جەنگ نیعمەتێکی یەزدانییە

کۆسار سیامەند / ساراڵ
  2020-01-07     1463

لەم ڕستە کورتەدا، ڕابەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران ( ئیمام خومەینی)، فەلسەفەی حکومەتەکەی و ئامانج و ڕوانینی خۆی سەبارەت بە ئینسان و ژیان بڵاوکردەوە.

کەواتە ئەو بۆیەک مەبەست ئەم کۆمارەی دروستکردووە، بۆ جەنگ و سوود وەرگرتن لەو نیعمەتە خوداییە کە خوێن ڕشتنە، ئەمەش بەوە پاساو دەداتەوە کە لە فکری ئەواندا، مەهدی مونتەزریان، ئەو دوا ئیمامەی کە غەیب بووە، کاتێک دێتەوە کە دنیا پڕ لە: خوێن، کوشتن، وێرانی و فەساد دەبێت، ئەوکاتە ئەو دێتەوە و حکومەتی عەدل و دادپەروەرەریی بۆ هەتاهەتایە لەسەر گۆی زەوی دادەمەزرێنێ، ئیدی ما باقی هەر قسەیەکی تر سەبارەت بەم کۆمارە بکرێت، ئاسنی سارد کوتانە و لە پێناوی گەمژەکردنی خەڵکدایە بۆ ئامادەکردن و سازاندنی زەمینەی فکریی هاتنەوەی ئەو، بە بۆچوونی دەسەڵاتدارانی ئێران.

ئەگەر ورد لە وشەی کۆمار بڕوانین و لە ئەلفی قورئانەوە بۆ یێی قورئان بخوێنینەوە، ئەم وشە نامۆیە ( جمهوری) لە قورئاندا بەدی ناکەین، کەواتە هەر ناوی دەوڵەتەکەی پێچەوانەی کتێبی موسڵمانانە و بەو کتێبە نامۆیە، مانای بە خوا و فەرمایشتەکانی و دەستوورەکانی و داواکارییەکانی لە ئینسان، نامۆیە.

دروستکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران، داخوازییەکی کۆنی ئێستایە، واتە بۆ ئەوەی ئێستا دەیبینین و هێشتا زۆرمان ماوە کە بیبینین، ساڵی ١٩٧٩ بڕیاری دروستکردنی ئەم شتە سەیرەیان دا و خەڵک خووی پێوەگرت و پشتیان گرت و بۆی سووتان و بۆیان سووتان و خۆیان دا بەکوشت و خەڵکیان بۆ دا بە کوشت و .....تیۆریسینەکانی حزبی تودە لە فەرمایشتەکانیان ژیوان بوونەوە و تەزبحیان گرت بەدەستەوە و بۆ حسەین گریان و هەزار و یەک بەیت و بالۆرە و تۆبەکردن و شیعر و شانامە نووسین و..هتد. 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرچی بە خەیاڵتدا دێت دەشێ ڕووبدات و ئیمکانی ڕوودانی زۆرە و ڕوداوەکەش ئاساییە. کاتێ ئینسانەکانی ئەم ناوچەیە لەسەدەی بیست و یەکدا لەسەر ڕەنگی پارچە پەڕۆیەک یەکتر بکوژن و لە سەر مێژوویەکی نەبینرا و ڕەنگە هەر نەبووش، خوێنی یەکتر حەڵال بکەن و یەکتر سەرببڕن و ژنی یەکتر بە غەنیمەت بەرن، ئێدی شتەکان بۆ سەیر بێت، ئێدی بۆ خومەینی سڵ بکاتەوە لەوەی کە بڵێت: "جنگ یک نعمتی الهی است" * و خەڵکیش خۆیانی بۆ بدەن بە کوشت؟! کاتێ سەرە زلەکانی فکریی ئێرانی سەریان لە قوڕ بگرن، ئەی کابرای بێ ماڵ و حاڵ و برسی و ڕووت و ڕەجاڵ، پێت وابێ دەبێ باسی فەلسەفە و مۆدێرنێتەت بۆ بکات؟!

