دوو وشە لەگەڵ سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی

بەهادین نوری
  2020-02-08     966
                             
     سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی زۆر بە تووندی و نا لۆژیکی وەلامی قسەیەکی بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگەی داوەتەوە لەسەر ئەوە کە ئەو بەڕیوە بەرە گومانی خستۆتە سەر بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوە لە کەیسی خۆکوژی ئامانج و لانە محەمەد دا . زێتر لەمەش ، بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگەی تۆمەتبار کردووە بەوە کە چەواشە کاری کردووە لەم کەیسەدا و لێی دەپرسێ بە تۆنی سوکایەتی پێکردن : کێ داوای لە تۆ کردووە قسە بکەیت ؟ تۆ نازانیت کە ئیشێ تۆ تەنها جێبە جێکردنی بڕیاری دادوەرەو هیچیتر ؟
       ئەم قسانەی سەرۆکایەتی  دادگای تێهەڵچوونەوە ، بەتایبەتی قسە لەسەر ( چەواشەکاری ) لە لایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگەوە ، لۆژیکی نیە . ئەو بەڕێوەبەرە لە چوار چێوەی ئەرک و کاری خۆیدا ، لە کۆنگرەی ڕۆژ نامەنوسیدا ، قسەی کردووە . ئەو  بە بەڵگەوە گومانی خستۆتە سەر بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوە ، و توویەتی :
     (دادگا دەڵێ ٧ قەباخە فیشەک دۆزراوە تەوە کە لەیەک دەمانچەوە تەقێنراوون ، لە کاتێکدا کە  لە لێکۆڵینەوە دا ئاشکرایە کە ١١ فیشەک تەقێنراوە ٤ یان لە دەمانچەیەکی ترەوە تەقێنراون). 
     باشە جەنابی سەرۆکایەتی بۆچی باس و مناقەشەی ئەم پرسەت نەکرد کە بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگە کردوویەتی بە هۆکاری دروستبوونی گومان لا یئەو ، لە باتی ئەوە کە قسەکانی بە چەواشەکاری دابنێیت و مافی ئەوەشی نەدەیتێ کە ڕاو بۆ چوونی خۆی دەربڕێ بە ئاشکرا ؟
     من نە بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگە دەناسم و نە ناوی دەزانم ، نە یاسا ناسم ، بەڵام ئەگەر ئەوە ببیستم کە لە کەیسی ئامانج بابانیدا دەرکەوتووە گوایە لە لێکۆڵینەوە تەنها یەک دەمانچە بووە لە واقیعیشدا فیشەکی دو دەمانچە کەو تووە لە جێگەی ڕووداوەکەدا ، یەکسەر وەکو ڕۆشنبیرێکی ئەم ولاتە، گومانم لەلا دروستدەبێ .
         لەسەر ئەم کەیسە من ـــ وەکو هاولاتیەکی سیاسی ـــ دووخاڵ دەخەمە ڕوو :
     ١ـــ لەگەڵ ئەوەکە بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگە بە راست دەزانم کە گومانی لا دروستبووە لەسەر کەیسەکە ، بەلام گریمان هەڵە بووە ، لایەق نەبوو بۆ سەرۆکایەتی دادگایەکی باڵا کە بەم شێوە ناشرین و پڕ لە تووڕەییە وەلامی کارمەندێکی پۆلیس بداتەوە کە هیچ جۆرە بێڕێزیەکی نیشاننەداوە لە قسەکانیدا . ئەگەر بەس لە ناونیشانی کارەکەی بڕوانین ( بەرێوەبەری تاوان و بەڵگە ) تێدەگەین کە ئەو بەرێوە بەرە مافی ئەو قسە کردنەی هەبووە .
    ٢ـــ هەمووان لەم هەرێمەدا ئەوە دەزانن  کە بە دەیەها ساڵ بەر لە دروستبوونی هەرێم حیزبایەتی تەسک لەم ولاتەدا هاتە کایە و یەکەمجار بەناوی ( مەلای و جەلالیەوە ) خۆی نواندووە  ، دەیەها ساڵ بنەمای فکری شەڕی براکوژی نێوان پارتی و یەکێتی بووە ، چ لە سەردەمی شاخ و چ لەسەردەمی شاردا . هەر حیزبایەتی تەسکبوو کە بۆ چەندین ساڵ ئەم هەرێمەی کردە دوو ئیدارە و دوو سیستەمی بانکی و دوومیلیشیای حیزبی کە هەتا ئێستە دیاردەیە وهەر زیندووماوەتەوە . هەر حیزبایەتی تەسکبوو کەلەساڵانی ١٩٩٢ – ٢٠٠٣ هەلێکی زێڕینی لەکیسی ئەم میللەتەدا . لەو ١٢ ساڵەدا ، ئەگەر دەسەڵاتێکی کارامە و دڵسۆز حوکمی بکردایە ، کەهەرێم بە حالەتێکی سەربەخۆییدا تێدەپەڕێ ، هیچ گومانێ نەبوو کە حکومەتی هەرێم ، پاش ڕووخانی سەدام لە ٢٠٠٣ دا دەیتوانی ڕۆڵێکی زۆر گەورەتر بگێڕێ چ لەسەر ئاستی عێراق چ ئاستی خودی هەرێم .
حیزبایەتی تەسک ، جەنابی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە ، هەموو بوار و کون و قوژبنێکی ئەم هەرێمەی گرتۆتەوە ، بەئێوەی دادوەرەکانی هەرێمیشەوە کەبەشێکی کەمتان وەکو دادوەری یاسا و عەدالەت مانەوە و بەشی زۆرتان بوون بەدادوەری حیزب و حکومەتی حیزب . هەموو کەس دەزانێ کە یەکێ لەکێشەکانی ئەم هەرێمە ، لە ٢٩ ساڵی تەمەنیدا ، نەبوونی سەربەخۆیی دادگایە ، نەلەزۆنی سەوز و نە زەرد . بەڵێ کەمێ لەدادوەری سەربەخۆهەن  ، بەڵام رێگەیان پێنادرێ کەزەرەر بگەیەنن بە پەزەکان .
     من خۆم شایەتی ئەوەم کەلە سایەی ئەم ڕژێمەدا سیستەمی دادوەری زۆر خراپی لێ قەوماوە . بەچاوی خۆم ئەم ناعەدالەتیەم بینیوە بەرانبەر خۆم . ئەوی باوەڕم پێناکات با هەیئەتێکی بێلایەن لە حاکمەکان یان لەپارێزەران دروستبکات و بێن بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسەدا کە پێوەندیدارە بەمنەوە و دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری دژی ئێمە وەرگرتووە . ئەگەر حەق لەگەڵ من نەبوو ، ئەگەر دادوەرەکان دۆڕاو دەرنەچوون من بەزیادیشەوە باجی قسەکانی خۆم دەدەم . فەرموون ئەوە عەرز و ئەوە گەز ! من بەتەحەداوە قسە دەکەم .
    حەزدەکەم ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم کەدادوەری خانەنشین لەتیف شێخ مستەفا  لە پێش چەند ڕۆژێکدا وتارێکی لەئاوێنەدا بڵاوکردەوە بە ئەدرەسی  ( مافیا ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات ) ، کەلەسەر داوای سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم مەسعود بەرزانی تاقمێ لە دادوەرانی بانگکردووە و قسەی لەگەل کردوون لەسەر وەزعی هەرێم لە ( ٢٠٠٦ ) ، بزانن چی لەسەر دادوەرانی هەرێم وتوە !!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×