خوێندنەوەی کتێب: ناسیۆنالیزمی کوردی لەڕوانگەی کۆمەڵێک توێژەرەوە
  2024-02-07       925       

خوێندنەوەی: هەڵۆ بەرزنجەیی

 

ناوی کتێب: ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕوانگەی کۆمەڵێک توێژەرەوە

 لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەرگی یەکەم،  ٥٤٤ لاپەڕە

چاپی ساڵی ٢٠٢١ سلێمانی

لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیر و هۆشیاری

 

 

 

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕوانگەی کۆمەڵێک توێژەرەوە

(توێژینەوەکانی بەرگی یەکەم)

   ئەگەر بۆمان هەبێ باسی یەکێ لە گرفتەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی بکەین، ئەوە بێگومان نەبوونی سەرچاوەیەکی تێر و تەسەلی گشتگیرە، کە بەرھەمی خوێندنەوە و شرۆڤە و تۆمارکردنی ئەم ھزر و بزاڤەیە. لێرە و لەوێ لە کۆنتێکستی ھەندێ بابەتی مێژوویی یاخود سیاسی دا، ئاماژەی سەرپێیی بەم دیاردەیە کراوە.

کەمی سەرچاوە بێجگە لەوەی بۆ خۆی دیاردەیەکی خراپ و زیانبەخشە، ھاوکات بۆتە ھۆی نامۆیی و ناشارەزایی و لێ حاڵی نەبوون و جۆرێک لە شێواویی لای خەڵک و خوێنەر بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی کوردی. ئەم گرفتە لێرەدا جێی نابێتە و لێدەگەڕێین کارێکی سەرومڕ لەم ڕووەوە بتوانێ بابەتییانە و زانستانە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی خۆی و خزمەتێ بە بیر و کولتووری کوردی بکات.

سەرەتا ڕوونکردنەوەیەکی پێویست .. بەگشتی من خۆم لە بەکارهێنانی زاراوەی ناسیۆنالیزم بەتایبەت لە فۆرم و مۆدێلی ئەوانەی داگیرکەرانی کوردستاندا باش دەپارێزم.. ئەم دیاردەیە کە مۆدێرنە پێناسەیەکی حەتمیی خۆی پێداوە، جێی بایەخی من نییە.. من پتر وەک بیر و ھەستی نەتەوەیی و بە کوردییەکەی کوردایەتی ناوی دێنم و باوەڕم پێیەتی. بەڵام لەبەر ئەوەی ناونیشانی  کتێبەکە و وتارەکان و باسەکە ناسیۆنالیزمە، بۆیە منیش ھەر ناسیۆنالیزم بەکار دێنم.

سەرەتا وەرگێڕ پێشەکییەکی خەستوخۆڵی بۆ نووسیووە و گەشتێکی وردی بەم مێژووەدا کردووە و ئەو تاوانانەی نەتەوەپەرستانی داگیرکەر لەژێر ناو و ناونیشانی ناسۆنالیزمدا دژ بە کورد ئەنجامی داوە ئاماژە پێ دەدات..

ئینجا کۆمەڵێ پرسی تریش دەورووژێنێ. بۆیە لە پێشڕا دەستخۆشی لە برای وەرگێڕ و ئەم خزمەتە بەرچاوەی دەکەم..

ئەم کتێبە لە دوو بەرگی ٩٩٢ لاپەڕەیی پێکهاتووە و ئەمەی کە لێی دەدوێین توێژینەوەکانی بەرگی یەکەمە کە ٥٤٤ لاپەڕەیە و لە 10 وتار یان توێژینەوەی جیاجیای کۆمەڵێک نووسەر پێکھاتووە.. من لە بەرەوە هەوڵ دەدەم بڕگە سەرەکییەکانی شەنوکەو بکەم .. لە بەرنامەمدایە لە دەرفەتێکی تردا خوێندنەوەیەکیش بۆ بەرگی دووەم بکەم لەسۆنگەی ئەو توێژینەوە گرنگانەوە کە لەو بەرگەشدا هاتووە.

 

١ـ پاشخانی مێژوویی: ڕەگو ڕیشەی ناسیۆنالیزمی نوێی کوردی

نووسینی: پرۆفیسۆر مایکل ئەپەڵ

توێژینەوەکە زانستییە و گێڕانەوەیەکی مێژووی بزاڤە کوردییەکانە..

باس لە ناوەڕۆکی ناسیۆنالیستانەی ڕاپەڕین و داواکانی شێخ عوبەیدوڵا دەکات لە ساڵی ١٨٧٨ دژ بە دەوڵەتی عوسمانی. دەنووسێ: “عوبەیدوڵا لەبارەی سەربەخۆیی کوردەوە داواکانی تەمومژاوی بوو و پاڵنەر و ڕەفتارەکانی   نەریتی و خێڵەکی و فیوداڵانە بوون. لە ھەندێ بۆنەدا زاراوەی نەتەوە یان تایفەی کوردی بەکاردەھێنا و ئاواتی خۆی بۆ یەکگرتنی کورد و دەوڵەتێکی کوردی دەردەبڕی لەژێر سایە و حوکمی خۆیدا...

ئاماژە بە حاجی قادر و مەموزینی زانی وەک دەقێکی ئەدەبی نەتەوەییانەی ساڵی ١٦٩٥ دەکات.. واتە پێش شۆڕشی فەرەنسا و سەرھەڵدانی سەرەتاکانی ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا..

ئەوروپاییەکان پێیان وایە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکە لە ئەوروپا سەری ھەڵداوە، بۆیە ئەو بیر و ئەندێشانەی خانی بەھەند وەرناگرن..! نووسەر پێی وایە ناتوانرێ ناسیۆنالیزم بسەپێنی بەسەر ئەم دەڤەرەدا چونکە ئەو دیاردەیە زادەی کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریی مۆدێرنەیە..  وەک ئاماژەمان پێدا بەشێکی زۆری مێژوونووس و کۆمەڵناسەکان شتێک نابینن بەناوی ناسیۆنالیزم لە دەرەوەی مۆدێرنە. ئەمەش حوکمێکی نالۆژیکییە و مەرامێکی سیاسی وا لە پشتەوە. نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد ھەرگیز ملی نەداوە بۆ داگیرکەرەکانی و بەھەر نرخێک بێت بەرەنگاری کردووە.

کاتێ ئیسلام ھاتووە کورد بە شەڕ بووەتە ئیسلام ،ئەگەرچی ئەمیش نەیتوانی بەتەواوی زاڵ بێت بەسەر کورددا.. باس لەوە دەکات کورد خواستی باڵادەستی و فراوانخوازی نەبووە و لەبەرئەوەی:" چونکە لەلایەن خێڵەکانەوە جموجوڵی گەورە نەبوو بە ئاڕاستەی ناوچەکانی ژیان و گوزەرانکردن لەدەرەوەی چیاکانی کوردستان، لە لایەکی تریشەوە نەھێزی خێڵەکان پەرەی سەندبوو و نە پێکھاتەی سیاسی تۆکمە و ڕێکخراو یان ئایدۆلۆژیایەکی ئایینی پاڵنەری بوو".

بەواتای ئەوەی کورد لەبیری خۆیدا نەبووە و گرفتاری ململانێ و ھەراکانی ناوچەکە بووە بۆ خۆی تێنەکۆشاوە.  بەم پێیە دابڕاو لەیەکتری و نەبوونی زمانی ستاندارد و ئاینێکی ھاوبەش و دەسەڵاتێکی سیاسی زیانی پێ گەیاندووە..

دێتە سەرباسی بنەماڵەی ئەیبووبی کە توانییان لە سەردەمی ئیسلامدا دەسەڵات بگرنە دەست و سەلاحەدین ھەڵکەوت.. بەڵام لە دەڤەرێکی دووری کوردستان لە میسر ..

دوایی باسی کێشەکانی کورد لەگەڵ تورک/ عوسمانی و شیعە و فارسی سەفەوی دەکات کە زیاتر لە سێ سەدەی خایاند باسی مەولانا ئیدریسی بەدلیسی دێتە ناوەوە و رێکەوتنی قەسری شیرینی ساڵی ١٦٣٩ ی دوای شەڕی چاڵدێرانی نێوان عوسمانی و سەفەوی. لێرەشدا کورد ھیچی پێ نەبڕا.

میرنشینەکانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی پێگە و ڕۆڵیان شیدەکاتەوە باسی داستانی قەڵای دمدم و عەبداڵ خانی بەدلیس دەکات کە چ پێگەیەکی رۆشنبیریی و پێشکەوتوو ھەبووە لەو کاتەدا.. کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند ١٦٥٦...

چەند کۆپلەیەک لە ناو شیعری مەموزینی ئەحمەدی خانی دێنێتەوە..

دێتە سەرئەوەی کەوا: "لە کوردستاندا بارودۆخێک نەڕەخسابوو بۆ پەرەسەندنی بورجوازییەتێکی شارستانی یان ئەرستۆکراتی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بە گوتار و بەرژەوەندییە بان خێڵ و بان لۆکاڵ و بان میرنشینەوە".

باسی رووسیا و داگیرکاری لەناوچەکانی قەوقاز و ھاتنی ئینگلیز و کۆلۆنیالیزمەکردنی ڕۆژھەڵاتی ناوین و لاوازبوونی ھەندێ میرنشینی کوردی دەکات و بەدرێژی لەسەر میرنشینی سۆران دەوەستێ و باس لە خەون و ئاواتی سەربەخۆی میری سۆران دەکا تا کوشتنەکەی بەدەستی عوسمانییەکان.. دواتر میرنشینی بۆتان شرۆڤە دەکات و راپەڕینی یەزدان شێر بەشێکی تری توێژینەوەکەن...

دوابەشی کارەکە لەژێر ناونیشانی:«سەرەتاکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد»دا نووسیووە. لە ھەمووشی رووخانی دەوڵەتی عوسمانی و جەنگی جیھانیدا سەرکردەکانی کورد نەیانتوانی لەو سەردەمەدا کە نەخشەی ناوچەکە سەرلەنوێ کێشرایەوە شتێ بۆ خۆیان بەدەست بھێنن.

توێژینەوەکە ھەر لە مەودای باسە مێژووییەکان و ھەڵوێستە سیاسییەکان دا ماوەتەوە و کەمتر خۆی بۆ باسێکی تیۆریی و زانستی لەسەر ناسیۆنالیزم تەرخان کردووە.. لەگەڵ ئەوەشدا باسەکەی دەوڵەمەندە . ئەم توێژینەوەیە 70 لاپەڕەی گرتووەتەوە.

 

٢-  ناسیۆنالیزمی کوردی: ڕەگ و ڕیشەکانی چین؟

نووسینی: ژێگەر حەسەن

ژێگەر حەسەن توێژەرێکی کوردە و لە باسەکەیدا نزیک کەوتووەتەوە لە پرس و بابەتی ناسۆنالیزم قسە لە بۆچوونی کوردی دەکات کە پێی وایە ناسیۆنالیزمی کوردی مێژوویەکی کۆنی ھەیە و لە ئەدەبدا ڕەگی داکوتاوە. نووسەر بۆ کارەکەی پشتی بە تیۆریی ئەنتۆنی سمیس و لێکدانەوەکانی ڤان بروسن، ھیزشلەر، سترۆھمێیر بەستووە و زاراوەکانی ناسیۆنالیزم و پریناسیۆنالیزم و مۆدێرنیزم باسەکەی نەخشاندووە.. لەبەر رۆشنایی ئەمانەدا توێژینەوەکەی ئەنجام داوە.

توێژەر پێی وایە: کە نە ڕێباز و بۆچوونی سەرەتایی و نە مۆدێرنیتەش ھەر یەکەیان بەتەنھا ناکرێت ڕاڤەی ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزمی کوردی بکات"..  کەواتە ناسیۆنالیزمی ناوبراو تایبەتە و ھیچ قاڵبێک بە تەنیا بۆی نابێت..

پێناسەی نەتەوە لەم توێژینەوەیەدا بەرچاو خراوە، کە یارمەتی خوێنەر دەدات لە بابەتەکەدا.. جیاوازی لەگەڵ ئێتنی دا خراوەتە ڕوو بەوەی پێناسەی ئەمیش کراوە..

دواتر چەند نموونەیەک لە بیروبۆچوونی ئەمیری حەسەنپوور دێنێتەوە و ناسیۆنالیزمی فیۆداڵ ئەو مۆرەی حەسەنپوور لە بیرکردنەوەی شەرەفخانی بەدلیسی و ئەحمەدی خانی دەدات.. حەسەنپوور پێی وایە تاوەکو سەدەی بیستەم کۆمەڵگەی کوردی فیۆداڵ بووە، لە کاتێکدا مێژووی سەرھەڵدانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن دەگێڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم..

ئەم باسوخواستی فیوداڵەی کۆمەڵگەی کوردیی مشرومڕی نێوان ناوبراو و مامۆستا مەسعوود محەمەدیشە و لەو بارەیەوە خوێنەر دەتوانێ تەماشای کتێبی(بۆ ئەمیری حەسەن پوور لە ھەر کوێیەک بێت)  بکات..

دواتر گەشتەکەی لە بیروبۆچوونە تیۆریی و بۆچوونە مێژوویی و سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییەکان و دواتر بۆ جەختکردنەوە لەسەر تایبەتێتی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆچوونی ئێدمۆندز و حەسەنپوور دێنێتەوە.. پاشان باس لەوە دەکات کە دوای رووخانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی چەند بیرمەندێکی تر دێنە سەرشانۆی ناسیۆنالیزمی کوردی لەوانە: ئەمین زەکی بەگ و جەمال نەبەز..  نەبەز لە کتێبێکی سەربەخۆیدا جەخت لەوە دەکاتەوە "بیری نەتەوەیی نە ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوایە و نە قەومی ڕۆژھەڵاتی".

