بەبۆنەی مەرگی لینین لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٤
  2024-01-22       1114       

وەرگێڕانی لەفارسیەوە: توانا محەمەد نوری

 

لینین (١٨٧٠-١٩٢٤) لە تەمەنی ٢٣ ساڵی (١٨٩٣) تا تەمەنی ٥٣ ساڵی (لە ١٩٢٣ لە کار کەوتبوو و لە ١٩٢٤ کۆچی دوایی کرد)، ٣٦ هەزار لاپەڕەی نووسیوە؛ واتە ١٢٠٠ لاپەڕە لە ساڵێکدا، واتە ١٠٠ لاپەڕە لە مانگێکدا.

لەو ٣٠ ساڵەدا ٤ ساڵ زیندانی کرا و ١٧ ساڵ دەربەدەر و ٢ ساڵ موختەفی و ٥ ساڵیش سەرکردەی وڵات بوو کە لە یەکێک لە گەورەترین شەڕی ناوخۆی سەدەدا تێوەگلابوو. لینین هەمیشە دەینووسی. لەسەر هەموو شتێکی دەنووسی.

کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی ٥٤ بەرگ، کە کاتێک پێکەوە دادەنرێن، بەرزییان لە دوو مەتر و بیست سانتیمەتر تێدەپەڕێت. تەنها دوو لە کتێبەکانی ("چی بکەین" و "ئیمپریالیزم، باڵاترین قۆناغی سەرمایەداری") بەقەد هەر کتێبێکی تری سەدەی بیستەم جیهانیان گۆڕی.

لینین لە ڕاستیدا بە نووسین "بیری" دەکردەوە. کاتێک دوای حەڤدە ساڵ لە دەربەدەری، لە شەمەندەفەرێکی مۆرکراودا، بە ناوەڕاستی وڵاتانی شەڕکەردا دەگەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی، هێندە دووکەڵی جگەرەی هەڤاڵەکانی بێزاری دەکرد، ناچار بوو داوای لە هەڤاڵەکانی بکات وچان بدەن بە جگەرەکێشان بۆ ئەوەی بتوانێت نانبخوات و هەناسەیەک بدات و بنووسێ.

چەند مانگێک دوای گەڕانەوەی بۆ ڕووسیا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو بە ڕووخسارێکی گۆڕاوەوە لە کوخی جوتیارێکی یەکێک لە هاوڕێ فینلەندییەکانی خۆی حەشاردابوو، تەنانەت کێشەی دەستخستنی قەڵەم و کاغەزیشی هەبوو، لە ژێرزەمینی ئەو هاوڕێ فینلەندییە، لەسەر زەوی ژوورەکە پاڵکەوتبوو بۆ نووسینی یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی خۆی: "دەوڵەت و شۆڕش"! وە بێگومان دوای مانگێک بوو بە پێشەنگی گەورەترین شۆڕشی مێژوو و بەرگری لە شۆڕش و وڵاتەکەی دەکرد لە بەرامبەر هێرشی چواردە وڵات (بە سەرکردایەتی ئینگلتەرا و فەرەنسا و ئەمریکا).

چواردە ساڵ پێش ئەو بەروارە، لینین و هاوسەرەکەی لە خانوویەکی بچووکی بەکرێگیراودا لە لەندەن خەوتبوون کاتێک کاتژمێر پێنجی بەیانی بە لێدانی دووبارەی دەرگاکە لە خەو هەڵسان. نادێژدا کروپسکایا (هاوسەری لینین) دەگێڕێتەوە کە لەبەر ئەوەی تەنها کەسێکی ڕووسی دەیتوانی لەو کاتژمێرەی بەیانیدا بەو بێباکییە لە دەرگای ماڵەکەیان بدات، بەپەلە هاتە خوارەوە تا دەرگاکە بکاتەوە پێش ئەوەی خاوەن خانووە ئینگلیزەکە لەخەو هەڵبسێنێت. لە پشت دەرگاکە گەنجێک بوو کە خۆی بە ترۆتسکی ناساند و دەیگوت تازە لە یەکێک لە زیندانەکانی سیبیریا هەڵاتووە و بە قاچاخ بە چەند وڵاتێکدا هاتۆتە دەرەوە و دەیەوێت لینین ببینێت، بەڵام پارەی پێ نەبووە پارەی گالیسکەکە بدات. کروپسکایا ڕێنمایی ترۆتسکی کرد بۆ سەرەوە و بە لینینی ناساند کە هێشتا لە جێگاکەیدا بوو و بڕێک پارەی برد و چووە خوارەوە بۆ ئەوەی کرێی گالیسکەکە بدات. کروپسکایا دەگێڕێتەوە کە کاتێک گەڕایەوە ژوورەکە و بڕیار بوو قاوە ئامادە بکات، سەری سوڕما کە بینی لینین لەسەر جێگاکەی دانیشتووە و لەگەڵ ترۆتسکی (کە تا ئەو کاتە نەیبینیبوو) باسی فەلسەفەی "ماخیزم" دەکات! گفتوگۆیەکی گەرم!

یەکێک لە یەکەم فەرمانەکانی حکومەتی بەلشەفی، خوێندنی گشتگیری بێبەرامبەر و ناچاری بوو بۆ هەموو خەڵکی ڕووسیا؛ ئەوەش لە وڵاتێکدا کە زیاتر لە سەدا هەشتای بە تەواوی نەخوێندەوار بوون. تەنها چەند مانگێک دوای دامەزراندنی حکومەتی نوێ، لینین، سەدان خوێندکاری کۆمۆنیستی ڕەوانەی هەموو بەشەکانی ڕووسیای گەورە کرد بۆ کۆکردنەوەی زمانە ناوخۆیی و ڕەسەنەکان و چاپکردنی ئەلفوبێ و کتێبی خوێندن بۆیان. سەدان هەزار منداڵی بێ ماڵ و حاڵ کە دەرئەنجامی شەڕی چوار ساڵەی ئەڵمانیا و حکومەتی تزاری بوون کۆکرانەوە و لە کاتێکدا سوپای دژە شۆڕش بە پشتیوانی ئیمپریالیستەکانی ئینگلیز و فەرەنسا لە چوار لاوە هێرشیان دەکردە سەر حکومەتی نوێ، لە باڵەخانە حکومییەکان یان کوخەکانی جوتیاران داڵدەدرابوون، دواییتر بوونە خاوەنی کتێب و فەرمانگە و مامۆستا.

پێم وایە گەورەترین تایبەتمەندی لینین خۆشەویستی بێ سنوور و پابەندبوونی بوو بۆ خوێندنەوە و نووسین و فێربوون. پێش هەر حوکمێک لەسەر لینین پێویستە کتێبەکانی بخوێنێتەوە. ڕاستە هەرگیز نەتوانیت ٣٦ هەزار لاپەڕە لە نووسراوەکانی کەسێک بخوێنیتەوە مەگەر هەموو تەمەنت بۆی تەرخان کردبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×