کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، ئامانجی شەڕی غەزە

عوسمان عەسکەری
  2023-11-14     431

لە نووسینەوەی هەر ململانێیەکدا، مێژوونووسان بە گشتی جیاوازی لە نێوان گەلاندا دەکەن. کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین بەجۆرێک شێوێنراوە، سەرکردەکانی عەرەبیش بڕوایان پێی نەماوە، بەتایبەت ئەوانەی ئاگایان لە پاشخانی کێشەکە، لە جیۆسیاسی ناوجەکەو و جاڕنامەی بالفۆرە نیە، تێناگەن لەوەی شەڕی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، شەڕێکە بەرژەوەندی ئینگلیزو ئەمەریکا بەڕێوە دەبات. مێژووی ململانێی ئیسرائیل و عەرەب بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، و هۆکارەکانی کێشەکە تێکەڵەیەکن لە ئایینی و نەتەوەیی و جیۆسیاسی. خاکی فەلەستین، بەتایبەتی قودس بۆ هەر سێ ئاینە یەکتاپەرستەکانی جوولەکە، کریستیان و ئیسلام پیرۆزو بایەخدارە، بەڵام بەهۆی ئەو نەوت و غازە زۆرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست هەیەتی، زلهێزەکان چاویان تێبڕیوە و لەپێناو کۆنترۆڵکردنیدا، ناکۆکیان لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا ناوەتەوە. بەپێی تەورات، خودا بۆ ئەوەی بەنی ئیسرائیل (جوولەکە) لە زوڵمی فیرعەون ڕزگار بکات، فەرمانی بە پەیامبەر (یەشوع بن نون) کردووە، بڕۆن قودس ڕزگار بکەن، ئەو خاکەی پێی دەخەنە سەر دەیدەم بە ئێوە، هاوکات دەیان حەدیس دەگێڕنەوە کە لە شەڕی قودس خودا ڕۆژی بۆ یەشوع ڕاگرتووە هەتا ئەوکاتەی سوپاکەی چۆتە ناو قودسەوە، ئەوەش بەڵگەیە کە خودا فەلەستینی داوەتە بەنی ئیسرائیل و پشتیوانیکردوون کەنعانیەکانیان لە ناوداوە. خودا لە قورئانی پیرۆزیشدا فەرموویەتی، ئێمە بەنی ئیسرائیلمان لە ستەمی باڵادەستی فیرعەون ڕزگارکردو بەسەر هەموو دنیاشدا هەڵمانبژاردن، (ولقد نجينا بنى إسرائيل من العذاب المهين من فرعون إنه كان عاليا من المسرفين ولقد اخترناهم على علم على العالمين) سورەتی الدخان. سەرباری فەرمان و فەرموودەکانی خودا، لە ڕووی ئینسانیشەوە، گەلی جوولەکە وەک هەموو گەلانی دنیا مافی خۆی بوو مالێک یان دەوڵەتێکی سەروەری هەبێت. بەتایبەت دوای ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هۆلۆکۆستیان ( جینۆسایدی جوولەکە ) یان لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا ئاشکرا کردبوو، لە ساڵی ١٩٤٨ نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرژەوەندی جوولەکە دەنگی دا، لەسەر خاکی فەلەستین دوو دەوڵەتی عەرەبی و جوولەکە دابمەزرێت، بەڵام عەرەب ڕەتیانکردەوە. ئەوکات ئەگەر سەرکردەو کەسایەتیەکانی عەرەب دانا بوونایە، لەباتی جەنگ داوای ئاشتیان دەکرد، هۆڵۆکۆستیان بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکردە دەرسێک و ڕێگایان نەئەدا ئینگلیز فریویان بدات، بەڵام ئەوان نە ئاشتیان کرد، نە شەڕێکی جوامێرانە، بۆیە جوولەکە سەرکەوتن و شکۆی دەوڵەتەکەیان چەسپاند، ئەو هەڵەیەش گەورەترین بڕگەی بەدبەختیە (نەکبە) لە مێژووی عەرەبدا کە ئێستا لێی پەشیمانن.!

