یەكێك لە كەسە نزیكەكانی ئەبوبەكر بەغدادی دەستگیرکرا
  2019-08-19       791       
وەزارەتی بەرگریی عێراق دەستگیركردنی سەركردەیەكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كە بە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی ئەبوبەكر بەغدادی دادەنرێت لە پارێزگای ئەنبار، راگەیاند. 

ئاوێنه‌: وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە دەستگیركردنی سەركردەیەكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشی لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق راگەیاند كە بە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی ئەمیری رێكخراوەكە، ئەبوبەكر بەغدادی دادەنرێت.

هاوکات لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندووە ''هەواڵگری سەربازی توانیویەتی شوێنی یەك لە سەركردەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشی لە ناوچەی هیت لە پارێزگای ئەنبار ئاشكرا بكات و دەستگیری بكات كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی سەركردەی رێكخراوەكە، ئەبوبەكر بەغدادی''.

هەروەها دەستگیركردنی ئەو بەرپرسەی داعش لە كاتێكدا كردەوەكانی ئەو رێكخراوە لە ماوەکانی رابردوودا زیادیان كردووە، بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەكانی سووریا و پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و دیالە و كەركووك و سەڵاحەددین تا ئێستاش چەندین هێرش و پەلاماریان بۆسەر هێزە ئەمنییەكان ئەنجامداوە.

شایەنی باسە داعش بۆ ئەنجامدانی كردەوەكانی لە عێراق كە چەندین شانەی نوستووی لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق هەیە پەنای بۆ شێوازە كۆنەكەی بردووە لە هێرشی لەناكاو لەسەر رێگاكان و هەڵكوتانە سەربنكە و بارەگای هێزە ئەمنییەكان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×