پرۆسەی لەشارخستن، کفری وەک نموونە..

جەواد خەلیل
  2023-07-17     250

(سەبارەت بە بیماریی عەقڵیەتی ئیدارەدانی کورد)
کیماش، لاخیرۆ،  کیپرۆ، کیپرات، ڤرجیا... هتد، چەندین ناوی گرنگ و دێرینی نێو مێژووی ئێمەن، کە زۆرترین بەشدارییان لە گەشەسەندنی ژیارییانەی  کورد و ناوچەکەدا هەبووە، هەموو ئەو ناوانەش پێکڕا ئاماژەن بۆ قۆناغێلی گەشەی ژیارییانەی شاری کفری . شارستانیەتی کورد ئەگەر پێنج شاری مێژوویی گرنگی هەبێت، ئەگەر بڕیار بێت ڕێز لە مێژووی هەرە دێرینی خۆی بگرێت و ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆی بداتەوە، ئەوا بێ هیچ دوو دڵیەک دەبێت کفری پێشەنگی ئەو پێنجە بێت و وەک سەروەتێکی نیشتمانی لێی بڕوانێت و بیپارێزێت، لانیکەم وەک شارێکی شوێنەواریی ئاوڕ لەو هەموو شوێنەوارە مێژووییانەی بداتەوە.

        سی ساڵی دوای سێ هەزار ساڵەکە
کفری کە خودان مێژووییەکی سێ هەزار ساڵەیە، کە ناوی لە چەندین دەقی گرنگی سۆمەری و ئەکەدی و بابلی و عیبریدا هاتووە، کە ماوەیەکی زۆر ناوەندی حکومڕانی و بازرگانی بووە، هەموو ئەمانەش لە تۆماری چەندین ڕۆژهەڵاتناس و مێژوونووسدا گەواهیان بۆ دراوە، ئێستا دوای سێ هەزار ساڵ تەمەن، شوێنەوارەکانی بوونەتە کەلاوەیەک و ڕۆژ بە ڕۆژ و هەر جارەی لایەکی لێ دادەڕمێت و لەناودەچێت، هەر جارە و گەڕەگ و کۆڵانێکی ئەم شارە مێژووییە بەرەو چۆڵبوون دەچێت و بازاڕەکانی دادەخرێن. شارەکە لە ژێر سایەی حکومڕانیی خۆماڵیانەی کوردیدا و تەنها لە ماوەی سێ دەیەدا و دوای سێ هەزار ساڵ لە خۆڕاگری و ئاوەدانی و شارستانیەت ، کرا به وێرانەیەک و هیچ هۆکارێکی ژیانکردنی شکۆمەندانەی تیا نەما. گەنجەکانی بێکار و گەڕەکەکانی بێ خزمەتگوزاری کران؛ بەرپرسەکانی گەندەڵ و گیرفانبڕ دەرچوون و خەڵکەکەی بێ پارە و ڕەنجەڕۆکراو مانەوە؛ کاسبکارانی بێ ئیش و بێ ئیشەکانیشی ئاوارە و پەراگەندەی شارانی تر بوون..!
لێرە و لە نێو ئەم مەملەکەتی زوڵم و جەور و ستەمەدا، تۆ ئەگەر ئەڵقەلەگوێی حیزب نەبیت؛ ئەگەر وەلائت بۆ حیزبێکی کوردی نەبێت؛ ئەگەر نەتتوانی سەردانی کۆمیتە و ناوچە و لق بکەیت، سفری دوای فاریزەش نیت، با لە خوێندندا کۆچەر بیرکار و لە کاردا بیل گەیتس و لە ژیانی کۆمەڵایەتیشا بێ وەیی و خزمەتکاری خەڵکی بیت..! گەنجی ئەم شارە دوای چەندین ساڵ خوێندن، ئەگەرچی دەرچووی باشترین کۆلیژ و زانکۆکان بن، ئەگەرچی چەندین زمان بزانن و بە قەد باڵای سەرکردە و جەلادەکانی ئەم نیشتمانە کتێبیان خوێندبێتەوە، گەر نەچنە کۆمیتەی حیزب، گەر نەبنە کۆیلەی ئەم و ئەو، مافی بوون بە وانەبێژیشیان پێ ڕەوا نابینرێ و دانەمەزرێنرێن؛ لێرە گەر تۆ مامۆستایەکی زۆر بە ئەزموونیش بیت و دەیان ساڵ خزمەتت هەبێت، گەر نەبیتە ئەڵقەلەگوێی ئەم جەلادانە ناکرێیتە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکیش..!
کفری سەردەمانێک پێی دەگوترا "شاری وەزیران" و تەژیبوو لە جووڵەی بازرگانی و ڕۆشنبیری و هونەری ، پڕ له جووڵەی سیاسی بوو، لەبەرچی؟ چونکە بەرپرسە باڵاکانی ئەوسای، نوێنەرانی ئەو سەردەمەی، وەک: ( وەزیری بەرگری، وەزیری داد، وەزیری تەندروستی، وەزیری ناوخۆ، وەزیری کشتوکاڵ، خانەوادەی سەرۆک وەزیران و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەعیان) پێکڕا لە کفری نیشتەجێ بوون و شاری خۆیان بە جێ نەدەهێشت و خۆیان لە خەڵکی شارەکە جیانەکردبووەوە، بەردەوام گرنگیان بە شار دەدا و پێشیان دەخست. "جەمیل پاشا" کە نوێنەری هەموو ویلایەتی موسڵ بوو ( واتا نوێنەری تەواوی باشوری کوردستان بوو) لە پەرلەمانی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ، ماڵەکەی هەر لە کفری بوو! مەحمود پاشا و عومەر نەزمی و جەمال نەزمی و دەیان کەسایەتی سیاسی ناوداری دی، کە بەرزترین پلە و پۆستی سەردەمی پاشایەتیان لە بەغداد درابوویێ، هیچیان پشتیان نەکردبووه کفری و ماڵیان بەیەکجاری نەگواستبووە بەغدا...!  ئەمێستا ئەوانەی نوێنەری خەڵکی کفرین و بەرپرسی باڵای ئەم حکومەتەن ماڵیان لە کوێیە؟ هەر ئەوەندەی دەبنە بەرپرس یەکەمین کارێک کە دەیکەن ماڵیان دەبەنە شارانی دی و ژیانی خۆیان دەگۆڕن، ئیدی نە غەمێک لە شارەکەی خۆیان دەخۆن و نە ئاوڕ لە ئەوانەش دەدەنەوە کە گەیاندنیان بەو پۆستە. شار بە بەرپرسە غەمخۆرەکانیەوە شارە، کە بەرپرسی غەمخۆری نەبوو، کە بەرپرسەکانی چڵێس و چاولەکورسی و پۆست بوون، کە خەڵکە دڵسۆزەکەی لێی هەڵهاتن و ڕۆیشتن، ئیدی لەوێوە پرۆسەی لەشارخستن دەست پێدەکات.


