ئەگەر دیت ئەزم! ئەگەر نەدیت دزم

کۆسار سیامەند / ساراڵ
  2019-08-30     241

ژیان قوتابخانە و فێرگەیەکە، کە دابەش دەبێت بەسەر قۆناغی جودا و ژینگەی جودادا، لەناو خێزان و لە شوێنێکی دیاری کراو لە دایکمان دەبین و لە کۆڵان و گەڕەک و گوند و شار و وڵاتێکدا چاو بۆ ژیان دەکەینەوە و یەکەم جار ترسێکی گەورە دامان دەگرێت و بیر دەکەینەوە کە چۆن بەم لاشە بچوکەوە بتوانین بەرامبەر بەو عفریتە گەورانەی دەرو بەرمان هەڵکەین! و خۆمان لە توڕەبوونیان بپارێزین؟! ئاخر ئێمە نۆ مانگ لە دنیایەکی ئارامدا بەتەنیا لەگەڵ دایکە میهرەبانەکەمان لە گفتوگۆدا بووین، زمانمان نەدەزانی هەندێ جار بە پا بچووکەکانمان، لە دیواری سکی دایکمان دەدا، تا بزانێ کە زیندووین و ڕەنجەکەی بە خەسار نەچووە. 


ئەویش گۆرانی چاوەڕوانی هاتنی ئێمەی دەچڕی و ئەو قورسایی و ژانەی کە ئێمە خستبوومانە سەر تەن و ڕەوانی، بەگیان قەبوڵ دەکرد و جلی بۆ دەدرووین و کوژەکەی شینی دەکڕی و بە زەنگیانە دەیهۆنییەوە تا لە چاوی پیس بە دوورمان خاتەوە. نازی دەکردین و دەگەڕا بۆ ناوێکی خۆش و کوردانە و بەمانا، تا بەو ناوە جوانەوە ئامادەمان کات  و نەتەوە ئەم دیارییەی لێ قەبوڵ بکات.  هەرگیز ماندوو نەبوو لە پەروەردەکردنمان و خۆشویستنماندا، ئێمە لای ئەو جوانترین بووین، ئازاترین و باشترین بووین، ئەوانە چیرۆکی خەیاڵی هەموو دایکێکە، وەک دەڵێن ( ژووژوو* دەڵێ: بەچکەی کەس وەک بەچکەکەی من نەرم و نیان نییە). 


دایکایەتی چ نهێنییەکی لە سندوقی ناو سندوقی هەزار قفڵی پشت هەزاران کێودا حەشاردراوە؟!! پێویست ناکات خۆمان بە نهێنی ئەو خۆشویستنەی دایکمانەوە بخافڵێنین چونکە لەوە مەزنترە کە بێتە تێگەیشتن، باشتر وایە کە بەو خۆشویستییەوە  بژین و بیکەینە بەرنامەی ژیانمان بۆ خوشویستنی ئەو بوونەوەرانەی کە لاواز و بێدەسەڵاتن.


ئێمە گەورە دەبین و قۆناغ بە قۆناغ لەناو کۆمەڵگادا جێگایەک دەگرین، هەمانە هەر بۆشاییەک پڕ دەکەینەوە و لەسەر ماندووبوونی کەسانی تر دەخۆین و دەخەوین، هەناسەی ئەوان دەدەین و پێکەنینی ئەوان دەکەینە گریان و خۆشییەکانی ئەوان دەدزین، ئەو کارەی کە دوژمنانی کورد بە نەتەوەکەیان کرد و کاسەلێسانی ناوخۆش زەمینەیان بۆ فەراهەم کردن.
دزان دوو جۆرن:


دزێک کە ئەو ئێمە هەڵدەبژێرێ و زۆر جار لە بەر ناچاریی و نەبوونی، شتێکمان دەبات، وەک چاویلەکە، جزدان، چەتر، موبایڵ، هەندێ جار پێڵاوەکانمان و هەندێ جاریش کتێبێکمان.
ئەم دزانە:  یاسا بڕیاری گرتنیان دەدات و پۆلیس کوناوکون بە شوێنیاندا دەگەڕێ و لە هەندێ شوێن بەپێی ئەو لێکدانەوە نادروستانەی خۆیان بۆ فەرموودەکانی خوا، دەستیان دەبڕنەوە و زۆر جارانیش وەک مەلوچک** سەریان بە شمشێرێکی تیژ ( بۆ ئەوەی ئازاریان نەبێ، ئەها چەند بە ڕەحم و میهرەبانن)، سەریان دەپەڕێنن و ئەڵێن ئەڵاهوئەکبەر.


دەستەی دووەم لە دزان: ئەمانە  دیمۆکراسی و مۆدێرن و لوتبەرزن و دانابەزنە ئاستی ئەو دزە برسیانەوە. ئەمانە ئێمەیان گەوجاندووە، بەناوی باپیرەی باپیرەی باپیرەیانەوە، ملمان پێشۆڕ دەکەن و سندوقی دەنگدانمان بۆ دادەنێن و پەنجەمان پی مۆردەکەن، تا دوای دەنگدان، پێکەنین، ئاشتی، خۆشەویستی، ماندووبوونمان و تەنانەت منداڵ و عیزەتی نەفسیشمان لێ بدزن.


