كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی بنكە و ناوەندەكانی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتیی جیاوازییان دەبێت و لەدەنگدانی گشتیدا زیاتر لە هەزار ناوەندی دەنگدان بەڕوی دەنگدەراندا دەكرێنەوە.
ئاوێنە: ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەدا ژمارەی بنکە و ناوەندەکانى دەنگدانی گشتیی و تایبەتى ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەش هەزار و ٢٩٨ وێستگەی دەنگدان و هەزار و ٢٦٦ ناوەندی دەنگدانی بۆ هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدانی گشتیی تەرخانکردوە.
ئاماژەى بەوەشکردوە، بۆ دەنگدانی تایبەت ٧٤٦ وێستگەی دەنگدان و ١٦١ ناوەندی دەنگدانیان پەسەند کردوە.
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان دابەشکردنی ناوەندەکانى دەنگدانى بەپێی پارێزگاکان بەمجۆرە دیاریکردوە.
لە هەولێر ٤٩٨ ناوەند و دو هەزار و ٢٠٣ وێستگەی دەنگدان هەن
لە سلێمانی ٤٧٧ ناوەند و دو هەزار و ٣٦٤ وێستگەی دەنگدان هەن
لە دهۆک ٢٦٤ ناوەند و هەزار و ٥٩٥ وێستگەی دەنگدان دیاریکراون
لە هەڵەبجە ٢٧ ناوەند و ١٣٦ وێستگەی دەنگدان دیاریکراون.