نارەزاییەتییەکان لەئامەد بەردەوامە
  2019-08-23       632       
نارەزاییەتیی لەئامەد بەردەوامە، ئه‌رشیف

له‌دژی‌ داگیرکردنی شارەوانییەکانی‌ به‌شێك له‌شاره‌كانی‌ باكوری‌ كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداراتی‌ توركیاوه‌، نارەزاییەتییەکان لەئامەد بەردەوامە.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هه‌ینی‌، لەپێنجەمین ڕۆژی داگیرکردنی شارەوانییەکانی ئامەدو مێردین‌و وان، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوەو دانانی خۆسەپینەکان، نارەزاییەتییەکان بەردەوامەو لەگەڵ خەڵک پەرلەمانتارانی هەدەپە لەبەردەم شارەوانی ئامەد کۆبونەوە.

سەرەڕای ئەوەی بینای شارەوانی ئامەدو دەوروبەری لەلایەن پۆلیسی تورکەوە گەمارۆ دراوە، بەڵام خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییان ڕو لەو شوێنە دەکەن‌و ژمارەیان لەبەردەم شارەوانی ئامەد زیاد دەبێت.

ڕۆژی 19ی ئابی 2019 هێزە ئەمنییەکانی تورکیا باڵەخانەی شارەوانییەکانی ئامەدو وان‌و مێردینیان ئابڵوقەداو بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیاش سەرۆکی ئەو سێ شارەوانییە لەکارەکانیان دورخرانەوە.

سەرۆک شارەوانییە دورخراوەکان؛ عەدنان سەلجوق مزراکلی، هاوسەرۆکی گەورە شاری ئامەد، بەدیعە ئۆزگۆکچەئەرتان، هاوسەرۆکی گەورە شاری وان‌و ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شاری مێردین بون کە سەر بەپارتی‌ دیموکراتی‌ گەلان -هەدەپەن.

لەشوێنی ئەوانیش ئەرکی بەڕێوەبردنی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد درا بەحەسەن باسری گوزەلئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد، گەورە شارەوانی مێردین درا بەمستەفا یامان، پارێزگاری مێردین‌و گەورە شارەوانی وانیش درا بەمحەممەد ئەمین بیلمەز، پارێزگاری وان.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بیانوی‌ لابردنی‌ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ بونی‌ "پەیوەندییان بەرێکخراوی تیرۆریستییەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×