پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە عێراق
  2023-12-27       1104       

وەزارەتی تەندروستی عێراق پێشبینی دەکات بەم نزیکانە گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە عێراق و دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتییان کە ئەو پێکوتەیەی بەکاردەهێنرێت لە دژی هەموو جۆرەکانی کۆرۆنا کاریگەرە.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، گۆڕاوە نوێیەکەی کۆرۆنا لە چەندین وڵاتدا خێراتر و بەربڵاوتر تەشەنە دەکات، هەرچەندە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون تۆمار نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەمزووانە بگاتە عێراق.

ڕوونیشیکردەوە، نیشانەکانی گۆڕاوە نوێیەکەی کۆرۆنا هاوشێوەی نیشانەکانی پەتای وەرزیین کە خۆیان لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هەستکردن بە ماندووبوون، ئاو بە لوتدا هاتن، کۆکە و ئازار و لەرزدا دەبیننەوە، ئەمە جگە لەوەی تووشبوو هەستی تام و بۆنیشی نامێنێت.

وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە ڤایرۆسەکە لە ڕێی هەناسە و لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە.

خەجتیشیکردەوە کە وەزارەتی تەندروستی هەمان پێکوتەکەی پێشوو بەکاردەهێنیت کە کاریگەریی خۆی دژی هەر گۆڕاوێکی کۆرۆنا سەلماندووە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق پێشبینیشی کرد گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا سەرهەڵبدات و لە کاتی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی تووشبوونیش بەو ڤایرۆسە، وەزارەتی تەندروستی هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە.

داواشی لە بەتەمەنەکان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن و کەمیی بەرگریی لەشیان هەیە، پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپاراستن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×