١٤ کەس بەتۆمەتی دەركردنی سێزدە بارهەڵگری نەوت بە شێوەیەكی نایاسایی لە پارێزگای بەسرە دەستگیران
  2019-08-21       492       
فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان سەربە دەستەی دەستپاكی رایگەیاند،''١٤ كەس بەتۆمەتی دەركردنی سێزدە بارهەڵگری نەوت بە شێوەیەكی نایاسایی لە پارێزگای بەسرە دەستگیركران''.
 
ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێكدا فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی هاتووە،''هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەی (بلۆك لاین ٩)ی نەوتی نزیك پردی دێر باكووری بەسرە دەستیان بەسەر سێزدە بارهەڵگردا گرتووە كە بە شێوەیەكی نایاسایی نەوتیان هەڵگرتبوو''.

هاوکات بەپێی راگەیەندراوەكە، ١٤ كەس بەتۆمەتی ئەوەی هەوڵیانداوە بە شێوەیەكی نایاسایی ئەو سێزدە بارهەڵگرە رەوانەی دەرەوە بكەن، دەستگیركراون.

شایەنی باسە دەستەی دەستپاكی ئاماژەی بەوەشداوە كە دادوەریی دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەت بە پرسەكانی دەستپاكی لە پارێزگای بەسرە بڕیاری بەندكردنی ئەو ١٤ كەسەی داوە تا ئەو كاتەی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا تەواو دەبێت.

دۆسیەی بەقاچاغبردنی نەوت لە گرنگترین ئەو كێشانەیە كە لە ساڵی ٢٠٠٣وە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق رووبەڕووی بوونەتەوە و تا ئێستا نەتواندراوە بنبڕ بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×