (0.63) و سەرەداو دەگاتە (1.10).

ئەو خوێندنگە و زانکۆیانەی  دەیانەوێ کارایی خوێندکارەکانیان بەرز بکەنەوە دەتوانن بەشی یەکەمی کتێبی فیدباک و کارایی خوێندکار بخوێیننەوە و کاری پێ بکەن. لەو کتێبەدا مۆدێلێکی ناوازەی فیدباکم خستووەتە ڕوو کە گەورە توێژەری نێودەوڵەتی جۆن هاتتی نووسیویەتی و ە هەموو جیهانی پێشکەوتوودا کاری پێ دەکرێت.. کارکردنی خوێندنگەکان بەو مۆدێلە بەپێی هەزارەها توێژینەوەی زانستیی شایستە، کارایی خوێندکار بەرز دەکاتەوە.

faiekk@hotmail.com

Facebook: Fayeq Seid

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×