هیچ ڕووداوێک ڕوونادات تا زەمینەی ڕوودانی نەبێت، ئێوە نەتان ژنەفتووە، یا نایناسن هەن کەسانێ شاعیرن بە بیرکردنەوە چەپن دەیانەوێ میللەتێک ڕزگار بکەن توندی توندن، تۆزێ بیانجوڵێنی نەک میللەتی خۆیان هەموو چەوساوەکانی دنیاشت بۆ ڕزگار دەکەن، کەچی دەڵێن لە تاسوعا و عاشووردا ڕەش دەپۆشن و بەڕۆژو دەبن؟! دەی خۆ ئیمامیش هەر ئەو داوایەی لە خەڵک کرد، ئێدی بۆ ڕەخنەی لێدەگرن؟! کەممان بینی و زۆرمان ماوە کە بیبینین. 

ئێران وڵاتی ئەفسانەیە، لە ئەفسانە کۆنەکانی ئەواندا، ئێرانییەکان چوون بە گژ دێودا و لەسەرکانییەکە دێوەکەیان کوشتووە و بەری کانیاوەکەیان بەرەڵا کردووە، چوون بەگژ قولەی خەیاڵیی ( قاف) دا و ( پەری، فریشتە)ی خەیاڵیی زنجیرکراویان لە پشتی کێوان ڕزگارکردووە، بناغەی مێژووی ئێران لەسەر ئەفسانە گەلێکی خەیاڵی کە دەماو دەم یا خەیاڵی خەیاڵنووسەکان دروستیان کردووە، دامەزراوە، بۆیە باوەڕکردن بە هەموو شتێ کە بۆنی ئەفسانەی لێ بێت، لە ئێراندا ئاسانە.

کەواتە: فکری شەڕ، ئەفسانەی بەهێزیی و خەڵەتاندن، ئەو سێ کوچکەیەیە کە مێژووی ئێرانیان دروست کردووە و ئەمەش مێژوویەکی کۆنە و بۆ هەزاران ساڵ هەڵدەگەڕێتەوە و ئەم ڕژێمە زۆر بەباشی و بۆ برەوی فکری خۆی سوودی لێ وەرگرتووە. 

نەخۆشینە مەزنەکە ئەو چاولێکەرییە بوو کە لە خۆرئاوای گۆی زەمینەوە، پەڕیەوە بۆ خۆرهەڵاتی گۆی زەمین و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە مێژوویەکەی فەساد و شەڕ و توڕەیی و دڕێتییە ئێران لە کۆنی کۆنەوە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بووە، چەقی بەست و بووە گرێ کوێرە و نەکرایەوە، ئامڕازی ئەم گواستنەوەیەش حیزبە مۆدێرنەکان بوون، کە بەرگێکی خۆرئاواییان پۆشی و بە عەقڵییەتی ئەفسانە و هەموو ئەو دڕێتییەی کە لە ناخیاندا باپیرە بۆ باوک و باوک بۆ نەوە و نەوە بۆ تەتیجەکەی ( منداڵی نەوە)، گواستیانەوە و هەتا هات تیفتیفەیان دا و زلیان کرد و نەخشاندیان و شاخ و گوێیان بۆ دروست کرد و کۆپییەکە شتێکی وا عاجباتی لێ دەرچوو، کە فڕی بەسەر ئەسڵەکەوە نەما جگە لە قاوغەکەی کە ناوەکەیەتی.

ئەم شتە عاجباتییە، ئەو حیزبە مۆدێرنانە بوون کە لە خۆرئاوا قەرزکران و سەروگوێلاکیان وا شیوێنرا ئێستا پاش حەفتا ساڵ و سەد ساڵ لە  هیچ ناچن، لە دەهۆڵی دڕا و نەبێت. تەپەیان دێت، نە زەماوەندیان پێ گەرم دەکرێت و نە دەنگیان ماوە تا لە دوور خۆش بێت.

بەڵام لەم کۆتاییانەدا ئەم حیزبە مۆدێرنانە پێچێکیان بە خۆیان و بە مێژووی خۆیان کردەوە، ئەڵبەتە لە ئاستی سەرکردە و کەسانی دەست ڕۆشتووی ناو حیزبدا، قاوغەکە وەک خۆی مایەوە، وەلێ ناوەرۆک بوو بە کۆمپانیایەکی پشکداریی دەفتەری سیاسی و ئەنجومەن و سەرکردایەتی و ئا ئەم ناوانە، لێرەدا تا ئێستا، تا ئەمشە و کە دەڵێن ئەمەریکا بڕیاری داوە لە عێراق بکشێتەوە، باشیان خوارد، باشیان کرد !! و باشیان سەرف کرد و درێغیان لە خۆیان نەکرد کە لەناو فەسادا ببنە مەلەوانێکی لێهاتوو، بەڕاستی فەسادیان لێ دێ، فرە جوانن بە فەسادەوە، ئاخر ئینسان کاتێ جوانە کە لەسەر ئەسڵی خۆی بمێنێتەوە!!!!


