چەند دڵۆپە وشەیەک بۆ غەم‌و ئازاری برینەساڕێژ نەبووەکانی هەڵەبجە

سالار حەمە عەزیز
  2019-03-15     905

ئاخۆ کەی دەستێکی ئەمین‌و بەدەربەستی خاوەن ویژدان‌و دڵ‌و دەرونێکی پاک دێت‌و کۆتایی بەئازارو زامەکانی خەڵکی ئەم شارەو گوندەکانی ئەهێنێ؟

ئاخۆ کێ بێ جارێکی تر باڵندە غەمبارو تۆراوەکانی ئەم شارە ئاشت بکاتەوە تا ئەمانیش بێ ترس و دڵەڕاوکێ و سڵەمینەوە هێلانەی نوێ دروست بکەنەوە بۆ وەچەی داهاتو، وەچەی تەندروست و دوور لە غەم و کارەسات، وەچەیەک بەرەو ئاسۆیەکی ڕۆشنتر و دواڕۆژێکی باشتر هەنگاو بنێت؟

ئاخۆ کێ بێ و کێ ئەتوانێ جەستە و پەیکەری نەخۆش و بەئازار و پارچە پارچە بوی ئەم شارە وەک پەیکەرتاشێکی دەست پاک و لێزان کۆبکاتەوە و لێکیان بداتەوە و هەر وەک شار و گوندەکانی تر ژیان و سەردەمێکی نوێ دەست پێ بکەنەوە؟

ساڵی پارو لەوەرزی خەزاندا بۆ جاری دووەم سەردانی خەڵکی شاری هەڵەبجەم کرد.

کە گەییشمتە نزیکی شارەکە بێ ئیرادە تەزوی موچوڕکەیەک لەسەرمەوە تا پێی داگرتم و ڕوداو و کارەساتەکەی وەکو شریتێکی سینەمایی هێنایەوە بەرچاو و گوێم.

وەختێ گەییشتمە نزیکی خەڵکەکە و سڵاوم لێ کردن، ئەوان بێدەنگ بون و وەڵامیان نەدایەوە! کەمێک زیاتر لێیان نزیک بومەوە و سەرنجیانم دا جەستەیان هێشتا خوێنیان لێ ئەچۆڕا، سەیری چاوانیانم کرد هێشتا لێڵ و تەڕ بون، هەناسەیان هەر بۆنی سێو و پرتەقاڵی لێ ئەهات، دەمیان کەفی هەڵهێنانەوەی سێو و هەرمێی بۆگەنی لێ ئەهاتە دەر، قژیان هێشتا ئاڵۆسکابو و تەپوتۆزی ڕەشەبای ژەهراوی بەعسییە دڵڕەشەکانی پێوە بو. ئاگری کۆتەرەداری ژێر ساجەکە هێشتا خامۆش نەبو، دایکێکی ڕوخسار ماندوو ملی شۆڕ بوبۆوە بە دیار برژاندنی نان بۆ مناڵە برسی و هەژارەکان، بۆ جوتیارەکانی سەر خەلە و خەرمان و بێستانەکان.

قۆری چایەکەی سەر کوانووەکە هێشتا قوڵپی ئەدا، دڵۆپی دۆی مەشکە دڕاوەکە هێشتا چۆڕەی ئەهات. باڵندە و ئاژەڵە گێژ و ووڕەکان هێشتا پەلەقاژەیان بو و شەڕیان لە گەڵ مردندا ئەکرد. ماسی چەمەکان هێشتا لەسەر پشت بە سەر ئاوەکەوە ڕاکشابون وەک بڵێی پشویەکی هەتاهەتایی بدەن.

ئەوەی بینیم و باسم کرد مشتێک بو لە خەروارێکی بەرز، بەرزتر لە چیاکانی هەورامان. بڕوا ئەکەم کە هیچ کەسانێک وەک خەڵکی ئەم شارە وەک خۆیان هەست بە ئازار و دەردەکانیان ناکەن. چی بنوسرێ و چی بوترێ، ئازار و مەرگی ئەم شار و خەڵکە بە دەیان دێڕ و کتێب کۆتایی نایەت. ئەگەر بڕوانینە وێنەکان شایەدی زیاتر ئەدەن لە قەبارەی ئەو تاوانە گەورە دژە مرۆڤایەتیە.

پرسیارێکی کۆنە و تا ئێستاش وەڵامی دادپەروەرانەی نەدراوەتەوە:
کێن بەرپرسیارن لەم تاوانە گەورەیە، کێن ئەوانەی هێشتا نەبراونەتە بەردەم دادگایەکی عادیلانە؟
با لە بیرمان نەچێت کە ئەو تاوانە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ( دەستی خۆماڵیشی) تێدا بو. مێژوو ئەوەی باشە تەنها کەسێک ناینوسێتەوە، ئەگەر نا زۆری تەزویر و جەعلی ئەکرا و ڕاستی و حەقیقەتەکان گوم ئەکران.