نووسەر بیروڕای خۆی ھاوجووتی ھی ڤان برونەسن دەکات سەبارەت بەوەی ناکرێ بیروبۆجوونەکانی خانی بەس بێت بۆ سەلماندنی بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی.. پێشتر ئاماژەمان بە جەوھەری ئەم خاڵەدا ..

لە بەشێکی تری توێژینەوەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ پرسی مۆدێرنە و بیروڕاکانی برۆلی و ھۆبسباوم و ئەندرسن و گێلنەر .. ئەمانە بێ چەندوچوون جەختیان لەسەر ئەوە کردووە مۆدێرنە مامانی ناسیۆنالیزمە لە ڕێی چاپ و چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و پیشەسازی و سێکۆلاریزم و دەزگەی دەوڵەتەوە..

نموونەش لە بۆچوونەکانی ئەندرسن دێنێتەوە .. ئەمانە بەتێکڕا دەیانەوێ ناسیۆنالیزم لەمێژوودا بەدرۆ بخەنەوە و لە مۆدێرنەی مارە بکەن!.. ھاوکاتیش بیکەنە موڵکی ڕۆژئاوا.. ھەر ئەم بڕیار و بۆچوونەشە وا دەکات د. عیرفان مستەفا پێی وابێت "مۆدێرنە کوردی بە شەیتان کردووە". بە دیوێکی تریشدا مۆدیرنە دەستەوسانە لەئاست خوێندنەوە و تێگەیشتن لە ڕەگوڕیشەی دۆزی نەتەوەی کورد..

ھەروەھا نووسەر چەند بۆچوونێکی سمیت دێنێتەوە كە ڕەخنەی توندن لە مۆدێرنیزمە: "مۆدێرنیزم ڕۆڵی کولتوور و زمان و سیمبۆڵ و ئەفسانە کەمدەکاتەوە لە پرۆسەی پێکھاتن و دروستکردنی گەل و نەتەوەدا".. پێی وایە بیر و تێزەکانی سمیت گونجاوترن بۆ خوێندنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی..

لە ڕوانگەی سەرەتاییناسیی/ پریناسیۆنالیزم جارێکی تر دێتەوە بۆ لای کتێبێکی (حەسەنپوور و مینۆرسکی لە کتێبی ڤان بروونەسن و حەسەنپوور).. پێی وایە بە چەمکی مۆدێرن کورد ھەستی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی نییە، با خاوەنی دوانەی کولتوور و زمانێکی کۆنیش بێت..

لەژێر سەرباسی ئەنجام دا، نووسەر پووختەی بیروڕای نووسینەکەی داڕشتووە.. دەنووسێ :" خێڵ و ھۆزە کوردەکان هەمیشە خۆیان بە بەرپرس زانیوە لە پاراستنی خەڵک و دانیشتوان و ئەمەش بەڵگەیە بۆ خاڵێکی گرنگ ئەویش ئەوەیە کە ناسنامەی کوردی، پەرچەکردار نەبووە و بۆ مەیل و ڕەفتاری داگیرکەران، بەڵکوو بەردەوامییە بە پەیڕەویکردنی پراکتیزەی زمان و کولتووری ھاوبەش و توانای کورد".

ئەم خوێندنەوە و شرۆڤەیە نیشانە پێکە و بەدرێژایی مێژوو لە بندەستی و بێدەسەڵاتیشدا کورد ھەر گیانی بەرەنگاری تێدا بووە و دژایەتی بێگانەی کردووە و ھەوڵی خۆپارێزی داوە...

پێش کۆتاییھێنان بە توێژینەوەکەی ھەندێ تێزی مۆدێرنە دەداتە بەر تیشکی ڕەخنە و پێی وایە ئەو دیاردەیە واتە مۆدێرنیزم: یەکەم، ناتوانێ لێکدانەوە بۆ ھەستی نەتەوایەتی بکات لە پێش سەدەی ھەژدەدا. دووەم، مۆدێرنیزم ناتوانێ لێکدانەوە بۆ ھەست و پەیوەندی سۆزداریی تاکەکەسان بکات لە پێناوی   نەتەوە و میللەتەکەیاندا..

پێی وایە لە مۆدێرنیزم و پریناسیۆنالیزم دا کەمووکورتی ھەیە ...

ئەم توێژینەوە بەوە دەوڵەمەندە لە گەشتێکی باشدایە لەناو سەرچاوە و بۆچوونە تیۆرییەکاندا و بەشێکی بۆ خوێنەر لێ خستووەتە بەرچاو.. بەداخەوە سەبارەت بە کاری بیرمەندە کوردەکان کەمتر خۆی لە تخووبی باسەکان داوە و چ کارەکانی نەبەز و گەلێ لە بیر و جیھانبینی و بۆچوونەکانی مەسعوود محەمەد قسەیان لێ نەکراوە، تەنیا بەکورتی ھەندێ بۆچوونی حەسەنپوورمان پێشکەش دەکات لەکاتێکدا خوێندنەوەی حەسەنپوور لەو چوارچێوە تێنەپەڕیوە کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی دەرەبەگییە و زەمینەی دەرکەوتنی ھیچ دیاردەیەکی مۆدێرنیزمی تێدا نییە...

بەکورتی دەکرا خانمە توێژەر بەڕێز «ژێگەر حەسەن» زیاتر خۆی ماندوو   بکات و باسە زانستییەکەی تێر و تەسەل تر بکات و زیاتر بۆ واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی کورد بگەڕایەوە و شرۆڤەی بیروڕای شارەزایان و بیرمەندانی ئەم بوارەی بکردایە.

باسەکەی ئەم توێژەرە 41 لاپەڕەی گرتۆتەوە..

 

٣-  شێخ مەحموود.. سەرھەڵدان و شکستی سەربەخۆیی باشووری کوردی لە کوردستانی عێراقدا، پاش جەنگی جیھانیی یەکەم

نووسینی: پرۆفیسۆر وەدیع جوەیدە   

ھەڵبژاردنی ئەم باسە و بەدواچوونی لەو سەردەمە ئاڵۆزەی داڕمان و ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی یەکەم جەنگی جیھانی و ھاتنی گەورەترین ھێزی کۆڵۆنیالیستی ئینگلیز بۆ ناوچەکە و لە ئاستێکی باڵاتریشدا سەردەمی بزاڤی نەتەوەیی و گەرمەی ناسیۆنالیزم و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر شانۆی جیھان و بڵاوبوونەوەی بەندەکانی ویڵسن و زۆر   گەشە و پێشکەوتنی تریش بایەخ و سەنگی ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییە بەپێزە زیاتر دەکات..

لە ڕاستیدا ئەم لێکۆڵینەوەیە زۆر بابەتی و زانستییە و نووسەر بە دەستپاکانە و تەواو بەدیقەت و بە وردی پانۆڕامایەکی ئەو ڕۆژگارە ئاڵۆز و تژی لە باس و رووداوی ھەڵبەز و دابەزی ناوخۆیی و ھەرێمی و جیھانییەمان پێشکەش دەکات.

باسەکە لە دووتوێی٧١ لاپەڕەدا خراوەتەڕوو کە نووسەر پشتی بە 136 سەرچاوە و پەراوێز بەستووە... وەرگێڕ ھەموو پەراوێزەکانی کردووەتە کوردی و بیبلۆگرافیایەکیشی بۆ نووسەر ئامادە کردووە.

دەبێ پێشەکی ئەوە لای خوێنەر روون بێت، ئینگلیز پێش ئەوەی بێتە ناوچەکەی ئێمەوە ساڵی 1916 لەگەڵ فەرەنسییەکاندا ڕێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ)یان لە نێوان خۆیاندا مۆرکردووە بۆ دابەشکردنی سەرزەمینی دەوڵەتی عوسمانی وەک میراتێک بەپێی بەرژەوەندی خۆیان و کێشانی سنوورێکی سیاسی بۆ ناوچەکە کە بەرژەوەندی کوردی تێدا ڕەچاو نەکرا. لە دەزگایەکی گرنگی وەک دەوڵەت بێبەش کرا و بەزۆر کرایە چوار بەشەوە و بەخشرایەوە بەسەر دەوڵەتە تازە دروستکراوەکان دا، بەواتایەکی تر جانتای دیبلۆماسی و نەخشەی ناو ھەگبەکەی ئینگلیز و فەرەنسا ھیچی بۆ کورد تێدا نەبووە.

باسەکان باسی پێشڕەویی ئینگلیز بۆ ناوچەکە ھەر لەسەرەتاوە پەیوەندییان بەسەر ھۆزەکانەوە کردووە و سۆزیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و کاریان بۆ بکەن... دیارە ئینگلیز خاوەنی زیاتر لە 200 ساڵە مێژووی داگیرکاری بووە و وڵاتێکی پانوبەرین و فرە گرووپ و ئێتنیکی وەک ھیندستانی لەژێر دەست دابووە.. کە ھاتۆتە ناوچەکەوە ھێشتا تورک ھێز بووە و کاریگەریی لەسەر دەڤەرەکە ھەبووە و پرسی ھاوئاینیی ئیسلام فاکتێک بووە بە سوودی تورک لەمەیداندا کاری کردووە..

لەمەودای باسی پەیوەندی ئینگلیز بە ھۆزەکانەوە ناوی ھۆزەکانی باجەلان و تاڵەبانی سنجابی دێ .ئینگلیز وەک ھێزێکی نوێ و براوە لە شەڕ و ھەڵگری پەیامی ئاوەدانی و بونیاتنانەوە و پشتیوانی گەلان، سۆز و ھەستی زۆری خەڵکەکەی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە..

شێخ مەحموود وەک نوێنەری سەرەکی کوردی باشوور و ڕۆژھەڵاتی نیشتمانەکەی، ئەم بیرکدنەوەی کە ڕەھەندێکی نەتەوەیی ھەیە گرنگە و دواتریش داوای ئەوە دەکات کوردی ئەوبەر سنوور بەشداری حوکمدارییەکەی بن، لێ ئینگلیز زۆر دژ دەبێت . شێخ ھەوڵی داوە لەسەر زەمینەیەکی تۆکمە و تەندروست کار لەگەڵ ئینگلیزدا بکات .. ئینگلیز سەرەتا دڵخۆش بوون، دواتر ویستوویانە ملکەچی مەرامەکانی خۆیانی بکەن، شێخیش ئامادە نەبووە.. بەم پێیە کێشمەکێشی سیاسی و شەڕ دروست بووە و جارێ شێخ سەردەکەوێ و دواجار ئینگلیز .

نووسەدر ئاماژە بەوە دەدات سیستەمێکی خێڵەکی لە کوردستاندا کارا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا شێخ وەک نوێنەری دۆزێکی نەتەوەیی لە خۆی دەڕوانی و لە نامەکانیدا بۆ دەسەڵاتدارانی ئینگلیز «داوای دەکرد کوردستان لە لیستی گەلانی رزگارکراو دەرنەکرێت.. مێجەر نۆئێڵ کە بەوە ناسراوە دۆستی کوردبووە، دێتە سلێمانی ئەرکی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی پێسپێردراوە..

جوەیدە باس لە سیستەم دەکات ساندیمان و برووس یان مەلیکی کە دوو ئەزموون بوون ئینگلیز لە ھندستان پێڕەوی کردوون و ڕایگوێزابوون بۆ کوردستان، لێرە شکست دەخۆن.

لە مانگی دیسەمبەری 1918 سێر ئەرنۆڵد ویڵسنی دەچێتە سلێمانی و لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە ئامادەبوونی شەست سەرۆک ھۆزی کورد کە بەشێکیان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھاتبوون لە ناوچەکانی سنە و سەقز و ھەورامانی تەختەوە ھاتبوون گفتوگۆ دەکەن و شێخ بەسەرۆک ھەڵدەبژێرن. دیسان ئامادەبوونی ھۆزەکانی ڕۆژھەڵات لەسەر پێداگری شێخ بووە و ھاوکات ئاماژەی ڕەگەزێکی نەتەوەییە لە بیرکردنەوەی شێخ دا و ئەو دەسەڵات و حوکمدارییە ھەیبووە.

لە کۆبوونەوەی ناوبراودا وەک نووسەر جەختی لەسەر دەکاتەوە دوو بۆچوون ھەبووە:

١-  ھەندێ ھۆز وا خۆیان نیسان دەدا کەوا دەسەڵاتی بەریتانیایان لا پەسەندە

٢- ھەندێکی تریان داوایان دەکرد کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن لەندەنەوە بەڕێوە ببرێ

ویڵسن دەڵێ: ھەندێ لە سەرۆک هۆزەکان بە نهێنی پێیان وتووە دەسەڵاتی شێخیان پەسەند نییە.. بەڵام دواجار ڕێککەوتنامەکە لەلایەن چل سەرۆکەوە مۆرکراوە...

دەمودەست شێخ و سەرۆکە ھاوڕێیکانی وەک نوێنەری کوردستان بەڵگەنامەیەک دەدەنە حکوومەتی بەریتانیا.. دواتر چەند نامەیەک لەنێوان شێخی حوکمداری کوردستان و ویڵسن دا ئاڵوگۆڕ دەکرێ.. لە یەکێک لە نامەکانی شێخدا ھاتووە: "داوا دەکات ئەفسەرە بەریتانییەکان بکرێنە بەرپرسی ھەموو دامودەزگاکانی حکوومەت بن و وەکوو مەرجیش داوای کردووە لە خوار ئەوانە کاربەدەستی کورد نەک عەرەب دابنرێ".

نووسەر باس لەوە دەکات کەوا نوێنەری ھۆزەکانی ڕۆژھەڵای کوردستان بەفەرمی داوایان کردووە ببنە بەشێک لە حکوومەتە سەربەخۆکەی کوردستان، بەڵام بەریتانیا دژ بووە.. گەر بھاتایە ئەم داوایە قبووڵ بکرایە ئەگەری بەھێزبوونی حکوومەتەکە زۆر دەبوو. ڕەنگە لە دواڕۆژدا ھۆزەکانی تریش داوای ئەوەیان بکردایە ببنە بەشێک لەدەسەڵاتی کوردی. ئەمەش بۆخۆی دەستکەوتێکی گەورەیی نەتەوەیی دەبوو، ئەرکی ئازادیخوازیی کوردی ئاسانتر دەکرد..