حیزب و اللە 
پاش ئەوەش کە حیزبە چەپەکان و عیلمانییەکان!! ژیوان بوونەوە و بوونە کۆمپانیای ڕەواجدار و پشکداریی، لەهەر گوند و شارێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، " حیزب اللە" کان سەریان بەرزکردەوە و ئەگەر حیزبە چەپەکان بەناوی خەڵکەوە خەڵکیان تەفرەدا و درۆیان بە خەڵک کرد و لەگەڵ خەڵک کرد، ئەمان درۆیان لەگەڵ خوا کرد و خەڵکیان تێک بەردا، مەلا و مەلا چەیان چاپ کرد و ئیتر ڕیش بووە ناسنامەی پەرینەوە بۆ بەهەشت و یەکتاپەرستی بووە سەرکردەپەرستیی و شەیتانە بچکۆلەکان بوونە پێڕەوانی حیزبوڵاکان و دژی شەیتانی گەورە قەتارەیان بەست، ئەفسانەکان کرانە فیلم و ڕۆمان و ئەوەی پەیامبەر نەی وتبو، ئەمان بە دەمی ئەوەوە هەڵیان بەست و پەیامەکەی ئەویان تەواو کرد.

نووسینگەی بەکرێدانی جەنگاوەران
حیزبەکان وازیان لە ڕزگارکردنی میللەتەکانیان هێنا، زانیان چەورایی تیدا نەماوە، بۆیە حیزبەکانیان گۆڕی بۆ : نووسینگەی بە کرێدانی جەنگاوەران، لە سایەی ئەم حیزبە پێشڕەوانەوە، ئێستا وەک چۆن کرێکارێک بەکرێ دەگریت بۆ سواغدانی دیواری ماڵەکەت، هەر بەو جۆرە دەتوانی جەنگاوەری چەند میللیەتی بەکرێ بگریت، بۆ کوشتن، سەربڕین، تالان کردن و ژن بە غەنیمەت بردن و سووتاندنی منداڵ و کاولکردنی وڵاتێک.

وێنەی شەڕەنگێزێکی بەکریگیراو
وێنەی شەڕکەرێکی بەگرێگیراوی مانگی جەنیوەری ساڵی ٢٠٢٠ دوای لە دایک بوونی عیسا: خەڵکی گوندێکی ئەفریقایە، گەڵای داری هاڕیوە و کردوویە بەنان، ئەوا ئێستا لە شەقامێکی بەغدا، کۆڵانێکی تەرابلوسی لیبیا و بەیروتی لوبناندا، لە گوندێکی عەفریندا، بە شۆرتێکی ئەدیداس و تی شێرتێکی ژمارە ١٠ وە وەک میسی وشەپقەکەی ڕامبۆوە، بی کەی سی یەکەی ڕووسی و هاوەنێکی ئیرانی دابەستووە و شەلم کوێرم ناپاریزم، خوای داوەتە بەر فیشەکان و خەلقی خودا دەکوژێ و هەر چاوە چاویەتی بەڵکو ئەو بەڵێنەی پێیان داوە کە هەر ژنێکی دۆزییەوە ماڵی خۆیەتی، زۆرترین ژن بدۆزێتەوە و لەوە دنیاش وەک مەلای سەرکردەی فەرمووی ٧٠ حۆریەکە حەڵال بکات.

برا خۆ من باسی فیلم ناکەم، ئەمە دیمەنێکە لەو دیمەنانەی کە پەیامنێرە زۆرەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بڵاوی دەکەنەوە، دەی ئەگەر ئەم شەڕ و هەرایەش نەبێ ئەی ئەوان خۆ دەبێ دەرگای کەناڵەکانیان دابخەن، جوانی وت پیری خوێنخۆر: جەنگ یەک نیعمەتی خوداییە.

