مەلا بەختیار و بەرھەم سالح، لە نێوان خەبات و نیفاقدا

جەواد سەعید
  2019-08-10     2019

ماوەیەکە جولەکانی مەلا بەختیار لە دەرەوەی کۆبونەوە فەرمییەکانی یەکێتی و گەرموگوڕی ئۆڕگانەکانی یەکێتی، ئەگەری کۆنگرە و مشتومڕی باڵەکانی ناو یەکێتی  چڕتر کردۆتەوە، ناوەناوەش قسە فڕێدەدرێتە ناو میدیاکانەوە کە نییەتی سڕکردنی مەلا بەختیار ھەیە و گوایە بەرھەم سالح گەرەکیەتی پەیڕەوی یەکێتی بەسەردا بسەپێنێت بە بیانوی ئەوەی ھێرش دەکاتە سەر سەرکردەکانی حزبەکەی، لەبەرامبەر ئەمەشدا پێشمەرگە دێرینەکان و کادیرە دڵسۆزەکانی یەکێتی بێدەنگییان ھەڵبژاردووە، لەلایەکی ترەوەش ھەندێک لە نزیکەکانی بەرھەم سالح، لە میدیاکانەوە تانە لە مێژووی مەلا بەختیار دەدەن و دەیانەوێت ڕابوردوی بەتاڵبکەنەوە، بەندە، گەرچی ڕەخنەو تێبینی زۆرم لەسەر جولە سیاسیەکانی مەلا بەختیار ھەیە و لەڕابوردوش ڕەخنەی زۆر توندم لێگرتووە، بەڵام کاتی ئەوە ھاتووە ساغبکرێتەوە کێ پاکەو کێ پیسە؟ کێ ڕابوردوی گەشەو کێش ڕابوردوی ڕەشە؟ کێ خەمخۆری یەکێتی بووە و کێش بۆ یەکێتی بویتە بەڵا؟ فەرموون کوێشتان پێباشە ئامادەم ڕووبەڕوو  تاکو ئەو پرسانەتان لەگەڵ یەکلایی بکەمەوە.


یه‌کەم بینینی مه‌لا بەختیار و بەرھەم سالح

زستانی (١٩٧٧)، سەرکردایەتی کۆمەڵە، (مەلا بەختیار)یان ڕاسپاردبوو لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگە بەمەبەستی ئەنجامدانی جەولەیەک بۆ وراتی کۆیەو دەشتی ھەولێر، ئەوکات جەولەکردن و مانەوە لە لادێکاندا ئێجگار زەحمەت و مەترسیدار بوو، کەم جەولە ھەبو بێ کەوتنە کەمین و شەڕ تەواو بێت. ئەو پۆلە پێشمەرگەیە، بە نیازی مژدەی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕش و خەباتی بەرگری، ئێوارەی یەکشەمە ٢٥ لەسەر ٢٦ی مانگی ١٢، ڕوو دەکەنە گوندی (کونەگورگ)ی دەشتی کۆیە، (کونەگورگ) دەکەوێتە نێوان جادەی کۆیە و تەقتەق، لە درەنگانی شەوداو لەکاتی پشوو، لەسەربان لە لوولەی دوکه‌ڵکێشه‌وه‌ بە نارنجۆک و لە حەوشە بە کلاشینکۆف دەستڕێژیان لێدەکەن، ئیدی لەو ماڵەدا شەڕی دەستەو یەخە گەرم دەبێت، لەئاکامدا پێشمەرگەیەک شەھید دەبێ و مه‌لا بەختیار و دوو پێشمەرگەی تریش بریندار دەبن، ڕوودانی ئەم کارەساتە لەسەرتای دەستپێکی جەولەکەیاندا نەک ھەر پاشەکشەیان پێناکات بەڵکو موکوڕتریان دەکات بۆ گیانی تێکۆشانو بەرگریکردن، ئیدی خۆیان کۆدەکەنەوەو بۆ بەرەبەیان ھاتنە گوندی (شیواشۆک)، دوای ئەوەی لە ماڵی (مامە قالە) تیکە نانێکیان خواردو بە شەکەت و ماندوبون و برینداریەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە حزبییەکەیان بەرەو گوندەکانی دەشتی ھەولێر کەوتنەڕێ، دوای چەند ڕۆژێک، لەگەڕانەوەیاندا، عەسرێکی درەنگ بەر لە بانگی مەغریب ھاتنەوە (شیواشۆک) و خەڵکی گوندیان لە مزگەوت کۆکردەوە، لەسەر سەکۆی مزگەوتەکە گەنجێکی باڵا بەرز دەستی بەقسەکردو وتی من مەلا بەختیارم، ھاتوین بەرگری لە خاکی کوردستان بکەین و مافەکانی گەلی کوردستان دەستەبەر بکەین. بۆ من ئێوارەیەکی خۆشبوو و یەکه‌مجاریش دوای شۆڕشی ئەیلول پێشمەرگە ببینمەوە، مەلا بەختیاریشم بۆ یەکەمجار ئاوا بینی.