دوای ئەم پێکھێنانە، ھەتا دەھات دەسەڵاتی شێخ و حکوومەتەکەی بەھێز   دەبێ و ھۆزەکان لەدەوری کۆدەبنەوە، شێخ وردە وردە گوێی بە ھەموو فەرمانێکی بەریتانیا نادات، کاروبار بەم شێوە بەڕێوە دەچوو و ئەم دەسەڵاتە کوردییە ڕەخنەی توندی لەسەر ئەوە لێ دەگیرێ ، لەم میانەی دابەشکردنی پۆست و پلەو پایەکان بەشێکی زۆری دەداتە خزموکەسوکاری خۆی.. دیاردەی گەندەڵی سەری ھەڵدابوو. بەم جۆرە نیگەرانیی خەڵکی لێکەوتەوە و لەولاشەوە ئینگلیز نیگەران بوو لەوەی شێخ لەخۆی گۆڕاوە و بووەتە جێی مەترسی و بەدوای بیانوودا دەگەڕان سزای شێخ بدەن و وەک نووسەر ئاماژەی پێداوە مێجەر سۆن حاکمی شار زۆر ڕقی لە شێخ بووە..

ھەبێ و نەبێ لەھەوڵە کوردستانی و فراوانخوازی و بەھێزکردنە خودییەکانی شێخ ناڕەحەت بوون و شێخ ھەموو شتی بەدڵی ئەوان نەکردووە..  وەک لە باسەکەدا ھاتووە گوایە شێخ پرسی دیموکراسی کردۆتە قوربانی پرسی نەتەوەیی، ئەمەش بەڵگەیەکی بەھێزە کەوا شێخ لەخەمی دۆزە نەتەوەییەکەیدا بووە و ئینگلیزیش خۆشیان بەم ھەوڵ و تێکۆشانە نەھاتووە. دوور نییە شێخ ھەوا و خەیاڵی ترشی لە مێشکدا نەبووبێ، بە قازانجی بەھێزبوونی دەسەڵاتەکەی . لەم بارودۆخەدا پەیوەندیی حکوومەتەکەی شێخ و بەریتانییەکان تێکدەچێ.

ئینگلیزەکان ھێندە ناڕەحەت دەبن و شێخ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە شێتە یان منداڵە و ھەوڵ دەدەن لەکەداری بکەن و ناوبانگی بزڕێنن .

کرۆکی بیرکردنەوە و ئامانجی شێخ ئەوەبووە کوردیش وەک گەلانی ناوچەکە بێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، ئەمەش ڕاستەوخۆ دژی پلان و نەخشەی ئینگلیز بووە، ئیدی گرژی و ئاڵۆزی و لێکتر حاڵی نەبوون سەری ھەڵداوە..

نووسەر دەڵێ: شێخ لەسەر بنەمای ناوبگی بنەماڵەکەی پێگەی بەھێز بوو، باپیری گەورەی شێخ مارفی نۆدێ زانایەکی گەورەبووە و حاجی کاک ئەحمەدی شێخی باپیری شێخێکی گەورە بووە و باوکی شێخ سەعید لە ھەرای مووسڵ گیانبەخت دەبێ، ھەڵبەتە خۆیشی ڕێچکەگری ئەوان و گیانی کوردایەتی تێدا زۆر بەھیز بووە بەدوای خەونی ھێنانەدی ئاواتی نەتەوەکەیەوە بووە.. شێخ ئاگاداری گۆڕانەکانی جیھان بووە، دڵی بە 14 خاڵەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ویڵسن و مافی چارەنووسی گەلان خۆش بوو.. ئاگاداری شۆڕشی ئۆکتۆبەر بووە و ھاوکات بەچاوی خۆی بزاڤی پان ئیسلامی عەرەبی و تورکی دەبینی. ئەمانە ھەموو کاری تێدەکەن و ئەویش دەیەوێ لە خزمەتی کوردایەتی دوانەکەوێ..

ئینگلیز ھەوڵ دەدەن دەسەڵاتی کەمکەنەوە .. گرژی ڕووداوەکان بە ئاستێک دەگات شێخ ڕازی نابێ و پەلاماری ئینگلیزەکان دەدات و شاریان لێ پاک دەکاتەوە. لە یەک قۆناغی گرژییەکاندا ئینگلیز دەشکێ و شکۆی ئیمپراتۆرێتی بەریتانی دەرووشێ، بەڵام لە دووەم گەڕدا بەھێز و سوپایەکی گەورە دێنەوە شێخ دەبەزێنن و ٤٨ جەنگاوەر  لە سوپاکەی گیان بەخت دەکەن و لە دەربەندی بازیان بە برینداری لەگەڵ 100 کەسی تردا دیلی دەکەن و سزاکەی سەرەتا بە لە سێدارەدان دەدەن و پاشان بۆی دەکرێتە زیندانی ھەتاھەتایی و دواجار بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ ھندستان دەدەن..

توێژەر ھۆکاری شکستەکەی شێخ دەگێڕێتەوە بۆ لاوازیی ڕێکخستن و ناتەواوی سەرچاوە و دەرامەتی ژیان. کەمی و سادەیی چەک و تەقەمەنی و نزمی ورەی سوپاکەی بەھۆی نادڵسۆزی بەشێکی زۆری ئەوانەی لەگەڵی بوون.. لە ڕاستیشدا بۆ دەسەڵاتێکی بچووکی وەک حوکمداری شێخ سەخت بووە، شەڕی شکۆی ئینگلیزی گەورە ھێزی کۆلۆنیالیستی جیھان بکات..

نووسەر دەنووسێ: "ھەڵبەت کاتی زۆر دەوێ بۆ کورد لەتەواوی ناوچەکەیاندا کە جیاوازییان بخەنە لاوە و کینە و ناحەزییان بەرانبەر بەیەکتر لەبیر بچێتەوە بۆئەوەی لەدژی نەیاری دەرەکی یەکگرن"..

ئەوەش ھەقیقەتێکی بەھێزی تێدایە، چونکە دواتر زۆر سەرەک ھۆز لەلایەن ئینگلیزەوە بە پارە لە شێخ ھەڵگەڕانەوە وازیان لە پشتیوانیکردنی ھێنا و دەبێ ئاماژە بە ڕۆڵی( مەحموود خانی دزڵی و مەحموود خانی کانی سانان و کەریمی فەتاح بەگ) و چەند سەرەک ھۆزێکی بدەین کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پشتیوانی دەسەڵاتی کوردبوون .. تەنانەت مەحموود خانی دزڵییش وەک شێخ بۆ ھندستان دوورخراوەتەوە..

لەم خوێندنەوەیەدا تێدەگەین دڵسۆزانی شێخ بێجگە لە موریدەکانی خۆی کەم بوون لەچاو تەواوی میللەتدا لە باشوور. ئینگلیزەکان ھەموویان ئاماژە بەم خاڵە دەکەن و ڕەنگە شێخیش توانای پێویستی نەبووبێ بۆ مامەڵە لەگەڵ ئینگلیزدا و تورکیش لەولاوە بەردەوام ھەوڵی ئاژاوە نانەوە و ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی داوە، با لەبیرمان نەچێ دۆخی گەلانی تری ناوچەکە لە ھی کورد باشتر نەبووە، بەڵام ئەوان (لۆرانس)یان بۆ دروست کردن و کوردیش      (بێڵ و کۆکس) کە تا سەر ئێسک کەوتنە دژایەتی کردنی، بۆ نموونە کاتێ فڕۆکەکانی ئینگلیز سلێمانی بۆمباران دەکەن بێڵ لە خۆشیدا بۆ مەرگی شێخ شایی گێڕاوە و برووسکەی ناردووە وەک هەواڵێکی خۆش بۆ دایک و باوکی.

باسەکەی وەدیع جوەیدە لە چوارچێوەی مێژوودا ماوەتەوە و دوورە لە ھەموو باسە تیۆرییەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزم و شرۆڤە و پێناسەی ئەم دیاردانە و ڕاڤەکردن و ھەڵسەنگاندنی ناسیۆنالیزمی کوردییە .. لەگەڵ ئەوەدا باسێکی بەپێز و چڕ و بەسوودە و ماندووبوونێکی زۆری نووسەری پێوە دیارە..

 

٤-  پێنج قۆناغ بۆ بنیاتنانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا

نووسینی: م. ھاکان یاڤووز – زانکۆی یوتا / ئەمریکا

نووسەر توێژەرێکی تورکە لە زانکۆی یوتای ئەمەریکا وانەبێژە...

پرسی کوردی بەتایبەت لە باکوور- ئەو تورکیای نووسیووە- لە ڕووی مێژووییەوە لە نێو کایەی سیاسی و یاسایی رۆشنبیریی تورکیا و کوردا باس دەکات.. شارەزایە لە پرسی ئیسلام دا... دەیەوێ باس لەناسنامەی کولتووری کورد بکات لە پرۆسەی بە سیاسیبوون و ھەنگاو نان بەرەو مۆدێرنە.. لەم ڕووەوە چوار قۆناخی بۆ بەسەرکردنەوەی لە مێژووی کوردی ئەو بەشە دیاریکردووە بۆ نووسینەکەی و شەنوکەویان دەکات. قۆناغەکانیش بریتین لە ساڵەکانی: ١٨٧٨ - ١٩٢٤، ١٩٢٥ - ١٩٦١، ١٩٦٢ - ١٩٨٣، ١٩٨٤ - ١٩٩٨.

دوا قۆناخیش لە گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە تا ئەو کاتەی نووسینەکەی تێدا نووسیووە.. واتە دوایی 1999وە دەبینین سەرەتاوە لە دەوڵەتی عوسمانی تا ڕووخانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە دەگرێتەوە..  قۆناخەکانی تریش ھەموو سیمای خۆیان ھەیە و تژین لە ڕووداوی مێژوویی و سیاسیی گرنگ. ئەم کارەیشی ماندووبوونی زۆری پێوە دیارە و دەیەوێ لەم ڕێگایەوە بچێتە ناو باسی گەڵاڵەبوون و فراژیبوونی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە..

نووسەر باس لە پارچە پارچەیی ناسنامەی کوردی دەکات و لە ڕووی زمان و ئاین و ئەلفوبێ و ناوچەییەوە.. ئەم بۆچوونانە چەند ڕاست و ئازاراوین بەڵام وەک دەبینین بەتەنیا کورد لە دۆخەکی وادا ناژی، ئەوەی ئەم دیاردەی لای کورد قوڵ و گرێیاوی کردووە بێ دەوڵەتییە. لە میانەی ئاماژەدان بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک و پلانی بەرەنگاربوونەی کورددا سێ پلان دەخاتە ڕوو:

١- سیاسەتێکی تێکەڵکردن بە تێکشکاندنی پەیکەربەندی و سترۆکتووی خێڵەکی کە باعادەت یاخیبوونی چەکداریی لێکەوتووەتەوە.

٢- سیاسەتی بەشداریپێکردنی سەرۆک عەشیرەتەکان بە مەبەستی کۆنتڕڵکردنی ئەو ناوچە لاسار و ناجێگیرانە.

٣-  سیاسەتی پەرت بکە و زاڵبە ڵە ڕێگەی بەکارھێنانی عەشیرەتێکەوە دژ بەویتر.

ئەم سێ میتۆدە سیاسییە زۆرێکی تری داگیرکەرانی کوردستان بەکاریان ھێناوە.. ئینگلیز لە ئیرلەندە و لە ھیندستانیش بەکاری ھێناوە. تورک بە دڕندانەترین شێوە پێڕەوی کردوەە.. چ تورک و چ ئەوانی تریش ھێشتا نەیان توانی کورد لەناو بەرن..

پاشان دێتە سەر ڕۆڵی ھێزە ئایینی و سێکۆلارەکان دەکات چ ڕۆڵێکیان لەداڕشتنی شوناسی مۆدێرنی کوردیدا گێڕاوە.. ئیسلام پەیوەست بە پرسی بە ھێزێکی دولایەنە دادەنێ واتە یەکخەر و دابەشکار دادەنێ .. وەک کوردی ئیسلامی سووننە و لەولاشەوە کوردی عەلەوی یەکەی دژ بە سیاسەتی ئەتاتورک و دووەم لایەنگری ڕیفۆرمەکانی ئەتاتورک لەسەر ئایین.. عەلەوییەکان ھەنگاوێکی تریش لە کوردایەتی دوور کەوتوونەتەوە و بوونەتە پاڵپشت و قەڵای ڕێبازی چەپ لە تورکیادا..

ئەم دابەشکارییە لە ڕووی ئاین و ئایدۆلۆژیاوە گەورەترین کۆسپی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردییە .. دەسەڵاتی ناوەندی نەتەوەی باڵادەستیش بە ئارەزووی خۆی دندەی داوە و بەنزینی کردووە بە ئاگرەکەدا و برینەکەی قوڵتر کردۆتەوە، دەنا بە حوکمی چی کوردێکی عەلەوی دوای کۆمەڵکوژی دێرسیم و لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و قارەمانەکاتر لەسەردەستی ئەتاتورکدا دەچنە سەر ڕێبازی ئەم بکوژە، وەک چۆن ھیچ جوویەک نییە چووبێتە سەر ڕێبازی ھیتلەر..

لە بەشێکی تری نووسینەکەدا باس لەشۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا دەکات لێرەشدا پەیوەندیی توندی ئیسلام و ناسیۆنالیزمی کوردی بەدەردەخا.. نووسەر دەیەوێ بەزۆر ئەوە بسەلمێنێ ناسیۆنالیزمی کوردی ئاوێتەیەکی ئیسلامیی پێوەیە، ڕاستە بەشێکی زۆری رابەرانی کلاسیکی کورد سەر بەئاینی ئیسلام بوون، بەڵام ئەوانە خۆیان بوونەتە قوربانی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشاون نەک بۆ دامەزراندنی خەلافەت و دەوڵەتێکی ئیسلامی.

