گۆڕان و تەوریسی دارایی و سیاسیی

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2019-07-04     1424

ئایا دیاردەی تەوریسی دارایی و سیاسیی (دەسەڵاتی بۆماوەیی، میراتیی یان پشتاوپشت) لەناو گۆراندا بونی ھەیە؟

لە فەرهەنگى سیاسییدا، تەوریس هەڵگرى یەک پێناسە و مەفهومە، ڕوون و ڕەوانە، قابیلى تەفسیر و ئیجتهادو په‌رده‌پۆشیی نییە. تەوریس هەژموونە بە فۆرمە جیاوازەکانیەوە، بەهۆى بەستەر و پەیوەندی خوێن و پێگەی خێزان و بنەماڵە، نەوەک ھەوڵ و تەقەلای شەخسیی. لە کلتورى عەرەبییدا ئەو کەسانەى کە بە شان و بازو و لێهاتویى خۆیان دەگەنە پپێگەیەکى سیاسىیی، دارایى یان کۆمەڵایەتىی، پێیاندەوترێت (عصامى)، ئەوانەشى لەسەر ئێسک و پروسکى باوک و باپیر و خێزان و بنەماڵەکانیان هاتون و دێنە پێش بە (عظامى) ناو دەبرێن.

یەکەم: عەدالەتى کۆمەڵایەتىی و ڕەخساندنى هەلى یەکسان نەک تەنها بۆ نان و ئازادى، بەڵکو بۆ بەشدارى سیاسیی و ئیدارییش، یەکێک بوو لە پرنسیپ و داوا سەرەکیەکانی بزوتنەوەی گۆران. هاتنە پێشەوەى کەس و گروپەکان لەسەربنەمای پەیوەندی خوێن و خێزان و بنەماڵە (تەوریسی سیاسیی) نەک هەر لە حەرامکراوە سیاسییەکان بوو، بەڵکو بەشێکی گرنگیش بوو لە سیحرى وجودى گۆڕان خۆى. بەڵام ئایا گۆڕان ئێستا ئەتوانێت بەرگری لەم پرنسیپە بکات وەک بەشێکی گرنگ لە خەباتى ڕێکخراوەیی خۆی؟ ئایا ئەو دەرفەتەی بۆ بەدەستھێنانی سەرمایەو دەسەڵات بۆ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا (نماو چیا) ڕەخساوە، هەمان دەرفەت بۆ ھەڵسوڕاوانی تری گۆران بونى هەیە؟

دووەم: ئەم دوکوڕەى نەوشیروان مستەفا کە تەمەنیان نەگەشتوەتە چل ساڵ و جگە لەبەدەستھێنانی بڕوانامە، چ لە دەرەوەو چ لەناوخۆی کوردستان، بۆ یەک سەعاتیش کاریان نەکردوە، بەڵام دواى مردنى باوکیان بون بە خاوەنی ئەو ھەمو سەرمایە دارایی و ئیعلامیی و سیاسییە. پرسیاره‌ جه‌وهه‌رییه‌ ساده‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌: ئەگەر ئەمە تەوریسی سیاسیی نەبێت، چیيە؟

سێیەم: بۆ ئەوەی دەسەڵاتت ھەبێت، مەرج نیە پۆستی فەرمیت ھەبێت. کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا خاوەنى بارەگاى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانن، دارایى گۆڕانیش لاى ئەوانە، چ بەو کۆمپانیا بازرگانیانەى بونەتە خاوەنى و چ بەو پارانەشى لەملاو لەولا دەستیان دەکەوێت، تەواوى دامودەزگا ئیعلامییەکانی گۆڕانیش دیسان بەشێکن لە موڵکى شەخسیان. هه‌مان مۆدێل له‌لای نەوەکانی تاڵەبانی و بارزانی به‌دیده‌كرێت، چونكه‌ زۆربەیان پۆستی حیزبیی و فەرمیان نیە، بەڵام خاوەن بڕیار و دەسەڵاتی زه‌به‌لاحی ناو حیزبه‌كه‌ن.

