ئەمڕۆ مانگێكە رۆژنامەنوس زوبێر برادۆستی لە زینداندایە
  2019-08-21       980       

ئاژانسی رۆژ نیوز، رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس زوبێر برادۆستی، پەیامنێری ئاژانسەکەیاندا لە دەڤەری سیدەکان كە لەلایەن پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستگیركرا. رۆژنیوز دەڵێت"تا ئێستا ئازاد نەکراوەو ڕونیش نەکراوەتەوە کە بۆ چی دەستگیرکراوە."

ئاوێنە: لەڕۆژی ٢١ی مانگی رابردوەوە، زوبێر حەمەدئەمین ناسراو بە (زوبێر برادۆستی)، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز، لەلایەن فەرماندەیی هەڵگورد، کە هێزێکی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستانە دەستگیرکراوە.

ئاژانسی رۆژ نیوز، ئەمڕۆ چوارشەممە لەراگەیەندراوێكدا نوسیویەتی"ئەگەرچی ئەمڕۆ مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر بێسەروشوێن بوونی زوبێردا، بەڵام سەندیکا و ڕێکخراوەکان نەیانتوانیوە فشارێکی جدی لەسەر پارتی و چەکدارەکانی دروستبکەن، هەربۆیە چارەنوسی بە نادیاری ماوەتەوە."

ئەوەش لە كاتێكدایە كە رۆژی 29ی مانگی رابردو، كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان(سی پی جەی)، كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتییە، داوای لە هێزەكانی پێشمەرگەی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان كردبو دەستبەجێ چارەنوسی رۆژنامەنوس زوبێر برادۆستی، ئاشكرابكەن بەخستنەڕوی ئەو تۆمەتانەی كە لەسەری دەستگیریان كردوە یاخود بە ئازادكردنی.

 ئەوە دوەم جارە زوبێر برادۆستی دەستگیردەكرێت و پێشتریش ناوبراو لە 17ی مارس لەلایەن ئاسایشی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستگیركرا، ئەوەش دوای بڵاوكردنەوەی چەند راپۆرتێك لەسەر بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە، بەڵام دوای چەند رۆژێك بە كەفالەت ئازادكرا.

كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان ئەوەشی خستبوەڕو كە زوبێر برادۆستی، بەر لەدەستگیركردنی ئەمجارەی لەدو راپۆرتدا كە لە 26ی مانگی حوزەیران بڵاوكراونەتەوە، جارێكی دیكە روماڵی بۆردومانەكانی توركیای كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×