ئایا میللەتی كورد پێویستی بە مەرجەعییەتە؟

بەهادین نوری
  2019-09-10     807
  لەم ماوەیەی دواییدا قسەوباسێ پەیدابوو كە ئەم هەرێمە پێویستی بە مەرجەعێ هەیە ، واتە پێویستی بەكەسێ هەیە كە لەسەرووی هەموو كەسێك و هەموو هەیئەت و دەسەڵاتێكەوە بێ و هەرچی وت دەبێ بێموناقەشە جێبەجێ بكرێ . 

جاران پاشا ئەو مەرجەعە بوو ، دەسەڵاتی ئاینی و دنیایی لەدەستدا بوو ، هەرچی بووتایە وەكو یاسا دەبوو جێبەجێ بكرایە . شیعەكان دەوڵەتیان نەبووە ، لەبەر ئەوە وەزعێكی تایبەتیان هەبوو ، پیاوی ئاینی گەورە – ئایەتوڵایەك – دەبووە مەرجەعێكی ئایینی ، حەرام و حەڵالی بە فتوایەك دیاری دەكرد . كە ئەوانیش بوون بەخاوەنی دەوڵەت پاشا بوو بەسەرچاوەی هەموو دەسەڵاتێكی ئایینی و دنیایی . 

ئێستەش لە ئێراندا هەروایە . ئایەتوڵلا خامنەئی سەرچاوەی – مەرجەعی – هەموو دەسەڵاتێكی ئاینی و دنیاییە بە ناوی ( ولایەتی فقیهەوە ) . 
     
لە عێراقدا ، ئەگەر چی شیعەكان زۆرینەی دانیشتوان بوون ، لە ٥٠٠ ساڵی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا والیەكان هەر لە سونەكان بوون و قەت شیعە نەكراوە بە والی . پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیش ئیستیعماری بەریتانی لەیەكەم رۆژی دەسەڵاتیانەوە هەر لەسەر ڕێبازی عوسمانیەكان ڕۆیشتن تا ١٩٤٧ كە بۆیەكەم جار سالح جبر كرا بە سەرەك وەزیری عێراق بەهیوای ڕازیكردنی شیعەكان و بەدەستهێنانی بێدەنگی بەرامبەر سەپاندنی پەیمانی پۆرتسموس . لەبەر ئەوە شیعە نەیانتوانیوە سەرچاوەی حكومڕانی لەخۆیاندانێن ، بەڵام هەمیشە مەرجەعی ئایینی لەخۆیان بووە . ئێستە سەید عەلی سیستانی مەرجەعە . 
    
هێندەی من بەئاگابم ئەم جۆرە مەرجەعیەتەی كەباس دەكرێ لەمێژووی كوردا نەبووە . بۆ ماوەیەكی درێژ شێخەكانی قادری و نەقشبەندی بوو بوون بە جۆرێ لەمەرجەع بۆ دەروێش و سۆفیەكان . ئەمە پرسێكی ئاینی بوو بەس ، تایبەتیش بوو بەو كەسانەوە كە دەروێش یان سۆفی بوون . جگە لەمەش بۆ ماوەیەكی كورت لەساڵی ١٩٧٤ – ١٩٧٥ ، گەلی كوردی باشور مەلامستەفای قبوڵ كرد وەك و سەركردە و مەرجەع و بەتەمای سەركەوتن و سەربەخۆیی بوو . بەڵام مەخابن ئەو هیوایە بۆ سەركەوتن لەسەر پایەیەكی لمین دانرابوو چونكە جڵەوی ئەسپەكە درابووە دەستی شای ئێران و ئەنجامیش ئەو داڕمانە ترسناكەبوو كە لەئازاری ١٩٧٥ بینیمان . ئەم پڕۆژە خەیاڵیە جارێكیتریش لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ تاقی كرایەوە و ئەنجامەكەشی ئەو كارەساتە گەورەیە بوو كەدیمان . 
     
