کاک ئەحمەدی موفتی زادە، ئازادیخوازو مرۆڤدۆست

کۆسار سیامەند / ساراڵ
  2019-03-01     391

                                 
لێکۆڵینەوە لەپێشنیازە مەنتقییەکانی بۆ چارەسەری گرفتەکان

ئەم وتارە دوو بەشە:
•بەشی یەکەم، لێکدانەوە بۆ دنیابینی کاک ئەحمەدی موفتی زادە، سەبارەت بەمافی گەلانی ئێران
•بەشی دووەم، وەرگێڕڕاویی مانیفێستی چارەی خۆنوسین بۆ میللەتانی ئێران، وتارێکی کاک ئەحمەدە


کاک ئەحمەد، یەکێکە لەشۆڕشگێڕە ئازادیخوازەکانی زۆر دەگمەن لەمێژوی پڕ لەڕوڕەشی ئەو میللەتانەدا کە لەم ناوچەیەدا هەزاران ساڵە بەهۆی بێدەنگیان لەزوڵمی فەرمانڕانەکانیان، ستەم لەیەکن دەکەن‌و بە زۆرییش ( ئاین)یان کردۆتە بەر ستەمەکەیان و هەم ستەمیان لە خەڵکی خۆیان کردووە و هەم بارتەقای ئەوەش لەو میللەتانەی بەهەر هۆیەک، بوونەتە ژێردەستەی ئەوان، ستەمێک کە ئەگەر کەسێک لە میللەتی سەردەست، قەڵەمی هەڵگرت و ئاماژەیەکی بەو ستەمە نەکرد کە لەو میللەتە ژێر دەستانە کراوە، کارەکەی پوچ و لەڕووی داهێنان و خزمەتەوە، بێنرخە و دەبێت فەرامۆش بکرێت، بەلای کەمەوە لە لایەن ئەندامانی هۆشمەندی !! میللەتی ژێر دەستەوە. ڕەنگە زۆر کەس پێی وا بێت، کە ئەمە قەبەکردنی بانگەشەیەک بێت!!!!.

من لێرەدا دەمەوێت، باس لە کەسێک بکەم کە ژیانی خۆی بەخشی بە یەک خستنەوەی میللەتانی ئەم ناوچەیە کە بەهۆی ستەمی دەزگای دەسەڵاتەوە گیانیان گەیشتبووە / گەیشتۆتە سەر لێویان، ئەوە ئەگەر ڕۆژگار یاریان بووبێت و ملیان لە تیغ، پەتی سێدارە یا نوێترین چەکی دەستی ستەمکاران خەلەسابێ، کەلەو باوەڕەدام، خێزانێک نابینی بۆ نمونە لە کوردستاندا ئەم ئاگرە بێ ئامانەی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر نەی سوتاند بێ. 
کە ژیانی هەر تاکێکی ئەم نەتەوەیە ژیانێکی ئاسایی نەبووە، تەنانەت بەو جۆرەی دڵی پڕی ویستویەتی، نەهێڵراوە بە زمانی خۆی ، باس لە ئازارەکەی خۆشی بکات.!! 

ئەم ئازادیخوازەی کورد، کە چرایەکی گەشی حەقخوازیی و دادەپەروەرییە، باشترین نمونەی کوردێکە کە ئەو بانگە  ئینسانییە زوڵاڵەی نەبووە هۆی ئەوەی کە ڕوناکبیرانی ئەو میللەتانەی دەسەڵات لەوان بوو، تەنانەت ئاوڕێک بدەنەوە و هەڵوێستەیەک لەسەر ئینسان بون و ئەرکی خۆیان، بکەن، کە ئینسان بەمانا ئینسانییەکەی، دەبێت بەرپرسیاریی (وجود)ی ئینسان بوونی خۆی بەهەڵویست وەرگرتن بەرامبەر بەهەموو جۆرێکی ستەم، تاکید بکاتەوە، ڕەنگە لە ڕۆژێکدا چەند جارێک، چونکە ئەوەی دەیبینن ستەمەو ستەمەو هەر ستەم، وەلێ خۆیانی لێ بێدەنگ دەکەن و زۆر جاران پاساوی بۆ دێننەوە، تا ڕادەی بەرگریکردن لێی.

