لە هەموو کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و پێشکەوتن خواز هاوڵاتی یاخود چالاکان بۆیان هەیە لەسەر پرسە کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و سیاسی و ... تاد ، ڕەخنە بگرن ودەسەڵات بە ئاگا بهێننەوە .
ڕەخنە گرتن مافێکی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە لە هەموو ووڵات و کۆمەڵگەیەک جگە لە ڕژێمە دیکتاتۆر و فاشیەکان نەبێت کە مرۆڤی دەم بەست و بێدەنگیان دەوێت.
هەرێمی کوردستان پێناسەی دەسەڵاتێکی دیموکراسی و پێشکەوتن خوازی بۆخۆی پێ قبوڵکراوە، کەچی لەگەڵ دەسگیرکردنی چالاکوان "علی محمود" دەسەڵات نامەیەکی ئاڕاستەی کۆی چالاکوانان کرد، دەسگیر کردنەکە یاسایی و ئاسایی بوو ؟
لە یادی ئەنفال لە دیمانەیەک چالاکوانی جینۆساید و مافی مرۆڤ " علی محمود " ڕەخنەی لە دەسەڵات و بە تایبەت هەولێر گرت کە "کوڕی ئەنفالچیەکی کردۆتە قایمقامی هەولێر " ، ڕوونتر ووتی"باوکی قایمقام ماڵی خاڵمی ئەنفال کردوە"!
دوابەدوای ئەمە قۆڵ و باسکیان لە علی محمود هەڵکرد و دەسگیریانکرد بە بیانوی داڵدە دانی بکوژ .
لە کوردستان داڵدەدانی تاوانباران دیاردەیەکی باوە لە نێو بەرپرسان و دیوەخانی عەشیرەتەکان، تەنانەت خودی حزبەکانیش ئەمە دەکەن و بە ئاسایی تێدەپەڕێت .
نمونەی داڵدەدانی ئەنفالچیەکان و دەسەڵاتدارانی بەعس و کەس و کاریان و سەدان بەرپرس و کادیر و دەست و پێوەندی قاتل ... تاد
بەڵام پێشمەرگەیەکی دێرین و چالاکوانێکی نێو دەوڵەتی و دیاری وەک علی محمود بۆی نەبێت کوڕە شەهیدێک بێتە ماڵەکەی ! تەنانەت کە میوانیەکەی قبوڵ کردوە بکوژ نەبوە .
-دەسگیرکردنەکەی علی محمود کاری پۆلیس بوو بۆچی ئاسایش پێی هەڵسا و ساتی دەسگیرکردنەکەی بە ڤیدیۆ تۆمارکرا ؟
-بۆچی وەک تاوانباری کەتن هێنایانە سەر شاشە و لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاویانکردەوە ؟
-لە کاتی دەسگیرکردنی ٤/٢٥ /٢٠٢٣ تا ئەمڕۆش ٥/٢ /٢٠٢٣ کە دەکاتە ( ۹ )ڕۆژ چالاکوانی ناوبراو هەر لە ئاسایشە و ڕادەستی پۆلیس نەکراوە؟
"تەسفیە حسابی پارتی بۆ علی ە کان " یان " نامەیەکە بۆ چالاکوانان و ڕەخنەگران" ئیتر ئەمە ووڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە و ڕووداوەکەیە .
بە دەسگیرکردنی علی محمود پێمان دەڵێن ، لە دەرفەتێک هەمووتان دەسگیر دەکەین ، بە کەیسی یاسایی و بێ گوێدانە جێ بەجێکردنی یاسا وەک خۆی ، دەتان هێنینە سەرشاشەکان ، پێمان دەڵێن ڕەخنەی نەرم و مام ناوەند و توندیش قبوڵ ناکەین!
پێمان دەڵێن نابێت ڕەخنە لە ئێمە و کادیرانی ئێمە بگرن لە هیچ دۆخێکدا !