 

پێشتر چەند جارێک دووربەدووری (به‌رھەم سالح)م بینیبوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی لە پیاسەکردنی شەقامەکانی ئەوروپا  و جەولەکانی نێوان ( لەندەن و واشینتۆن) و بەخشینی چەند پۆستیکی باڵا پێی لەبەرامبەر ھیلاکی و مەترسییەکانی ناو فڕۆکە.
 بۆ یەکەمجار لە پایزی (٢٠١٦) لە ھەولێر لە کەشێکی گفتوگۆدار و باسکردنی کیشەکانی یەکێتی، لە ماڵەکەی خۆی بەرھەم سالحم بینی، لەو دیدارەدا ھێشتا ژانی دۆڕاندنی پۆستی سەرۆککۆمار لە بەرامبەری دکتۆر فوئاد بە ڕوخسارییەوە دیاربوو، زۆر شپرزەو بێ میزاج دیاربوو، ھەستم دەکرد بە جەستە لەگەڵ ئێمەیەو بە خەیاڵیش لەناو کۆشکی کوماری پیاسەدەکات، ناوەناوە ئایپادەکەی دەستدەدایەو دەیگوت "من پڕۆژەم بۆ چارەسەری کێشەکانی یەکێتی نووسیوە کەچی ھەندێک کەس دەڵێن شینی بۆ پۆستی سەرۆککۆمارە"، ھەندێکجاریش مات و بێدەنگی باڵی بەسەردا دەکێشا، دوای ماوەیەک لەناکاو دەکەوتەوە قسەو دەیگوت " ئیش لەگەڵ ئەو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییە ناکرێت، ئەوانە ھەر خەریکی پشکپشکێنەن، یەکێتی کۆمەڵێک مافیای قاچاخچییەتی نەوت و دەرمان بەڕێوەیدەبات"، منیش پوختەوجوان گوێم بۆ شلکردبوو، گەرچی قسەی ھەندێک کادیرم دەھاتەوە یاد کە دەیانوت (ئەو پیاوە زۆر بڤەیە ئەوەی لێی نزیکبێتەوەو متمانەی پێبکات، جگە لەوشەزانی چیتر نازانێ، ئیدی منیش کەوتمە ناو بیرکردنەوە و خەیاڵێکی قووڵەوە، ھەردوکمان ھەر بەجەستە لەکن یەکبوین و بەھۆش لە دنیایەکیتر بووین، ھۆشی من لای چاکسازی و ھۆشی ئەویش لای سەرۆککۆماری.


