وەزیری پێشمەرگە: هاوپەیمانان لە هاوکاری کردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبن
  2019-08-21       660       
وەزیری پێشمەرگە، کۆنفرانسێکی رۆژانامەوانی هاوبەشی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئەنجام دا و ڕایگەیاند: ''دەمانەوێت زیاتر سوود لە زانستى سەربازیى ئەڵمانیا و هاوکارییەکان وەربگرین بۆ رێکخستنەوە و بەهێزکردنى تواناکانى هێزى پێشمەرگە".

ئاوێنه‌: لە کۆنگرە رۆژنامەوانىیە هاوبەشەکەدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەى هەرێم ئاماژەى بە هاوکارییە سەربازى و پزیشکییەکانى حکومەتى ئەڵمانیا کرد بۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان و وتى: "دەمانەوێت زیاتر سود لە زانستى سەربازیى لەو وڵاتە وەربگرین و لە رێکخستنەوە و بەهێزکردنى تواناکانى هێزى پێشمەرگە بە هاوکارى و پاڵپشتى ئەڵمانیا".

هەروەک خۆشحاڵى خۆى دەربڕى لەوەى بتوانن بە هاوکارى ئەڵمانیا و هاوپەیمانان چاکسازى لە هێزى پێشمەرگە بکەن و رێکیان بخەنەوە، ئاماژەى بەوەش کرد کە داعش سەقاڵى خۆرێکخستنەوەیە بۆیە "دەبێت کارى بەپەلە بکرێت بۆ پڕکردنەوەى بۆشاییە ئەمنییەکان".

لای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا وتی: "زۆر بە هەستیارییەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەین و لە کوردستان دەمێنینەوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەڵمانیا لە هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت".

لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، ئانگرێت کرامپ کارنپاوەر وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دواى گەیشتنى بە هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم و وەزیرى پێشمەرگە کۆ بوووەوە و سەردانى سەربازان و راوێژکارانى وڵاتەکەى و هێزى پێشمەرگەى کرد و لەو کۆبونەوانەدا هاوكارییە سەربازییەكان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كران.

هەروەها کارنپاوەر لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێم، لەگەڵ شاندێكی ژنە ئێزدییە رزگاربووەكاندا دیدارى ئەنجام دا و هەر لەوبارەیەوە دوزەن تەكاڵ كچە چالاكوانی ئێزدی كە یاوەریى وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەکات و رایگەیاند: خۆشحاڵە بەوەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا یەكەم شاند كە بینیویەتی كۆمەڵێک ژنانی رزگاربووی ئێزدیی بوون.

سەردانەکەى کرانپاوەر دواى ئەوە دێت، لە چەند ساڵى رابردودا و لە شەڕى دژى داعشدا وڵاتەکەى یەکێک بووە لە لایەنە کاریگەرەکانى نێو هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژى داعش و لەو چوارچێوەیەدا جگە لە سەردانى مەیدانى بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە بۆ هەرێمى کوردستان، حکوومەتى ئەڵمانیا رۆڵى کاریگەرى هەبووە لە مەشق پێکردن و هاوکاری کردنى سەربازى و لۆجیستى هێزى پێشمەرگەى کوردستان.

هاوکات حکومەتى ئەڵمانیا و وەزارەتى بەرگرى ئەو وڵاتە لە شەڕى دژى داعشدا زیاتر لە دوو هەزار تۆن چەک و تەقەمەنیی پێشکەشى هێزى پێشمەرگە کردووە کە دیارترینیان چەكی جۆرى میلان بوو بە بڕی 95 ملیۆن دۆلار کە یەکێکە لە چەکە هەرە پێشکەوتووەکان و لە شەڕى دژى داعشدا رۆڵى کاریگەرى بینى.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×