"شەو" یا هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

بەها رەحمانی
  2024-04-15     260

هەروەک دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا چاوەڕوانیان ئەکرد، پێرەشەو ئێران هێرشێکی هەمەلایەنەی لە ناو خاکی وڵاتەکەیەوە و هەروا لەرێگای تاقم و دارودەستەکانی لە وڵاتانی یەمەن، ئێڕاق، لوبنان و سوریاوە کردە سەر ئیسراییل.

ئەنجامی ئەم هێرشە کە زیاتر لە سێسەد دڕۆن و موشەکی دوورمەوداو کورت مەودای تێدا بەکارهێنرا بەمجۆرە بوو:
١. زەرەرێکی کەم بە باند و بینای فڕۆخانەیەکی سەربازی ئیسراییل  
٢. بەداخەوە برینداربوون کچێکی ٩ ساڵان کە پریشکی بەرکەوتووە و باری تەندروستی هەتا ئێستا جێگیر نییە.

٣. سپای ئیسراییل بەهاوکاری ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسا و ئەردەن توانی سەدا ٩٩ی موشەک و دڕۆنە ئێرانییەکان پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان بخاتە خوارەوە.

ئامانج و لێکەوتەی هێرشەکە بۆ دوو وڵاتی دژبەر:  

 

ئێران:

١.ئێران ناچار بوو ئەم هێرشە بکات ئەگینا هەتا ئێستا و لە ماوەی زیاتر لە ٦ی مانگی شەڕی غەزە و پێشتریش، سیاسەتی "دەستی خۆم نییەو ماری پێئەگرم" ی پەیڕو کردووە و هەرکات کە کەوتووەتە تەنگەژەوە، کەڵکی لە حوسی لە یەمەن، حەشد لە ئێراق و حیزبوڵا لە لوبنان وەرگرتووە. 

٢. بەدوای کوشتنی ئەم دواییەی کۆمەڵێک پاسداری  ئێرانی لە سوریا،  ئیڕان لە دوولا وەتەنگ هاتبوو. لەلایەک ببوو بەگاڵتەجارو هەمووان لۆمەیان ئەکرد کە ئەو وڵاتە سەرەڕای ئەو هەمووە هاشەو هوشەیە، تەنانەت ناتۆانێت پارێزگاری لە بنکە سیخوڕییەکانی خۆی (ناوی لێبنێ کونسولخانە) لە وڵاتێكی دۆست وەک سوریاش بکات. ئەگەر وایە ئەم وڵاتە چۆن ئەتوانێت رێبەری ئەو تیروریستانە لە رۆژهەڵاتی ناوڕاست بکات کە بە "بەرەی بەرهەڵەستکار" ئەناسرێن.
 لە لایەکی دیکەوە، خولیای مەلاکانی ئێران درێژەدانە بە دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری خۆیان. بۆیە ئامادەن و ئامادە بوون بێچگە لە کوشت و بڕو تیروری خەڵکی بێدەسەڵات، هەموو بێ ئابڕوویی و خوێڕیەتێیەک لە لایەنێکی بەهێزتر لە خۆیانەوە قەبووڵ بکەن بەس بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێننەوە. هەر ئەم خولیایەش بوو کاتی خۆی، خومەینی ناچارکرد جامە ژەهرەکەی بنۆشێ و ملکەچی ئاگربەست لەگەڵ ئێراقی سەردەمی سەدام  ببێت.

٣. راستە ئێران هێرشی کردە سەر ئیسراییل، بەڵام چەندین رۆژ بوو ئامادەکاری بۆ ئەم کارە ئەکرد و پەیتا پەیتا لە رێگای مەسقەتەوە یا لە رێگای باڵوێزی سویس لە تاران، پەیامی  بۆ ئەمریکا ئەنارد، کە گلەیی مەکەن و ئەوان ناچارن وڵامێکی ئیسراییل بدەنەوە بەڵام تکایە ئێوەش ئامادە بن و لەگەڵ ئیسراییل قسەبکەن کە ئەوانیش ئامادەکاری تەواو بکەن کە خوای نەکەردە توشی زەرەرو زیانێکی ئەوتۆ نەبن.

٤. کەواتە ئامانجی سەرەکی ئێران لەم هێرشە، هاشەو هوشەکردن و گەوجاندنی لایەنگرانی خۆی هەم لەناوخۆی ئێران و هەم تاقم و گروپە تیروریستیەکانی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە و "شەوێک" زیاتر نەبوو و هاوکات بە وڵاتانی دەوروبەر نیشان بدات کە خاوەنی چ جبەخانەیەکەو کارێکیش نەکات ئیسراییل تووڕەتر بێت و ئەوەندەی دیکە تۆڵەیان لێ بکاتەوە.