بنچینەی بیروڕاو بۆچوونەکانی کاک ئەحمەد، ئازادی ئینسان بوو، قەبوڵکردنی ڕای جوداو زەمینە خۆشکردن بۆ ئەوی تر کە ئەوەی لەدڵیدایە ئاشکرای بکات، ئەو ئەمەی بەمایەی پێشکەوتن و مافێکی بێ چون و چرا دەزانی کە هەرگیز سازشی لەسەر نەکردو تەنانەت لای ببووە بەڵگە نەویستێک، کە ڕەنگە باسکردنی (نەبون)ی مایەی شەرمەزاری ئینسان بێت!!.

•بۆچی کاک ئەحمەد هێندە بوێرانە باس لەمەسەلەکان دەکات؟
دڵنیا بوونی تا یەقین لە وەی کە دەیگوت و ڕەفتارەکانی خۆشی نمونە هەرە بەرجەستەکەی بوو، ئەو رەفتاری بەر لە گوتن بوو، لای کاک ئەحمەد، فۆرمی ئامادە، هاوکێشەی سەپێنراو، دەستەواژەی لەقاڵبدراو  بوونیان نەبوو، ئەو جۆرە، دەستورە سەپێنراوانە لە جیهانە ئینسانییە فرە ڕەنگاو ڕەنگەکەی ئەودا، جێیان نەدەبۆوە. باوەڕی تەواوی بە گەشانەوەی هۆشی ئینسان بوو لە گوڵزاری ئازادیدا، تاک یان میللەت، ئەوەی بەڕێگایەکی ساغ و دروست دەستنیشان کرد بوو بۆ پێکەوە ژیان لە نێوان میللەتاندا. 

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، کە لە دوایدا، بووە کودەتای دەستەیەک لە ئاخوندەکان بەسەر داخوازی ڕەوای میللەتانی ئێراندا و چەند پات بوونەوەی ستەمی هەزاران ساڵەی شاکانی ئێران، کە ڕوی ستەمگەریی شاهانەی ئێرانیان سپی کرد و هەموو بەها و نرخە ئینسانییەکانیان پوچ کردەوە و گیانی وەحشی گەریی و پەلاماردان و بێڕەحمی و فەسادی ئەخلاقیان بردە لوتکە و گرەوی ستەمکاریی سەدەکانی تاریکی مێژوویان لە هەموو ستەمکارانی مێژوو، بردەوە، دەنگێکی زوڵاڵ، گەڕاوە لە ژێر وێرانەی هەزاران ساڵ ستەمی میللەتەکەیدا، کە هەرگیز ستەمی بنەماڵەی شا و دەزگای تۆقێنەری ساواک، نە بە دەسکەوتی مادی و نە بە پلە و پایە و نە ژوورە سامناک و تەنیاکانی زیندانی قز قەڵا، نەیان توانی، بی خافڵێن و لە بیروباوەڕە ئینسانییە بێهاوتاکانی ژیوانی بکەنەوە یا هیچ نەبێت، بێدەنگی کەن، دروست لەو کاتەدا کە گوڵالە سوورەی ئازادیی خەڵک سەری لە خاک دەرهێنا، ئەم خاسەی خودا و کورد، بانگی یەکێتی میللەتانی هەڵدا و وەک ڕابەرێکی بێهاوتا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی باوەڕی ئینسانی، ئاینی، حەقخوازییەوە، دەنگی هەڵبڕی و بوێرانە  بە قەڵەم و ئیستدلالە مەنتقی و باوەڕە سەرتا سەر ئازادەکەیەوە، چووە جەنگی خورافەپەرستی و نەزانینی ئاینی و پێشێل کردنی ئازادیی ئینسانەکانەوە، لەهەر بەرگ و بۆ خاتری هەر بەهانەیەک بێت.

خۆ بەخۆ کاک ئەحمەد بووە دەنگی گەلانی ستەمدیدەی ئێرانی غەیرە فارس و سەدای رەسای مەزڵومان و تانوپۆی ئەو خەونە جوانەی گەلانی ئێران کە بە ئازادی دزراوی هەزاران ساڵەوە باپیرە بۆ باوک و باوک بۆ نەوەکانی بینی بوو. ئەم مەرد و خاسەی خودا، کە ئاگاداری هەموو جیاوازییەکان و کێشە و ئازارەکانی ئەو گەلانە بوو، دەیویست حکمرانییەک لەسەر بنەمای ئازادی بۆ هەمووان، دیندار و بێدین، گەورە و بچوک، نەدار و دارا، لەهەر ڕەگەز و لەسەر هەر بیر و باوەڕێک کە هەبوون، بۆ ئایندەی ئیران پێک بێنێ.