مەرجەعیەت بەم شێوازەی كە ئەمڕۆ لای ئێمە باس دەكرێ بە هیچ جۆرێ لە كۆمەڵگەی پێشكەوتوودا ، لەگەڵ دیموكراسی و سەردەمی گڵۆباڵدا ، لەگەڵ بیروبۆچوونی عیلمانیدا جێگەی نابێتەوە . ئەو جۆرە مەرجەعە كە لەسەرۆكایەتی لیژنەیەك یان ئەنجومەنی چەند حیزبێكدا خۆی دەبینێتەوە هیچ پێوەندیەكی بە بزاڤی دیموكراتی هاوچەرخەوە نیە و تەنها هەوڵ و كۆششێكە بۆ پەردەپۆشی مەرجەعیەتە ئایینیەكە ، دەیانەوێ بەكراسێكی تازەوە ، بەناوی ئەنجومەنی  ئەحزابەوە دیكتاتۆرێكی تازە بسەپێنن . بەڵێ دەكرێ سەرۆكی حیزب ببێ بە مەرجەع لەناو حیزبەكەی خۆیدا بۆ كاروباری حیزبی – سیاسی - .. بەڵام لەسەر چ بنەمایەك دەبێ بە مەرجەع بۆ كۆمەڵگە ؟ ئەم شێوازە لەمەرجەعیەت واتای گەڕانەوەیە بەرەو دواوە بەهەزار ساڵ !
     
بەڵێ چەرخی دیموكراسی و پێشكەوتن و گڵۆباڵیش دەبێ مەرجەعیەتی خۆی هەبێ بۆ كاروباری گشتی ، ئیداری و سیاسی و ئابووری وڵێ‌ت . بەڵام ئەم جۆرە مەرجەعیەتە دەبێ خودی كۆمەڵگە بۆ خۆی دروستیبكات لە رێگەی هەڵبژاردنێكی دیموكراتی ئازادی خاوێنەوە ، وەكو ئەو هەڵبژاردنانەی لەوڵاتە دیموكراتیەكان دەكرێ ، نەك ئەم هەڵبژاردنە درۆینە پڕ لە تەزویر و ساختەكاریەی كە لەعێراق و كوردستاندا دەكرێ و پەرلەمانێكی پڕ لەعەیب و ناشایستەی پێ پێكدەهێنرێ . مەرجەعیەتی پتەوی بێ لەكەی ڕاستەقینە بۆ كۆمەڵگە تەنها لە ڕێگەی دیموكراسیەوە بەدەست دێ . ئەو دیموكراسیە ئەمڕۆ لای ئێمە نیە ، بەڵام بەڕێوەیە بۆ ئایندە .
زۆرترین بینراو
هۆکاری خێرابڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان دۆزرایەوە
خالید ره‌نجده‌ر: نیگه‌رانین مامۆستا كرێكار ڕاده‌ستی‌ ئه‌رده‌ن یان عێراق یان ئه‌مریكا كرابێته‌وه‌
رێژه‌ی مردن، باش و خراپی سیستمی ته‌ندروستی ده‌ره‌خات
"حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌نیازه‌ له‌مه‌ودوا 45 - 50 ڕۆژ جارێك موچه‌ دابه‌شبكات"
په‌رله‌مانتارێك بۆ به‌شیر حه‌داد: بەرنوێژیکردنی کۆمەڵگه‌ بەو شێوەیەی جەنابت، لای خوا قبوڵ نییە
هه‌شت په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌به‌غدا هۆشداری‌ ده‌ده‌نه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌باره‌ی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌
وه‌زیری‌ ناوخۆ ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌نیازی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بێت
وه‌زیری‌ ناوخۆ: بڕیارماندا قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ تا 10 رۆژی‌ دیكه‌ درێژبكه‌ینه‌وه‌
سوپای پاسدارانی ئێران بۆ له‌ناوبردنی كۆرۆنا هاوكاری ئه‌مریكا ده‌كات
وەزارەتی تەندروستی هەرێم دوو خزمەتگوزاری نوێی راگەیاند
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×