پاسپۆرتی شەھیدبون و پاسپۆرتی بەڕێکردن

ھەموو ئەوانەی لە ڕێکخستنەکانی ناوشار کاریاندەکرد، چاک دەیانزانی گەر دەستگیربکرێن لەلایەن حکومەتی بەعسەوە لەدوو ئەگەر زیاتر نەبوو، یەکەمیان ھیچ نەدرکاندن و ئازاد بوون بەشەتوگێڕی، دووەمیان درکاندن و ئیعدام، ئەگەری سێیەمی نەبوو کە ھاتوچۆی دەرەوەت پێبکەن و بتبەنە قوتابخانە و بتھێننەوە، پاشان بڵێن فەرموو ئەوە پاسپۆرت و ڤیزە و بە حورمەتەوە بەرەو ئەوروپا بەڕێتبکەن. بەرھەم سالح لە ساڵی (١٩٧٩) گوایە ئەندامی کۆمەڵەیە و دەستگیردەکرێت، ئەوکاتەی لە زیندان دەبێت ڕێگای دەدەن بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی بکات، دوایی ئازادی دەکەن و بە  پاسپۆرتەوە بەڕێیدەکەن بۆ بەریتانیا تاکو ئەو دکتۆرەی ئێستای لێدەرچێت. کوڕی خەڵکیش کە دەستگیردەکرا، گەر ئیعتیرافیشی نەکردایە ئەوا دوای ئازادبونی بۆ چەند مانگێک لەبەر برینەکانی جەستەی لە پێست دەگیرا یان زیندانی ئەبەدی دەکرا یان ئیعدام دەکراو پاسپۆرتی شەھیدبونیان دەدایەوە کەسوکاری نەک پاسپۆرتی بەڕێکردن بۆ دەرەوەی ووڵات.
برینەکانی جەستەی لە پێست دەگیرا یان زیندانی ئەبەدی دەکرا یان ئیعدام دەکراو پاسپۆرتی شەھیدبونیان دەدایەوە کەسوکاری نەک پاسپۆرتی بەڕێکردن بۆ دەرەوەی ووڵات.