 

باوکی ڕوحی و دەوڵەتی ئیسرائیل

تیۆدۆر هرتزل، ئەو ڕۆژنامەوانەی جووەکان وەک باوکی ڕوحی دەوڵەتی ئیسرائیل ناوی دەبەن، دوای ئەوەی ئەفسەرو کاپتنی تۆپخانەکانی فەرەنسا بەڕەگەز جوو "ئەلفڕێد درایفوس" لە  ساڵی ١٨٩٤ تا ١٩٠٦ بە تۆمەتی ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەڵمانیا خیانەتی کردووە، لە پاریس دادگایی دەکرێت، لە زۆربەی شوێنە گشتیەکانی پاریس سوکایەتی بە گەلی جوو دەکراو هوتافی مردن بۆ جولەکە دەگووترایەوە، ئەوەش تیۆدۆر هێرتزڵ ڕادەچڵەکێنێت، بانگی کەسایەتی و هاخامەکانی جوو دەکات بەئامانجی دروستکردنی ماڵێک بۆ جووەکان، بزووتنەوەی زایۆنیان لە ئەوروپا دامەزراند. دوابەدوای ئەوە، هێرتزڵ نامیلکەیەکی لە ساڵی ١٨٩٦ دا بە ناوی " دەوڵەتی جولەکە نووسی " و بڵاویکردەوە. لەو نامیلکەیەدا، بانگەشەی دامەزراندنی قەوارەیەکی بۆ جوولەکەکان کردووە، داواشی لە جوولەکەکانی ئەوروپا کردووە، بۆ ئەوەی لە دۆزەخی دژە جوولەکە پارێزراو بن، پێویستە کۆچ بۆ فەلەستین، نیشتمانی مێژوویی” خۆیان بکەن. هێرتزڵ بەپێی دەقەکانی تەورات پێی وابوو، ڕەگەزنامەی جوولەکە قودسە، بۆ ئەوەی ئازادانە ئایینەکەیان پەیڕەو بکەن، پێویستە لەوێ دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت، چوونکە ئەوکات کەنیسەکان ئەوروپایان کردبووە دۆزەخ بۆ گەلی جوولەکە، بۆیە جوولەکەکان خەونیان بەوە دەبینی کۆچ بۆ خاکی فەلەستین بکەن، لەبەر ئەوە بیرۆکەکانی هێرتزل بە خێرایی لە جیهانی جوولەکەدا بڵاوبوونەوە و سەرنجی زلهێزەکانی جیهانیشی بۆ خۆیان ڕاکێشا. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە بۆ سەرەتای سەدەی بیست، کەهێشتا فەلەستین بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، هرتزل پێنج جار سەردانی سوڵتان حەمید (سوڵتانی عوسمانی) کردبوو بۆ ئەوەی ڕازی بکات بەشێک لە جوولەکەکان لە فەلەستین نیشتەجێ بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی سوڵتان داواکەی ڕەتکردەوە، توانیبووی لە ڕێگای بەرتیلەوە، لەلایەکەوە بەناوی چاوەڕوانی گەڕانەوەی پەیامبەر موسا بۆ خاکی پیرۆز، لەلایەکی دیکەوە، بەمەبەستی فەریزەی حەج و ئیدارەی ڕێوڕەسمی زیارەتکارانی جوولەکە بۆ قودس، هەزاران جوولەکەیان لە ڕوسیاو پۆڵۆنیاو ئەڵمانیاوە گواستبۆوە بۆ فەلەستین و لە شارەکانی یافا و حەیفا نیشتەجێیان کردبوون. لەدوای کۆچی دوایی هرتزل، سەرکردە نوێیەکانی بزوتنەکە توانیبوویان سەرنجی زلهێزەکان ڕابکێشێن، بۆیە لە ساڵی ١٩٠٥ بۆ ١٩١٧ فەرەنسا پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی دابووە زایۆنیەکان، بەڵام بزوتنەوەکە بەهۆکاری ئەوەی فەرەنسا کۆڵۆنیالەکانی لەناو فەرهەنگ و زمانی فەرەنسی دا دەتوێنێتەوە، پێشنیارەکەی فەرەنسایان ڕەتکردبۆوە، هاوکات بۆ ئەوەی بەریتانیا قایل بکات, بزوتنەوەکە دوو بەڵێنی سەرنجڕاکێشی دابووە ئینگلیز. یەکەمیان ئەوە بوو، ئیسرائیل خزمەتی بەرژەوەندیەکانی بەریتانیا بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دووەمیشیان، بەڵێنی دابوو جولەکاکانی ئەوروپا بگوازێتەوە و لە فەلەستین کۆیان بکاتەوە، بەوجۆرە ئارثەر جیمس بالفۆر (وەزیری دەرەوەی بەریتانیا) قایل بوو، لەگەڵ داگیرکردنی فەلەستیندا لە ساڵی ١٩١٧ بەڵێنی (بالفۆر) دەربکات، لێرەوە ناکۆکی نێوان عەرەب و جوولەکەو پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەک، تاوانی دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی دژە جوولەکەدا، لەلایەکی دیکەوە دەستیپێکرد. لە ساڵی ١٩٢٠ وەک ڕێگایەک بۆ بەدیهێنانی بەڵێنەکەی، بەریتانیا ئینتدابی خۆی بەسەر فەلەستیندا سەپاندو ڕێگای بۆ هەزاران خێزانی جولەکە دابین کردبوو لە دۆزەخی دژە جولەکەکانی ئەوروپاوە، بەلێشاو کۆچیان کرد بۆ فەلەستین، هەتا ساڵی ١٩٤٨ بەپێی بڕیاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل دامەزرا، بەریتانیا لەفەلەستین کشایەوە. ئەوکات هەڵەی گەورەی نەتەوە پەرستەکانی عەرەب کە ٧٥ ساڵە باجەکەی دەدەن، هێرشێکی شکستخواردوویان کردە سەر ئیسرائیل، لەوە بەدواوە ئیسرائیل نە ڕێگای داوە فەلەستین دروست بێت، نە خاکی خۆشی سنووردار کردووە، بەوهۆیەوە هەتا ئەم ساتەی شەڕی عەززە بەڕێوە دەچێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە کوشتارگای گەلانی ناوچەکە. 

