"عێراق پاشگه‌زبۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیارانی هه‌رێم خه‌رج بكات"
  2019-01-21       630       

سه‌رۆكی یه‌كێتی جوتیارانی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم رایانگه‌یاند كه‌ زیاتر له‌ 550 ملیار دینار شایسته‌ی دارایی جوتیارانی هه‌رێم لای به‌غدا ماوه‌، عێراق ده‌یه‌وێت نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ خه‌رج بكات.

ئاوێنه‌: ئازاد محه‌مه‌د، سه‌رۆكی یه‌كێتی گشتی جوتیارانی كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد كه‌ له‌كۆی شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیارانی هه‌رێم بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 كه‌ ده‌كاته‌ یه‌ك ترلیۆن و 850 ملیارو 855 ملیۆن دینار تا ئه‌مڕۆ یه‌ك ترلیۆن و 293 ملیار و 100 ملیۆن دینار خه‌رج كراوه‌.

وتیشی"ئه‌وه‌ی ماوه‌ 557 ملیار و 755 ملیۆن دیناره‌ كه‌ ده‌كاته‌ له‌سه‌دا 30 شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌ر سێ ساڵه‌كه‌."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی گشتی جوتیارانی كوردستان ئه‌م زانیارییانه‌ بۆ رای گشتی ده‌خه‌ینه‌ڕو به‌و ئومێده‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی فیدراڵ هه‌ڵه‌و بڕیاره‌ نایاساییه‌كانی كابینه‌كانی پێشو راست بكاته‌وه‌و جوتیارانی هه‌رێم هه‌ست بكه‌ن وه‌ك جوتیارانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت"

هه‌روه‌ك داواشی له‌ حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ وه‌رگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیارانی هه‌رێم چڕبكاته‌وه و وتیشی"ئەو پارەيه‌ی لای بەغدا ماوەتەوە پێويسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ريبگرێته‌وه‌."

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، نەوزاد ئەدھەم بەڕێوەبەری گشتی له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانی  راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق پاشگەزبوەتەوە لەوەی بڕى 550 ملیار دینارى جوتیاران خەرج بكات، بەڵكو تەنیا نیوەی ئەو پارەیە خەرج دەكات.

 

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×