پەرتەوازەیی کوردو کەرکوک لە لێواری دوڕاندندا

شاهۆ پاڵانی
  2023-12-20     381

زۆر سەیرە، کورد تاکە نەتەوەیە کە وانە لەمێژوو وەرناگرێ، هەموو ڕووداوەکانی ڕابردووی دوورو نزیک، شکستەکان، ئاکامەکانی شەری ساردو گەرمی ناوەخۆی کوردو کورد، تەنگژەو ڕەوشی ناوچە کوردستانیە کێشەلەسەرەکان، هەر لەخانەقینەوە تا شەنگال. هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێن، کە تاکە ڕێگەیەک بمانگەیەنێنە وێستگەی گەیشتن بەئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، تەنهاو تەنها کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی و یەکخستنبی تواناکانە.

بەڵام ئەقڵیەتی دیماگۆجی و تاکڕەوی وبیری تەسکی حزبایەتی هێشتا زاڵەو پانتایی لۆجیک و خوێندنەوەی وردی واقعیانەی بۆ پێشهاتەکان یەکجار تەسک کردۆتەوە، لەلایەکی ترەوە لادان لە دیموکراسیەت، سیستەم و دامەزراوەیی حزبی بەئاڕاستەی بەرژەوەندیە نیستیمانیەکان و گۆڕینەوەی بە کولتوری زاڵکردنی هەژموونی بنەماڵەکان بەسەر حزبدا لەباشوری کوردستان، هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردوەو پاشەکشەی بەدۆزی ڕەوای گەلەکەمان کردوە، لەم سۆنگەیەشەوە  ڕایەڵەکردن وگۆشکردنی ئەندام و کادرانیان بەئاڕاستەی ململانێ ناوخۆییەکان بۆتە کاری لەپێشینەو بەجۆرێک، ئامانجە نەتەوەیی ونیشتیمانیەکان لە دروشمێکی بریقەداری هەڵخەڵەتێنەر شتێکی تر نابن و کۆششەکان تەنها لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەکاندا ماشینەئاسا بەگەڕدەخرێن.

دەنا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بۆ کورد لەم کات وساتەدا، بەتایبەتی لە کەرکوک وناوچە کوردستانیە کێشەلەسەرەکاندا یەکجار چارەنوسساز بوو، سادەترین مرۆڤی کورد ئەو ڕاستیەی دەبینی و لەوە تێدەگەیشت، کە سەرکەوتن لەم پرۆسەیەداو ئیسپاتکردنی کوردستانی بوونی کەرکوک، تەنها لەڕێگەی یەکدەنگی ویەکهەڵوێستی دەگاتە ئامانج، ئەدی بۆچی سەرکردەی حیزبەکان ئەمەیان نیەبینی و خوێندنەوەی واقعیانەو لۆجیکیان بۆی نەبوو؟ یان ململانێکانی نێوانیان هێندە تۆخ بوو، بەجۆرێک ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەیی یەکانیان بۆ کردە قوربانی.

خۆ ئەگەر بەرژەوەندی وئامانجەکانیان لەبەرچاو گرتباو مەترسیەکانی دەرەنجامەکانیشیان بەهەند هەڵگرتبا، دەبوایە لەم هەل ومەرجەدا هەموو ناکۆکیەکانیان هەڵپەساردباو هەرهەموویان بەیەک لیستی کوردستانی بەژداری هەڵبژاردنەکانیان کردبا،  کە ئەنجامی دەنگەکان و ژمارەی کورسیەکانیش بەشێوەیەکی تر دەبوو، بەم فرەلیستی وپەرتەوازەییە دەنگێکی زۆر بەفیڕۆ ڕۆیشتوە کە بەشی دوو کورسی تری دەکرد، جگەلەوەش هۆکاری پەرتەوازەیی کاریگەری نەرێنی لەسەر سایکۆلۆجیەتی خەڵک دروستکر، بەجۆرێک خەڵکی دەنگدەری نائومێدکردو ساردی کردنەوە لەوەی بەگوڕو تینەوە بەژداری هەڵبژاردنەکان بکەن. خەڵک ئەوەی بۆ ڕوون بۆوە، کە سەرکردایەتی کورد دۆزی نەتەوەکەیان ئەوەندە لاگرنگ نیە بەقەد ململانێکان لەپێناوی هەژموونی حزب و بەدەستهێنانی پلەو پۆستی زیاتر بۆ خۆیان، دەرەنجامەکەشی ئەوەی لێکەوتەوە، کە ٤٠ بۆ ٥٠٪ ی دەنگدەران بایکۆتی هەڵبژاردندەکان بکەن ودەنگ نەدەن. بەمەش زیانێکی گەورە بەدۆزی سیاسی و مێژوویی کوردستانی بوونی کەرکوکو ناوچەکانی تر گەیاند.

سەرەرای هەموو ئەمانەش خەڵکی کورد ئومێدی ئەوەیان لەدەستداوە، کە دەسەڵاتی کوردی بتوانێ خزمەتی شایستە بەم ناوچە کوردستانیانە بکات، ئەزموونی سی و دوو ساڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی پشتڕاستکردەوەو نیشانی دابوون، کە چ جۆرە حوکمڕانیەک لەهەرێمی کوردستان گوزەرەاوەو تا ئێستاش دەگوزەرێ، بەجۆرێک دوای ئەم هەموو ساڵە دۆزی ڕەوای میللەتێک هێندە بچووک بکرێتەوە، کە خۆی لە موچەو بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی دەبینێتەوەو گەرمترین چاڵاکیەکانی وەفدی حکومەتی هەرێم، لە سەفاو مەروای نێوان هەولێرو بەغدان، تەنها بۆ بەدەستهێنانی موچەی هاوڵاتیان، ئەویش بەقەرز!!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×