 

فریودانی عەرەب

لە هاوینی ساڵی ١٩١٤ بە هۆکاری تیرۆرکردنی فرانز فێردیناند ئیمپراتۆریەتی نەمسا-مەجارستان لە سەرایێڤۆ، جەنگی جیهانی یەکەم سەریهەڵدا. پێش ئەو ڕووداوە زلهێزەکان خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کردبوو، بۆیە جیهان بووبووە دوو لایەن کە لەدژی یەکتر دەجەنگان. لایەنێک کە وەک گروپێک پێکهاتبوون لە ئیمپراتۆریەتەکانی ئەڵمانیا، نەمسا-مەجارستان و ئیتالیا. لایەنەکەی دیکە، بەریتانیا و فەرەنسا و ڕووسیا کارگوزاریەکی جەنگیان لە دژی لایەنی یەکەم پێکهێنابوو، دواتر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە ناوچەی فەلەستینی کۆنترۆڵ کردبوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەریتانیاو ڕوسیاو فەرەنسا چووبووە پاڵ ئەڵمانیا، ئەوەش تەرازووی جەنگەکەی لەدژی بەریتانیا گۆڕیبوو. سەرکردەکانی ئینگلیز بۆ لاوازکردنی دوژمنە نوێیەکەیان، (ئیمپراتۆریەتی عوسمانی) بڕیاریان دابوو، لە ناوەوە ئیمپراتۆریەتەکە تێکبدەن، بۆ ئەو کاره، له ساڵی 1915 پەیوەندیان بەسەرکردە عەرەبەکانی ناوچەی فەلەستین کردبوو، بەڵێنیان دابوونێ کە لە بەرامبەر هاوکاری نابووتکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەخاکی فەلەستین دەوڵەتێک بۆ نەتەوەی عەرەب دامەزرێنن. ئەو ڕێکەوتنە، لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی نامە، لە نێوان کۆمیساری باڵای بەریتانیا لە قاهیرە، هێنری مەکماهۆن و شەریفی مەککە، حوسێن کوڕی عەلی، گەورەترین سەرکردەی ڕووحی موسڵمانان پێکهات. ئەوکات حکومەتی ئینگلیز، کۆلۆنێل تۆماس ئێدوارد لۆڕێنس، ی ناردبوو بۆ ئەوەی یارمەتی عەرەبەکان بدات لە دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕاپەڕین بکەن. سەرکردەکانی عەرەب کێشەی گەورەیان بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروست کردبوو، بۆیە سوڵتانی عوسمانی لە ئۆکتۆبەری ١٩١٨، بەناچاری داوای ئاگربەستی لە زلهێزە هاوپەیمانەکان (بەریتانیا) کردبوو.. ئەوەی لێرەدا سەرنجڕاکێشە، پێشتر لە پشتی سەرکردەکانی عەرەبەوە، ئینگلیزەکان بەڵێنێکی هاوشێوەیان بەو جوولەکانە دابوو کە لە فەلەستین و وڵاتە ئەوروپیەکاندا نیشتەجێ بوون، وەک لەسەرەوە هاتووە، ئارتەر بالفۆڕ لە جاڕنامەکەیدا، دڵنیایی دابووە "لۆرد ڕۆتشیڵد، سەرۆکی کۆمەڵگەی جوولەکەکان لە لەندەن" کە حکومەتەکەی پشتیوانی دامەزراندنی ماڵێکی نیشتمانی (دەوڵەتی ئیسرائیل) بۆ گەلی جولەکە دەکات لە فەلەستین، دواتر هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا و ئیتاڵیاش پشتگیریان لێکرد.