 پێوانەی بنچینەیی لای کاک ئەحمەد ئینسان بوون بوو، لای ئەو: ئەم بوونەوەرە بۆ ئەوە خەڵق کراوە کە ئازادانە، بیربکاتەوە، دەنگ هەڵبڕێ و بڵێ و ڕەفتار بکات، لای ئەو ئینسان تەنها لە سەرزەمینی ئازادیی دا، گەشەی ئاسایی ئینسان بوونی خۆی دەکات و ئەوەی خودا پێی بەخشیوە، کە (هۆش ) یەتی سەوز دەبێ و گوڵ دەکات و لە ئاوەدانکردنەوەی دروستی زەویدا، هاوبەش دەبێت.

کاک ئەحمەد لە ڕوی باوەڕە بێ خەوشەکەی خۆیەوە و دەرککردنی ئەوەی کە ئەم جەنگە خراوەتە قاڵبی ئاینەوە و بۆ بردنەوەی دەبێت بە ئیستدلال و بەڵگەی خوداپەسەندانە، لەگەڵیدا رەفتار بکات، ئەو بار و دۆخەی کە نە مارکسیستەکانی کورد و نە چەپەکانی ئێران، دەرکیان نەکردبوو و پێیان وابوو کە ئاین و بیروباوەڕی ئاینی شتێک نییە بتوانێ لەبەردەم بای شۆڕشی ( سوور) دا خۆی ڕاگرێ!! پێشنیازەکانی، بۆمافی چارەنووس و ئۆتۆنۆمی گەلانی ئێران، لە کتێبی خوداوە هەڵهێنجا و پێشکەش بەگەلانی ئێرانی کرد و لە قاڵبی ئەم وتارەیدا، داوای لە گەلانی ئێران کرد کە ڕای خۆیان لەبارەیەوە بدەن.

لەم خوێندنەوە فرە مەنتقیەی (کاک ئەحمەد) دا بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەو نیەتی پاک و سەد دەر سەد ئینسان دۆستانەی بووە، کە کێشەکان بە سوودی گەلانی ستەم دیدەی ئێران چارەسەر بکات، بێ ڕشتنی خوێنی ئەگەر یەک ئینسانیش بووبێت، لێرەدا تێدەگەین، کە پێشنیازەکانی کاک ئەحمەد، چارەسەر گەلێکن، تا ئەوکاتە، هیچ پارت و دەستەیەک، کورد و غەیرە کورد، نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە لە دەرککردنی ئینسان و نیازەکانی، چونکە ئەو لە خاڵی ئازادی ڕەهاوە بۆ ئینسانەکان، دەستی پێکرد، تاقم و چین و میللەتێکی تایبەتی مەبەست نەبوو، بیروڕا و ئەندێشە ئازادەکانی کاک ئەحمەد هەموو ڕەنگە جوداکانی لە خۆیدا کۆکردبووە و زەمینەی خەمڵاندن و گەشانەوەی هەموو دید و بۆچوونە جوداکانی دەڕەخسان و ئەوەی بە پێویست و مەرجی حوکمەتداریی دەزانی.

شورای شارەکان پێشنیاز دەکات، کە نوێنەرانی هەموو بیروڕاکان پێکی دەهێنن، ئەوان شورای وڵات دەستنیشان دەکەن و بۆ سپاش یەک ئەرک زیاتر قایل نابێت کە پاراستنی سنوری وڵاتە، پێشنیازێکی فرە تاقانە کە کاک ئەحمەد دەگەێنێتە ئاستی بێهاوتایی لە بیرکردنەوەی مەنتقی بەڕێوەبردندا ئەوەیە، کە هێزی پۆلیسی ناوخۆ سەر بە دەزگای دادوەری دەبێت و فەرمان لە دادگاوە وەردەگرێت نەک لە شورای وڵاتەوە، ئەم پێکهاتەی حوکمڕانییە لای کاک ئەحمەد، بنەماکەی تاکێکی ئازادە، کە بێ کەمترین زۆرلێکردن و تەفرەدان، هاوبەشی دەسنیشانکردنی نوێنەری خۆیەتی و ئەو ناوی دەنێت، لە بنکەوە بۆ لوتکەی هەرەمی دەسەڵات، نەک لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتەوە بۆ بنکەی فراوانی هەرەمەکە، کە تاکەکانی کۆمەڵن.

