لیرەی تورکی ٣٧٪ـی بەهاکەی لەدەست داوە
  2024-01-12       743       

لە ماوەی یەک ساڵدا لیرەی تورکی ٣٧٪ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لەدەست داوە و ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابوورییش لە تورکیادا بۆ ٦٤.٨٪ بەرزبووەتەوە، هۆکاری ئەم دۆخە داراییەش بۆ شکستى سیاسەتەکانی دەوڵەتى ئاکەپە دەگەڕێنرێتەوە.

ڕۆژی پێجشەممە، لیرەی تورکی دابەزینێکی مێژوویی نوێی لە بەهاکەیدا بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە تۆمار کرد، بە شێوەیەک لەگەڵ کرانەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە ٢٩.٩٢ لیرە مامەڵەی پێوە کرا، دواتر بە گەڕانەوەی نرخ یەک دۆلار بە ٢٩.٩٠  لیرە مامەڵەی پێوە کرا، بەڵام لە کاتی ئێوارە و بەر لە داخرانی بازاڕی دراوەکان، بەهای یەک دۆلار بۆ ٣٠.٢  لیرە بەرزبووەوە و بەوەش لیرەی تورکی ئاستێکی نزمی نوێی تۆمار کرد.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، لیرەی تورکی ٣٧٪ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەست داوە و بەردەوامیشە لە دابەزین، ئەوەش یەکەم جارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بەهای دراوەکەی بۆ ئەو ئاستە دابەزێت، هاوکات ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابووریش تادێت زیاتر دەبێت و لە مانگی تشرینی دووەم بۆ کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، لە ٦٢٪ بۆ ٦٤.٨٪ بەرزبووەتەوە.

بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی ئاکەپەوە و تەرخانکردنە داراییە بێشوومارەکانی بۆ شەڕی دژ بە گەلی کورد، قەیرانی دارایی و هەڵئاوسانی ئابووریی لە تورکیادا تادێت زیاتر دەبێت و دراوەکەشی زیاتر و زیاتر بەهاکەی لەدەست دەدات، بە شێوەیەک تەنها لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا، یەک لەسەر سێی بەهاکەی لەدەست داوە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەش ئاستێکی نزمی مێژوویی تۆمار کرد، کە یەک دۆلار بەرامبەر ٣٠.٢ لیرە مامەڵەی پێوە کرا.

بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ـی ئایاری ٢٠٢٣دا یەک دۆلار بە ١٩.٦٠  لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، کە لە ٢٨ـی ئایار ئەنجامدرا، بەهای یەک دۆلار ٢٠ لیرەی تێپەڕاند و پاش هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە ٢٦ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە ٢٦ لیرە.

لەبری کەمکردنەوەی خەرجی و چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت، کە سەرەکیترینیان دژایەتی کورد و تەرخانکردنی بەشی زۆری داهاتی وڵاتە بۆ شەڕی دژ بە کورد، بانکی ناوەندیی تورکیا لە ٢١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا ڕێژەی سوودی بانکی گەیاندە ٤٢.٥٪.

بەو داتەپینەی ڕۆژی پێنجشەممە، لیرەی تورکی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە٨٠٪ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەست داوە، ئەمەش تێچووی هاوردە و قەرزی دەرەکی زیادی کردووە و هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە بە سەختی دەتوانن پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×