پەیکەر
  2024-01-06       1436       
عوسمان چێوارو کەمال سابیر

پشکۆ ناکام

.....میللەتێ کە خاوەنی فەرھەنگێکی ھاوچەرخ و ھاوتەریب لە گەڵ پێشکەوتنی دونیا و ڕەوتی مێژووا نەبوو میللەتێکی کەنەفت  و پەککەوتەیە ، جا تا بەیانی ھەر ھاوار ھاواری خوێن و شۆڕش و بەرگری و ئەم قسە سواوانەت بێ ....کە فەرھەنگ و کەڵچەر لەگەڵ جامانەیا  پێچرایەوە  و لەگەڵ پشتوێنا بە ناو قەیا ئاڵاێنرا و لەگەڵ نەوتا بازرگانی پێ کرا یان لەگەڵ ئەخلاقە سوسیۆلۆجیەکانا خرایە تەنەکە خۆڵی " ھەبوو ، نەبوو" ئیتر "الفاتحە علی روح الغیر المرحوم"!!  بۆ ئەو میللەتە بخوێنرێ و بە ناشکوریش نەبێ مزگەوت وەک عەڕەبانەی نۆکاوی سەھۆڵەکە بۆ فاتیحە یان زۆر و زەبەنن....
ئاخۆ گەر "اسماعیل خەیات" لەجیاتی خەیات ناسناوێکی عەشایەری ھەبوایە چەن ھەزار کەس بە کەسەرەوە بەو خاکەیان ئەسپارد کە ئەو زۆری بۆ کرد و پاداشتەکەشی سفر سەری دێڕ.. گەر " قادر دیلان" ناوی " قادر لالۆ"! بوایە چەن ھەزار کەس لە شارەکەی خۆی ئەیانزانی ئەو کێیە..!! لەوانەیە "ولیەم یوحەنا" بە ناوی دایکییەوە بانگ بکرایە لە یادی شارەکەی خۆی چوار کەس ئەچونە سەر گۆڕەکەی ، گەر زەمانی " گۆران" موستەشاریی ھەبوایە و ئەویش سێ چوار ساڵێ موستەشار بوایە ھەڵبەتە لە ھەولێر جادەدەکی بەناوەوە ئەبوو ، "چێوار" لە جیاتی عەشقی بۆ ئینسان و ھونەر ، خولیای گیرفان بوایە مەزاری گۆڕەکەی وەک مەزاری ئەوانە ئەبوو کە کوردستانیان مەزاد کرد و  وێنەیەکی لەسەر " سەکۆی موھەڕیجەکانی دوای ڕاپەڕین" دائەنرا  ، گەر پیرەمێرد و بێکەس لە شاعیرەکەی "زێڕە" بە حورمەت تر بونایە لە یادی شارەکەیانا چوار گوڵی شانازی کردن پێیانەوە ئەخرایە سەر گۆڕەکانیان..
ھەرگیز خوێن جێ ی ووشە ناگرێتەوە ، نەک ڕووبارێ ، دوو سێ ئۆقیانووست لێ ڕژا بێ کە کەللە پوت بوویت بەھای داھێنانێکی ھونەری و ئەدەبی نیە..با  دەیان کەناڵ و دەزگای علوجی ڕۆشنبیریی دابمەزرێ کە فەرھەنگ وەک بناغەی ئەقڵ و بۆچوونەکانت نەبوو ھیچ جیاوازییەکت لەگەڵ بیابانێکی ووشکا نابێ کە زۆر جار فەرھەنگ وەک کیۆێکی بەرز بە سێبەرەکەی بیابان دائەپۆشێ تۆش کێوەکە نیت ، تەنھا لەژێر سێبەرەکەیا یت و بە بەرزایی کێوەکە دووریت لە فەرھەنگ و پێشکەوتن و ژیانی سەردەمییانە ، میللەتی بێ فەرھەنگ یان فەرھەنگ سەقەت وەک" پەیکەر" وایە کە خۆیەتی بەڵام بێ گیان و ڕۆح..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×