کاک ئەحمەد دەزگای جێبەجێکردن، کە حکومەتە، دەخاتە ژێر چاودێری خەڵکەوە بە دروستکردنی دوو دەزگا بۆ دەزگای بەڕێوەبردنی شورای شارەکان، تا لەم ڕیگایەوە بەر بەخراپ سوود وەرگرتن لە دەزگای بەڕێوەبردن بگرێت و بوار بۆ دروستبوون و گەشەکردنی گەندەڵی نەهێڵێت.

هەروەها لەڕووی سود وەرگرتن لە داهاتی وڵات بۆ ناوچە جیاوازەکان، دابەشکردنەکە بەپێی پیویستی دانیشتوان نەک ژمارەیان دیاری دەکات، کە بەمپێیە، میللەتانی بێبەشکرا و بۆ ماوەی سەدان ساڵ لە خزمەتگوزاریی ژیانێکی ئاسایی، سودمەندی گەورە دەبن و ئەمەش چارەسەرێکی زۆر  ڕەواو داپەروەرانەیە و تەنها بەبیری بیرمەندێکی حەقخوازی وەک کاک ئەحمەددا هاتووە.

کاک ئەحمەد ئاوا باس لە مافی میللەتانی ئێران دەکات و بەمجۆرەش نمونەی میللەتەکەی خۆی دێنێتەوە:
•( لەگەڵ ئەو جیاوازییەدا کە ئەو ستەمەی لە کورد و میللەتانی غەیرە فارس کراوە، چەند ئەوەندە سەختتر و فراوانتر بووە، هەروەک چۆن میللەتی فارس مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی نەبووە، میللەتی کورد و میللەتانی تریش ئەم مافەیان نەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەمە بۆ نمونە کورد مافی بەکارهێنان و سوود وەرگرتنی لە زمانی خۆی و تایبەتمەندییە کلتورییەکانی خۆشی نەبووە.)
 
ئەو لابردنی ستەم لەسەر میللەتانی ئێران بە هەنگاوی یەکەم دەزانێ بۆ یەک بوون و ئەو ترسەی کە فارسەکان هەیان بوو لە چارەی خۆ نووسین یا ئۆتۆنۆمی بۆ میللەتە جیاوازەکانی ئێران، چ چەپەکانیان و چ دینییەکانیان، بە وەهم و خورافە دەزانێ و داکۆکی ئەم حەقە ڕەوایە  دەکات و دەڵێت:
•(... بە پێی ئەم پرانسیپە، ئەگەر ئەم حکومەتەی ئێستا، بەلەبەر چاوگرتنی تێگەیشتنی فراوانی ئیسلام لەم بابەتە، هەوڵ بدات بۆ گێڕانەوەی مافی خوراوی میللەتانی ئێران و بەڕەسمی ناساندنی ئەو مافانە، ئەمە دەبێتە سەرەتایەک بەرەو یەک بوون لە جوداییەوە، نەک بەو جۆرەی کە کەسانێک، بیر دەکەنەوە کە مافی چارەی خۆنووسین سەرەتایەکە بۆ جیابوونەوە، نا، لە راستیدا لابردنی ستەم سەرەتایەکە بۆ لەیەکتر نزیک بوونەوە و یەکیەتی و پێکەوە ژیان. چونکە ئەوەی کە دەبێتە هۆی بیرکردنەوە لە جیا بوونەوە ڕاکردنە لە ستەم.)
هەروەها لە درێژەی ئەم مەسەلەیەدا کە بنەمایەکی گرنگی پێشنیازەکەی کاک ئەحمەدە دەڵێت:
•(بۆ نمونە کاتێک کە دێینە سەر باسی مافی میللەتان، مافی ئۆتۆنۆمی میللەتان، ئاشکرا دەبێ کە ئەم مەسەلەیە بۆ زۆرینەیەک لە خاوەن ڕایان وەک دابەشکردنی وڵات دێتە بەر چاو لە حاڵێکدا هیچ پەیوەندیەکی مەنتقی لە نێوان مافی ئۆتۆنۆمی میللەتان و دابەشکردنی وڵاتدا نییە، بەڵکو بەتەواوی پێچەوانەوەی ئەوەیە، سەپاندنی یەکێتی بەزۆر مایەی دابەش بوونە، نەک ئۆتۆنۆمی میللەتان.)