پرۆسەی لەشارخستنی کفری بۆچی سەری گرت؟
یەک: عەقڵیەتی ئیدارەدانی کوردی لە ڕاپەڕینەوە کاری لەسەر ئەوە کردووە هەندێک شار لەسەر حسابی هەندێکی تر گەورە بکات، لەبری ئەوەی هەوڵ بدات وەک یەک خزمەتگوزاری پێشکەشی هەموو شارەکان بکات، دەهات و خزمەتەکانی لە یەک شاردا چڕ دەکردەوە و شارانی دەوروبەری ناچار بوون وەک پەروانە بە دەوری ویدا بسوڕێنەوە. ئەم ناعەدالەتیە وایکرد کە شارەکان لە نێو خۆیاندا بچن بەگژ یەکدیدا و ڕق و کینە و دووبەرەکی بکەوێتە نێوانیانەوە، بۆ نموونە: (هەولێر و سلێمانی/ ڕانیە و قەڵادزێ/ هەڵەبجە و سەیدسادق/ کفری و کەلار/ ڕەواندز و سۆران/ دهۆک و زاخۆ/ ئامێدی و دهۆک/ .... هتد)، هەر نانەوەی ئەم دووبەرەکیەش لە نێوان شارەکاندا بۆ خۆی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بیماری عەقڵیەتی ئیدارەدانی کوردی و کڵۆڵی سەرانی حیزب.
دوو:  ئەنجامی ئەو دابەشکارییە نادادپەروەرانەیەی دەسەڵاتی کوردی کە لە خاڵی یەکەمدا باسمان لێوەکرد، وایکرد کە بەهای ئابوری هەندێک لەو شارانە لە هەندێکی تریان زۆر زیاتر بێت، ئەو شارانە کە دەکرانە میحوەری شارانی دەوروبەر، لە هەمان کاتدا دەبوونە بازاڕێکی گەورەیش بۆ حیزب و سەرانی سیاسی کورد، تا بتوانن سەرمایەی دزراوی میللەت بۆ خۆیان زیاتر بەگەڕ بخەن و وەک دەڵاڵێکی خانووبەرە خەریکی کڕین و فرۆشتنی سەدان و هەزاران دۆنمی ئەو شارە میحوەرییانە بن و بە دەیان پرۆژەی قازانجداریان تیا جێبەجێ بکەن، لە هەمان کاتیشدا لە ڕێی سیاسەتی پشتگوێخستنی  شارەکانی دەوروبەریشیەوە خەڵکی شارەکانی دی ناچار بکەن بچنە نێو ئەو پرۆژانەوە و قازانجەکانیان بە خاوەنی ئەو پرۆژانە ( کە هەر نوێنەری حیزبن) ببەخشن، جا ئەو پرۆژانە چ نەخۆشخانەیەکی ئەهلی بێت یان پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون یان هەر شتێکی تر بێ.
سێ: کە تۆ لە جێگایەکدا ژیایت هیچ بنەمایەکی شارنشینی تیا نەمابوو، کە نەخۆش کەوتیت و نەخۆشخانەیەک نەبوو بۆ چارەکردنت، کە بۆ مامەڵەیەکی ئاسایی ناچاربیت بچیتە شارێکی دی، کە لە بێ کارییدا براکەت، خۆت یان کوڕەکەت بچنە شارێکی دی و خواخواتان بێت لە چێشتخانەیەکدا ببنە قاپشۆر، کە بە هۆی نەبوونی پزیشکی دادەوە بە مردوویش تەرمەکەت ببەنە شارێکی دی و دواتر بتهێننەوە زێدی خۆت، ئیدی هیچ ناچار نیت لە شوێنێکی وەهادا بژیت و جێی نەهێڵیت. کاتێکیش زۆرینە خەڵکی شارەکەی خۆیان جێهێشت،  شار چۆن دەبوژێتەوە؟ چۆن نابێتە وێرانەیەک؟ چۆن لە شار ناخرێت و نابێتەوە بە لادێ؟! 