 

دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرەڕای ئەو بەڵێنەی بەریتانیا دابویە شەریفی مەککە، لە ساڵی ١٩١٧، لە دوای بەڵێنی بالفۆر، پەیمانێکی دیکەی نهێنی (سایکس پیکۆ) ئاشکرا کرا کە لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا واژۆکرابوو. ئەو ڕێککەوتنە نهێنیە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی زنجیرەیەک وڵاتی نوێ بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە (لوبنان و سوریا) کەوتنە ژێر چاودێری فەرەنسا، (عێراق و ئوردن و میسر) درانە بەریتانیا، هاوکات هەژموونی سەربازی ئینگلیز لە فەلەستین وەک خۆی مابووەوە. لەگەڵ ئەوەی بۆ نابوتکردنی عوسمانی هەردوو گەلی عەرەب و جولەکە سەرکەوتووانە هاوکاری ئینگلیزیان کرد، کەچی لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەوت و غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەریتانیا و فەرەنسا، دەیان بۆمبی ناکۆکیان لە ناوچەکەدا نایەوە و ناوچەکەیان کردە کورەی جەنگ و دۆزخی دانیشتوانەکەی، و بۆ ئەوەی خەونی جوولەکە بێننە دی، کوردستانییان بەسەر چوار وڵاتی دژە جوولەکە (ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا) دا دابەشکرد. پیلانگێڕی دابەشکردنی کوردستان بۆ ئەوە بوو دووژمنانی ئیسرائیل لاواز بکەن، ئەوەش بەدبەختی و جینۆسایدی بەسەر گەلی کوردا هێناوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، جەماوەرەکانیان هەم قوربانی و هەم ئەنجامدەرن، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی تاوانانەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ژەهری پیلانگێڕی بەریتانیاو فەرەنسا لەپێناو تاڵانکردنی سامانی ناوچەکە.

 

