فه‌یسبوك، كاریگه‌رترین چه‌كی‌ دژ به‌ده‌سه‌ڵات

شێرزاد شێخانی‌
  2020-02-25     201
له‌چه‌ند وتارێكی‌ پێشومدا ئاماژه‌م به‌م چه‌كه‌ داوه‌و، پێشبینیشم كردوه‌ كه‌ نه‌وه‌ی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌نه‌تیجه‌دا ناچار هانا بۆ ئه‌م چه‌كه ‌ئه‌به‌ن بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زاتیه‌كانیان دژ به‌ده‌سه‌ڵات وداواكردنی‌ مافه‌كانیان..

گومانی‌ تێدا نیه‌ كه‌وا فه‌یسبوك وه‌رچه‌رخانێكی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا هێنایه‌ ئاراوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ مۆبایل و خاوه‌ندارێتی‌ زۆرینه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ ئیستا به‌م جیهازه‌ بچووكه‌ كه‌ دونیای‌ بۆ خستۆنه‌ته‌ سه‌ر شاشه‌یه‌كی‌ بچووك، كه‌ دونیایه‌كی‌ تازه‌یه‌ به‌نیسبه‌ت خۆیانه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌و هه‌موو ده‌م گییرۆده‌ی‌ ئه‌و دونیا تازه‌یه‌ن‌ و ئه‌مڕۆ به‌واقیع فه‌یسبوك بۆته‌ خه‌و خۆراكی‌ گه‌نجه‌كان.

فه‌یسبوك به‌پله‌ی‌ دووه‌م دێت له‌كرانه‌وه‌ی‌ فه‌زای‌ سیاسی‌‌ له‌به‌رده‌م گه‌لانی‌ دونیادا، له‌دوای‌ په‌یدابونی‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ تایبه‌ته‌كان، كه‌ ئه‌وانیش رۆڵێكی‌ گه‌وره‌یان بینیوه‌ له‌هوشیاركردنه‌وه‌ی‌  كۆ‌مه‌ڵگه‌دا. جاران ده‌وڵه‌ت ئیحتكاری‌ میدیای كردبوو، هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێی‌ سیاسه‌تو نه‌هجی‌ خۆی‌ و بۆ پاراستنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ به‌كاریهێناوه‌، به‌ڵام ئێستا ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌ڵاتی‌ زۆرلاواز بووه‌و ئه‌م رۆڵه‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ر كه‌سێك خاوه‌ن میدیای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆیه‌تی‌، كه‌ ئه‌ویش فه‌یسبووكه‌.. به‌بێ هیچ چاودێریه‌كی‌ ده‌وڵه‌ت و به‌شكاندنی‌ هه‌ندێ له‌تابۆیه‌كانیش ده‌توانێ راوبۆچوونی‌ خۆی‌ زۆر به‌ ئازادی‌‌ بخاته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵگاوه‌، نه‌هیچ پاره‌یه‌ك سه‌رف ئه‌كات، نه‌پێویستی‌ به‌ستافی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریش هه‌یه‌ بۆ راپه‌ڕاندنی‌ كاروباری‌ میدیاكه‌ی‌، ته‌نها به‌چه‌ند چركه‌یه‌ك ده‌توانێ كۆمه‌ڵگه‌ بهه‌ژێنێ به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیشه‌وه‌ .

