پینەو پەڕۆی قەرزی بەغداو چارەنوسی حکومەتی هەرێم

شاهۆ پاڵانی
  2023-12-03     434

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەساڵی ٢٠١٤ وە کاتێ بڕیاری ئابووری سەربەخۆی داو دەستی بەهەناردەکردنی نەوت کرد، قەیرانەکانی دەستیپێکرد، بەتایبەتی لەڕووی ئابووریەوە کە کاریگەری نەرێنی خستەسەر هەموو کایەکانی سیاسی، ئیداری، پەروەردە، ئابووری و بژێوی هاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی، وەهەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی کۆمەڵگاو ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشاندەنەوەی خێزان و .....تاد. دانا. گوایە بەم شێوەیە ئابووری هەرێمی کوردستان لەوەزیاتر بەرەوپێش دەبات و پاگەندەی ئەوەی دەکرد کە هەرێم لەداهاتووی نزیکدا لەپێشکەوتنی ئابووریدا هاوشانی (دوبەی) دەبێت. هەرلەوکاتەوە وەفدی حکومەتی هەرێم، لەسەفاو مەروای نێوان هەلێرو بەغدا بەردەوامن، بەڵکو بەدانوستاند کێشە کەڵەکەبوو و هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ چارەسەربکەن، هەر لە ماددەی ١٤٠ وە تادەگاتە کێشەکانی پێشمەرگە، بودجەو موچەی هاوڵاتیانی هەرێم. بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێ نەکێشەکان چارەسەرکران و نەقەیرانەکانیش کەمیانکرد.

ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە بیخەمە ژێر ڕۆشنایی ئەوەیە، کە لەمانگی ٧ ی ئەم ساڵەوە دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا پێیان ناوەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار، کەقەوارەی هەرێمی کوردستانی خستۆتە سەر لێواری داڕمان و لەدەستدانی هەمووشتێک کە لەو چەند دەیەیەی ڕابردوودا بەدەستهاتوون، ئەویش بابەتی ناردنی ٧٠٠ ملیار دنیارەکەیە بۆ موچەی موچەخۆران بە (قەرز). حکومەتی هەرێم جگەلەوەی لەدەرەنجامی ئابووری سەربەخۆدا تا بینەقاقای نوقمی قەرزێکی زەبەلاح بوە کە لەچاو هەرێمێکی وا بچوکدا یەکجار زۆرە، کەدەکرێ لەم حکومەتە بەڕێزە بپرسین، ئەرێ ئێوە لەماوەی ئەم هەموو ساڵانەدا (نەوت) تان کڕیوە یان فرۆشتووتانە؟ خۆ ئەگەر بشتانکڕیبا هەرئەوەندە قەرزدار دەبوون! ئەمە جگەلەوەی دنیایەک قەرزداری موچەخۆرانی هەرێمن کە بەناوی کورتهێنان وپاشەکەوتەوە لێتانخواردوون!  لەلایەکی ترەوە دۆزی کورد لەباشووری کوردستان و هەرێمە فیدراڵیەکەی کە سەدەیەکە خەباتی بۆدەکات و لەم پێناوەدا گەلی کوردستان بەچەندین قۆناغی سەختدا تێپەڕیوەو توشی جۆرەها شێوازی لەناوبردن وجینۆساید بۆتەوە، هێندە بەلاڕێدابراوە خەریکە هەموو ئەمانە لەبابەتێکی بچوکی وەک موچەدا کورت دەکرێتەوە، وەکو ئەوەیە کەگەلی کوردستان تەنها بۆ بەدەستهێنانی موچە خەباتی کردبێ، بەجۆرێک گەورەترین مانشێت و سەردێڕی هەواڵە گەرمەکانی دەزگای ڕاگەیاندنەکانیان هاتن و نەهاتنی موچەیە، کە ئەمە لەهیچ شوێنێکی دنیادا وێنەی نیە، بەڵکو ئەمە مافێکە هیچ قسەو بڕوبیانویەک هەڵناگرێ و دەبێ بدرێ.

 حکومەتی فیدراڵ زۆر بەئاگایانەو بەپلانێکی داڕێژراو ئەم سیاسەتی قەرزپێدانە بەهەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات، کە سیاسەتێکی ( ئیلومیناتی)[1] یانەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی خستنە ژێرباری قەرزێکی قەبە کە هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک نەتوانی خۆی لێ دەرباز بکات و توشی ئیفلیجی بکات. ئەوکات بەیاساو لەڕێگای بڕیارێکی دادگای فیدراڵیەوە هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە، بەبیانوی شکستهێنان لەئیدارەدان و توشبوون بەقەیران و گەندەڵی و کەوتنە ژێر قەرزی زۆرەوە.  ئنجا حکومەتی عێراق خۆی وەکو فریادڕەسی گەلی کوردستان وێنا دەکات و هەموو قەرزەکان و چارەسەری کێشەکان دەخاتە ئەستۆی خۆی، هەرێمی کوردستانیش دەخاتەوە ژێر فەرمانڕەوایی خۆی و وەکو پارێزگاکانی تری عێراق مامەڵە لەگەڵ چوار پارێزگاکەی هەرێم دەکات، ئەمە ئەگەرێکەو دەکرێ ٢.٢٤ ڕوبدات ئەگەر چارەسەرێکی لۆژیکیانەی بۆ نەدۆزرێتەوە.

کۆی ئەو هەموو قەیران و نەهامەتیانەی لە ٣٢ ساڵی ڕابردوودا بەسەر هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانیدا هاتوە، دەرەنجامی بێباکی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و خۆدزینەوەیە لە پرەنسیپەکانی حکومڕانی و دەوڵەتداری، کە بریتین لە دیموکراسی وهەڵبژاردنی شەفاف، سەروەری یاسا، دادپەروەری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان: دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی جێبەجێکردن ودەسەڵاتی دادوەری، نەهێشتنی هەژموونی حزب بەسەر حکومەت، بەرتەسکی ئازادی ڕۆژنامەگەری ودەربڕینی بیروڕای ئازاد، ناشەفافی حکومەت و گەندەڵی لەڕادەبەدەر،  هەموو ئەمانەو هۆکارگەلی تریش هەن، کە هەژموونی ڕەهای بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکان بەسەر حزبەکان وحکومەتدا ئەم ژینگەیەی خوڵقاندوە، ئەویش تەنها لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان وبنەماڵەو دارودەستەکانیان.   

ئلومیناتی: دامەزراوەیەکی نهێنی جیهانیەو لەسەدەی هەژدەهەم لە هەرێمی باڤاریا لەئەڵمانیا دامەزراوە، گەلێک بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم دامەزراوەیە هەیە و زۆر کتێبی لەبارەوە نوسراوە، هەندێک پێیانوایە ئیلومیناتی کار بۆ حکومەتێکی جیهانی دەکات، کەلەڕێگەی بەکارهێنانی سەروەت وسامان و بانکەکانی و پێدانی قەرز بە ووڵاتان هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدات، ئەندامانی ئەم گروپە خەڵکانی دەستڕۆیشتووی جیهان و خاوەن سامانی بێسنورن، بۆ پاراستنی ناسنامەکانیان وپلانەکانیان، ناوی نادیارو هێمانی نهێنی وشێوازی کۆدکردنیان بەکارهێناوە، لەشێوەی تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی نهێنی کارەکانیان ئەنجام دەدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان. هەندێکی تریش پێیانوایە ئەوانەی لەسەر ئەم دامەزراوەیە دەگوترێ، هیچ بنەمایێکی نیەو تەنها تیئۆری پلانگێڕیە. 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×