لای کاک ئەحمەد، بوونی ئازادیی تاک ( جا تاک هەر بیروڕایەکی هەبێت، با ببێت) بنەمای حوکومەتێکی ڕەوا و دادپەروەرە، پێچەوانەکەشی ڕاستە:
•(" لە راستیدا کۆمەڵگای ئێمە کاتێک دەبێتە کۆمەڵگایەکی تەواو ئیسلامی، ئەگەر بواری دەربڕینی ئازادانە بۆ ڕا و ئایدیۆلۆژیای جودا بڕەخسێنێ، هەر ئایدیۆلۆژیایەک، چ دینی و چ غەیرە دینی، کارنامەی ئازادی لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا ئەمەیە: 
(فبشر اللژین یستمعون القول فیتبعون ‌أحسنە) " ) قورئان موژدەی سەرکەوتن تەنیا بەو کەسانە دەدات کە ئامادەن گوێ لە بۆچوونی جۆراوجۆر سەبارەت بە جیهانبینی جۆراوجۆر یا کێشە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی بگرن و لەناو ئەوانەدا بەئاگایی و وشیارییەوە، ئەوەی کە ڕاستە یا بەڕاستی دەزانن هەڵبژێرن! 
تا دەگاتە ئەو دەرئەنجامە مەنتقییەی کە دەڵێت: •(" ...لە حاڵێکدا کە ئەگەر مەنتقیانە بڕوانینە ئەم باوەڕ وفکرانە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەمانە نەک نابنە هۆی گرفت و کێشە، بەڵکو هۆیەکن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بیر و پەیبردن و زانیاری مرۆڤەکان و هۆشی ئینسان فراوان دەکەن و یارمەتی مرۆڤ دەدەن کە ئەگەر بابەتێکی قەبوڵ کرد ئیتر دڵنیا بێت  کە هەڵەی نەکردووە. کەواتە ڕا و بۆچوونی جودا، دەبێ لە لایەن کۆمەڵ و تاکەکانی کۆمەڵەوە، پێشوازی لێبکرێت، نەک ئەوەی ببێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکەی کۆمەڵگا" .)

کاک ئەحمەد مەنتقی تفەنگ بە لاواز دەزانێ و بە دەلاقەیەکی دەزانێ کە لەوێوە دەشێ بە ئاسانی دزە بکرێتە ناو هۆش و ڕۆحی بەکاربەرەکەیەوە و بشێوێنرێ و بۆ خواستی تایبەت و دوور لە ئامانجە حەقەکە بەکار بهێنرێت و دەڵێت:
•("... بۆیە دەبێ لە باتی زمانی تفەنگ، بەزمانی خۆمان قسەبکەین، بەقەڵەم قسە بکەین و پاشان دۆستانە گوێ بۆ یەکتر شل بکەین چونکە دوژمن کەمتر دەتوانێ لە زمانی قەڵەممان سوود وەربگرێ. بەڵام لۆژیکی تفەنگ فرە لاوازە و دوژمن دەتوانێ بە سانایی سوود لەم لۆژیکە لاوازەی تفەنگ وەربگرێ. هیوادارم ئەوەندە لە شکستەکانی رابووردو دەرسمان وەرگرتبێ، کە جارێکی تر شۆڕشەکەمان تووشی تێکشکان نەکەینەوە".)

ئەم پێشنیازانەی کاک ئەحمەد، مانیفێستی ئازادی ئینسانە لە سەرزەمینێکدا، کە دارەکانی بە خوێنی ڕژاوی ستەم لێکراوانی چەندین میللەت ئاودراون و ستەم و ئینکارکردنی نەتەوەیی، سیمای بیرکردنەوە و بنەما و بۆ چوونی تەنانەت زۆرینەیەک لە ڕۆشنفکرانیشی بووە، کە لە پشتی ستەمی هەزاران ساڵەوە، بە ئاگایی یا بێ ئاگا، دەزگای زوڵم و ستەمیان هانداوە و سوڕاندووە.
ئەو لەناو ئەو وێرانانەی ستەمێکی بێ ئامانەوە، ڕوی دەمی لە لاوان دەکات و ئاگاداریان دەکاتەوە لە مەترسییەکانی قەبوڵنەکردنی بۆچوونە جیاوازەکان و لە ناوچوونی ئەو ئازادییەی کە بەدەست هاتووە، ئەگەر هوشیار و ئاقڵانە گوێ بۆ یەک نەگرین و زمانی گفتوگۆ نەکەینە، زمانی پەیوەندی ئینسان بە ئینسانەوە لە ناو کۆمەڵگادا.
ئەو سەرویەکی ئازاد و خاڵەی ڕێبواری ڕێگای ئازادی بیرکردنەوە و شکاندی قاڵبە سەپێنرا و خورافە بە نەرێتکراوەکانی ناو کۆمەڵگای کوردەواری و میللەتانی تری ناوچەکەیە. دیارییەکی نیردراوی یەزدانە بۆ ڕاپەرینێک کە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا دەبێت ڕووبدات و لەم واقیعەدا کە ئێستا هەیە، ڕێگای ڕۆشن کردەوە و داوای لێکردین کە تەنیا ( ئینسان ) بین، زمانی پەیوەندیمان زمانی گفتوگۆ بێت. 