ئێمەیش بەناوی باپیرەی باپیرەی باپیرەمانەوە، کە لەگەڵ باپیرەی باپیرەی باپیرەی ئەواندا، لەیەک گروپ و دەستەدا هاوکار بوون و کاروانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوایان ڕووتکردۆتەوە، بە خواستی خۆمان و بۆ زیندوو ڕاگرتنی شکۆی خەباتی باباباباباپیرەمان و باباباباباپیرەیان، لە سەدەی بیست و یەکدا:
 ڕۆژی هەڵبژاردن خۆمان دەەین لە تەل و (شوو*** لەگەڵ ژنەکەی) و (باوک لەگەڵ کوڕەکەی) و (برا لەگەڵ خوشکەکەی) و (خەسوو لەگەڵ بووکەکەی) و ( بنەماڵە لەگەڵ عەشیرەت ) و ( کۆڵان لەگەڵ گەرەک) و ( گەڕەک لەگەڵ شار) و  ( شار لەگەڵ گوند) و ( گوند لەگەڵ گوند) و ( کێو لەگەڵ دۆڵ ) و ( دۆڵ لەگەڵ چەم) و ( ئاسمان لەگەڵ زەوی ) و .....هتد، پێکدادان و جنێودان و هەڵپژان و داپژان و خراو کردن و خراپ وتن و چەک لەیەک ڕاکێشان و خەنجەر لەیەک هەڵکێشانە، بۆ ئەوەی سیاسەتبازی دەستچنی کوڕی فلانی کوڕی فڵانی زاوای فڵان بە تەنتەنە و بە سەنسەنە، لەسەر کورسیەک ( وەزارەت بێ، بەڕێوەبەرایەتی بێ، پەرلەمان بێ ....) دابنیشێنین، جا تەماشا دەکەین: بزانین جوامێری هەڵبژاردە، وەک دەڵین ( تافتەی جودا بافتە)****کەمان چۆن بەڕێوەمان دەبات:


قوربان، میهرەبانم: دزی یەکەم ، پۆلیس گرتی و دەستیان بڕی و سەریان هێشتەوە بۆ جارێکی تر، وەلێ دزی بەناز و فیز، دیمۆکراسی و مۆدێرن و سیاسەتباز، پۆلیس بەهەموو توانایاوە دەیپارێزێ و بە کاروانی ئۆتۆمبیلە دوا مۆدێلەکانەوە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی و وەزارەت و ....هتد دەیبەن و گوڵی پێشکەش دەکەن و یاسا ڕەوایەتی دەسەلمێنێ و تاک، بنەماڵە، عەشیرەت، گەڕەک، شار، گوند کێو و دۆڵ و چەمیش ملکەچی فرمانی دەبن.
دەڵێن سیاسەتبازێ پاش ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزوێنیدا، بۆ ماڵ دەگەڕیتەوە ژنەکەی لێدەپرسێ: ئەرێ کۆڵنەدەر ئەوە ئەو قسانە چی بوو دەدکردن، خۆ کەس نەزانێ تۆ چیت ئەز دەزانم؟!!!! 


کۆڵنەدەر لە وەڵامدا دەڵێت:
- ژنێ لە بادینان قسەیەکیان هەیە دەڵێن: ئەگەر دیت ئەزم! ئەگەر نەدیت دزم.
ئەو کاتەی ئێمە میللەت دەبینین کۆڵنەدەر و کوڕی گەل و تێکۆشەرە دێرینەکە و خەباتگێڕە پشوو درێژەکەین و بەگیانی کوڕە شەهیداکانیان سوێندیان بۆ دەخۆین، بەڵام کە ئەوان نامان بینن، دەبینە دزی ( بۆڕی و تانکەر و ڕووباری) نەوتی ئەم کوردستانە و نرخەکەی چەند بکات، گرنگ نییە نە پشتمان پێوەی ئێشاوە و نە ئارەقمان کردۆتەوە بۆ بەرهەمهێنانی، میللەت لەگەڵ سەرما و سۆڵە و بێ پارەیی و برسێتی ڕا هاتوون، با ئەوانیش ماوەیەک تێکۆشەر و خەباتگێر و کۆڵنەدەر بن، خۆ ئەو زاراوانە لەسەر ئێمە تاپۆ نەکراوە!! ئەوانیش گوناحن، جار و بار ئەو نازناوە گەوهەرانە بۆ ئەوان جێ دێڵین، ئێمە کارمان زۆرە، کۆمەڵگا پێویستی بە خزمەتگوزارییە....ژنێ!!!!