ئەوەی شارەزای مێژوو نەبێت، لە سیاسەتدا شکست دێنێت

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٨ ئیسرائیل دامەزرا، وڵاتە عەرەبیەکان بۆ لەناودانی ئەو وڵاتە تازەیە، چەندین هێرشی هاوبەشیان لە ساڵەکانی ١٩٤٨، ١٩٥٣، ١٩٦٧، ١٩٧٣ کردە سەر ئیسرائیل، لەبەرامبەردا زێدەباری ئەوەی چەندین سەرکردەو کەسایەتی پایەداری عەرەب لە بەرژەوەندی دووژمنەکەیان خیانەتیان دەکرد، بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا، ئیسرائیل سوپای وڵاتانی عەرەبی تێکشکاندو دوو هێندەی ڕووبەری ئەو خاکەشی داگیکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل دیاریان کردبوو، هاوکات زیاتر لە ٧٠٠ هەزار فەلەستینیش لە خاکەکەیان دەرکران. لەوە بەدواوە، نزیکەی شەست ساڵە فەلەستینییەکان هەوڵ ئەدەن هه‌تاوه‌كو بۆ ئەو سنوورانە بگەڕێنەوە کە پێش شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ بەدەستیانەوە بوو، لەوێ دەوڵەتەکەیان دامەزرێنن و قودسی ڕۆژهەڵاتیش بکەنە پایتەخت، بەڵام ئیسرائیل ڕێگای نەداوە و نادات. ئەگەر لە ڕووداوەکانی ڕابردوو ووردبینەوە، دەتوانین بڵێین هێرشەکەی حەماس (زریانی ئەقسا) دووبارە بوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردووە، هۆدانێکە، ئیسرائیل کەرتی غەزەو زەفەی ڕۆژئاواش داگیر بکاو کۆتایی بەکێشەی فەلەستین بێنێت، بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن. لەدوای زریانی ئەقسا ئەمەریکا ڕاستەوخۆ بەهێزترین کەشتیە جەنگیەکانی ناردە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و خستیانیە خزمەتی ئیسرائیلەوە، دوابەدوای ئەوە، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە ١٣ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بەڵێنی دایە ئیسرائیلیەکان و گووتی.. ئێستا، سبەی و لە داهاتووشدا ئەوروپا پشتیوانیانە، ئەوانە بێجگە لەوەی دۆناڵد ترامپ لەساڵی ٢٠١٦ ڕایگەیاند قودس دەکاتە پایتەختی ئیسرائیل. هاوکاریە نەبڕاوەکانی ئەمەریکاو ئەوروپا چوونکە هێزیان داوەتە ئیسرائیل، نەتانیاهو نەک نایەوێت شەڕ ڕابگرێت، بەڵکو هەوڵ ئەدات نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگۆڕێت، بۆیە پێدەچێت ئیسرائیل ئەگەر لە غەززە سەرکەوێت، هەوڵ ئەدات زەفەی ڕۆژئاوا لە فەلەستین، شاری قنێترەی درووزنشین و أحمدیة لە ناوچەی جۆلانی سوریا، لەگەڵ بەشێک لە گووندەکانی باشوری لوبنانیش داگیر بکاو بە ئیسرائیلیانەوە بلکێنێت. بزوتنەوەی حەماس بە (زریانی ئەقسا) زیانی گەورەی لە ئیسرائیل دا، بەڵام هۆدانێکی دایە ئیسرائیل، لەلایەکەوە کێشەی فەلەستین بەیەکجاری لەناو بدات، لەلایەکی دیکەوە گورزێکی گەورە لە شۆڕشەکەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی پادشای سعودیە بوەشێنێت، بۆیە ئاسۆی پەرەسەندنی زیاتری ئەو ململانێیە بەندە بە چارەنووسی غەزەوە.  

 

ڕاگواستنی دانیشتوانی غەزە بۆ سینا

لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١١، حکومەتی ئیسرائیل بەمەبەستی تۆکمەکردنی ئاسایشی ستراتیژی وڵاتەکەی، چەندین پلانی داڕشت، لە لایەکەوە حەماس لەناو بدات، لەلایەکی دیکەوە دانیشتوانی غەزە کە نزیکەی ملیۆن و نیوێک کەسە، ناچار بکات بۆ سینا کۆچ بکەن. پرۆژەی ڕاگواستنی دانیشتوانی غەزە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣، ئەوکاتەی جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە محەمەد مورسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی میسر کردبوو، لەبەرامبەر گواستنەوەی دانیشتوانی غەزە بۆ سینا، ئەمەریکا لە قەرزەکانی میسر خۆش دەبێت، بەڵام زۆری نەبرد عبد الفتاح السيسی کودەتای بەسەر مورسی دا کرد. ئیسرائیل لەدوای هێرشەکانی حەماس، پلانی ڕاگواستنی دانیشتوانی غەزەی بۆ سینا ئاشکرا کرد، لە بەرامبەردا، عبد الفتاح السيسي سەرۆک کۆماری میسر بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ پلانەکە ڕاگەیاند، بەڵام حکومەتەکەی شەش شاری نوێی بەگووژمی نزیکەی ٧٠٠ ملیار جنەی میسری، لە باکوری سینا دروستکردووە، کە ١٣١ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت، لۆما هێواش هێواش دەرگای کۆچی دانیشتوانی غەزە بۆ سینا بکرێتەوە.    