ئاڵای شۆڕش و ھاوپەیمانی
بیری ئاڵای شۆڕش لەسەرەتای ھەشتاکانەوە چەکەرەیکرد، ناوی ئاڵای شۆڕش لەو گۆڤارەوە وەرگیرا کە شەھید ئارام بۆ تەرحکردنی  مەسەلە فکری و فەلسەفییه‌کانی ناو کۆمەڵە دەریدەکرد. دوای شەھیدبونی کاک ئارام کۆمەڵە بێ سەرکردە مایەوە بەڵام بەرگری لە فکرو ستراتیجی کۆمەڵە لەلایەن ھاوڕێکانی شەھید ئارامەوە بەردەوامی پێدرا، ئەو بەردەوامییە ئاڵای شۆڕشی دروستکرد، ھێندەی نەبرد کادرو سەرکردەکانی کۆمەڵە کەوتنە بەر شاڵاوی کوشتن و گرتن، مه‌لا به‌ختیار (١٩٨٥) وەکو کەسی یەکەمی کۆمەڵە دەستگیرکراو بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە (یاخسەمەر) نزیک بارەگای سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە زیندانکراوی مایەوە، پاشان گواستیانەوە بۆ مەڵبەندی (٣).
مانگی (٩)ی (١٩٨٧)، ئێوارەیەک بەر لەخۆر ئاوابون، مەفرەزەیەک بەسەرپەرشتی مامۆستا بەکر (بەکر مستەفا)، سەرتیپی (٩٣)ی کۆیە بەرەو بارەگای مەڵبەندی (٣) دەھاتن، ئەو ڕۆژە نۆرە چێشت دروستکردنم بوو بۆ مقەڕ، کەسێکی بێ تاقم وتفەنگ لەگەڵ مەفرەزەکەدا بوو و ووتیان ئەوە مەلا بەختیارە و بیبەنە ژورەوە، مەلا بەختیار ڕانکوچۆخەیەکی قاوەیی لەبەردا بوو، قژی زۆر کورتکردبۆوە  و کڵاوێکی لەسەردا بوو، جگە لە ڕادیۆیەکی تۆشیبای بچوک چیتری پێنەبوو، خواردن دانرا، من بەھۆی خواردن دروستکردن ئیشتیھای خواردنم نەمابوو، بینینی ئەو شێوەیەی مەلا بەختیاریش ھێندەی تر سەرو دڵی گرتم، بۆ نانخواردن فەرموومان لە مەلا بەختیار کرد، ووتی نان ناخۆم و پشتی بەدیواردا و ڕادیۆیەکەی داگیرساند و گوێی لە ھەواڵی مۆنتیکارلۆ گرت. دوای شاڵاوەکانی ئەنفال کشاینەوە سەرسنور، ئیدی من لەوێ بۆ ماوەی ساڵێک بوم بە سەجانی (پاسەونی) تا ئەوکاتەی ئازاد بوو، ھاوڕێیەتی کاک بەختیار و من لەوکاتەوە دەستی پێکرد.
پاش نزیکەی (٣٥) ساڵ لە دروستکردنی ئاڵای شۆڕش، بەرھەم سالح، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دامەزراند، گوایە کێشەی لەسەر خاوەنداریەتی و بەڕێوەبردنی یەکێتی ھەیە، وەکو ئەوە وابێت ( خۆی یەکێتی پێگەیاندبێ و نمونەیەکی جوانی ئیدارەدانی لەناو یەکێتی پێشکەشکردبێت و توخنی سەفەقاتی بازرگانی و پشکپشکێنەی نەوت و کۆمپانیاکان نەکەوتبێت)!
لەو ماوەیەی پێشودا پەیجێکی سەر بە بەرھەم سالح نامەیەکی ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفای بڵاوکردەوە کە لەسەردەمی ئاڵا شۆڕشدا بۆ مەلا بەختیاری نووسیوە، لەونامەیەدا مەلا بەختیار بە  خەت مائیلی حزبی ترو وەرگرتنی ھاوکاری لەلایەن دەولەتانەوە تاوانبار دەکات، سەیرە دووڕوویش بگاتە ئەو ئاستە، ئێ کاکە مادام ھەرباسی ھاوکاریتان دەکرد باسی ئەو ملیۆنان دۆلارەشتان بکردایە کە ھاوپەیمانی لە لایەنی تر وەریگرتبوون یان چی قەیدیبوو باسی ئەوەشتان بکردایە کە شەوی پێش کۆنگرەی ھاوپەیمانی بەرپرسانی تورکیا لە کوردستان تەلەفۆنتان بۆ دەکەن و دەڵێن ناوی (دە) پاڵێوراو بۆ ئەندامی ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی تەئیدی ڕای پەکەکە دەکەن، قبولمان نیە بۆیە لایانبەن، بەرھەم سالحیش بیانوی ئەوە دێنێتەوەو دەڵێ کاکە من پەیوەندی شەخسیو خێزانیم لەگەڵ ئۆدوغان ھەیە و ڕاوێژکارەکەی زۆر ھاوڕێمە، کە دەچمە تورکیاش لەماڵەوە مێوانداریم دەکەن.
بێویژدانی و دووڕوویی یەکێتی لەوەدایە کاتێک مەلا بەختیار بە تفەنگ و ڕادیۆیەکەوە ویستی حزبێک دەمەزرێنێ‌و لەوەتەی ھەشە بەرگری لە بیروباوەڕو چەپیەتی خۆی دەکات کەچی یەکێتی زیندانی دەکات، دکتۆری عەلمانیش، یەکێتی بەودەردە بردو حزبێکیتری 
 ئیسلامی بۆ زیادکردین، کەچی ێەکێتی خەڵاتی دەکات! ئاخۆ دەبێ چارەنوسی یەکێتی چی به‌سه‌ربێت گەر بکەوێتە دەستی ئەمانە؟