چوارەم: نەوەی دوەمی کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی و گۆران ،‌ بێ ماندووبوون ته‌وریسی هه‌ردوو كایه‌ی پاره‌ و ده‌سه‌ڵاتیان كردووه‌. پارە و دەسەڵات دوانەیەکی لێکدانەبڕاون، پارە لای کێبێت، دەسەڵات و بڕیاری سیاسیش لای ئەوە.

پێنجەم: جیاوازی تەوریسی سیاسیی پارتی و یەکێتی لەگەڵ گۆڕاندا ئەوەیە: ئەوان بەبێدەنگی و ڕاستگۆیانە مومارەسەی دەکەن، بەڵام گۆڕان و خوێندەوارەکانى مومارەسەی دەکەن، بەڵام سەرقاڵی ئینکاریی و چەواشەکارین.

شەشەم: هەندێک لە شانامەنوسەکانى تەوریسی گۆران لەڕابردودا بەدوو پاساو بەشێک له‌ خەڵکیان لەخشتەبرد. سەرەتا وتیان (ئەم کارانەی کۆمپانیای وشە یاسایین)، وەک ئەوەى زۆربەی گەندەڵییەکان لە کوردستان، بە بەتاڵانکردنى نەوتیشەوە بەیاسا نەکرابن، یان پارتی و یەکێتی تەوریسى سیاسیی و داراییان بەیاسا ڕێکنەخستبێت!

دواتر وتیان (ئەم دوکورە دەستی ئەمینن بۆیە بەناوی ئەوانەوەیە). لەوەڵامدا:

أ‌. لەحیزب و ئیدارەدا، دامەزراوە و یاسا ھەیە كه‌ ساڵانێكه‌ گۆران بۆ حکومڕانی ھەرێم داوای دەکات، دەستەواژەی دەستی ئەمین لەحیزبایەتیدا، زۆر بێماناو چەواشەکارانەیە.

ب. به‌م لۆژیكه‌ بێت سەدان کادیرو سەرکردەی ئەم بزوتنەوەیە (بەھاوڕێ ھەرە نزیکەکانی ڕێکخەری پێشوی گۆران و سەید عومەریشەوە!)، هه‌ر‌ ھەمویان گومانیان لێدەکرێت و تەنھا ئەم دوو کوڕەی نه‌وشیروان مسته‌فا دەستپاک و ئەمینن؟!

ج. لە سیستمی بەڕێوەبردنی دامەزراوە و حیزبایەتیدا، میکانیزمی بۆرد و ترەستی ھەیە و دەکرێ بکرێت بەناوی دامەزراوەیەکی جەستەی حیزبەکە نەک کەسەکان، ئەزمونیش لەم بارەیەوە زۆرە و نزیکترینیان (دەزگای سەردەم)ە. مامۆستا شێرکۆ بێکەس پێش کۆچی دوایی بەفەرمی دەزگاکەی خستە سەر بۆردی دەزگاکە نەک ناوێکی دیاریکراو یان منداڵەکانی وھیچ کێشەیەکیشی دروست نەکردوە.

د- پاشان چی دەبوو ئەگەر کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا ئاوا بەو دەستوبردە گردەکەیان لەسەرخۆیان تاپۆ نەکردایە و هەر بەناوى باوکیانەوە بمایەتەوە؟ دیارە پلانەکە ڕوونە: سەرەتا کۆمپانیاى بازرگانی، دواتر تاپۆکردنى گردەکە و بەدوایدا دەستگرتن بەسەر میدیا و لەکۆتایشدا قوتدانى گۆڕان بە تەواوەتى. بێگومان هەمو ئەمانەش بە پشتیوانى ژمارەیەک "سیاسەتمەداری!“ بەتەمەنی "بەئەزمون و عەبقەری!“ و کۆمەڵێک خوێنەوار و گەنج کە ئێستا له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسیی كوردییدا بەدواى پێناسەیه‌كی نوێی چه‌مكی تەوریسدا دەگەڕێن! هەندێکی تریشیان ئەیانەوێت لێی ڕاکەن و خەریکى خۆ پاکردنەوەن.