سه‌ره‌تای‌ به‌كارهێنانی‌ ئه‌م چه‌كه‌ كاریگه‌ره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شۆڕشه‌كه‌ی‌ میسر دژی‌ حوسنی‌ موباره‌ك ، له‌سه‌رتاوه‌ له‌رێگه‌ی‌ فه‌یسبوكه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی‌ میسر توانیان هه‌ڵوێست له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ سته‌مكاری‌ موباره‌ك وه‌رگرن كه‌ زیاتر له‌سی‌ ساڵ له‌سه‌ر ته‌ختی‌ حوكم بوو ، دواتر وه‌كو ئاگرێك ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان په‌ره‌ی‌ سه‌ندو سه‌رتاپای‌ وڵاتی‌ گرته‌وه‌و ، ئه‌مه‌ش بووه‌ ریخۆشكه‌ر بۆ هه‌ڵگیرسانی‌ شۆڕشی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ میسر . له‌ زۆربه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ عیراق ولوبنانیش ، هه‌ر فه‌یسبووك بوو كه‌ هه‌واڵ و چالاكی‌ شۆرشگێڕانی‌ شه‌قامی‌ ده‌گواسته‌وه‌ بۆ‌ دونیا ، بۆیه‌ بینیمان رژێمه‌كانیان له‌یه‌كه‌م هه‌وڵیاندا بۆ دامركاندنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ گه‌نجان خه‌تی‌ ئه‌نترنێتیان بڕی‌ بۆ په‌كخستنی‌ ئه‌م تۆڕه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌نیوان شۆڕشگێڕانی‌ شه‌قام . ئه‌وه‌ش سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌و راستیه‌ن كه‌وا فه‌یبسبووك كاریگه‌رترین چه‌كی‌ ده‌ستی‌ میلله‌ته‌ دژ به‌ده‌سه‌ڵات .

ئیدی‌ پێویست ناكات گه‌نجانی‌ وڵاته‌ دیكتاتۆره‌كان خه‌باتی‌ ژێرزه‌مینی‌ ، یاخود خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ دژی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌وسێنه‌ره‌كان به‌رپا بكه‌ن ، ته‌نانه‌ت پێویست ناكات بڕژێنه‌ سه‌رشه‌قام و سینگی‌ خۆشیان بده‌نه‌ به‌ر گوله‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منی‌ و شه‌بیحه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات ، پێویسته‌ كار له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی‌ ئه‌م چه‌كه‌ كاریگه‌ره‌ بده‌ن . به‌تایبه‌تیش گه‌نجانی‌ هه‌ولێر كه‌ به‌هه‌موو پێوه‌رێك ده‌سه‌ڵاتێكی‌ فاشیزمی‌ دیكتاتۆرو مرۆڤكوژ حوكمڕانی‌ ئه‌كات .

روداوه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ هه‌رێم سه‌ڵماندی‌ كه‌وا گوشاری‌ كۆمه‌ڵگه‌ رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌بێ له‌سه‌ر ملكه‌چكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كه‌ی‌ هه‌رێم ، بۆ ‌نموونه‌ ئه‌و دوو هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ كرا له‌سه‌ر شه‌قامی‌ سه‌د مه‌تری‌ سلێمانی‌ و ، دۆسییه‌ی‌ كچه‌ زوڵملێكراوه‌ حه‌وت ساڵیه‌ ئه‌تككراوه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر كه‌ زه‌لزه‌له‌ی‌ خسته‌ ناو ده‌سه‌ڵات وبه‌ناچاری‌ ملی‌ پێ شۆڕ كرد تاوانباره‌كان بخاته‌وه‌ زیندان .ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان نه‌فه‌س فشاری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌رفره‌وان بكرێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كانی‌ خزمه‌تگوزاری‌ وه‌كو ئاوو كاره‌با و باج نه‌وت وغاز ، پێموایه‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ به‌ده‌ست دێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ یه‌ك دڵۆپ خوێنیان لێ بڕژێ .

به‌ڵام لێره‌دا پێویسته‌ هه‌ندێ خاڵی‌ گرنگ  له‌به‌رچاو بگرن ، كه‌ ئه‌مانه‌ن :