 

ئیسرائیل:
دەوڵەتی دەستەڕاستی نەتانیاهو لەمێژە هەوڵ ئەدات ئێران بخاتە  ناو ئەم داوەوەوە. بۆیە  لەم مانگانەی دواییدا، هێرشەکانی بۆ پێگەکانی ئێران و بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی بەرپرسانی سەربازی ئێران لە سوریا چڕتر کردەوە تا بەڵکو ئێران ناچار بە وڵامدانەوە بکات. بەبڕوای من نەتانیاهو ئەم ئامانجەی پێکاو ئەو دۆخە خراپەی کە تێی کەوتبوو لە بەرژەوەندی خۆی گۆڕی:
١. رای گشتی خەڵکی ئیسراییل لە دژی نەتانیاهو و دەوڵەتەکەی بوو. رۆژانە خەڵک ئەڕژانە سەرشەقامەکان و خوازیاری دەس لەکار کێشانەوەی ئەو بوون.
٢. ئیسراییل بەهۆی درێژەی شەڕی غەزەو کوشتاری بە ئەنقەست و لەڕادەبەدەری خەڵکی سیڤیلی فەڵەستین، لە ژێر گوشارێکی گشتی جیهانیدا بوو و هەیە. لەهەمان کاتدا، کێشە کەوتبووە نێوان دەوڵەتی ئیسراییل و ئیدارەی بایدن و ئەمریکا بە ئاشکرا دژایەتی سیاسەتەکانی نەتانیاهوی لەم شەڕەدا ئەکرد و تەنانەت دواهەمین جار، بەیانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دژبە ئیسراییل ڤێتۆ نەکردو ئەم ساردوسڕییە لە نێوان ئەمریکا و ئیسراییل وای کرد نەتانیاهو سەفەرەکەی خۆی بۆ ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە. بۆیە ئەبووا شتێک وا رووی بدابا کە ئیدارەی ئەمریکا ناچار ببێت هەڵوێست وەربگرێت و چاوپۆشی لە جیاوازییەکانی لەگەڵ ئیسراییل بکات  

 ٣. ئیسراییل پێویستی بەو ٦٠ ملیارد دۆلارە یارمەتییەی ئەمریکایە کە هێشتا لە کۆنگرە ڕاگیراوە و لەهەمان کاتدا چەندین ساڵە خوازیاری وەرگرتنی چەکی پێشکەوتوو وەک  فڕۆکەی ئیف ٣٥ە لە ئەمریکا و تا ئێستا ئەمە نەکراوە. بەڵام ئەم هێرشەی ئێران هەموو بەربەستەکانی وەلابرد.
٤. ئیسراییل هەوڵی ئەوەیە کە دونیای عەرەب نەک هەر دوژمنایەتیان وەڵا بنێن بەڵکو تەنانەت هاوپەیمان لە ناویاندا بدۆزێتەوە بەتایبەت وڵاتانی هاوسێی ئیسراییل وەک ئەردەن و میسر و هەروا عەرەبستان سعوودی. بەڵام هەنگاونان لە دوژمنی بۆ هاوپەیمانی کارێکی ئاسان نییە بەتایبەت ئەگەر عەرەبەکان هەست بە ترس نەکەن. بۆیە ترساندنی وڵاتانی عەرەبی بە ئێران، باشترین ئامرازی پێویست بوو بۆ ئیسراییل. ئێستا ئیسراییل بەدوای ئەم هێرشەی ئێران ئەتوانێت بە دونیای عەرەب بسەلمێنێت کە ئێرانێکی خاوەن ئەو هەمووە چەک و چۆلە و خاوەن ئەو هەمووە سەگ و گورگە لە ناوچەکە، مەترسییەکی ستراتیژییە بۆ سەر ئەوانیش. یارمەتی دانی پێرەشەوی ئەردەن لە خستنەخوارەی دڕۆنە ئیرانییەکان لەسەر خاکەکەی یەکەم هەنگاوی لەم چەشنەیە.


لەمو لا چی رووئەدات؟
ئێستا ئیسراییل لە پێگەیەکی بەهێزترە لەجاران و ئەتوانێت لەسەرخۆ و بە پشوودرێژی، ئامانجەکانی خۆی لە ئێران دەستنیشان بکات و لەسەر وڵامدانەوە بڕیار بدات. بەڵام پێناچێت ئیسراییل لە وڵامدانەوە بە ئێران پەلە بکات چونکە بڕیاربەدەست لەم پرسەدا تەنیا نەتانیاهو نییە بەڵکو کابینەی شەڕی ئیسراییلە. هەروەها ئیسراییل ئێستا لەبەرەی غەزە و لە باکورو سنوورەکانی لەگەڵ لوبنان لەگەڵ حیزبوڵا لە شەڕدایە.

لەهەمان کاتدا ئیسراییل ئەیهەوێت بەم هێرشە بێ ئازارەی ئێرانەوە بۆ ماوەیەک رێکلام بکات و بە رۆژئاوای بفرۆشێتەوە. هەوڵئەدات کە زۆرتر لە رۆژئاوا و بەتایبەت لە ئیدارەی باج وەرگرێت و بەمجۆرە تێچووی شەڕەکەی غەزەش بخاتە ئەستۆی ئەوان. هەروا ئەبێت پرسەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان تاووتوێ بکرێت و پرسی ئاسایشی ئیسراییل جارێکی دیکە بکرێتەوە بە پرسێکی سەرەکی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. لە درێژەیدا ئیسراییل بەرەیەکی دژبە ئێران لە وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەکە بۆ خۆی دەستەبەر بکات. جا ئەوسا و لەهەلومەرجێکی ئاوا گونجاودا، وڵامێکی گونجاوی بۆ ئێران ئەبێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×