قسەیەک بەدەم عومەری کوڕی خەتابەوە دەکەن، ڕاست یا ناڕاست، جۆرە دادپەروەریی و توڕەبوونێکی تێدایە بۆ ئەم دزە بچووکانە و ئەم دزە سیاسیانەی ئەمڕۆی کوردستان دەگونجێ بینووسینەوە، هەر چەندە من بەهیچ جۆرێک لەگەڵ کۆڵەوارکردنی هیچ ئینسان و گیانلەبەر و درەختێکدا نیم:
بە عومەر دەڵێن: سزای دزیی چییە؟!!
دەڵێت: ئەگەر ئەوکەسە دزیی کردبێتە پیشە، ئەوا دەستی ببڕن
بەڵام ئەگەر بەناچاری دزی کردبێ، ئەوا دستی فەرمانڕانەکە ببڕن.

بەپێێ ئەم هاوکێشەیەی عومەر بێت: ئەوا (یەک دەسی) دەبوایە ببێتە سیمای دیاری لەسەدا نەوەد و پێنجی سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستان.


بۆ ئەوەی کەس دزیی نەکاتە پیشە و ناچار بەدزی نەبێت و دزی سیاسیش دروست نەبێت و بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکانمان، کەسانی خزمەگوزاربن، ئەوا دەبێت سیستەمێکی بەڕێوەبردن دروست بکەین، لەسەر بناغەی دەستوورێک کە زەمینەی ژیانێکی دادپەروەرانە فەراهەم بکات، لە وێدا کوڕانی باپیرەی باپیرەی باپیرە وەک کوڕانی داپیرەی داپیرەی داپیرە، بێ جیاوازی و هەبوونی ئیمتیازات، توانا و لێزانی و دڵسۆزیان پلەی بەڕێوەبەرایەتیان دیاری بکات و پلەکەشیان نەبێتە سەرچاوەی بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی ناڕەوا....
لە لەهجەی سلێمانیدا:
*ژووژوو: بە مانای ژیژکە و
**مەلوچک: بەمانای چۆلەکەیە و
***شوو: بەمانی مێردە، 
کە لێرەدا کردارەکە دروست بەکار دێنن ( شووکردن)، بەڵام ناوی بکەرەکە دەگۆڕدێت بۆ ( مێرد): لە سلێمانی ئەم خەبەرە ئاوا دەڵێن : شیلان خان و مێردەکەی لەسەفەری سنە گەڕاونەتەوانێ. 


زمان ئەم ئاڵوگٶڕ و تیفتیفە و دەربڕینانەی وەک معجیزەی یەزدانییە و کارکردن لەسەر زمانەکەمان، هێزێکی فرە مەزنە، دەبێت ئاگاداری بین!!! زمان شریتی بەستنەوەی نەتەوەکەمان بەیەکەوە توندوتۆڵ و بەهێزدەکات....و وەک ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت: زەمینەی دروست بوونی دەوڵەتێک بۆ کورد نزیک دەکاتەوە.
میللەت فەرهەنگەکەیەتی ( کلتورەکەیەتی) و کلتوریش بناغەکەی زمانە، ئەگەر زمان نەنووسرێت و داهێنانی هونەریی پێ ئەنجامنەدرێ و هەوڵ نەدرێ گەشە بکات، فەوتانی میللەت ئاسانتر و خێراتر دەبێت.


****تافتەی جودا بافتە، تافتە جۆرێک قوماشە، کە بە شێوەیەکی تایبەتی چنرا بێت، کینایەیە بۆ جودا کردنەوەی کەسێک ( کردنی بە تایبەت، بۆ نموونە بەهۆی ئەوەی کە کەڕی فڵانە کەسە) و جوداکردنەوەی لە خەڵکەکە بەگشتی.


زەردەخەنەیەکی زمانە شیرینەکەمان:
جارێک کەسێکی خەڵکی سلێمانی  دەبێتە میوانی ماڵێکی  فرە میهرەبان لە زاخۆ، زۆر بەخێری دێنن و خوراکێکی باشی دەرخواردەدەن و پاش چایی خواردنەوە، سلێمانییەکە بە خانەخوێکەی دەڵێ: ئیتر من زەحمەت کەم دەکەمەوە و دەبێت بگەڕیمەوە بۆ سلێمانی، خاوەن ماڵ دەڵی: بە خوا ناڕۆی ئێستا ( فیقی) دێت، ماوەیەکی پێدەچێت و دیسان سلێمانییەکە دەڵیت: قوربان من درەنگمە دەبێت بڕۆم: خانەخوێکەی دەڵێتەوە: نابێت ئیستا (فیقی) دێت، کابرای سلێمانییەی لە وەڵامدا دەڵیت: بەخوا من زۆر درەنگمە، ئەگەر ( کاک فیقی) هات زۆر سڵاوی لی بکەن، من دەبێت بڕۆم.....پێی وا دەبێت ( فیقی ) کەسێکە و خانەخوێکەی چاوەڕوانی ئەو دەکات.. لە کرمانجیدا بە میوە دەڵێن: فیقی. ئەمە جوانییەکانی زمانە، کە زۆر جاران دەبێتە هۆی بەدحاڵی بوون... و زەردەخەنەی کوردانە.
زمانتان و خۆتان و هەڵبژاردنەکانتان هەر خۆش و دروست بن.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×