ئاخر خۆ هەمو کەسێک ئەزانێ بەعسییەکان بە درێژایی حوکمی ڕەش و پڕ لە تاوانیان دژی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و جوانیەکان بون، ئەی خۆ ئێوە دیموکراتخواز و ئازادیخواز و چی و چی تر خوازبون!
بۆچێ هێزی سەربازی ئاخوندەکانتان پەلکێش کرد بۆ نێو شاری هەڵەبجە؟
خۆ خەڵکی ئەو شارە و گوندەکانی نانی سەر سفرەی خۆیان لەگەڵ ئێوە بەش ئەکرد، ئەی بۆ بە تەنیا بەجێتان هێشتن؟

هەر کەسێک مێژووی نزیکی ئێوە بخوێنێتەوە تێ ئەگات کە ئەم هەڵوێستانە بە ئێوە نامۆ نیە. ئاخر خۆ ئێوە هێشتا دەستان خوێنی ئەو قەسابخانەیەی شاخی پێوە بو کە پێشتر لە ۱۹٨۳ ئێوەی شۆڕشگێڕ و دیموکراتخواز دژ بە یەک بەرپاتان کرد و سەدان گەنجی دڵسۆزی ماڵە هەژارانتان بە کوشتندا لە پێناو ململانێی ناڕەوای خوێناویتان.

کەچی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیست و لە درەنگانێکی شەودا سەرکێشییەکی شێتانەی ترتان کرد و بون بە چاوساغ و بەرلەشکری سوپای ئاخوندە دڵڕەشەکان بۆ موشەک باران کردنی چاڵە نەوتەکانی باوەگوڕگوڕ لە شاری کەرکوک بۆ بەکارهێنانی ئەو هێڕشە وەک کارتێکی فشار تاوەکو ڕژێمی بەعس دانیشتن و مفاوەزاتتان لەگەڵدا بکات؟! 

مەگەر هەر ئێوەش نەبون لە شاری کەرکوک و لە کۆتایی مانگی ئازاری ۱۹۹۱ دوای ئەوەی ڕزگار کرا بەڵام پاش چەند ڕۆژێک بێ ئەوەی خەڵکەکەی ئاگادار بکەنەوە کە منیش ئەو کات لە نێو شاردا بوم، *ئێوە بە پلانێکی شاراوە و بێ شەرمانەی پشتی پەردەوە کشانەوە و شار و خەڵکەکەیتان بۆ کەڵپەی وەحشیانەی بەعسییەکان بە تەنیا بەجێهێشت؟! مەگەر و مەگەر و  مەگەر......

نازانین باسی چی تر بکەین؟ ئاخر *ئێوە مێژوتان سیخناخە لەم جۆرە هەڵوێست و کردارانە، ئەمە قسەی من نیە، شایەد و بەڵگە زۆرن.

کێ بڕوا ئەکات کە ئەم دێڕانە بە ئازارەوە ئەنوسم، خۆزگەم ئەخواست لە جیاتی ئەم گێڕانەوە پڕ لە ئازارانە باسی هەڵوێست و کرداری جوامێرانەتانمان بکردایە بە تایبەتی لە کاتی تاوانی جەرگبڕی شاری هەڵەبجەی بریندار.

لە بیرمان نەچێت کە بیر و کرداری جوڵانەوەی کوردایەتی لەم بەشە، بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز پیاو تێدا باڵا دەست بووە هەتا ئەمڕۆش، ئەمەش هۆیەکی تری شکستەکانیانە و هەروەها مانەوەی ئەم هەرێمەیە لە دواکەوتویی و پاشەکشە کردن لە هەموو بوارێکەوە. 
چاو لێکەن لە بەشی ڕۆژئاوا چونکە ژنان دەنگ و ڕەنگ و ڕۆڵ و کاریگەریان تا ڕادەیەکی زۆر لە ئاستی پیاواندایە، ببینن گەییشتون بە چ ئاستێک لە چالاکی سەربازی و لە هەمان کاتدا دروست کردن و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لە هەموو بوارێکەوە.

ئاخر مەگەر ئەم شارەش بەشێک نیە لەو وەتەنەی کە لە سرودەکاندا دوعای ئاوەدانی بۆ ئەکەن؟... یان ئەو سرودانە تەنها کۆمەڵە ووشەیەکی بێ گیانن و لە ڕستەی بێ ناوەڕۆک و سارد و سڕدا بۆ فریودانی هەژاران ڕیزکراون تا بیانکەن بە سوتەمەنی بۆ کار و کاتی پێویستتان؟!