دیبلۆماسییەتی جەنابی سەرۆک
لەوەتەی ئەو پیاوە لەناو یەکێتی کاردەکات بێجگە لە نەھامەتی و ماڵوێرانی ھیچ ئیزافەیەکی پۆزەتیڤی بۆسەر مێژووی یه‌کێتی نەکردوە. کاتێک کە نوێنەری یەکێتی بوو لە ئەمریکا نەیتوانی کارێکی ئەوتوی دیبلۆماسی بۆ حزبەکەی ئەنجام بدات و نە توانیشی دۆستێکی باشیشی بۆ پەیدا بکات. لە (٣١) ئابدا (مام جەلال)ی ڕەوانشاد زۆر نیگەران دەبێت لەوەی نەکو حکومەتی عێراق ھێرش بۆ سەر ھەولێر ئەنجامبدات، بۆیە ناچار پەنا بۆ جەنابی دکتۆر دەبات بۆئەوەی قسە لەگەڵ ئەمریکاییەکان بکات، ئەویش بە مامی دەڵێت خەمت نەبێ قسەم لەگەڵ کردوون و دەڵێن ئەگەر عێراق ئەوکارە بکات ئەوا لێیدەدەین، مامیش بروسکەیەک بۆ مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر دەکات و بۆیان دەنوسێ " خزمانی ئەمریکا دەڵێن ئه‌گەر عێراق پەلاماری ھەولێر بدات لێیدەدەین، خۆزگە عێراق ئەوە دەکات گایەک دەکەمە خێر، بەڵام ئەگەر ھەر فڕۆکەیەکی عێراق کەوتە خواره‌وە ئێوە وابکەن فڕکەوانەکە بە زیندویی بگرن". 
پەلاماری ھەولێر دراو ئەمریکاش ھەست‌و خوستی نەکرد، پێدەچوو کاکی دیپلۆماتکار بەڵێنەکانی ئەمریکای لە گیرفانی خۆی دەرھێنابێت، لە ئەنجامدا نزیکەی (٧٠٠) پێشمەرگەی یەکێتی شەھید بوون و یەکێتیش خۆی لە (زەڵێ) سەرسنور دیتەوە.
دوای دروستکردنی ھاوپەیمانی، بەرھەم سالح پێی دەگوتین خەمتان نەبێت لە ئێوە حەرەکەت و لە منیش بەرەکەت، ئەوروپا و ئەمه‌ریکامان لەگەڵە، بە ئیزنی خوا لەم ھەڵبژاردنە گۆڕانکاری ڕیشەیی و گەورە دەکەین، چیتر ئەم وڵاتە بە پشکپشکێنەو قۆرغکاری بەڕێوە ناچێت. 
ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، ئەو پێیوابوو سەروی(٢٠) کورسی دەھێنێت و بەشانوشەوکەتی خۆی سەرۆککۆماریەکە بەدەستدێنێ، کەچی نە خەڵک متمانەی پێکردو نە ئەمریکاش، لە ئاکامدا کاکم بەجڕه‌جڕ بە دوو کورسی دەرچوو، تومەز ئەو ھەڵسوکەوتانەی لەگەڵ ئێمەی دەکردو ئەو بەڵێنانەی بە ئیمەی دەدا، کاتی خۆشی کە لە ئەمریکا بووە ھەمان شتی لەگەڵ ئەوانیش کردووە بۆیە بەو پەندەیان برد. ھەرکە فیشەکەکەی چروکی کرد بەپەلە خۆی گەیاندەوە یەکێتی و وتی دەخیلتانبم ئەوەی من کردم ئێوە مەیکەن، ئێوە بمکەن بە سەرۆککۆمارو منیش ھاوپەیمانیتان بۆدەکەمە ئاردی ناو دڕک و ئەوەی لەسەر منیش نانبڕاکرا بە قوربانی ئێوە بێت، لە ھەمووی عەجایبتر، دوای ئەوەی بوو بە سەرۆککۆمار، دوو ھاوڕێی نزیکی خۆی چوبونە لای و لێیان پرسیبو پاش ئەو ھەموو دروشمە قەبانە بۆ گەڕایتەوە ناو یەکێتی؟ لەوەڵامدا وتبوی کێ دەڵێ من یەکێتیم، بیستوتانە قسەیەکی خێر بۆ یەکێتی بکەم؟ تەنھا لەمەیان دکتۆر ڕاستی فەرموە.
 ڕۆژێکیان لە گەڵ بەرھەم سالح لەناو سەیارە کەوتینە گفتوگۆیەکی توند، ھاوڕێیەکی تریشمان لە پشتەوە گوێی لێگرتبوین، خیلافی زۆرمان ھەبوو، من وتم ئێوە ھیچ پڕژەیەکتان نیە، باوەڕتان بە دیموکراسی نیە و تەنھا خەڵکی ماستاوچیتان خۆشدەوێ، جەنابی دکتۆر لەو قسانەم نیگەران بوو، پاشان لای یەکێک گلەییشی لێم کردبوو، ئیتر دوای ئەو قسانەم داما، لەپڕو بێ مناسەبە وتی ھاوڕێی من لە حکومەت دووردەخەنەوە؟ (ئەوکات تازە بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دۆستێکیان لە پۆستی حکومەت بەخشیبوو) وەعد بێت (نێچیر و قوباد) لەپۆستەکانیان دوورخەمەوە، منیش ئاوڕێکم لەھاوڕێکەمان دایەوە و سەیرێکی به‌رھەم سالحم کردو وتم ئەم قسەیەت زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەوکارە چۆن دەکەی؟ ئایا بەھێزی ناوەوە یان بەھێزی دەرەوە ئەنجامی دەدەی؟ ئەویش وتی ھەردوکیان، منیش ھیچ کۆمێنتێکم نەداو تەنیا قسەیەکی (عەلی قەرەدەرە)م بیرکەوتەوە کە دەڵێ " مناڵ بووم، لەھەشتاکان، لە(پردێ) یاری تۆپێنمان دەکرد، کۆپتەریش لەوناوە دەسوڕایەوە، منیش شه‌قێکم لەتۆپەکە ھەڵداو تۆپیش تا ناو کۆپتەرەکە نەوەستا، زابتی ناو کۆپتەرەکەش زانیبوی ئەوە تۆپی منەو ھەندێک پارەی لە تۆپەکە بەستابوو و شەقێکی لە تۆپەکە ھەڵدابۆوەو کاتێکم زانی تۆپ بەپارەوە ھاتەوە ژێر پێم! عەلی قەرەدەرە پیاوێکی بەتەمەنە، لە یوتیوب بۆ خۆشی قسەی لەو جۆرە دەکات.