تورکیا کە لەسەر داروپەردووی دەوڵەتی عوسمانی دامەزرێندرا، نەیدەتوانی پێڕەوی سیاسەتی فرەنەتەوەیی لەو وڵاتەدا درێژە پێ بدات، بەڵکوو نکۆڵی بوونی ھەر نەتەوە و کەمەنەتەوەکی لەدەرەوەی تورک لە تورکیادا کرد. دروشمی یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە و یەک زمانی گرتە بەر..

باس لە ھەوڵەکانی شەریف پاشا بۆ کورد دەکات و دێتە سەر ئاماژەدان بەشۆڕشەکەی شێخ سەعید و دامەزراندنی کۆمەڵە سیاسی و کولتوورییە کوردییەکان.. ئەوەی جێی سەرنجە نووسەر دەنووسێ" کۆمار نکۆڵیی لە بوونی کورد نەدەکرد، بەڵکوو گوتارێکی نوێی پەرەپێدابوو بۆ قسە و باسکردن لە بارەیانەوە بێئەوەی وشەی - کورد- بدرکێنن بە واتا ئیتنۆ- نەتەوایەتییەکەی. ھۆکارەکەشی بۆ ئەو تێڕوانینە دەگێڕێتەوە کەوا کورد کۆنەپەرست و دواکەوتوو و مەترسیداربوون بۆ دەوڵەتی تازە تروکاوی مۆدێرن و سێکۆلاریتێتی.

خۆ گەر لەڕووی مێژووییەوە تەماشای ئەم دەربڕینە بکەین ڕابەرانی کۆمەڵە و گرووپە مۆدێرنەکان بەشێکی زۆریان کوردبوون، کوردێکی زۆریش دۆستی ئەتاتورک و دۆست و ھاوکاری بوون، کەواتە کوردیش گۆڕانکارییە جیھانییەکانی بە ئەندازەی خۆی وەرگرتووە پێ خۆشبووە..

ئەتاتورک دەیویست ھەموو جیاوازییەکانی سەردەمی عوسمانی تێکهەڵشێلێ و بیکاتە تاقە ناسنامەیەک بۆ تورک و کردیشی.. تا سەرەتای ساڵانی 1961 پرسی ناسیۆنالیزم لە کۆنتێکسێکی ئیسلامیدا دەخاتە ڕوو، لەدوای ئەم مێژووەوە ئیدی نۆرەی سۆسیالیزم و چەپایەتی دێتە ناو رەوتی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە. ڕۆڵی کوردە عەلەوییەکان لەم بوارەدا زۆر کاریگەربووە و لەناو پارت و کۆمەڵەکانی تورکیا گەورەترین ھێز و گرووپ بوون و دەستیان بە دەرکردنی گۆڤار بە زمانی تورکی و کوردی و باس لەو ستەمەکراوە کە لەسەر کوردە.

ئەم ھەڵمەتە وا دەکات پارتی کاری تورک لە کۆنگرەی چواری خۆیدا ددان بنێ بە بوونی گەلی کورد لە ڕۆژگەڵاتی تورکیادا، واتە نەک لە کوردستاندا، ھەڵبەت ئەمە ھەنگاوێکی ئەرێنی باش بووە. کۆمەڵەی تریش دادەمەزرێن و نووسەر دەڵێ "بزووتنەوەی چەپڕەوی لەتورکیا ھەمیشە دەیویست پێگە و بنکەی خۆی فراوان بکات لە ڕێگەی جەختکردنەوە و پێداگرتن لەسەر مەسەلەی کورد و عەلەوییەکان" .. باسی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی شۆڕشگێڕی ڕۆژھەڵات DDKO  دەکات کە چەند لەگەڵ چەپی تورکدا ئاوێتە بوون..

ئەوجا باس لەوە دەکات کە (شەرەفەدین ئاڵچی) وەک وەزیرێکی حکوومەتی ساڵی1979ی تورکیا کاتی ڕایگەیاند کوردە ئابڕووی حکوومەتی تورک چوو، کە بانگەشەی دەکرد جگە لە تورک کەسی تر لە تورکیا نییە.

نووسەر باس لە قۆناخی دوای کودەتای 1980 و دامەزراندنی پ ک ک دەکات پێی وایە" ھیچ رێکخراوێکی کوردی بەئەندازەی پکک کۆنتڕۆڵی ئەقڵ و توانای کوردی نەکردووە". ئەمەش ڕاستە و ھەروەھا ئاماژە بە خاڵێکی یەکلاکەرەوە لەسەر دەستی رێکخراوی ناوبراودا دەدات ئەویش کۆتایی پێھێنانی پەیوەندییەکانی ئیسلام و خێڵ و ناسیۆنالیزم بە قازانجی ناسیۆنالیزم. ھەر لە درێژەی ئەم باسەدا روونی دەکاتەوە کەوا پەکەکە زیاتر ڕەخنەی لە ناسیۆنالیزمی تورکی گرتووە تا سیاسەتی دەسەڵات، واتە لەبری شەڕی دەوڵەت کەوتە پەلاماردانی ناسیۆنالیزمی تورکی و ئەم وەرچەرخانە بووە ھۆی لە سەرھەڵدانی جیاوازیان لەگەڵ بزووتنەوەی چەپڕەوی تورکیادا.

بەخێرایی بیوگرافیای ژیانی ئۆجەلان و مێژووی دامەزراندنی پکک دەخاتە ڕوو. پێی وایە ئامانجی سەرەکی بریتیی بووە لە تێکشکاندنی ستارکتوور و پێکھاتەی کۆمەڵگەی کوردی و دروستکردنی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی کوردی. ئەوە باسی سەرەتاکانی ئەو پارتە دەکات، ھەروەھا پانۆڕامایەکی شەڕ و    ھەرا و کوژراوی نێوان کورد و تورکیا دەخاتە بەرچاوی خوێنەر .. ئەوجا کە خەباتی چەکداری پکک گەشە شەکات و ئۆجەلان لە سووریاولوبنانەوە سەرکردایەتی ئەم شۆڕشە دەکات، تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ و پەیوەندیی باشی بە ئیسرائیل و ئەمەریکاوە و دەوڵەتێکی بەھێز لە ناوچەکەدا ھەڕەشە لەسووریا دەکات و ئۆجەلان دەردەکرێ و ئۆجەلان دەچێتە مۆسکۆ و لەو داڵدەی نادەن و دێتە     ڕۆما و لەوێش ڕاناگیرێ یان خۆی دەڕوات و دواتر لە ١٦ی شوباتی 1999 لە نایرۆبی دەگیرێ و لە زینشدنی ئیمراڵی زیندانی دەکرێ..

ئۆجەلان لە دادگا باسی خزمەتی دەوڵەتی تورک دەکات و پێشاگری لەسەر دیموکراتی دەکات بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئیدی بەدواتی ئەوەدا شتی سەیروسەمەرەمان دی کە بەناوی ئۆجەلانەوە بڵاوکراوەتەوە..  دیارە ناوبراو زیندانییە و کەس ناتوانێ جارێ ڕاستینەی قسە و بۆچوونەکانی بسەلمێنێ، چونکە لەخۆیەوە نەیان بیستووە.

نووسەر بە وردی باسی گۆرانکارییەکانی بیر و بۆچوونی ئۆجەلان و سیاسەتی پکک دەکات بەرانبەر بە تورکیا. بە هەموو پێوەرێک پەکەکە و ئۆجەلان لە   پێش و پاشی گرتنەکەش کێشەی گەورەیان بۆ تورکیا لەسەر ئاستی ناوچە و جیھان دروست کرد..پرسی کوردیشی بردە قۆناخێکی گەورەترەوە.. و پرسی دیموکراسی لە تورکیا خستە ژێر پرسیارەوە،  ھەر بۆیەش نووسەر دەڵێ: "پرسی کورد شرینقەتەکی کوشندە و لەناکاوە لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەوروپادا".

تورکیا بە شەفەندەفەرەوە بەڕێ کەوتبوو بێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ئەم دۆخە و ھەندێ پرسی تریش بۆی بووە کۆسپ و تا ئیستا وەرنەگیراوە! لەناو ھێزە سیاسییەکانی تورکیا بە دەسەڵات و ئۆپۆزتنیسیۆنەوە ململانێ و گرژییەکانی قووڵتر و زیاتر کرد و ئەو ھەوڵ و تەقەلایانەی لەلایەن دەوڵەت و گوشاری ئەوروپا بۆسەر دەوڵەت و ھەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن و تەرحەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد بووە باسی ڕۆژ.

لە دوا بەشی توێژینەوەکەیدا بە ناوی ئەنجام، نووسەر وەک زۆری تر لە زانستکار و ئاکادیمستە تورکەکان تەنگ پوختە ی بیروڕاکانی خۆی دەخاتە ڕوو:

١-  کاتێ ئیمپراتۆری فرە ئێتنیکی عوسمانی دەڕووخێ و ڕژێم باشتر وابوو بنووسێ دەوڵەت لەسەر بناغەی ئیتنیکی دادەمەزرێ، شوناسی کوردی بەم ھۆیەوە ڕادیکالانە بەسیاسی دەبێ .

٢-  ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییە ڕادیکالە خۆی ھۆکارە کە ناسیۆنالیزمی تورکی بە سیاسی و میللیی کردووە.

٣-  ئیمڕۆ ھۆشیاریی کوردی لە ھەڵکشاندایە، لەبەرانبەردا یەکگرتن کەمە بە هۆی ڕکابەری و نادڵسۆزییەوە.

٤-  پێویستە کورد تێبگەن دەرفەتێکی ھەرێمی و یان سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا نییە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان.

 ٥ - پێویستە لەسەر تورکیا دان بە مافە کولتوورییەکانی کورددا بنێ، ئاخر کێشەی کورد تەگەرەی دروست کردووە بۆ مافی دیموکراتی و گەشەکردن و بەرەو پێشچوونەکانی تورکیا بەرەو ئاراستەی ئەوروپا.

دەکرێ یەک بەیەکی ئەم دەربڕین و بۆچوونانە شیتەڵ بکەینەوە، بەڵام بابەتەکە زۆر درێژ دەبێتەوە.. بەکورتی و کرمانجی نابراو کێشەی کورد لە پرسێکی کولتووریدا دەبینێ نەک دۆزێکی نەتەوەیی سیاسی دا.. کورد نائومێد دەکات کەوا دەرفەتی بەدەوڵەتبوونی نییە و لەپەرۆشی ئەوەدا بەو مێتۆدە سیاسیە تورکیا ناگاتە ئەوروپا.

خوێنەر ئاگادارە کەوا زانای گەورەی تورک د. ئیسماعیل بێکشچی بە تێزەکانی لەمێژە وەڵامی زۆری ئەم جۆرە بۆچوونانەی ئەم نووسەرە و دامودەزگا فەرمییەکانی تورکیا داوەتەوە.

زۆر ڕۆیشتنی بەندە لەسەر ئەم بابەتە پەیوەستە بە ھەڵکەوتی پرسی کورد لەم بەشەدا، بەھۆی ئەوەوەیە مێژووی نزیکەی چەند سەدەیەک دەوڵەتی عوسمانی و سەدەیەکیش تۆڕانێتی ئەتاتورک و ئەوانی دوای ھاتوون تا سوڵتانەکەی موسڵمان ئەردۆغانی ستەمکاری ئێستا و  ڕەنگە ھی پاش ئەمیشی بگرێتەوە.

بە پەراوێزەکانەوە ئەم توژیێنەوە چڕەی پرۆفیسۆر م. ھاکان یاڤووز نزیکەی٦٠ لاپەڕەی گرتۆتەوە.

 

٦-  کوردایەتی: ھاوکاریی نێوان کوردان و تێپەڕاندنی سنوورەکان لەسەردەمی جەنگ و ھێدمەکاندا..

ولیەم گۆرلەی، پرۆفیسۆری زانکۆی مۆناش کۆڵفیڵدی ڕۆژھەڵات- ئوسترالیا

توێژینەوەیەکە مێژوو و ڕووداوە ھاوچەرخەکانی کورد باسکردنی بنەماکانی کوردایەتی دەکات کە سەرباری داگیرکاری و سنوور و دەسەڵاتی زەبەلاحی دەوڵەتە تورک و فارس و عەرەبەوە، کاری خۆی دەکات و سەرچاوەی بزوێنەری رووداوەکانە.

نووسەر لە ناو سەرەتایەکی کورت لەمەڕ بندەستی و دواکەوتوویی کورددا ئاماژە بە یەکەم دابەشکاری کوردستان لە سەدەی 16ی نێوان عوسمانی و سەفەوی دەکات و بۆ جاری دوەەمیش چوار سەدە دواتر لە سەروبەندی دوای یەکەم جەنگی جیھانیدا بۆ چوار بەش و بەستنەوەی بە زۆرەملێ بە دەوڵەتە دەستکردەکانی پرۆژەیەکی کۆلۆنیالیستییەوە بە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریاوە ..

بۆ ئەم باسەی دوو نموونەی ھەڵبژاردووە لە پارتی پەیەدە لە ڕۆژئاوا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە باشوور و دەیەوێ بڵێ لەسەردەمی قەیران و کێشەکاندا ناسنامەی کوردی باشتر و بەھێزتر دەردەکەوێت..  ڕوون تر بڵێین ئەو دوو بکەرە/ ئاکتۆرە لە سەردەمی داعش دا باش ھاتنە سەر تەختی شانۆی سیاسی ناوچەکە و جیھان...