ئەمڕۆش زۆربەی خەڵکیی ئەم هەرێمە لە خەمی نان و سک هەڵگوشین و بێکاری و بێ خانە ولانەیی دان و هەر ئەمانیش ئەبێ خۆبەخت بکەن بۆ پاراستنی سنوری (نیشتمان)!
*ئەوانیش تەوەزەلی و وورگزلی و گیرفانی پڕ و ژیانی سەڵتەنەتی و ڕوخساری تۆز لێ نەنیشتو لە نێو تەلار و قەسری گران بەها بەسەر ئەبەن، لە هەمان نیشتمان!

گەر زیادەڕۆیی نەبیت لێرە (نیشتمان) خەریکە ئەبێتە تلیاکی هەژاران، یان بووە و من جورئەت ناکەم باسی بکەم؟!


بۆ هەڵەبجە دیسان ئەیڵێمەوە: ئاخۆ کەی دەستێکی ئەمین و بەدەربەستی خاوەن ویژدان و دڵ و دەرونێکی پاک دێت و کۆتایی بە ئازار و زامەکانی خەڵکی شاری هەڵەبجە و گوندەکانی دێنێ؟

ئاخر مەگەر ئەم شارەش بەشێک نیە لەو وەتەنەی کە لە سرودەکاندا دوعای ئاوەدانی بۆ ئەکەن؟... یان ئەو سرودانە تەنها کۆمەڵە ووشەیەکی بێ گیانن و لە ڕستەی بێ ناوەڕۆک و سارد و سڕدا بۆ فریودانی هەژاران ڕیزکراون تا بیانکەن بە سوتەمەنی بۆ کار و کاتی پێویستتان؟!
ئەمڕۆش زۆربەی خەڵکیی ئەم هەرێمە لە خەمی نان و سک هەڵگوشین و بێکاری و بێ خانە ولانەیی دان و هەر ئەمانیش ئەبێ خۆبەخت بکەن بۆ پاراستنی سنوری (نیشتمان)! *ئەوانیش تەوەزەلی و وورگزلی و گیرفانی پڕ و ژیانی سەڵتەنەتی و ڕوخساری تۆز لێ نەنیشتو لە نێو تەلار و قەسری گران بەها بەسەر ئەبەن، لە هەمان نیشتمان!

گەر زیادەڕۆیی نەبیت لێرە (نیشتمان) خەریکە ئەبێتە تلیاکی هەژاران، یان بووە و من جورئەت ناکەم باسی بکەم؟!

نمونەیەکی بچوک لە دڵسۆزی و هەڵوێست و بەرگری گەنجانی ماڵە هەژاران: 
{ئیحسانی کەریم تەنەکەچی-خەڵکی گەڕەکی ئازادی کەرکوک-پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی (ك.ڕەنجدەران) } بو. لە سەرەتای هەشتاکان بۆ یەکەم جار و دواجار لە گوندێکی نزیکی چەمچەماڵ چاوم پێی کەوت و هەندێ گفتوگۆمان کرد، تا ئەم ساتەش ڕوخسار و نیگا پڕ ئومێدەکانی لەبەر چاوم گوم نابن!

ئەو چونکە کوڕی خێزانێکی کرێکار و تێکۆشەر بو و خاراوی نێو زۆڵم و سەرکوتی ڕژێمی بەعس بو، وەختێ ڕژێمی بەعس لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکان بە کۆپتەر و سەرباز و جبەخانەیەکی زۆرەوە پەلاماری گوندی (چیمەن) یاندا، ئەم و هاوڕێکانی لەو شەڕە نابەرابەرەیا بە لە خۆبوردوییەکی بێ سنورەوە بەرگرییەکی پڕ حەماسەت و جەسورانە و سەرسەختانەیان لە گوند و خەڵکەکەی کرد و بە جێیان نەهێشتن!
دەرەنجام ئیحسان بە سەربەرزییەوە گیانی لە دەستدا، بەڵام مێژویەکی پڕ لە شانازی لە دوای خۆی بە جێهێشت و بو بە وێردی سەر زاری خەڵکی چیمەن و گوندەکانی تر و شاری کەرکوک.

لە کۆتاییدا پێویستە بڵێم کە لە دڵەوە هاوبەشی خەمی خەڵکی هەڵبجەم و سەری ڕێزیان بۆ نەوی ئەکەم.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* مەبەست لە (ئێوە):
زۆربەی نوخبەکانە (چەک بە دەست و قەڵەم بە دەستەکانیان) نەک قەڵەم بە دەستی بە هەڵوێست و پێشمەرگەی دڵسۆز و بە ئەمەکی ماڵە هەژارەکان.

سالار حەمە عەزیز - هۆڵەندە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×