داڕووخانی بەشێ لەگوتاری ئاینی لەکوردستاندا

ئەبوبەکر عەلی
  2019-08-17     532

هێرشی توند و بەزمانێکی یەکجار نزمی مامۆستایەکی ئاینی بۆسەرمامۆستایەکی ترو خانمێکی گۆرانیبێژ ، کەتەنها نمونەیەکە لەوەی لەبەشێ لەناوەندە ئاینیەکەدا و بەتایبەتیش ئەوبەشەی کاریگەرە بە سەلەفیەت ڕوودەدات ، ئاماژەیە بەئەوداڕووخاوی و قەیرانە قوڵەی  بەشێ لەم گوتارە بەدەستیەوە دەناڵێنێ . ناوەڕۆکی ئەم گوتارە ، بەڕوونی کاریگەری ڕەوتێکی بیابانگەرایی  عەرەبی لەتێگەیشتنی ئیسلامی پێوە دیارە ، هەربۆیە زمانی دەربڕین و گەیاندنیشی ڕەنگدانەوەی ڕووە دواکەوتوو خراپەکەی خێڵەو ڕەچاوی سەرەتا دینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان ناکات . ئەوەش دەیسەلمێنێت ، کەگوتارەکە گەرچی بەناوی دینەوە پێشکەش دەکرێت ، لەجەوهەردا نادینی یە لەبەرئەوەی لەدوورو نزیکەوە پەیوەندی بەو شێوازانەوە نیە قورئان  بۆبانگەشەکردنی خەڵکانی ناموسوڵمان دەستنیشانی کردوەو دانی پێدا ناون ، کەلە(الحکمة ، الموعظة الحسنة وجدال بالتي هي احسن) دا بەرجەستە دەبن ، چجای دواندنی موسڵمانێ با تۆ بەگوناهباریشی بزانی . ئەم گوتارە جگە لەنامۆبوونی بە چەندان دەقی دینی ، بەتەواوەتیش لەوگوتارە ئیسلامیە کوردییە خۆماڵیە نامۆیە ، کە لەمێژوودا دەربڕی کارلێکی کورد لەگەڵ ئیسلام ئەو میانەڕەوی و لێبوردەییە ئایینی و کۆمەڵایەتیە جوانەیە لێی کەوتۆتەوە ، کەمامۆستا فاتیح شارستێنی_ لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ هەموو ئەوشتانەدانین دەیانڵێت_یەکێ لەو خەتیب وبانگخوازانەیە سەربەم قوتابخانە دیندارییە کوردەواریە جوانەیە و بۆن وبەرامەی ئەوی لێ دێت و شایستەی ڕێزگرتنە و هێرشکردنە سەری بەو جۆرە تاوانێکی دینی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیە . ئەم گوتارە بەو ئەندازەی دژبە کۆمەڵگەو هەموو ئەوکەس وناوەندانەیە بەئامانجیان دەگرێت ، دژبەخودی دین و بانگەشە ئیسلامیەکەشە لەکۆمەڵدا ، چونکە دەچێتە خزمەت زیاتر بەدبینکردنی بەشێ لەنەوەی نوێ بەرامبەر بەئاین و بیانووش بەدەست هەندێ کەسەوە دەدات ، بۆ پەلاماردانی ئیسلام و کۆی ئەوچالاکی و هەوڵانەش بەناوی بوژانەوەی بەهائیسلامیەکانەوە دەیانەوێت خزمەت بەڕووە ئیسلامی و ڕووحی و ئەخلاقیەکەی کۆمەڵگەبکەن . لەڕوویەکی ترەوە جگەلەوەی سیمایەکی دژە ئازادی ، وەك مەعروفێکی سەردەم بەگوتاری بانگخوازی و دینی دەبەخشێت ، لەجیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی داڕووخانی بەشێ لە زمانی  سۆشیال میدییاش ببێتەوە ، کەداڕووخاویی سیاسەت لەقۆناغی ڕابردوودا خوڵقاندویەتی ، هەمان شێواز بەناوی ئاینەوە دووبارە دەکاتەوە !! کە ئەوەش تاوانەکەی چەند قاتە ، چونکە خراپەیەکە لەژێر بەرگی پیرۆزیدا ئەنجام دەدرێت ، جۆرێ لەڕەوایەتی پێدانی ئاینیش بەو زمانە نەشیاوەی سۆشیال میدیا کە ئاماژەمان پێکرد دەبەخشێت ! لەکاتێکدا ئاین دەبێت وەك سەرچاوەیەکی ئیدانە کردن و ئیسڵاحیی هەمییشەیی کردەو شێوازە نائەخلاقیەکان بمێنێتەوە . ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین پڕە لە ڕق و خۆپەرستی و شەڕو نائومێدی ، ڕۆڵی ئاین بانگەشە بۆشەڕو زبری و کینەو هەست بریندارکردن و سەپاندنی فۆڕمێ لەژیانی کۆمەڵایەتی مێژوویی نیە ، کەلەمێژووشدا پانتاییەکی مێژوویی کەمی بەردەکەوێت . وەزیفەی ئاین شەکەتی دەرکردنی مرۆڤی ماندووی سەردەم و بەخشینەوەی ڕێزو سۆزو خۆشەویستی و گیانی فرەیی یە ، کەمکردنەوەیە لەگرژی و کێشەکان ، نیشاندانی ئاسۆی لێخۆشبوونی بێ سنوری خواییە بۆگوناهکاران . نەك لەمیانەی ڕەفتارێکەوە کەتۆ بەگوناهی دەزانی یاخود هەر لەبنەڕەتدا گوناهە ،حوکم بەسەرئاین و کۆی کەسێتی و دنیاو قیامەتی مرۆڤێکدا بدەی !! وەك ئەو مامۆسایە بەرامبەر ئەو خانمەو تەنانەت مامۆستا فاتیحی بانگخوازدا کردوویەتی . لەگەڵ ئەوەشدا کەداوای لێبوردنی مامۆستاکەو پەشیمان بوونەوەی لەهەندێ دەستەواژە ی و داننانی بەنەشیاو بوونیان لەڕووی شەرعی و کۆمەڵایەتیەوە شتێکی باشە وەدەکرێت خاوەن مافەکان لەو کەیسەدا قبووڵی بکەن ، مەسەلەکە بەمە کۆتایی نایەت و ناشبێت کۆتایی بێت . چونکە کێشەکە