توێژەر.. ئاگاداری ئەوەشە کە کورد ناوبانگیان بە نایەکگرتوویی و یاخی رۆیشتووە... ھەر زوو دێتە سەر ھێنانەوەی بۆچوونێکی مێژوونووس و ڕۆژنامەوان (دێڤید ماکدواڵ) کە تایبەتمەندی مێژووی کورد بە دوو خەسڵەت دیاری دەکات:

١-  دژی حکوومەتی ئەو دەوڵە نەتەوەییانەیە کەوا گەلانی کوردیان تێدا دەژی.

٢-  بۆ ھێنانەدی ھەست و ھۆشێکی پتەو بە کۆمەڵگە و میللەت لە ناو خۆیدا..

پاشان باسێکی تەواو ھەستیار و جێی سەرنج لەسەر ناسنامەی کورد لە ڕێی بۆچوونی چەند پسپۆڕێکەوە خراوەتە بەردەم ھاوکێشەیەکی دوولایەنی، لایەک پێی وایە ئەو ناسنامەیە " پڕ و تەواوە" و یەکێکی تریش بەھۆی دابەشبوون بۆ فرەئایین و فرەزمان و پارچە پارچەیی جوگرافیاوە بە ناکامڵ و ناتەواوی دەزانن...

کاتێ ناسنامەی کورد بێ کێماسییە واتە کوردایەتی لە فۆڕمی پانکوردیزم دا بەرجەستە دەبێت، باوەڕ و بۆچوونی کوردستانی مۆرکی بیرکردنەوە و رەفتار و بزاڤی کورد و رزگاریخوازانەی دەنەخشێنێ.. بە پێچەوانەشەوە ئەوە کوردایەتی یەکەکی یەکگرتوو نییە و لەھەر بەشێکی ئەو دەوڵەتانەدا   خەسڵەت و سیمای جیاواز و تایبەتی بە دەوڵەتەکەوە ھەیە، واتە تورکیایی، ئێرانی، عێراقی و سووریایی.. ئەمەش کتومت دەکاتە ئەوەی پرس و کێشەی نەتەوەیی کورد بۆ چوار بەش دابەش بێت و لەوێدا دۆزی نەتەوەیی کورد بەھا و نرخ و تێڕوانین لەدەست دەدات .

نووسەر لەگەڵ ئەوەی وا دەنوێنێ کوردایەتی وەک چەمک و ڕێباز قبووڵ بێت، پێی وایە لە مێژووی سەردەم دا بەتایبەت لەم ساڵانی دواییدا لەنێو قەیران و رووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناویندا بەتایبەت لە شەڕی سووریا و سەرھەڵانی داعش و دژوەستانەوەیدا لە ساڵی2014 بەدواوە، کوردایەتی ڕەھەندێکی تری وەرگرت و ئەو ڕۆڵە گرنگەی گێڕا مەسەلەی کوردی زیاتر تۆکمەتر نیشان دا و واقعی ناسرووشی بەزۆر سەپاوی دەوڵەتەکانی بە کردەوە ڕەتکردەوە. ھەڵبەت ناشیرینترین تاوانبارترین ھەڵەی کورد زۆربەی جار پەنای بۆ ھەڵگرتنی چەک بردووە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی ناو دەروونی خۆی، لێ ئەوە چەند دەیەیەک دەچێت ئەو کردارە تابوو کراوە.. ئەمەش بە دەستکەوتی کوردایەتی دادەنرێ..

وەک نووسەر دەنووسێ: دەوڵەتە نەتەوەییەکانی کورد تێیاندا دەژی ئارەزووی پارێزگاریی لە کورد ناکەن لەڕووی فیزیکییەوە و بەرژەوەندی کوردیان فەرامۆش کردووە"

ئەم خاڵە لەلایەن کوردەوە بەھێزی کوردایەتی پڕکراوەتەوە و خۆیان لێک نزیک دەبنەوە و ھاوکاری یەکتر دەکەن، شەڕی داعش لە کۆبانی و کۆمەک و ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێم باشتر بڵێم کوردی باشوور نموونەی ئەو ڕاستییەن.

دواتر پێناسەیەکی دەوڵەمەندی کوردایەتی دەکات و دوو پرسیار گرنگ ڕووبەڕووی شارەزایان دەکاتەوە و خوێنەریش دەبزوێن:

١-  ئاخۆ ئەو ڕووداوانە چیبوون و بۆچی و چۆن ھاندەری ھەماھەنگی و ھاوکاری بوون؟

٢-  ئەی چۆن گەڵاڵەی کوردایەتییان کردووە؟..

نووسەر باس لە ھەڵشان و خورتبوونی ھەستی کوردبوون دەکات و لەمەڕ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرێ دەڵێ" من وای بۆدەچم کە قەیرانەکان لەو ژینگە ستراتیجییە ئاڵۆزەدا بووە بە ھاندەری کوردەکان بۆئەوەی ھاوکاریی یەکتر بکەن وەک کاردانەوەیەکی بەرگریکارانە"

لەم ھەلومەرجەی تەبایی و بوونی قەوارەیەکی فەرمی و دانپێدانراو لە ڕووی نێو دەوڵەتییەوە بەدەستھێنانی کۆمەکی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش و لەژێر ئەو پەردەیەشدا بۆ گەشەپێدان و بەھێزکردنی پێگەی کورد لەو ھەڵکەوتە جیۆستراتیژی و جوگەرفییەی تێیدایە... پێویستی کورد بایەخی پەیدا کردوەە.

نووسەر.. بۆ دەوڵەمەندکردنی باسەکەی بۆچوونی زانا و بیرمەند و پسپۆڕەکان دەکاتە پاڵپشتی توێژینەوەیەک و نموونە لە (تۆماس ھایلاند ئەریکسن) لەسەر شوناس دێنێتەوە. ناوبراو دەڵێ: شوناس لە میانەی دوو پرۆسەی یەکتر تەواوکەردا دروست دەبێت:

١-  ھەستێکی "ئێمە we " لە میانەی پشت بەیەکتر بەستن و کۆکبوونی ناوخۆیی دروست دەبێت، کەوا ئەوەی ئێمە دەیکەین و لەگەڵ ئەوانیتردا ھاوبەشین ئەوە دیاری دەکات ئێمە کێین وەک نەتەوە.

٢-  ھەستکردن بە "خۆمان" us بە دژواری لەگەڵ ئەویتر دروست دەبێ.

بە کورت خۆناسی و ئەوان ناسی و کێشانی سنوور لە نێوان خۆت/ ئێمە لەگەڵ تۆ/ ئەوان دا...

نووسەر پێی وایە ئەم دوو میکانیزمە ھەردوکیان لە کوردایەتیدا کار دەکەن، ئەگەر کوردەکان تیشک بخەنە سەر مەسەلە ھاوبەشەکانیان و جەخت لە سەر ئەوە بکەنەوە کە " ئێمە"ی کورد.

ئەم بۆچوونەی ئێرکسن، نووسەر ڕادەکێشێ بۆ لای یەکێ لە بیرمەندە ھەرە دیارەکانی بواری نەتەوە و ناسیۆنالیزم ئەویش "ئەنتۆنی سمیث"ە. پێناسەی ناوبراو بۆ گرووپێکی ئێتنیکیکە کە خاوەنی (ئەفسانەی بنەچە و ڕیشەی ھاوبەش، یادەورییە ھاوبەشەکان، فەرھەنگ و کولتووری ھاوبەش، نیشتمان و ھەستی یەکگرتن و کۆکبوون و وێک دێتەوە".. واتە جووت دێتەوە...

سمیث، پێی وایە خاسییەتی جیاکاری ناسنامە نەژادییەکە کاریگەریی بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێ، بەھەمان شێوە( ڕۆجەرز بروبەیکەر) دەڵێ: "گرووپبەندی یان پێناسەی کۆمەڵگەیی جێگیر نییە و دەگۆڕێ و چاوەڕوانکراو نییە". ئەمەش بەو واتایەی ڕووداو و پێشھاتەکان دروستکەری گرووپبەندین و بە نەمانی ئەو ھۆکارانە گروپبەندییەکەش پەرتەوازە دەبنەوە و ئەمەش یەکگرتنێکی سرووشتی و پرۆسەیەکی خوڕسکی پێداویستییەکانی یەک شوناس نییە و بەکورتی یەکگرتنێکی نائاساییە ئەگەر تاکتیکیش نەبێت. جۆرج سیممێڵدادەڵی "یەکگرتنی پتەوی ناوخۆیی گرووپێک بەستراوە بە ڕادەی ئەو فشارە دەرەکییەوە کە دەکەوێتە سەر گرووپەکە".

نووسەرێکی ئەڵمانیش دەڵێ:" کەوا پێکهێنانی یەکێتی ئەوروپا بەرھەمی ھەڕەشەی دەرەکی سۆڤیەت بوو بە شێوەیەکی سەرەکی".. بەڵام ھەندێ ڕاستی ھەیە ھۆکاری تریشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە ئەویش ئەقڵ و ئیرادە و لێکتێگەیشتنی واقیعی لە پەیوەندییەکان ڕۆڵی تەندروستیتریان ھەیە.. ئێستا بۆ نموونە ھەڕەشە و ترسی کۆمۆنیزم و شورەوەی نەماوە، کەچی یەکێتی ئەوروپا ژمارەی ئەندامەکانی زیاتر دەبن و یەگکرتوو تر دەبن،ئەگەرچی نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی 28 وڵات و جیاوازییەکانیان کارێکی سەختە.

ڕەنگە بەدیوێکی تریشدا ئەو بۆچوونە وا ڕاست بێ بۆچی کورد ھەڕەشەی چوار دەوڵەت و سێ ناسیۆنالیزم و یەک سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەرە، کەچی وەک پێویست یەکگرتوویی پێک نەھێناوە.

توێژینەوەکە چەند ناونیشانێکی لابەلای ھەیە کە بە بایەخەوە سەرنجیان لێ دەگرین و لەبەرەوە بەسەریان دەکەینەوە.. لەوانە سنوورەکان: ئاخۆ دابەشبوون یان ھەر ناوە؟

باسی [سنوور] ناونیشانێکی ترە نووسەر ژیرانە دایناوە و توێژەر زیرەکانە یەکێ لە پیرۆزە ناسرووشتییەکانی بەسەر کوردا داسەپاوە بۆتە دیواری قەفەزێ ناتەڵێ باڵندەکانی کوردستان بەئازادی بخوێنن نەک ھەر دەخاتە ژێر گومانەوە بەڵکوو پرسیارێکی گوماناو تەواو گرنگەوە.. نووسەر پێی وایە ئەو سنوورانە نەیانتوانیووە ھەستی نەتەوایەتی و باوەڕی کوردبوون بتاسێنن و ڕێگر بن لە بەردەم کوردایەتیدا. ئەو سنوورانە دەشێ خێزان و خێڵە کوردییەکانی دابەش کردبێ، بەڵام باوەڕی کوردایەتی لەق نەکردووە.

لە باشورەوە خەڵک بۆ بەھاناچوونی شۆڕش و ڕاپەڕینی باکوور چووە، لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ پشتیوانی باشوور ھاتوون، لە باکوورەوە بۆ ڕۆژئاوا و لە ڕۆژئاوا بۆ باشوور بۆ بەھاناوەچوونی ڕۆژھەڵات تێکۆشەران چوون..

ڕووداوەکانی چوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بۆ باکوور، سمکۆ بۆ پشتیوانیی شیخ مەحمود و بارزانی و حیزبی ھیوا بۆ کۆمەکی کۆماری کوردستان، پەکەکە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و باشوور بۆ ڕۆژئاوا ... نموونەی بەرجەستەی زیندووی ئەم بۆچوونەن...

توێژەر جەخت لەوە دەکاتەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم ھەستی کوردایەتییە بەھێزتر بووە و جموجووڵ بەزاندنی سنوورە دەستکردەکان ھەر بۆ بەقاغبردنی شمەک نییە، بیر و ئایدیۆلۆژیای سیاسیش سنوورەکان دەبەزێنن.. ھەڵبەت کوردایەتی وەک باوەڕ و کردار و بیری نەتەوەیی و ھەستی کوردبوون ڕەگی لە ھەموو کوردێکدا ھەیە، کورداتەتی لە بنڕا رەتی ئەو سنوورە دەستکردانەی کردۆتەوە و باوەڕی پێیان نەبووە.. ڕەگی ناوبراو پێویستی بەخزمەت و پەروەردەکردن و پتەوکردن و دەوڵەمەندتر بوون ھەیە،  تەنیا فاکتی ئایین و ئایدیۆلۆژیای دەرەکی و نامۆ، بیروباوەڕ و ھەستی ھەندێ کوردی لەبار بردووە.

لە نموونەیەکی زیندوو دا نووسەر زرنگانە ئاماژە بە ڕۆڵی ڕادیۆی (یەریڤان) دەکات، کاریگەرێتی بەسەر کوردی باکوورەوە، شایانی ئاماژە پێدانە کە ئیزگەی ڕادیۆی بەغدا ڕۆڵ و کاریگەریی بەسەر بەشەکانی تری کوردستانەوە ھەبووە بەھەمان پێوەریش ڕادیۆی کرمانشان بەھەمان پێوەر.

دیارە لە ڕووی ئەدەبیشەوە سەیری بکەین شیعرەکانی جگەرخوێن لە ڕۆژئاواوە بۆ بەسەر باکوور و ھەژار و ھێمن لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆسەر باشوور و پیرەمێرد بێکەس و گۆران لە باشوورەوە بۆسەر ڕۆژھەڵات و خانی و حاجی قادر و مەلای گەورە بەسەر تەواوی کوردستانەوە نموونەی تری دەوڵەمەندکردنی بۆچوونەکانی توێژەرن.

