ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند بڕیارێک دەردەکات
  2019-08-21       1293       
ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستانی عێراق بە ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکان کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا.

ئاوێنه‌: لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکى گرنگ و تایبەت بە کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانى نازناوى زانستى ده‌رچوو و گفتوگۆش له‌باره‌ی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا کرا، لەکۆى بڕیارەکانیشدا جەخت لە  کواڵێتى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانستى زانکۆکان کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەمە رێکەوتى ٢١ی ئابی ٢٠١٩ ئەنجوومەنى وەزارەت کۆبونەوەى ژمارە (٤)ى ساڵى ٢٠١٩ى بەسەرپەرشتى ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکان ئەنجامدا.

لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد.

بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزارەت:

کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا، کە تا ئێستا ماونەتەوە و، مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بکەن بە کۆرسى ئەکادیمى، لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسەکانى زمان لە سەرجەم سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى هەرێم بەهەمان ستانداردەکانى پێشوو، کە لە ڕێنماییەکاندا هاتوە، بەمەرجێک تاقیکردنەوەى کۆتایى بە شێوەیەکى مەرکەزى و بەسەرپەرشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجام دەدرێت و، دواتر ڕێنمایى نوێى تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵى ئەکادیمى (٢٠١٩-٢٠٢٠) دەردەچێت.
سەبارەت بە و کاندیدانەى کە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیکردنەوەى ئیمیدیست، لە دواى ڕێکەوتى (٢٤/٨/٢٠١٩) پاڵپشت بە ئەنجامى تاقیکردنەوەکان دەگەڕێنەوە سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى خۆیان.
سەبارەت بە داواکارانى نازناوى زانستى، سێنتەرەکانى زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنى پێشنیاز و چارەسەرى تایبەت بە پرسى زمانى ئینگلیزى بەهۆى ئەوەى داواکارانى نازناوى زانستى کەیسى جیایان تێدایە کە پێویستیان بە دیراسەیە.
لە داهاتوودا ستراتیژیەتى وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەکانى زمان ڕادەسپێردرێن ڕێنمایى تایبەت بە زمانى ئینگلیزى دابڕێژن بۆ ئەوەى لەمەودوا ڕەچاوبکرێت، کە ئەمەش دەبێـە هۆکارێک بۆ پێشخستن و ئەکتیڤکردنى سەرجەم سێنتەرەکانى زمان.
لەم خاڵانەى سەرەوەدا ڕەچاوى ئەوە دەکرێت، کە ئەم پرۆسانە گەرەنتی دەبن بۆ پاراستنى کواڵێتى زمانى ئینگلیزى.
سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەى کە سەرجەم مەرجەکانی بەدەستهێنانى بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجى  توانستى زمانى ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆى تێزى دکتۆراکەى بکات، بەڵام بڕوانامەى پێ نابەخشرێت، تاکو بەدەستهێنانى مەرجى زمان.
لەبارەى خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان: ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا لە کۆبونەوەى لێژنەى باڵاى خوێندنى باڵا، کە لێژنەکە لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکایەتى دەکرێت و هەریەک لە یاریدەدەرى سەرۆک زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەى ئامادەکردنى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا دەکرێت، دواتر ڕەوانەى ئەنجومەنى وەزارەت دەکرێت بۆ پەسەندکردن.
سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا پێداچونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەى داهاتو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسەند بکرێت.
بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە %60 كەمترە، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا دواى بە دەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و بەدەستهێنانى سەرجەم مەرجەکانى نازناوى زانستى و بڵاوکردنەوەى دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێک پێنج ساڵ خزمەت بکەن لە زانکۆکانى دەرەوەى شارە گەورەکان، جگە لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین – سلێمانى – دهۆک). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێک ئاراستەى زانکۆکان دەکرێت.
لەسەر داواى خۆیان و لەچوارچێوەى یاساو ڕێنماییەکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە ناساندنى زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەک زانکۆیەکى قازانج نەویست.
 

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، هەریەک لە سەرۆک زانکۆکان ڕاو پێشنیازى خۆیان لەبارەى خاڵەکانى ترى کۆبونەوەکە خستەڕوو کە پەیوەست بون بە پرس و بابەتەکانى وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×