 

ئیسرائیل و شۆڕشەکەی بن سەلمان

سەدەیەک لەمەوبەر سعودیە بیابانێکی وێران و دەوڵەتێکی هەژار بوو، بەڵام لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە لەسەر پشتی سامانی نەوت دانیشتووە، لەو کاتەوە سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوت و ئایدۆلۆژیای تیرۆریستیە لە جیهاندا، کە سەدان ترلیۆن دۆلاری لە سامانی نەوت دەستکەوتووە و دەیان ملیاریشی لە هەناردەکردنی ئایدیۆلۆژیای توندئاژۆی ئیسلامی لە بەرژەوەندی ئەمەریکادا خەرج کردووە، بەو جۆرە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان، لە ئینسانیەت، لە پێشکەوتن و شارستانیەت داماڵیوە و کۆمەڵگا موسڵمانەکانیان گەڕاندۆتەوە بۆ ناو ئەشکەوتە تاریکەکان، ژیان و فەرهەنگەکانیان نابووتکردوون. محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی نوێی سەقامگیرو گەشەسەندو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیات بنێت، دەیەوێت گۆڕانکاری لەو فەرهەنگ و عەقڵیەتانەدا بکات کە توندڕەوی بەرهەم دێنن. شازادە سوێندی خواردووە سعودیە بکاتە بزوێنەری شارستانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێک لە پێشکەوتوترین هێزەکانی دنیا، لەبەر ئەوە سەرکردایەتی شۆڕشێک دەکات، لە ڕەگەوە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگای سعودیەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێنێتە ئاراوە، بەتایبەتی لە مەنهەجی خوێندن و پەروەردەیی، لە پراکتیزەکردنی ئاینی، لە خێزان و ڕۆڵی ژنان، لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەری و زانستیدا، هەروەها بناغەی ئابووری نەوت بگۆڕێت بۆ ئابوورییەکی هەمەچەشن، لەو پێناوانەدا گۆڕانکاری گەورەی لە کۆمەڵگای سعودیە بەئاراستەی مودێرنیەت و ژیانی سەردەم کردووە، و خەونی گەنجەکان بەئاراستەی فڕین و بەدیهێنان پێشڕەوی دەکات. شازادەکە بودجەیەکی زەبەلاحی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئەوروپایەکی نوێ، لەباتی جەنگ و ململانێ، لەلایەکەوە گەلانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتر ئاشت بکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە کەشێکی نوێی پێشکەوتن و کێبڕکێی زانستی، پیشەسازی، ئابوری و بازرگانی لە ناوچەکەدا بێنێتە کایەوە. بن سەلمان لە ساڵی ٢٠١٦ بڕیای دا، پردێکی ستراتیژی پردی (الملك سلمان) بە گوژمی هەشت ملیار لە نێوان (شەرەم شێخ و تەبکە)، دروست بکات کە میسرو سعودیە لەگەڵ یەکتر گرێ دەدات، و لەوێشەوە ئاسیا و ئەفەریقیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەو پرۆژە ستراتیژیە ناوچەکە دەکاتە ناوەندێکی بازرگانی گەورە، و ئابوری میسرو سعودیەو ناوچەکەش دەبوژێنێتەوە، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە شۆڕشەکەی محەمەد بن سەلمان نیگەرانن، بۆیە زێدەباری ئەوەی خەباتی گەلی فەلەستین ڕەوایە، بەڵام پێدەچێت زریانی ئەقسا پیلانگێڕیەکی زلهێزەکان بێت، بە هاوبەشی هەر یەک لە قەتەر، ئوردن، تورکیاو ئێران هه‌تاوه‌كو شۆڕشەکەی شازادە بن سەلمان لەکار بخەن کە ئامانجی ئەوەیە، ناوچەکە لەگەڵ یەکتر ئاشت بکاتەوە و جەمسەریگیری ئایینی و توندڕەوی نەهێڵێت، بۆیە شکستی ئیسرائیل لە ڕاگواستنی غەززە، مەرگی شۆڕشەکەی شازادە بن سەلمانیش دێنێت.

 

سەرچاوە

لە بارەی جەنگی جیهانی یەکەم. (کریستەر بێریستریۆم)  " خوێن و قوڕ "

https://web.archive.org/web/20050119012032/http:/web.ics.purdue.edu/~fop/pages/exchange.html

https://gate.ahram.org.eg/daily/News/1007/2/243158/حول-العالم/حماس-والإخوان-والمشروع-الأمريكي-لتوطين-الفلسطيني.aspx

https://www.elwatannews.com/news/details/6325221 https://ar.wikipedia.org/wiki/مشروع_جسر_بري_بين_مصر_والسعودية

https://www.bible.com/bible/503/JOS.10.KSS

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×