کۆى ئەمانەى باسکران ئەگەر لە ڕووە تێۆرییەکەیەوە قسەکردن بێت لەسەر چەسپاندنى تەوریس لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا، پاڵپشت بەم ڕاستیە ڕوون و داتا و زانیارییە حاشاهەڵنەگرانەى خوارەوە، تەوریس لەناو گۆڕان بۆتە یەقین و هەموو ئەوانەشى تائێستا لە گۆڕان ماون ئەو حەقیقەتەیان هەزمکردووە و ڕۆژانە دەست وپەنجەى لەگەڵ نەرم ئەکەن.

یەکەم: خاوەن پشکەکانی کۆمپانیای وشە (نماو چیا)، خاوەنی گردی زەرگەتەن کە ١٢٢ دۆنمەو نرخەکەى بە٦٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. موڵکى سڕفى خۆیانە و بزوتنەوەى گۆڕان لەحەوشەى ئەوان سیاسەت ئەکات و لە ماڵەکەشەیاندا کۆبونەوەى سیاسى ئەکات. له‌دوای كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ چه‌ندین پێشنیاری دۆستانه‌ بۆ ئەم دوکورە کراوه‌ كه‌‌ ڕوونكرده‌وه‌یه‌ك بنووسن و بڵێن: گردەکە موڵكی بزوتنه‌وه‌ی گۆران و گۆڕانخوازانە. بەڵام ئەوان به‌م داڕشتنانه‌ ڕازی نەبون و ئه‌وه‌یان كرد كه‌ خۆیان و گروپه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ریان پلانیان بۆ داڕشتبوو. ئه‌وان گرده‌كه‌ به‌ موڵكی گۆڕان و گۆڕانخوازان نازانن، به‌ڵكو ده‌ڵێن له‌خزمه‌ت گۆڕاندایه‌‌. ئه‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی كرد به‌ كرێچییه‌كی سیاسیی ناو ماڵه‌ تازه‌كه‌ی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا.

دووەم: کارگەی گاسن (چیمەنتۆی بازیان)، ١٥٪‏ بەناوی کوڕی دوەمی نەوشیروان مستەفایە و بەگوێرەی بەدواداچون و زانیاریەکان، بایی ٤٠ ملیۆن دۆلارەو سودی ساڵانەشی بە ٢٢٠ دەفتەر دەخەمڵێنرێت!

سێیەم: بینای چاودێری داراییش لە گەڕەکى بەختیاری و بەشێکی بازاڕی میترۆ دیسانەوە ھی کۆمپانیای وشەیەو ئەم کۆمپانیایەش بەناوی ھەردوکەسی ناوبراوەوەیە.

چوارەم: کۆمپانیای ناوبراو خاوەنی کەناڵى کەی ئێن ئێنیشە. ھەرسێ سایتی سبەى و پەیسەر و زەمەن و گۆڤاری پەیسەرو ڕۆژنامەی زەمەنیش ھەر ھی کۆمپانیای وشەیە.

پێنجەم: بەڕێوەبەری کەناڵی کەی ئێن ئێن و تەواوى ئەو دەزگایانەى سەر بەکۆمپانیاى وشەن بە فەرمانى کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا دادەنرێن. لە مانگی ٧ی ٢٠١٨دا، ڕێکخەری گشتی سەید عومه‌ر (ڕاستتر وەصی) و خانەی ڕاپەڕاندن، لەکۆبونەوەیەکی خانەدا، بڕیاری لادانی ئەم بەڕێوەبەرەی کەناڵى (کەى ئێن ئێن)یان پەسەندکردوەو بەڕێوەبەری نوێشیان دیاریکردوە، بەڵام فەرمانەکە لەلایەن کوڕی دوەمی نەوشیروان مستەفاوە هەڵوەشێنراوەتەوە.

