خاوەن نانەواخانەکانى هەولێر: حکومەت هاوکاریمان ناکات و داوای هەرزانکردنی نان دەکات
  2024-01-07       908       

بڕیاری حکومەت بۆ هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون، نارەزایەتی لای خاوەن نانەواخانەکانی لێ دەکەوێتەوە، دەڵێن: حکومەت هیچ جۆرە هاوکارییەک لە دابنیکردنی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی باج و مۆڵەتی ساڵانە ناکات، کەچی بڕیار دەدات نرخی نان هەرزان بکرێت.

ئاوێنە: لە کۆنگرەیکی ڕۆژنامەوانیدا خاوەن نانەواخانەکانی هەولێر نارەزایەتی خۆیان دەربڕی دەڵێن: ئێمە لەگەڵ بڕیارەکەی حکومەتین، بەڵام بە داشکاندنی نرخی سووتەمەنییەکان، نەوت و غاز، هەروەها کەمکردنەوەی ڕسوومات و مۆڵەتی تەندرووستی، کە بووەتە بارگرانی لەسەر خاوەن نانەواخانەکان.

وەلی محەممەد بەنوێنەرایەتى خاوەن نانەواخانەکانی هەولێر وتی: حکومەتی هەرێم هاوکاری مادیی و مەعنەویی نانەواخانەکان ناکات، بەڵام داوامان لێدەکرێت ١٠  نان بە هەزار دینار بفرۆشین بە هاوڵاتییان، بەم شێوەیە هەموومان تووشی زەرر و زیانێکی زۆری مادی دەبین، هەروەها حکومەت داشکانی لە نرخی کارەبا نەکردووە بۆ نانەواخانەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەکو خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەکان پابەندی بڕیارەکەی حکومەت نابین، کە ١٠ نان بە نرخی هەزار دینار بفرۆشێت بە هاوڵاتییان، تا ئەو کاتەی حکومەت هاوکاری نانەواخانەکان دەکات، لە داشکاندنی نرخی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی باج و ڕسووماتى مۆڵەتی ساڵانەی تەندرووستی، هەروەها کەمکردنەوەی باجی خۆڵ و خاشاک، ئەوکاتە دەتوانین پابەندی بڕیارەکە ببین.

لە کۆتاییدا وتیشی: حکومەت بەبێ بیرکردنەوەی لە دۆخی خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان ئەم بڕیاری دەرکردووە، لە کاتێکدا نرخی ئاردی هاوردە کراو زۆر بەرزە، بەهۆی زۆری باج لە خاڵە گومرکییەکان.

بۆیە داوایان کرد، حکومەت بە بڕیارەکەی دا بچێتەوە، هاوکاریان بکرێت لە دابینکردنی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی باج لەسەریان، تاوەکو بتوانن ١٠ نان بە هەزرا دینار بفرۆشن، هەروەها تووشی زەرەر و زیان نەبن.

جێگای ئاماژەیە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا بە بڕیاری مەسروور بارزانی هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، ١٠ نان و سەموون، کە نابێت کێشیان لە ٩٠ گرام کەمتر بێت، بە هەزار دینار بە هاوڵاتییان بفرۆشرێت، ئەمەش نارەزایەتی لای خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکانی بەدوادا هاتووە.

.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×