ڕووداوێکی دابڕاوو تێپەڕنیە ، بەڵکوئاماژەیە بەکێشەیەکی گەورەترو ڕێبازێکە لەتێگەیشتن لە دین و شێوازێکە بۆ تێگەیشتنی ئیسلام و گەیاند ن و پیادەکردنی و چەندان مامۆستاو خەڵکی جۆراو جۆر لە پشتیەوەتی و بۆ بەدبەختیش لەساڵانی ڕابردوودا دەسەڵاتیش پشتیوانی کردووە !! هەندێ ڕێوشوێنی ڕواڵەتی بەرامبەر هەندێکیشان بووە بە میکانیزمێ بۆ بە ئەستێرە بوونیان و کردنیان بەپاڵەوانی شاشەو سۆشیال میدیا ، کەفیتنەیەکی ڕاستەقینەو سەرچاوەو هۆکارێکی سەردەمیانەی  لەڕێ لادان و شێواندنی بەشێ لەگوتاری بانگخوازی یە . وەناتوانین دڵنیابین لەوەی بەشێ نەبێت لەهەمان پشتیوانی پێشوو بەجۆرێکی تر . بەگشتیش لەبەرئەوەی هەر وەك وتمان ئەمە قوتابخانەیە ، ڕەوت و دیاردەیە ، وەلەهەمان کاتدا مەترسیە بۆ سەر ڕۆحی ئیسلام و دینداریی کوردەواری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی توندوتیژی لەداهاتوودا ، پێویستە  ببێتە جێگەی بایەخ و قسە لەسەرکردنی ناوەندە ئیسلامی و زانایی و فیکرییەکەی کوردستان . چونکە بەجێهێشتنی بێ ڕەخنە لێگرتن و لەسەروەستان و ڕاوەستاندنی فیکریی و زانستی ، مەترسیەکانی چەندقات دەکاتەوەو چارەسەرەکانیش قورستر دەبن . ماوەتەوە بڵێین لێپرسراوێتی بەشێ لەوەی لەم  ڕوەوە ڕوودەدات ڕوودەکاتە ئیسلامیەکان و بەتایبەتیش یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەلەڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاوی لەپاشەکشەکردن بەوگوتارە هەبووە ، لەوسۆنگەوەکە بەهۆی درێژەدانیان بەشێوازێکی چەقبەستوو لەکارکرندا ، وەبەکارهێنانی بانگەوازو بانگخوازان و ئیستهلاککردنیان وەك ئامراز بۆ سیاسەتێکی شکستخواردوو ، وەبەپاشکۆ مانەوەی بانگەواز بۆکاری حیزبی و سیاسی و سەربەخۆنەکردن و ئەولەویەت پێنەدانی ، وەڕانەماڵینی پاشماوەکانی هەندێ ڕوواڵەتی سەلەفیەت لەناو خۆیانداو درێژەدان بە پێشکەشکردنی بانگەوازو بابەتی ڕوحی لەبەرگی حیزبدا  و نوێ نەکردنەوەی زمان و شێوازو میکانیزمەکان ، کەمرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردستان تێی پەڕاندووەو کاریگەری بۆنزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە ، بۆشاییەکی ڕاستەقینەیان دروست کردووە ، بەشێکی بەرچاوی بۆشاییەکەش لەلایەن کۆمەڵێ بانگخوازو پڕکراوەتەوە ، کەهەڵگری گوتارێکی دینی وشك و توندن . لەڕووی فکریشەوە جگە لەهەندێ دەنگی تاکەکەسی سنوردا ڕۆڵێکی وایان لەڕەخنەلێگردتنی ئەم فیکرو گوتارەدا نیە . بەڵکو هەندێ جار موجامەلە دەکەن و تەنانەت بەداخێکی زۆرەوە لەهەندێ ڕووی فکرییەوە خەریکە پاشەکشە لەبەشێ لەو دەستکەوتە فیکریانەش دەکەن ، کەلەقۆناغی ڕابردوودا بەدەست هاتوون ؟!


زۆرترین بینراو
بروسكە ئێرانییەكان: چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی دزەپێكراو هەژمونی ئێران لەعێراق روندەكەنەوە
گۆڕان ده‌ست به‌ لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر پشكى بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌شێوه‌ى ناشه‌رعى ده‌وڵه‌مه‌ند بوون
ناسنامه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌خۆپیشانده‌ره‌ كوژراوه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان بڵاوكرایه‌وه‌
قوباد تاڵەبانی: چاکسازی بۆ هه‌ندێک که‌س به‌ئازاره‌ به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ستمان پێکرد
فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژ: ڕۆژێك دێت هه‌ر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ رۆژئاوا
فەرماندەیەكی زێرەڤانی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: حکومەت پارەی نییە بۆیە موچەی ٣ مانگی رابردوو دابەشناکات
فالح فەیاز: چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زور گرنگە
پەرلەمانتارێك داوادەكات لەهەرێمیش كار بە یاسای نەهێشتنی ئیمتیازاتی پلە باڵاكانی عێراق بكرێت
سکرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان: به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ ڕووداوه‌کانی ئێران ده‌که‌ین
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×