چەند بڕیارێك بۆ "رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ دەرچوە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان" دەردەكرێن
  2019-08-18       1860       
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە

وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان هەشت بڕیاری نوێی دەركرد و دەشڵێت؛ لەپێناو رەخساندنی دەرفەتی كاری زیاترە بۆ دەرچوە دانەمەزراوەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان.


ئاوێنە: ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە 18/08/2019 هەشت بڕیاری نوێی دەركرد كە " لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەدیهاتنی دادپەروەری لە ئەرک و ماف، هەروەها بۆ رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاترە بۆ دەرچوە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان."


لە یەكێك لە بڕیارەكاندا هاتوە"فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەکانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکانن، بۆیان نیە وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەر یان فەرمانبەر یان هەر سیفەتێکی دیکە، لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا دەوام بکەن، تەنانەت ئەگەر پاش دەوامی ئاسایی خۆیشیان بێت لە فەرمانگەکانیاندا."


هەروەها لە بڕیارێكی دیكەشدا هاتوە"نابێت بەڕێوەبەری باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (حکومی) وەک بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (ناحکومی) کار بکەن."

دەقی بڕیارەکانی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان...

پاڵپشت بە یاسای (ڕاژەی شارستانی عێراقی) ژمارە (٢٤)ی ساڵی (١٩٦٠)، مادەی (٣٨) و یاسای (ڕێککاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (١٤)ی ساڵی (١٩٩١)ی هەموارکراو ماددەکانی (٥ ، ٦) و ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٦) تایبەت بە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان، بەشی پێنجەم/ مادەی بیست و هەشتەم/ بڕگەی چوارەم، مادەی بیست و نۆیەم/ مادەی سییەم/ بڕگەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و شەشەم.

لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەدیهاتنی دادپەروەری لە ئەرک و ماف، هەروەها بۆ رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ دەرچوە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، بڕیارماندا بە:

یەکەم- مامۆستای کەرتی گشتی (حکومی) کە میلاکی وەزارەتی پەروەردەیە، تەنها بە دو شێواز دەتوانێت لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر یان مامۆستا کار بکات:

1.دەکرێت بەشێوازی خواستن (اعارة) بگوازرێتەوە بۆ (باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان)، ماوەکەیشی نابێت لە (٥) ساڵ زیاتر بێت، تەنها ڕاژەکەی بۆ هەژمار دەکرێت و موچەی لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیەوە بۆ خەرج دەکرێت کە کاری تێدا دەکات، پێویستە ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە بەنوسراوی فەرمی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاوە داوای ڕاژەی ئەو مامۆستایە بکات و لاری نەبون وەربگرێت، بەمەرجێک ڕێژەی مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە (٢٠٪)ی میلاکی هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەکی ناحکومی زیاتر نەبێت.

2.ڕێگە بە مامۆستای میلاکی وەزارەتی پەروەردە دەدرێت وانە لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا بڵێتەوە، بەمەرجێک تەواوی بەشە وانەکانی خۆی لە قوتابخانە یان پەیمانگەکەیدا بڵێتەوە، (بەگوێرەی ڕێنماییەکان و کاریگەری لەسەر ئاست و توانای نەکات، ئەمەش دەبێت بەڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا بێت، پاش خستنەڕوی دۆکۆمێنتەکان کە بەشەوانەکانی بەگوێرەی ڕێنماییە بەرکارەکان لە قوتابخانەکەی خۆی بڵێتەوە دەبێت خشتەکانیش هاوپێچ بن کە (24) بەشەوانە بۆ مامۆستایانی بنەڕەتی و (22) بەشەوانە بۆ  مامۆستایانی  ئامادەییە)، بەهەمان شێوە نابێت رێژەی مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەکی ناحکومیی لە (20٪) زیاتر بێت.

ئەرکی جێبەجێکردنی (خاڵی یەکەم)ی ئەم فەرمانە راستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێویستە وێنەیەک بەنوسراوی لارینەبون یان رێگەپێدانی مامۆستایان بۆ ئەم مەبەستە ئاڕاستەی وەزارەت بکرێت، بەمەبەستی تۆمارکردن و بەدواداچون.

دوەم- فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە دەتوانن لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا کار بکەن، بەمەرجێک پاش دەوامی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بێت، بەهیچ جۆرێک رێگەنادرێت لەکاتی دەوامی ئاساییاندا لە کاتژمێر 8 تاوەکو 3 کار لەو دامەزراوە ناحکومیانەدا بکەن، یان دەتوانن بەشێوازی خواستن (اعارة) بگوازرێنەوە بۆ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان و راژەکەیان بۆ هەژمار دەکرێت، موچەکەیان لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە خەرج دەکرێت، یان دەتوانن مۆڵەتی بێ موچە وەربگرن بۆ ئەو مەبەستە.

سێیەم- فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەکانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکانن، بۆیان نیە وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەر یان فەرمانبەر یان هەر سیفەتێکی دیکە، لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا دەوام بکەن، تەنانەت ئەگەر پاش دەوامی ئاسایی خۆیشیان بێت لە فەرمانگەکانیاندا.

چوارەم- نابێت بەڕێوەبەری باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (حکومی) وەک بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (ناحکومی) کار بکەن.

پێنجەم- سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆیان نییە وەک دەستەی کارگێڕی یان فەرمانبەر یان مامۆستا یان هەر سیفەتێکی دیکە لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا کار بکەن.

شەشەم- دەبێت باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان بەگرنگییەوە بڕواننە ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان کە هەتا ئێستا وەک مامۆستا و فەرمانبەر دانەمەزراون، بەمەرجێک خولی شیاندن بۆ مامۆستایان بکەنەوە، جگە لە دەرچوانی کۆلیژەکانی پەروەردە و بنیات و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە کە خولی شیاندنیان پێویست نییە، ئەرکی کردنەوەی خولەکانی شیاندن دەکەوێتە ئەستۆی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان، بەهەمان شێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە بێت.

حەوتەم: بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان و لیژنەی باڵای وەزارەت، چاودێری و بەدواداچونی وردی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە دەکەن، لەبەرئەوە هەر سەرپێچییەک لەجێبەجێکردنی ئەم فەرمانە ڕوبدات (بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە) لەگەڵ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان بەرپرسیار دەبن.

هەشتەم: ئەم فەرمانە لەرێکەوتی دەرچونییەوە جێبەجێدەکرێت.

ئالان حەمە ساڵح
 وەزیری پەروەردە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×