سیستەمەکە وا دروستکراوە: فڕۆکەکان دەبێ بفڕن، هۆتێلەکان قەرەباڵغ بن، سمینارەکان ڕێک بخرێن، کتێبەکان چاپ بکرێن، خەڵاتەکان دابەش بکرێن، منداڵەکان برسی بن، ژنەکان لاقەبکرێن، فکرەکان بشێوێنرێن، مەلاکان هەبن، رووبارەکان پیس بکرێن، سەربازەکان ببزوێندرێن، چەکەکان دەنگیان بێت و ئالا ڕەنگاو ڕەنگەکان بشەکێنەوە و کار گەیشتە ئەوەی حیزبی ئەڵڵاکان، مۆری پەیامبەریشیمان دا لە بۆچوون و ئاڵاکەیان.
خوا توڕەیە
توڕەیە لەو هەموو کفرەی بەناوی ئەوەوە، لەسەر زاری ڕێبەرانی دین بڵاو دەبێتەوە، توڕەیە لەو وێنە ناشرینەی موسڵمانەکان بۆ دنیاکەی ئەویان کێشاوە، توڕەیە لە ڕشتنی خوێنی خەڵقی خۆی، توڕەیە لەو دامەزراوە و پەرستگایانەی ناوی ئەوی تێدا دێت، لەبەرماڵ و بەرد و تەزبیحمان توڕەیە، لە گەمژەیی و فەساد و زکر و فکرمان توڕەیە، لە ڕیشمان و لە ئیشمان و لە دڵ پیسی و دووڕوییمان زۆر توڕەیە. ئێمە لە خۆمان ناپرسین، خۆ هیچ شوێنێکی دنیا بە ئەندازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەرستگای ڕەنگاورەنگ و ماڵی مەڕمەڕین و شوشەیی بۆ پەرستنی ئەو تێدا نییە، خۆ کتێبەکەی ئەو لەسەر پێستی ئاسک و وەرقی زێڕ و بە ئۆفسێت و بە هەزاران ملێۆن جاران چاپ و بڵاو کرایەوە، مزگەتەکان پێنج فەرزەکە دەرزی هەڵبدەیت بە ئاسماندا ناکەوێتەوە زەوی لەبەر زۆری حەشاماتی نوێژکەرمان، ئەی بۆچی خوا لێمان توڕەیە؟!

خوا بۆ لە ئێمەی موسڵمان تورەیە؟! پرسیارێک کە ناچارمان دەکات بە کردار و بیر و قسەماندا بچینەوە، تا ئەو گەڕانەوەیە و لێکدانەوەیە نەکەین بە زکر و فکر و ڕەفتارماندا، خوا لەگەڵمان ئاشت نابێتەوە، یا دەبێت لەو فەسادی ڕۆحی و جەستەییەدا گێنگڵ بدەین، یا دەبێت جۆرێکی تر تەماشای خەلقی خودا بکەین، بەو جۆرەی کە خودا داوامان لێ دەکات، ئاین واتە پەیامەکە فرە فرە دوورکەوتۆتەوە، لەو دەستوورە دینیانەی ئێمە دامان ڕشتووە، ئەوانە دوو شتی لێک جودان، ئەویان سروشتی جوان و ئاوەدانی و ئاشتی و لێک تێگەیشیتن و قوبوڵکردنی هەموومانە وەک و هەین، ڕەنگی جودا، زمانی جودا، میللەتی جودا و فکری جودا هەروەک خۆی خەڵقی کردووین، شەریعەت و دەستووری دەستکردی ئێمە هانمان دەدات بۆ جیاوازی و بەرزبوونی خەڵکانێک ونزم بوونی زمانێک و ڕێبەر بوونی کەسێک و کوێلە بوونی کەسێکی تر، هانمان دەدات بۆ خواردنەوەی خوێنی یەکتر، فڕاندنی کچ و ژنی یەکتر، کاول کردنی ژینگەی ئەوی تر، چونکە ئێمە خۆمان وامان داڕشتووە کە بەدیهێنەری خواست و ئارەزووەکانی دەروونی خۆمانە، وەلێ مۆری خودامان لێ داوە و فێڵمان لە خودا کرد و بە ناوی ئەوەوە کارە پیسەکانی خۆمان ئەنجام دەدەین، کەی بە سوودمان بوو، ناوی خودا دەلکێنین بە دەستە و تاقمەکەمانەوە و کەی بە سوودمان بوو ناوی ئەو فڕێ دەدەین و دەیکەین بە دیمۆکراتی، ئەمە فێڵ کردن نییە لە خوا و لە خەڵقی خودا؟! بۆیە خوا لێمان توڕەیە و تا ڕادەی نەفرەتیش لێمان توڕەیە. 

*صحیفە امام خمینی جلد ١٨ لاپەڕەی ٣١٣ .

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×