سیاسەت و ئەخلاق
ئەفلاتوون، فەیلەسوفی بەناوبانگی یۆنانی دەڵێ "سیاسەت و ڕەوشت لێک جیاناکرێنەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ڕەگێکی بەھێزی ھەبێت، سیاسیەکان دەبێت ڕەوشتیان ھەبێت"، ھەروەھا دەڵێت سەرکردەکان ناتوانن لە دەسەڵات بەردەوام بن و بەبێ پشتیوانی ھێزی خەڵک دەڕوخێن، گەرچی ماکیاڤیلی دەڵێ " بۆئەوەی بگەی بەدەسەڵات ھەرچی پێت ڕاستبوو بیکە"، پرۆفیسۆر (مایکل وەلزەر) ھەمان بۆچونی ماکیاڤیلی ھەیە و دەڵێ " بۆئەوەی بە ئامانجی خۆت بگەی پێویستە دەستەکانت پیس بکەی". بەڵام پڕۆفیسۆر (دێنیس تۆمسن) لە زانکۆی ھارڤەرد و دامەزرێنەری سەنتەری ڕەوشت، پێیوایە کەسی سیاسی دەبێت ڕەوشتی بەرزتر بێت لەچاو خەڵکی ئاسایی، ئاگومێنتی بۆ ئەو نەزەریە ئەوەیە " سیاسی بێ ڕەوشتبەرزی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و کەمتەرخەمی بەرپرسیاریەتی دروستدەکات". ئەمەش بە تازەترین و باشترین مەفھومی سیاسەت دادەنرێت.
ئەوەی بەرھەم سالح کردی، ماکیاڤیلیش حەدی نییە شان لەشانی بدات، کارێکی وایکرد نە ھیچ کەسێک زاتی ئەوە بکات حزبێکی نوێ دروستبکات نە کەسیش متمانەی بە حزبی تازە ھەبێت، پێی گوتین چی دەکەن بیکەن، خۆتان بتەکێنن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجی خۆتان،  وایلێکردین تەنانەت نەتوانین بە خزم و ھاوڕێکانیشمان بڵێین ( حورمەتمان بۆت ھەیە) چونکە باوەڕمان پێناکەن و گاڵتەمان پێدەکەن!

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×