بانكی ناوەندی: بەمزوانە بڕیاری نوێ بۆ پارێزگاری لە بەهای دینار دەردەكرێت
  2024-01-05       729       

بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بەمزوانە بڕیاری نوێ دەدرێت كە چەند رێكارێك لەخۆدەگرێ بۆ پاڵپشتیكردنی دینارو پارێزگاریكردن لە بەهای دینار بەرامبەر بە دراوەكانی دیكەو رێكارەكانیش كاریگەری ئەرێنییان لەسەر نرخی دۆلار دەبێت.

ئاوێنە: محەمەد یونس، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رەسمی عێراقی وتوشیەتی، بانكی ناوەندیی چاودێری و بەدوداچون بۆ ئەو سكاڵایانەی هاوڵاتیان دەكات كە پێی دەگەن لەبارەی ئەگەری ناچاركردنیان لەلایەن بانكەكانەوە بۆ گۆڕینی هەژمارەكانیان بۆ دۆلاری ئەمریكی و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو بانكانە دەكات كە بەو كارە هەڵدەستن.

وتوشیەتی، ئەم بڕیارەو بڕیارەكانی دیكە كە لە رۆژانی داهاتودا دەدرێن هەمویان لەبەرژەوەندی پاڵپشتی و پارێزگاریكردن لە بەهای دیناردا دەبن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لە رۆژانی داهاتودا رێكاری نوێ دەگرنە بەر بۆ دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی بازاڕو پشتیوانیكردنلە بەهای دینار لەبەرامبەر دراوەكانی دیكەدا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بانكی ناوەندی لە رێكارە نوێكانیدا رێگری كردوە لەوەی كە بانكەكان هەژماری هاوڵاتیان بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لە دۆلاروە بۆ دینار بگۆڕن بەبێ رەزامەندی خۆیان و هەروەها رێگەش دەدرێت بە هاوڵاتیان بە دراوەكانی دیكە هەژمار بكەنەوە.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی، بەگوێرەی بڕیارە نوێیەكان رێگە بە بانكەكان دەدرێت لەگەڵ بەشدارەكانیان رێكبكەون بۆ هێنانەوە حەواڵەكانیان لە دەرەوەی عێراق بەشێوەی كاش.

بەبڕوای ئەو بەرپرسە، ئەم رێكارانە كاریگەری ئەرێنیان لەسەر نرخی دۆلار دەبێت لە بازاڕةكان و وا دەكەن دۆلاری زیاتر بخرێتە بازاڕ.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئامانجی سەرەكی لەپشت ئەو بڕیارو رێكارانە ئەوەیە كە زۆرترین توێژی هاولاتیان بتوانن دۆلاریان بەشێوەی كاش دەست بكەوێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەم بڕیارە پەیوەندی بەو حەواڵانەوە دەبێت كە دەهێنرێنە ناو عێراق نەك فرۆشتنی دۆلاری كاش بە گەشتیاران كە بەردەوام دەبێت لە پاڵ دابینكردنی دۆلار بۆ كۆمپانیاكان كە ئەوەش لە رۆژانی داهاتودا كاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دەبێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەرپرسەكەی بانكی ناوەندی وتویەتی، هیچ رێگرییەك بەسەر بانكەكان لە بواری حەواڵەكردندا ناسەپێنرێت و چونكە رێكار هەن بۆ كۆتاییهێنان بە سەكۆی ئەلیكترۆنی لەڕێگەی كردنەوەی هەژمار بۆ بانكەكان لە بانكەكانی دەرەوە بۆ مەبەستی حەواڵەكردن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×