           ئایا مێژوو ئەم ستەمە دەشارێتەوە؟
ستەمکاری و چەوساندنەوە و وێرانکاری سێ خەسڵەتن، ڕەنگە بۆ ماوەیەک و بە زەبری هێزی تۆقاندن کەس نەتوانێت باسیان بکات، ڕەنگە بۆ ماوەیەک ستەمکار  بتوانێ بیشارێتەوە، بەڵام هۆ ستەمکارانی ئێرە، هۆ بازرگانانی پارە و خوێن، ئەی سەرانی کوردی خوێنمژ، ئەی بەرپرسانی داماڵراو، دڵنیابن و گوێبگرن کە مێژوو هەرگیز ئەم لەشارخستنەی کفری، ئەم غەدرە گەورەیەی ئێوە لەبیری خۆی ناباتەوە! دەبێت زۆر لەوە دڵنیابین هەر لە ڕەحمی ئەم خاکە و دامێنی ئەم وڵاتەوە، سبەی ڕۆژێ، نەوەیەکی دی سەردەردێنێ و وەک شێرێکی بریندار پڕ بە گەرووی هاوار دەکات: ئێرە جێگای ئێوە نیە، بەو بیمارییەوە حکومداری چۆن دەکرێت، شاربەدەربن. مێژوونوسێک بەسەردێڕێکی گەورە دەنووسێت: ( شارێک هەبوو دوای سێ هەزار ساڵ تەمەن، دوای سێ هەزار ساڵ لە شارستانیەت و ژیان، دوای ئەوەی لەبەردەم سەدان دەسەڵاتی داگیرکەر و وێرانکار و ستەمکاردا خۆڕاگربوو، هەر لە لوتکەدا مایەوە و دانەڕما، کەچی دواجار دەسەڵاتدارانی خۆماڵی، ئەوانەی لە پێست و خوێنی خەڵکەکەی خۆی بوون و بە خانەخوێیان دەزانین، بە سی ساڵ توانیان حیکایەتی شارستانیەتی ئەو شارە تێک بشکێنن و وێرانی بکەن، بیکەنە دۆزەخێک کە خەڵکەکەی هەموو ئاواتێکیان ئەوە بێت ڕۆژێک زووتر لێی دەرباز بن و لەوە زیاتر ئازاری تێدا نەچێژن)، ئەمە وەک شەرمەزارییەک دەنووسرێتەوە، بۆ هەمیشە دەتانکەن بە مەسخەرەی خەڵک، عیبرەتەن لیئولەل ئەلباب!

 گرنگە هەمووان بزانن، ئەو کاولکارییەی بە سێ هەزار ساڵ بە هیچ دوژمنێک نەکرا، بە سی ساڵ دۆستەکان کردیان، بەخێر بێن بۆ وێرانەخاکی کفری، بەخێربێن بۆ بینینی تراژیدیای بیماری عەقڵیەتی ئیدارەدانی کورد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×