1- گومان له‌وه‌دانیه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فاشیزمی‌ پارتی‌ بۆ پاراستنی‌ خۆی‌ هه‌موو رێكارێكی‌ تووندوتیژی‌ به‌كار ده‌هێنێ له‌دژی‌ نه‌یارانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ ، هیچ گومانیش له‌وه‌دانیه‌ كه‌ پارتی‌ جه‌یشێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌منی‌ وموخابه‌راتیشی‌ هه‌یه‌ كه‌ كاروپیشه‌ی‌ رۆژانه‌یان تاقیباتی‌ نه‌یارانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یانه‌ ، به‌تایبه‌تیش تاقیباتی‌ خه‌ڵكه‌ نه‌یاره‌كانی‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان . هیچ درێغیش ناكات ئه‌گه‌ر چوار پێنج كه‌س له‌م تۆڕانه‌دا شتێك بڵاو بكه‌نه‌وه‌ له‌دژی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستگییریان بكات یان گۆشاریان بخاته‌ سه‌ر ، بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ له‌كاتی‌ وروژاندنی‌ هه‌ر هه‌ڵمه‌تێكی‌ دژی‌ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك بوو، زۆرترین كه‌س بینه‌ سه‌رخه‌ت و پشتگییری‌ بكه‌ن ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌كه‌ زۆر بوو و گه‌یشته‌ چوار پێنج هه‌زار كه‌س ، ئه‌وسا ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانێ ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌ بگرێ وبیانخاته‌ زیندانه‌وه‌ ، ئه‌وسا ناچار ده‌بێ مل شۆر بكات وته‌سلیمی‌ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵك بێت . بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر قه‌یرانی‌ كاره‌با كه‌ پێموایه‌ قه‌یرانێكی‌ دروستكراوه‌ ، زۆر به‌ئاسانی‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌توانێ چاره‌سه‌ره‌ی‌ بكات ، به‌ڵام به‌ئه‌نقه‌ست نایكات ، ئه‌گه‌ر كه‌مپه‌ینێك له‌فه‌یسبوك دروستبكرێ بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات وپێنج هه‌زار كه‌س پشتگییری‌ بكات ، ئه‌وسا ده‌سه‌ڵات مه‌جبوره‌ ئه‌م كێشه‌ سی‌ ساڵییه‌ چاره‌سه‌ر بكات  .

2- تۆڕی‌ فه‌یسبووك رۆژانه‌ ده‌یانو سه‌دان هه‌زاران كه‌س كۆمینتی‌ تیا ئه‌نوسرێ له‌ دژی‌ زوڵمو زۆرداری‌ ده‌سه‌ڵات ، پێویسته‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌ له‌جیاتی‌ هه‌وڵی‌ تاكه‌كه‌سی‌ خۆیان رێكبخه‌ن وببن به‌ده‌سته‌یه‌ك و تواناكانیان یه‌كبخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌مپین دروستبكه‌ن دژ به‌ده‌سه‌ڵات ..

3- له‌كاتی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ هه‌ر تاوانێك یان بڕیارێكی‌ سته‌مكارانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ، پێویسته‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی‌ ئیدانه‌و ناڕه‌زایه‌تی‌ له‌فه‌یسبوووك ده‌رببردڕێ ، یاخود لانیكه‌م لایكی‌ ئه‌و كۆمینتانه‌ بكرێ كه‌ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن ، چه‌ندی‌ ژماره‌ی‌ كۆمینت ولایكه‌كان زۆرتر بن ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌رییان زیاتر ده‌بێ .

له‌كۆتاییدا ده‌ڵیم ، گه‌نجانی‌ كوردستان و نه‌وه‌ی‌ داهاتو ته‌نها ئه‌م فرسه‌ته‌یان له‌به‌رده‌مدا ماوه‌ بتوانن داهاتووی‌ خۆیان جوانتر بكه‌ن له‌وه‌ی‌ ئێستا ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ی‌ ئێستا بۆی‌ بچێته‌ سه‌ر‌ ، بڕوا بكه‌ن تا دوو سه‌د ساڵی‌ تریش هه‌ر هه‌مان ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ حوكمڕانی‌ كوردستان ئه‌كه‌ن ، له‌ئێستاشه‌وه‌ خۆیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ حوكمی‌ ئه‌به‌دی‌ له‌سه‌ر هه‌مان شێوازی‌ شێخه‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ كه‌نداو حوكمه‌ پاشایه‌تیه‌كان ودیكتاتۆره‌كانی‌ ئه‌فریقیا ..
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×