نووسەر دەمانباتە ناو بازنەیەکی تری تەواو ھەستیار و گرنگی ھەمان باسەوە ئەویشی ئاماژەدانە بە ھەست و مێژوو و یادەوەریی ھاوبەشی سیمبۆلی و تەنانەت بەرژەوەندی ھاوبەش. یادەوریی کورد بۆ لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ سەعید و سەید ڕەزا و پێشەوا و کوژرانی سمکۆ و دوورخستنەوەی شێخ مەحمود و زۆر ڕووداوی تری مێژوویی ھیچ کات ھاوسۆز و ھاوھەست و ھاوبەش نییە لەگەڵ ھی تاکێکی تورک و فارس و عەرەبدا  تێڕوانی کورد بۆ دەوڵەتەکان و زاراوەی ناسنامەی تورکیایی و عێراقی و   ئێرانی و سووریایی لەگەڵ ھی ئەو میللەتە سەردەستەکاندا جیاوازی ئاسمان و ڕێسمانی ھەیە، بەڵام ھاوھەستی و ھاوچارەنووسی تاکێک لە سلێمانی و کۆبانی ھاوبەشە، ھەولێر و مەھاباد ھاوبەشە، قامیشلۆ و ئامەد وەک یەکە. مێژوو یەکە و چارەنووس یەکە، لە تورکیا کورد لەسەر مەیل و سیمپاتی بۆ شۆڕشی باشوور زیندانی دەکرێ، لە سووریا لەسەر لایەنگریی کورد بۆ باکوور زیندانی و ئەشکەنجە دەکرێ و دەدرێ، لە ئێران ملی کورد بە پەتا دەکرێ ئەگەر مەیلداری ھەبێ بۆ باشوور.. تاد.

لەم پانتاییەدا بیروباوەڕ و ھەستی نەتەوایەتی/ کوردایەتی بە زمان و مێژوو و فەرھەنگ و ڕۆحەوە ڕۆڵ لەو جیاوازییەدا دەگێڕن و ھەموو ئەمانەش ژێرخان و سەرخانی عەقڵی و جیھانبینی مرۆڤ/ کورد پێکدێنن.

دەرکەوتنی کوردایەتی..

ئەم ناونیشانەیەشی دەرگا بە ڕووی مێژوویەکی دوورودرێژی بیری کوردایەتیدا ئاواڵە دەکات. ئاماژە بەسەرەتای ئەم بیرە لای ئەحمەدی خانی دەدات و ڕێک باز دەداتە لای باسی شیعرێکی کامیل ژیر، بڕگەیەکی بریتییە لە:

کاکی برا هۆ کاکی برا،              لە هەر کوێ هەی، شەنی یان گرد

من پێت بڵێم ڕاست و پەتی         بیری پوختی کوردایەتی

بیرێکە پاک و بێگەردە              هەڵگری ئاڵای نەبەردە

کوردایەتی واتا ژیان                واتا خەبات و تێکۆشان 

کوردایەتی شانازییە                بۆ بەختیاری و ئازادییە  

نووسەر پێی وایە ئەم شیعرە وەرچەرخانی دروست کردووە و تەواوی ئایدۆلۆژیای کوردی پەرچەکردارێکە بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و سۆشیالیزمی بەعس! دەڵێ کوردایەتی لە بنەڕەتدا وای دەگەیاند کە بابەتی چین و توێژی رۆشنبیرانەبەڵام بە تێپەڕبوونی کات لەناو کورددا تەشەنەی کرد. دینامیکییەتی ئەم بیرە خێڵ و فیۆداڵ و دەسەڵاتی ئایینی کوردی لاواز دەکات و کورد بەرەو شارستانییەت دەھێنێ. سیاسەتی فەرامۆشکردنی کورد لەلایەن حکوومەتەکانی ئەو دەوڵەتانەوش کوردایەتف زیاتر دەرخست.. لێرەدا وتەیەکی (دینیس ناتالی) دێنێتەوە:" کۆمەڵگە کوردییەکان زیاتر پێیان لەسەر کوردێتی یان کوردبوونی خۆیان دادەگرد لەئاست ھەوڵ و تەقەلای ڕژێمی تورکی و ئێرانی و عێراقیدا بۆ تواندنەوەیان و بەو پێیە بەخشینی مۆرکی کوردبوون بە ناسنامەی نەژادی و زمان خاک و وەک بەشێکی پێکھاتەی کوردایەتی .

لەم دۆخەدا ھەردووک " ئێمە "و "خۆمان"ی شوناسی کوردی دەردەکەون. داکۆکیکردن لە کوردبوونی کەسێک لە بەرانبەر چەوساندنەوەدا بوو بە خاڵێکی بنەڕەتی و لەھەمان کاتیشدا کوردایەتی وەک مۆدێلێکی یەکخستنی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئیلهامبەخشی سووککردنی ستەم و سەرکوتکردن بوو بە فریادڕەس و مایەی ھاوکاری و یەکگرتن و دواتریش ئاسایش و ئارامیی بۆ کوردە پەراوێزخراوەکان".

توێژەر درێژە بە لێکۆڵینەوەکەی لەسەر کوردایەتی و ئەم قۆناغەی تێیدا دەرکەوتووە و گەشەی کردووە دەدات.. ھەروەھا بۆ توێژینەوەکەی چاوپێکەوتنی مەیدانی لەگەڵ خەڵکی سادەدا کردووە تاوەکوو بیروڕای شەقامیش بزانێ!.. ھەستی کوردبوون لای کورد لەھەر شوێنێ بێت ھەر یەکە . قسەیەکی سەلاحەدین دەمیرتاش دێنێتەوە کە لە سەروبەندی بیستنی ڕوودانی کارەساتی کیمیاباران کردنی ھەڵەبجەدا وتوویەتی "لەو ڕۆژەدا مانای کوردبوونم بۆ دەرکەوت و تێگەیشتم کەوا کوردبوونم بەرپرسیارێتییەکی قورسە و لە ناسنامەی خۆم تێگەیشتم". لەکاتێکدا ئەو کوردی باکوورە و دەوڵەتی عێراق نەک تورکیا ئەو تاوانەی ئەنجامداوە.

توێژەر داکۆکی لەوە دەکات ناسنامەی کورد ئەنجامی پاسیڤبوون و بێتوانایی نیتە بەرەنگاری دەوڵەت بێتەوە .. بەو واتایەی ھەر کە ستەم لە کورد دەکرێ بێتە دەنگ، بەڵکوو ئەم گیان و ھەستە پێش رووداوە دڵتەزێنەکان ھەبووە و دوای ئەوەش ھەر دەمێنێ.. بەڵام ڕاستی ئەوەیە لە چرکەساتی رووداوەکاندا بە گوڕ و تەوژمتر دەبێ .. ئەمەش حاڵەتێکی سرووشتییە لە مرۆڤ دا..

بۆیە نووسەر دەنووسێ "ئەزموون و تاقیکردنەوە ھاوتەریبەکان و مێژووی نادادی و یارمەتیدەرن لە پێکھێنانی شوناس یان ناسنامەیەکی بە کۆمەڵدا کە کوردایەتییە و ھەستێک دروست دەکات کە پێویستە کورد پشت بەخۆیان ببەستن لە جیاتی حکوومەتە نیشتمانییەکان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی   ئامانج و بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان".

کاریگەریی قەیرانەکان لەسەر شوناس

توێژەر باس لە گرنگی قەیران و شەڕ دەکات لە بەرزکردنەوە ھەستوخرۆش، نموونەی سۆنەر کە مێردمنداڵێکی کوردی باکوورە دەڵێ: تا ئاوارەکانی عێراق لەساڵی ١٩٨٨ دا نەمزانیوە لەدەرەوەی تورکیا کورد ھەیە. مەبەستی ڕەوەکەی دوای ئەنفالە و بەلای نووسەرەوە کارەساتی ھەڵەبجە کاردانەوەی چڕی لای کورد دروست کردووە.. بووە مایەی یەکگرتنێکی بەھێزی کوردان.. بێگومان لەھەلومەرجی ئێستا و سەردەمی تەکنەلۆژیادا ھەر ڕووداوێک لەبەشێکی کوردستان روو بدات بە خێرایی سنوورەکان دەبڕێ دەگاتە بەشەکانی تریش.. دەمودەست ھاوخەمی و ھاوسۆزی و ھاوچارەنووسی بەدیار دەکەوێ و کوردانی دوورە وڵاتیش لە تاراوگە بێبەری نین لەو حاڵەت و پرۆسێسە بنۆڕن شەھیدکردنی قاسملوو و ڕفاندنی ئۆجەلان لە سەرتاسەری کوردستان چ کاردانەوەیەکی ھەبوو! ھەڵەبجە و سنەی خوێناوی، کۆبانی خۆڕاگر و عەفرینی کوردایەتی چ فاکتێکی ورووژاندن و ھەڵچوونێکی دەروونی و ھەستی کوردبوون بووە.

کوردایەتی بەرەنگاریی پێشڕەوی داعش دەبێتەوە..

لەم چیرۆک و بەسەرھاتەی شەڕی کورد لەگەل داعشدا بەراوردێکی زیرەکانە دەکات و باسێکی ھەستیار دەورووژێنێ. دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ناسراو بە داعش بەچکەزادەیەکی زۆڵە و باوکی زۆری ھەیە.. بەباوەڕی بەندە ئێران و سووریا و بە ئۆتۆماتیکی عێراقیش مامانی یەکەمینی و تورکیا بەشە شێری تێیدا ھەبووە و ئەمەریکاش دنەی داوە. ئەم داعشە ئەگەر بەدوای دەسەڵاتی خەلافەتەوە بوایە دەچوو شام و بەغدای داگیر دەکرد نەک پەلاماری کۆبانی و شەنگال بدات و جینۆساید ئەنجام بدات.

ھەردوو تراژیدیای کۆبانی و شەنگال بوونە خەمی هەموو کورد و ئیستا سیمبۆڵی بەرخۆدان و مانەوەن.. کەچی لەبەرانبەردا تورک فارس و عەرەب خۆیان داعش و ھاوکاری ئاشکرا و نھێنی داعش بوون.. ئالێرەدا دەپرسین چ ھاوبەشییەکی کورد جگە لەگەڵ کورددا، لەگەڵ کێی ئەوانیتردا ھەیە؟!

نووسەر دەڵێ: گوایە ژمارەیەک کورد بۆخۆیان چووبوونە پاڵ داعش! بۆیە ناتوانین بۆچوونەکان بۆ ھەموو کورد گشتگیر بکەین.. لەوەڵامدا دەڵێم ڕێژەی ئەو کوردانەی لەتەک داعشدا بوون و ئەوانەشی لە ناوەوە ھاوسۆزی داعش بوون، ڕێژەیەکی یەکجار زۆر نزم و کەمە لەچاو ئەو سۆز و ھاوخە و پەرۆشییەی بۆ قوربانییەکی دەستی داعش ھەبوو.  لەسەر تاوانەکانی داعش زۆرمان نووسیووە و گرنگە ئاماژە بدەینە ئەوەی کەوا نووسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکات: ئەو رووداو و کارەساتانە کوردایەتی بەھێزتر دەکەن و خاڵ و نیشانە جیاکەرەوەکانیان لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب دا تۆختر و زەقتر دەبنەوە.. ناسنامەی کوردی یەکپارچە دەبینێ ، بە بەپێچەوانەی سەرنجێکی مارتن ڤان برونەسن کە نایەوێ ئەوە بسەلمێنێ..

ئینجا باس لە چوونی پێشمەرگە لە باشوورەوە بۆ بەھاناچوونی کۆبانی لە ڕۆژئاوا دەکات بە گرنگ دەینرخێنێ، خۆی ئەو کاتە لە باکووری کوردستان   بووە و لەنزیکەوە خۆشی و شادی کوردی باکووری دیووە بەرانبەر بە کاروانی ھێزی پێشمەرگەی بەرەو کۆبانی کەوتبوونە ڕێ و زۆرێک لە کوردی باشوور لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانی و شوێنەکانی تر گیانیان بەخشی لەوانە د. ڕزگار حەمەومین ئاغای برای فەتاح ئاغا و چەندانی تر. ئەمەش ئەوپەڕی شانازی کوردایەتی و تێپەڕاندنی ئایدیۆلۆژی شتگەلێکی تری نامۆن.

نووسەر ئەم چیرۆکە دەگێڕێتەوە و باس لەوەش دەکات ئەم تەبایی و ھاوئاھەنگی و کورداتەتی لەکاتێکدا ئەنجام دراوە کەوا ھیزەکانی یەپەگە ڕاستەوخۆ وابەستەی پککن و حکوومەتی ھەرێمیش بەدەست پارتی دیموکراتە و ئەو دوو حیزبە پەکەکە و پارتی لە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و نادروستن لەگەڵ یەکترد! بەڵام ئەمەش سەلماندی ئەگەر بێت کوردایەتی بکرێ دەتوانرێ کێشە لاوەکییەکان بکرێنە قوربانی کوردایەتی.. دۆست و دوژمنیش تێڕوانینی بۆ پێگەی کورد گۆڕا و دەگۆڕێ. سەرکەوتن یان ژێرکەوتنی کۆبانی بۆ ھەموو کورد وەک یەکە!..  لەم کۆنتێکەدا توێژەر باسی یەکگرتوویی کورد لەوەدا دەکات کەوا ھێزەکانی حکوومەتی ھەرێم و یەپەگە و پکک لەبری ئەوەی بە تورکی یان عەرەبی لەنێو خۆیاندا بدوێن بە زمانی کوردی قسەیان کرد!.کەواتە زمانی کوردیش ئامڕازێکی تری ھاوبەشی کوردایەتی کردنە.

نووسەر وتەیەکی (بروبەیکەر) دێنێتەوە: "ئەم بارودۆخە بوو بە پاڵنەری  یەکگرتنێکی پتەوی نائاسایی و ھەستکردن بە توندوتۆڵیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی بە کۆمەڵ و گەڵاڵەبوونی ھەستی برایەتی لە کوردایەتیدا"..

لە پاش کۆبانی!