کاک ئەحمەد، بەر لە هەموو کەس خۆی نمونەی بەرجەستەی باوەڕەکانی بوو، ئازاد بوو لەهەموو وابەستەییەکان و داوای کرد کە تۆش ئازاد بە، تۆی خۆشدەویست وەک ئینسان لە پلەی یەکەمدا، بۆ چوونەکانت بەنرخ بوون لای ئەو، هیچ شتێکی تۆ، ئەگەر سەد دەر سەد، پێچەوانەی بیروڕاکانیشی بووبیت، ئەوی نەدەڕەنجان و تۆیشی هەرگیز هەرگیز بۆ نەدەڕەنجا، تا رادەی ئەوەی، کە هەبوون، چەندین مانگ بە تەلەفۆن خراپیان پێووتوە و ئەو گوێی بۆ دەگرتن و دەیفەرموو: ( " براکەم ڕەنگە من زۆر لەوە خراپتر بم کە تۆ پێم ئەیژی")، تا خاوەن زمانی نەگونجاو، ماندوو دەبوو، دەچوە خزمەتی و کاک ئەحمەد زۆر بەخیری دێنا و دەیفەرنو( "ئێمە هاوڕێیەکی قەدیمین و چەند مانگە بە تەلەفۆن حکایەت بۆ یەک دەکەین")، ئەمە ڕەفتاری  زانایەکە بۆ دروستکردنەوەی ئینسان لە بناغەوە.


ئەو زمانی سەردەمەکەی خۆی زانی و ویستی هەر بەو زمانە لەگەڵ مونکیرانی حەقی میللەتان بدوێ، لەو دەلاقیەوە چووە ناو مەسەلەکانەوە کە ئەوان کردبوویانە بەهانە و بناغەی ئینکارکردنەکەیان، ئەو خاڵەی کە بۆ چەپی کورد و چەپی ئێرانیش هەرس نەکرا و دەرکیان نەکرد، هیچ کەس وەکی ئەو نەی دەتوانی لە چاو و ڕاوی مونکیرانی حەق تێبگات، بەڵام قاڵبی ئامادەی ناو فکری خوازراوی چەپەکان، ئەم ئینسانە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەیان نەبینی و دەرک نەکرد و هەموولایەک، لە زۆر وڵات و دەستە و تاقمەوە، چ دینی و چ غەیرە دینی زەمینەی پەراوێزخستن و لەناوبردنی ئەویان ڕەخساند، ئاخر ئەو نەک تەنها ڕابەریکی بێهاوتای ڕاسکردنەوەی خوارییەکانی فکر و ڕەفتاری ناو کۆمەڵ بوو، بەڵکو ڕابەری بێهاوتای ڕاستکردنەوەی خوارییەکانی ناو دین و خورافە زۆرەکانی لکێنراو بە پەیامی یەزدانیشەوە بوو، لەهەردوو لا نەویسترا بوو، دینیی و مونکیرانی دینیش.
ئەوەی جێی ڕامانێکی بە ئاه و داخە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەکەم، کە بۆچی و چۆن، ئەم پەیامە سەراپا حەقخواز و ئازادە، بە گوێی رێبەرانی ئاینی نەتەوەکەم ناگات و نایکەنە، نامەی کردار و ڕەفتاری ڕۆژانەیان بۆ سەندنەوەی مافێکی یەزدانی بۆ نەتەوە ستەمدیدەکەیان، کە ئازادی خاک و خەڵک و سامانی خودادای یەزدانە بۆ بەشێک لە خەڵقی خۆی؟!!

وەرگێراوی تەواوی پەیام و مانیفێستی مافی ئازادیی چارەی خۆنووسینی میللەتانی ئیران و چونیتی پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی ئێران لەسەر بناغەی ئازادی ڕاو بۆچوونی جیاوازی تاکەکانی کۆمەڵ و بەشداریان لە حوکمڕانیدا، کەسانی دینی و غەیرەدینی و بێدینەکانیش، لە بەشی دووەمی ئەم وتارەدا بخوێنەوە.
 

                                                  
       
     
            


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×