وەزارەتی کشتوکاڵ: مریشک‌و ھێلکەی کوردستان ھەناردە ده‌كه‌ین
  2024-01-07       821       


له‌كاتێكدا مریشک‌و ھێلکە نرخێكی‌ جێگیری‌ نییه‌و هاوڵاتیان گله‌یی له‌به‌رزی‌ نرخه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێت، ئامادەکاریی بۆ ھەناردەکردنی ھێلکەو مریشکی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیھان دەکه‌ن.

ئاوێنه‌: ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاندووه‌، "لەبەرھەمھێنانی ھێلکەو گۆشتی سپی گەیشتوینەتە ئاستی خۆبژێوی و زیاتریش، چونکە بازاڕی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بەحەوت ھەزار کارتۆن ھێلکەیە، بەڵام بەرھەمی رۆژانەی کێگلەکان ڕۆژانە چواردە ھەزار کارتۆنەو حەوت ھەزار کارتۆن زیادە لەبازاڕو پێویستی بەھەناردەکردنە."

وتیشی‌، ساڵانە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ١٤٧ ھەزار تۆن گوشتی سپی ھەیە، ئەمە لەکاتێکدایە بەرھەمی ساڵانەی گوشتی سپی دەگاتە ٢٨٥ ھەزار تۆن، واتە ساڵانە ١٣٥ ھەزار تۆن گوشتی سپی زیادە لە بازاڕی ناوخۆی و دەگاتە ٤٥%ی گوشتی بەرھەمھێنراو، لەسەرتاسەری ھەرێمی کورستان.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ده‌ڵێت، لەکاتێکدا لەهەرێمی کوردستان یەک ھەزارو ٥٣٥ پڕۆژەی بەرھەمھێنانی مریشکی گوشت ھەیە، بەشێکی بەرھەمی ھێلکە و مریشکی کوردستان دەچێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق، پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەیە بازاڕ بۆ بەرھەمی ناوخۆ پەیدا بکەین، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ھەناردەکردنی ھێلکە و مریشکی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیھان، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی کەنداو، ھەروەھا ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ لە ھێلکە و مریشک زیاد بکرێت بۆ بازاڕەکانی دیکەی عێراق.

سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رده‌وام باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ لەھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنانی ھێلکەو مریشک گەیشۆتە ئاستێک نیوەی بەرھەمەکە لەبازاڕ زیادەیه‌، به‌ڵام ئه‌و دو ماده‌ خۆراكییه‌ نرخێكی‌ جێگیری‌ نییه‌و هاوڵاتیان گله‌یی له‌به‌رزی‌ نرخه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ھێلکەو مریشک به‌شێوه‌ی‌ قاچاخ ده‌هێنرێته‌ بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێم.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×