نووسەر باس لە ڕۆڵی کورد لە شەڕی شائش و گرتنی ڕققە و مووسڵدا دەکات و دێتە سەر بڕیاری ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان و پەرچەکرداری عێراق و ئێران و تورکیا بەرانبەر بەو ھەوڵە.. ئەم سێ دەوڵەتە ناکۆکیی قووڵ لە نێوانیاندا ھەیە، بۆ دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان لە 16ی ئۆکتۆبەر بە ئاسانی یەکیانگرت و گرووپێکی کوردی ناوخۆش ھاوکاریان بوو.

توێژەر دەنووسێ" بێگومان ترسێکی ئیزافی ھەمیشە ئامادەیە لای وڵاتانی ناوچەکە، ئەویش لە خولیا و ئاواتی ھەموو کورددا خۆی دەبینێتەوە کە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆی یەکگرتووە"..

ئەنجامگیریی توێژەر ئەوەی تێدا نەخش بووە کوردایەتی گەشەی کردووە و بەتایبەت دوای ئەوەی سیاسەتی باننەتەوەیی کورد بەھێز بووە .. جەخت لەوە دەکاتەوە ھێز لە یەکگرتن و ھەماھەنگیدایە و ئەمەش دەبێ خاڵێکی گرنگی ستراتیژێکی نەگۆڕ بێت.

دواتر جەخت لەسەر سەرکەوتنەکانی کورد دەکاتەوە و ستاتوی ھەردوو بەشی کوردستان باشوور و ڕۆژئاوا گەشبینانە دەنرخێنێ و پێی وایە لەئاستی نێودەوڵەتیدا ھەنگاوی گەورەیان ناوە.  نووسەر بە ھوشیارییەوە جەخت لە دیوە پۆزەتیڤەکەی دەستکەوتەکانی کورد لەو دوو بەشەدا دەکات و ھەمووی دەگێڕێتەوە بۆ دەستکەوتی کوردایەتی کردنی ئەو لایەنانە.

پێش ماڵئاوایی بەم دەربڕینە جوان و پڕ لە مانایە جارێکی تریش تیشک دەخاتەوە سەر چەمکی کوردایەتی وا پێناسەی دەکات:

"کوردایەتی وەک فۆرمێک لە فۆڕمەکانی ھاوکۆیی و ھاوکاری بەھێزتر دەبێت و ھانی شکۆی تاک و ڕابوونی کوردێتی دەدات و لەکاتی تەنگانەدا بانگاشەی بۆ دەکرێت وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو ھەڕەشانەی لەسەر کوردن".

توێژینەوەیەکی ورد و پڕ لەزانیاری و مەیدانی بە میتۆدی زانستی لەسەر چەمکی کوردایەتی و ھێز و کاریگەریی و ڕۆڵی وەک باوەڕ و ھەست و ھەوێنی کوردبوون.. پێگە و گرنگی لە پانتایی یەک گوتاری و یەک شوناسیی کوردی و ھاوکێشەی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورددا. زۆر بابەتی و زانستانە و بێلایەنانە ئەم توێژینەوەیەی ئەنجام داوە لەژێر کاریگەری ھیچ بیر و قوتابخانەیەکی فیکرییدا نییە. دۆزینەوەی فاکتەرەکانی بەھێزبوونی بنەماکانی کوردایەتی و ناسنامەی کوردبوونی نەتەوەیەکی داگیرکراو و دابەشکراو لە دەوڵەت و بە پارچەکراوی کارێکی بەرزی شایستەی پێزانینە.

خاڵێکی گرنگ ناساندنی کوردایەتییە وەک باوەڕ س دفنامیکییەت بۆ جۆشدان و یەکخستنی یەک چارەنوسسی کورد و ئاڵنگاری کردن لەگەڵ ئەوە دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستاندا بە خەتی سووری سنوورە دەستکردەکانیانەوە کە زاڵمانە کێشاویانە. دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە ھەموو توانای دامودەزگا    مرۆیی و سەربازی و ئابووری و ڕاگەیاندنەکانیانەوە گەلێ جارانیش ھێزی ئایین و ئایدۆلۆژی پاننەتەوەیی بوونی خۆیانەوە شەڕی کوردیان کردووە، کوردایەتی بە تواناتەکی خاكەڕایی لێ ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ھەم شەڕی ئەم ھەموو ھێزانە دەکات و ھەمیش خۆی ھەر ڕاگرتووە و ھەمیش بزوێنەری تاک و کۆ و ھێزی کوردایەتییە..

ئەم توێژینەوەیە بەھەق شایانی ئەوەیە بکرێتە سەرتۆپی توێژینەوە یان وتارەکانی تر و ناونیشانی کتێبەکەش، ئاخر لەو بنەما فیکرییە دەدوێ کە زادەی ئەقڵ و ڕۆح و ڕەوشی بیر و ھزری خۆڕسکی کوردییە و بە نموونە و توێژینەوەی زانستی وزە و باندۆری روون دەکاتەوە و پیشانمان دەدات چەند گرنگە بەم چەمک و پرنسیپەی کوردایەتی کار بکەین!...

توێژەر، بە 62 لاپەڕە لە باسەکەی بووەتەوە و 74 پەراوێزی ورد تۆمار کردووە و 55 سەرچاوەی بەکارھێناوە..

 

٧-  ناسیۆنالیزمی کوردی                          

نووسینی: س. ج. ئێدمۆنس

ناوی ئێدمۆنس و کار و پیشەی لای کورد زانراوە و ناسراوە و لەم باسەیشیدا لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردف کە ساڵی ١٩٧١ نووسیوویەتی ھەوڵ دەدات بە ناو ڕووداوەکانی مێژوودا لاپەڕەکان ھەڵبداتەوە و باسگەلێکی مێژوویی و سیاسی بخاتە بەرچاو کە دەڕژێنە ئەستێڵکی باسی نەتەوایەتییەوە. دیارە دوور لە ھەموو پێوەر و بنەمایەکی پشت بەستوو بە تیۆریی و گەڕانەوە قوتابخانە فیکرییەکان ..

پێناسەی گشتی کورد وەک نەتەوە و باسکردنی سەرەتاکانی سەرھەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردیی لە ڕووی مێژووییەوە . دەرکردنی ڕۆژنامەی کوردستان و تێکۆشانەکەی شەریڤ پاشا و ململانێکان لەگەڵ تورکیای ئەتاتورک دا و باسەکانی سێڤەر و لۆزان.. شۆڕشەکانی شێخ سەعید و سەید رەزا و حیزبی خۆیبوون..

لەملاشەوە بۆ شۆڕشەکانی شێخ مەحمود و رووداوەکانی ناو سلێمانی ئەو ڕۆژگارانە تا سمکۆ و دەگاتە باسی شۆڕشی بارزان و ھەڵکەوتنی مەلا مستەفا و دواتر بۆ لای مێژووی ژێ کاف و پێشەوا و کۆمار .

چالاکی رۆشنبیریی و دەکردنی چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێ و دامەزراندنی ھەندێ بنکە.. حیزب و باڵی ڕاست و چەپی ناو حیزبی ناوبراو، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان.. بەڵام مەلا مستەفا وەک خاوەن ئەزموونی ساڵێکی کۆمار و یازدە ساڵی ئاوارەیی شوورەوی پێگەیەکی تری نەخشاوی لەو حیزبەدا نیشان دەدات.

ئیدی کێشمەکێشی سیاسی کورد لەگەڵ بەغدا و لە سووریا کەمێ سستتر دەرکەوتووە باس لە چالاکی کورد لە ھەندەران و ڕۆڵی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا KSSE  دەکات و لەو زەمینەیەدا باس لەدامەزراندنی کۆمەڵەی یەکێتی نەتەوەیی خوێدکارانی کورد لە ئەوروپا ناسراو بە NUKSE دەکات، تا دەگاتە دامەزراندنی ڕێکخراوی باھۆز لە سوێد و زۆر چالاکیی تری کوردانی ھەندەران.

ئەمە ئەو چوارچێوە گشتییەیە کە نووسەر ئەو باسەی خۆی تێدا ئامادە کردووە.. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم باسە جێی بایەخە.

 

٨-  بزاڤی شارستانی لە کوردستانی عێراق لە ماوەی ماندێتی بەریتانیدا: سلێمانی ساڵانی ١٩١٨- ١٩٣٠                                    

نووسینی: جۆردی تێجێڵ گۆرگاس

 پرۆفیسۆری مێژووی نێودەوڵەتییە لە سویسرا

شاری سلێمانی سەردەمی داگیرکاریی ئینگلیز و ڕووداوەکانی گرێدراوە بەم قۆناغەوە لە ھەڵکشان و داکشانی پرسی کورد لەم پەیوەندییەدا و دەسەڵاتی شێخ مەحموود بابەتی دەستنیشانکراوی توێژەرە، کە بە وردی و قووڵی چووەتە ناو ڕووداوەکانەوە و چیرۆکی کەسایەتییەکانی شار لە بابانەکان و کەسانی تریش باس دەکات .. ڕاگەیاندنی حوکمداریی کورد لە دوو قۆناغدا ١٩١٩ - ١٩١٨  و ١٩٢٢- ١٩٢٣ و پشتیوانی و دژایەتی و ناکۆکییەکان ناو شار بەسەر دەکاتەوە..

خەباتی چاپەمەنی دەرکردنی چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار خراوەتە ڕوو و بەتایبەت ڕۆڵی (کۆمەڵەی زانستی کوردستان).. ھەروەھا ململانێکانی دەسەڵات گرتنە دەست وەک پارێزگار/ موتەسەریف بۆ شاری سلێمانی!..

ڕاپەڕینی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ خستۆتە بەر باس و وەک ڕاپەرینێکی جەماوەریی سلێمانی ناساندوویەتی.. دەستێوەردانی ئینگلیزیش لە کاروباری کورد و عەرەب دا پەردەیەکی تری شانۆی ئەو دەسەڵاتەیە کە لە کوردستان ھەبووە .. لە زۆر کاتدا سەرچاوەی ئاژاوە و ھۆکاری ناکۆکی بووە.. بەکورتی ئەم توێژینەوەش لە ھەناوی مێژوو و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەوە ئامادە کراوە و ھیچ باسێکی سەر بە ناسیۆنالیزمی وەک تیۆریی تێدا نییە...

نووسەر ٧٣ سەرچاوەی بۆ توێژینەوەکەی بەکارھێناوە...

 

٩-  خەسڵەتە سەرەکییەکانی پرۆژەی نەتەوەسازیی کورد لە عێراقی نوێدا

   نووسینی: ئارام ڕەفعەت - توێژەری سەربەخۆی کوردە لە     

               ئوسترالیا و مالیزیا

باسەکانی بەگشتی لە خولگەی تیۆریدا دەخولێنەوە و نووسەر ھەوڵێکی زۆر دەدات ئەو بنەمایانە دیاری بکات کە بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی چۆن لەبەرانبەر بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا چۆن بەرجەستە بووە و دەجوڵێ. نووسەر لەبەر رۆشنایی تیۆری (ئیتنۆ- سیمبۆڵیزم)ی ئەنتۆنی سمیث دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە گێڕانەوەکانی یاخود حیکایەتەکان/ ئەفسانە و سیمبۆڵ و بەھا و یادەوەریی کورد جیاوازە لە عێراق. دیارە مەبەستی عەرەبە، دواتر دەڵێ لە ناسنامەی عەرەب و ئیسلامی. بەو ھۆیەوەی کورد ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر میدییەکان و گەلانی زاگرۆس و ئایینی خۆری میتراییزم و زەردەشتی.

توێژەور ئەم باسەی دروست ھێناوەتەوە، ئاخر بۆ نموونە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی عێراق و سووریا بەپێی ڕێکەوتنی سایکس- پیکۆی نێوان ئینگلیز و فەرەنسا ھیچ بەھا و سەروەرییەکی بۆ کوردێک تێدا نییە.. لەکاتێکدا عەرەب لەمسەری ڕاستەوە تا ئەوپەڕی چەپیان بە چنگ و دان و باوەڕیان پارێزگاری لەو کیانە دەستکردانە دەکەن.. نووسەر ھاتۆتە لای نووسەر و بیرمەندێکی دیاری ناسیۆنالیزمی عەرەب ساتیع ئەلحوسەری و تیشکێ دەخاتە سەر جۆری بیرکردنەوەی ، کە بریتییە لەوەی بەھەر لێکدانەوەیەک بێت بنەچەی کورد بەرێتەوە سەر عەرەب.. کورد ئەم تێزەی لەمێژە ڕەتکردۆتەوە. ئەوجا دەگاتە لای بۆچوونێکی عەبدولکەریم قاسم کە ئەویش کورد بە نەتەوە و گرووپی ئێتنیکی نازانێ، بەڵکوو بە خێڵێکی کۆچەریان دادەنێ.. دوای ئەم دوانە بۆچوونێکی ناجی مەعرووف دێنێتەوە ئەویش بەھەمان شێوە بەڵگەی زۆری لەسەر ئەوە کۆکردووەتەوە کەوا کورد عەرەبن و جەژن و بۆنەی نەورۆز کە ئەو بە ئەفسانە ناوی دەبات ڕووداوێکی پێش ئیسلامە! ھیچ ھاوبەشییەکی نێوان کورد و عەرەبی پێوە نییە و تەنیا کورد یادی دەکاتەوە و سیمبۆڵی شانازییەتی!

لە عێراقدا شۆڕشی ١٩٢٠ بۆ عەرەب تاجی سەرە و بۆ کورد ڕاپەڕینی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ لە شاری سلێمانی.. واتە لە کایەی مێژوو و فەرھەنگ و زمان و دابونەریتیشدا ھیچ ھاوبەشییەکی گرنگ لە نێوان کورد و ئەوانی تردا نییە، وەک عەرەب..

