سەرۆکی جەهەپە لەسەر دورخستنەوەی سەرۆک شارەوانیەکانی هەدەپە هاتە دەنگ
  2019-08-21       912       
سەرۆکی پارتی جەهەپە  له‌ کاردانەوەی بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەکەپە دەربارەی دورخستنەوەی سەرۆک شارەوانیەکانی هەدەپە ڕایگەیاند، ''بە لابردنی سەرۆک شارەوانیەکانی دایاربەکر و ماردین و وان کودەتای سپی بەسەر ڕای هاوڵاتیاندا کراوە''.

ئاوێنه‌: کەمال کڵچدارئۆغلو، سەرۆکی پارتی جەهەپە بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی ئەکەپەی کردو و ڕایگەیاند '' ئێوە کودەتای سیاسی بەسەر ڕای هاوڵاتیاندا دەکەن ئیتر بۆچی داوا لە هاوڵاتیان دەکەن کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بۆچی بێڕێزی بەرامبەر بە ئیرادە و ویستی هاوڵاتیان دەکەن؟''.

کڵچدارئۆغلو، ده‌ڵێت ''ئەم کارەی کە کراوە لەگەڵ دیموکراسیدا یەک ناگرێتەوە، ئەم کاندیدانەی هەدەپە پێش ئەوەی ببنە کاندید ناوەکانیان لای دادوەری باڵا بووە و ئەگەر کەسی گونجاو نین بۆ ئەو ئەرکە بۆچی ڕێگایان پێ دەدرێت کە خۆیان کاندید بکەن، بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی بڕیاری دادگای باڵا بکەن بڕیاری دورخستنەوەی ئەم کاندیدانەیان داوە''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ ''لەبەرامبەر ئەم جۆرە ڕوداوانەدا هاتنە سەر شەقام و ئەنجامدانی خۆپیشاندان کارێکی گونجاو نییە. ئێمە بڕوامان بە ڕای هاوڵاتیان هەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا بتوانن هەڵوێستی خۆیان هەبێت''.

ڕۆژی 19ی ئابی 2019 هێزە ئەمنییەکانی تورکیا باڵەخانەی شارەوانییەکانی ئامەدو وان‌و مێردینیان ئابڵوقەداو بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیاش سەرۆکی ئەو سێ شارەوانییە لەکارەکانیان دورخرانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×