شەشەم: بۆردی کۆمپانیای وشە سەرپەرشتی ئیعلام دەکات و بەگوێرەی زانیارییەکان كۆمپانیای وشە دو بۆردی ھەیە: بزنس و ڕاگەیاندن. ھەریەکێک لە کوڕەکان سەرپەرشتی یەکێک لەبۆردەکان دەکات.

حەوتەم: کۆمپانیای وشە حیزبە لەناو حیزبداو گۆران بارمتەیە لەلای کۆمپانیای وشە. ئەم کۆمپانیایە ھەمیشە ڕەھەندێکی بازرگانی ھەبوە. (دەشێ بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە، کاک عه‌لی حەمە ساڵح وەڵاممان بداتەوە کە بۆچی لە ٢٠١٥/٢/٨، بەئامادەبونی نەوشیروان مستەفاو کوڕی دوەمی لەماڵەکەی خۆیدا لەگردی زەرگەتە ، کاک علی بێدەنگی بکات سەبارەت بە گەندەڵیەکان و بەھەدەردانی سامانی گشتی لەلایەن وەزیری ئەوسای دارایی گۆران ، ڕێباز حەملان؟!).

دوای ئه‌م هه‌موو فاكتانه،‌ ده‌شێت هه‌موو (سیاسیی) و (خوێنەوارەکانی) گۆڕانی گرده‌كه‌ یاخود سکرتێرەکانی (کۆمپیوتەری شەخسی!) پێمان بڵێن: کام ھەڵسوڕاوەی گۆران بوو بە خاوەنی لەسەدا یەکی سەروەت و دەسەڵاتی ئەم دوو کوڕە، تاوەکو ئێوە بەراوردیان بکەن بە ھەڵسوڕاوەکانی تری بزوتنەوەکە؟! ئەگەر مەسەلە تەوریس و مانەوەى دەسەڵات و سەروەت نەبێت لە باوکەوە بۆ کوڕ، ئەم سەروەت و سامانەیان لەکوێ بوو؟ یان بەچى گەیشتنە ئەو پێگە سیاسییەى، وەزیر و پەرلەمانتار و دەیان خاوەن پۆستى باڵا وشەهادەدارو چەندین کاندید و خاوەن سیڤی بۆ پۆستە حکومیەکان لەدەوریان بسوڕێنەوە؟

دەرەنجام: دژایەتی دەسەڵاتی خێزان و بنەماڵە سیاسییەکان و تەوریسی سیاسیی، لەبنەما ھەرە سەرەکیەکانی بزوتنەوەی گۆران بون. قەراربو نەوشیروان مستەفا کۆمپانیای وشە بۆ خزمەت نەوەی سیاسیی و پرۆژەی سیاسیی بخاتەگەڕ، بەڵام وادیارە هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌پێناو ئه‌م به‌هایانه‌دا خه‌باتیان ده‌كرد و تووشی ئه‌شكه‌نجه‌ و سزادان بون، ھەڵەبوون. هه‌ڵه‌بوون، چونكه‌ ھەمو سامانه‌ مەعنەوی و ماددیەکانی وشە بۆ نەوە بایۆلۆجییه‌كه‌ی رێكخه‌ری گشتی پێشو به‌جێمان، نه‌ك بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كه‌ له‌ ده‌وری گوتاره‌كانییدا كۆبوبونەوە. بە ھەموو پێوەرەکان، ئەم واقیعه‌ تاڵه‌ش پێمان ده‌ڵێت، ئەوەی لەناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ڕویداو ڕودەدات، تەوریسی سیاسیی و داراییە بە پلەی ئیمتیاز و بێگومان لە فۆرمە ھەرە خراپەکەشیدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×