هێزێكی سەربە حەشدی شەعبی: فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانمان لەئاسمانی بەغدا كردە ئامانج
  2019-08-22       778       

"بزوتنەوەی نوجەبا"ی سەربە هێزەكانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانیان لەئاسمانی بەغدا كردۆتە ئامانج كە بەسەر بارەگای لیوایەكی حەشدی شەعبیدا فڕیوە.

ئاوێنە: نەسر شەممەری، جێگری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبا، بە ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاند"ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان بە سەر بارەگای لیوای 12ی حەشدی شەعبیدا فڕیوەو هێزەكانی بەرگری لیواكە فڕۆكەكەیان كردۆتە ئامانج."

وتوشیەتی"كردنە ئامانجی فڕۆكەكە لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی بڕیارەكەی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بوە كە لەسەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبییەوە پێمانگەیشتوە."

جێگری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبا وردەكاری زیاتری لەو بارەیەوە رانەگەیاندوە.

لەلایەكی دیكەوە دەستەی گشتی حەشدی شەعبی لەبەیاننامەیەكی كورتدا رایگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆكه‌یه‌كی چاودێریی بێفڕۆكه‌وانیان له‌ ئاسمانی به‌غدا كردوه‌ته‌ ئامانج و ناچاریان كردوه‌ بكشێته‌وه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ هێزه‌كانیان فڕۆكه‌كه‌یان كردوه‌ته‌ ئامانج و بێئه‌وه‌ی "ئه‌ركه‌ سیخوڕییه‌كه‌ی" ئه‌نجام بدات، ناچاریانكردوه‌ بكشێته‌وه‌.

ئەمڕۆ ئەم وێنەیەی خوارەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاوكراوەتەوەو ئەوانەشی بڵاویان كردۆتەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە وێنەی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەیە كە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە كراوەتە ئامانج.

ئەوەش لەكاتێكدا لەماوەی رابردودا چەند كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی عێراق لەوانەش بەغدا تەقینەوەو بەشێك لە سەركردە شیعەكان پێیانوایە هۆكاری تەقینەوەی ئەو كۆگایانە بۆردومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلییە.

ئەمڕۆش سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایانكرد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ته‌قینه‌وانه‌ بكرێت كه‌ به‌مدواییه‌ له‌ كۆگاكانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ به‌غدا و سه‌لاحه‌دین رویانداوه‌ و جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ عیراق شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت ره‌تده‌كاته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×