لەسەر پرسی شوناسیش دێتە لای تیۆریی و بۆچوونەکانی بینەدیکت ئەندەرسن، پێناسەی ئەم بیرمەندە بۆ نەتەوە دەخاتە ڕوو.. بیروڕای ھەندێ نووسەری دیکەش ئاماژە پێدەدات، لەسەر بنەچەی ناوی عێراق و لەڕاستیدا ھەر قسەیەک لەسەر عێراق بریتییە لە سنووری سیاسیی ئەو دەوڵەتەی لە منداڵدانی پرۆژەی ( سایکس - پیکۆ)ی ئینگلیز و فەرەنساوە.. ئیدی دۆزینەوەی ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی ھەر ڕەوایەتییەک بۆ عێراقی زۆڵەک، وەک بڵقی سەر ئاو دەمێنێتەوە.

ھەر لە ڕوانگەی مێژووەوە توێژەر بیروڕای شەرەفخانی بەدلیسی و میھردادی ئیزەدی و جەمال نەبەز لەسەر بوونی ناوی کوردستان پێش لە ئیسلام  دێنێتەوە و بەم بەڵگانە بەرپەرچی بۆچوونی تەسکبینانەی ساتیع ئەلحوسەری و عەفلەقییەکان دەداتەوە و ھەموو ئەم بەڵگە و ئارگومێنتانە بۆ ئەوەیە وەک توێژەر ئاماژەی پێداوە: " لە ڕوانگە و بۆچوونی کوردەوە، وایان بە خەیاڵدا دێت کە ناسنامەیان بە سەردەمانێکی دوور و درێژ لە پێش دروستکردنی عێراقەوە ھەبووە و کوردستان وەک ھەرێمێکی جیا خاوەن شوناسێکی نەتەوەیی نیشتمانیی خۆی وێنا دەکرێت لە خەیاڵدانێکی چەسپاودا".

بەداخەوە نووسەر لەبری نیشتمان یان وڵات وشەی ھەرێمی بەکار ھێناوە و پاش چەند باسێک بۆچوونی تۆفیق وەھبی لەسەر باشووری کوردستان   دێنێتەوە و بە نیشتمان ناوی ھێناوە و ھەر لەسەر خاڵی جیاوازیی نێوان کوردستان و عێراق بیروڕای جەلال تاڵەبانی و ڕۆژنامەی خەباتی پارتی ھێناوەتەوە. بەھەرحاڵ کوردستان بە ھەموو بەڵگە مێژووییەکان جیاوازە لە عێراق. مەسعوود محەمەد دەڵێ: "80% ئەوەی ئیمڕۆ ناوی نیشتمانی عەرەبییە ھی عەرەب نییە" و بە کورتی داگیرکراوە بە ناوی فتوحاتەوە. ئەو داگیرکەرانە بە حوکمی دەسەڵات چۆن پێناسەی کوردستان دەکەن و بەرنامەی پەروەردەی خوێندنی قوتابخانەیان دادەڕێژن، کە ئەوە دەچێتە خانەی داگیرکاریی ئیستیتانی و کولتوورییەوە.

وەک توێژەر دەنووسێ: کورد بەتەواوی نکووڵی لە ڕەوایەتی حوکمی عێراق کردووە.. ئەمەش کوتومت وەک پێناسەکەی ئەندەرسنە بۆ نەتەوەی خەیاڵی/ وێناکراو. پاشان توێژەر تیشک دەخاتە سەر پرۆگرامی ھەندێ لە حیزبەکانی باشووری کوردستان و ناوی پارتی سۆسیالیستی کورد- پاسۆک بەرچاو ناکەوێ، لەکاتێکدا تاکە حیزبی کوردییە ھەموو ناو و مێژوو و قەوارە و ژێرخان و سەرخانی دەوڵەتی عێراق ڕەتدەکاتەوە و کوردستان بە کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی دادەنێ، بەڵکوو زیادڕەویش دەکات لە پێداھەڵدانی سیاسەتی ئەو حیزبانەی ناوی ھێناون. ئاخر ھیچ کام لەو حیزبانە پێناسەی دەوڵەتی عێراقیان وەک داگیرکەر نەکردووە، بە ڵکوو بە فاشی و شۆڤێنیشیان دانانێن، تەنیا دەنووسن ڕەفتار فاشی و لە ھەموو ئەمانەش بگەڕێ ئەدەبیاتی ئەو حیزبانە لە پرۆژەی نەتەوەسازیدا زۆر کورتی ھێناوە لەچاو ئەوەی حیزبێکی بچووک بەڵام خاوەن فیکر و ستراتیژی کوردستانی بەرھەمی ھێناوە. ئەم خاڵە لایەنی لاوازی توێژینەوەکە بەدیار دەخات.

ڕووخانی سەددام و دەسەڵاتی عێراق و بیناکردنەوەی سەرلەنوێ لەلایەن ئەو حیزبانەوە و ھەڵبژاردنی کورسیی سەرەککۆماری نیشانەی ناکوردایەتی و نانەتەوەسازیی ئەو حیزبانەیە و مێژووش ئەو ھەڵەیەی بە گەورەیی تۆمار کردووە. ئەوەی جێی سەرنجە پاشان توێژەر باسی کولتووری سیاسیی ئۆتۆنۆمی دەکات و دەڵێ: ئەوە بەدرێژایی سەدەی ڕابووردوو ستراتیژی ئەو حیزبانە بووە.

نووسەر کەوتۆتە نێوان دوو بۆچوونی جیاوازەوە و لەوەش ناچێ تەواو خۆی ماندوو کردبێت بۆ سەرکەوتنی کارەکەی یاخود هۆکاری مەیلداری حیزبی و ئایدیۆلۆژی نادیدەی کردوەە و دووری خستۆتەوە لە بنەمای زانستی.

ئەوجا دوای ئەو باسانە دێتە سەر سیاسەت و داوای یەکگرتنی ئارەزوومەندانەی کورد لەگەڵ عەرەبدا و دەگەڕیێتەوە بۆ ھەڵویستێکی مێژوویی حیزبی کۆمۆنیستی عێراق کە لە ١٩٥٦ دا لەسەر دەستی بەھادین نوری کورد کە ئەودەم سکرتێری ئەو پارتە بوو، مافی چارەنووس بۆ کورد سەلمێندرا.

پاشان دێتە سەر دەقی دەستووری عێراق کە باس لە یەکگرتنی ئارەزوومەندانەی کورد دەکات لە عێراقی فیدراڵدا.. لەکاتێکدا لە سایەی ئەم دەستوورەدا ھەم پرۆسەی بە عەرەبکردن لەوپەڕی گوڕوتینی خۆیدایە و تاقە بڕگەیەکیش لەدەستووردا بە سوودی کورد جێبەجی نەکراوە و مادەی ١٤٠ بۆ ناوچە داگیرکراوەکان/ دابڕاوەکان یاخود کێشە لەسەرەکان هەرگیز جێبەجێ ناکرێ.

ئەنجام کارەکەی بەوە ڕوون دەکاتەوە کە "پرۆژەی نەتەوەسازی پشت بە شوناشێکی کوردستانیی ھاوچەشن دەبەستێت و لەسەر ئەو ڕوانگەیە بنیاتنراوە کە کورد نەتەوە بوون و لەباربوون بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەر خاکی نەریتیی خۆیان کە کوردستانە". نووسەر چەند توخمێ دیاری دەکات بۆ پرۆژەی نەتەوەسازی کە شایانی سەرنج لێگرتنە و  بە باوەڕی توێژەر"سروشتی بەرھەڵستکاری ھەردووک ناسیۆنالیزمی کوردی عێراقی و پرۆژەی نەتەوەسازییان بەدوای یەکدا و تێڕوانینی دیاریکراویان ڕۆڵی بایەخداری بینیوە لەو گرژییەی بەرپا بووە لە نێوان ھەردوو لادا و ھەر لایەک لەسەر حسابی ئەویتریان".

ئەم دەربڕینە ھیچ لۆژیکێکی تێدا نییە و ھەر نەبێ دەبێ بنووسێ بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی نەک عێراق کە دەوڵەتێک و چەند دامودەزگایەکە و خوێن ڕژان لەم جوگرافیایەدا هەرگیز کورد بەئەندازەی عەرەب لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکوو ئەوە عەرەبە نیشتمانی کوردی داگیرکردووە و مەسعوود محەمەد وتەنی: "ئەوەی بەر کوتەکی کورد بکەوێ، بە پێی خۆی هاتووە" و خەریکی خوێنڕژاندنی کوردە. کورد لە سەنگەری بەرەنگارییەوە بەرگری لەخۆی و نیشتمانی دەکات و ئەمەش ھەرگیز لەسەر حسابی ئەوانی داگیرکەر نییە. لەم میانەدا بەیەک چاو تەماشاکردنی کورد و عەرەب، وەک بندەست و سەردەست داگیرکراو و داگیرکەر، مەزڵووم و زاڵم بە ھیچ پێوەرێک ڕەوا نییە چجای زانستی نەبوونیشی.

بەھەرحاڵ نووسەر بایەخ بە سیمبۆڵەکان دەدات و خەون و ئامانجی کورد لە بەرانبەر عەرەبی عێراقدا جیا دەکاتەوە و لەو شوێنانەی بۆ لای حیزبە کوردییەکان دەگەڕێتەوە لەنگییەک دەکەوێتە کارەکەیەوە، چونکە بەزۆر دەیەوێ باریان بکات لە خەونە نەتەوەییەکانی کورد، کە پێچەوانەکەی ڕاستە.

 

١٠-   پێکهێنانی گەلان و دروستکردنی دەوڵەتان: جیاوازی ئیتنۆ ـ ئایینی و دامەزراندنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە لە ساڵانی ١٩١٩ - ١٩٢٣

نووسینی: گیدیتا فۆنتانا، خانمە توێژەر لە زانکۆی بیرمینگهام

توێژینەوەکەی ئەم خانمەش ھەر لە کۆنتێکستی ڕووداوە مێژووییەکاندایە، ئەگەرچی ناونیشانی باسەکەی تەواو جیاوازە.. بەڵام کاتێ لەوێوە دەرگای نووسینەکەی دەکاتەوە چۆن ئینگلیز عێراقی زۆڵەک دروست دەکا و ئەو مەرامە گڵاوانەمان بیر دەکەوێتەوە کە لە پشت ھەڵهێنانی ئەم ھێلکە بۆگەنکردووەی عێراقەوەیە، ئەم دەوڵەتە نە ھیچ خێر و خۆشییەکی بۆ کورد و گەلانی تری ناو ئەم زیندانە گەورەی نەبووە.. ئەم دەوڵەتە گۆڕەپانی ساغکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی کۆڵۆنیالیست و ئیمپریالیزمی بەریتانیایە.. لەوە بترازێ سەد ساڵی ڕەبەقە خوێن دەڕێژرێ و مل دەکری بەدارەوە و مرۆڤەکان ژەھرخواردوو دەکرێن و سامان و داھاتی وڵات دەدرێ بە ئاسن و تەقەمەنی و وەک ئاگر دەکرێ بەسەر دانیشتوانەکەیدا، ھیچ شادی و بەختەوەرییەکی تر لە عێراقی بێژوو نەکەوتۆتەوە.

ھەتا ھەنووکە ھەمان گەمەی گڵاوی خوێناوی بەرقەرارە و ھیچ ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەم عێراقێکی ئارام و سەقامگیر و دیموکراسیدا دیار نییە. باجی ئەم ھاڕین و کوتان و تراژیدیا خەمناکە مرۆڤی ھەژار بەتایبەت بندەست و بێ ناسنامەکان دەیدەن، بەواتایەکی دیکە ئەوە نەتەوەی کوردە ئەنفال دەکرێ و کیمیاباران دەکرێ و ڕادەگوێزرێ و تەعریب دەکرێ و ھێشتا سیاسەتی قڕکردنی کورد ھەڕەیەکی گەورەیە لەسەر بوونی نەتەوەی کورد و وڵاتەکەی.

نووسەر باس لەوە دەکات کە چوار دامەزرەوە سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان بەڕێوەبردووە و داڕشتووە کە بریتی بوون لە دەزگاگاکانی: کۆڵۆنیاڵی، کاروباری دەرەوە، جەنگ و فەرمانگەی ھندستان. بەپێی بیروڕای نووسەر ئینگلیز سەرەتا پشتیوانیی ناسیۆنالیزمی کوردی کردووە، بەڵام دواتر دژی وەستاوەتەوە. ھەروەھا دەڵێ: "لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەھۆی بوونی کەمینەی زۆری ئیتنیکی و ئاینییەوە دامەزراندنی دەوڵەت ئاڵۆز بووە".

ئێمە باش لەوە تێگەیشتووین کەوا ئەو نەتەوە و گرووپانەی ئێستا سەردەستن بەسەر کوردەوە، ھیچیان بە خەباتی خۆیان دەوڵەتیان دروست نەکردووە، بەڵکوو وەک ھێلکەی پاککراو بە دروستکراوی دراوەتە دەستیان. کورد ویستوویەتی بە ئیرادەی خۆی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، بەڵام ئینگلیز لێنەگەڕاوە و بە هەمان شێوە فەرەنساش ھەروەھا.  ئەوە مێژووی شێخی مەزن و دەسەڵاتەکەی کە لەو ڕۆژەدا ھەموو بنەماکانی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی تێدا بووە زیاتر لە عێراق و سووریا و زۆر شوێنی تر، بەڵام دواجار کوردستان دەبێتە قوربانی پرۆژەیەکی ترسناک و دەکرێتە بە چوار بەشەوە و ھەر بەشەشی بەزۆر دەلکێندرێت بە دەوڵەتێکی دەستکردەوە. وەک دەزانین عێراقی بێژو پیاوی تێدا نەبوو، لە سعودییەوە کەسێکیان بۆ ھاوردە کرد. ئەمەش گاڵتەجاڕییەکە  لە مێژوودا بێھاوتایە! بۆیە گرنگە ھەر قسەکردنێک لەسەر عێراق، دەبێت لەسەر ئەم زەمینە و بنەما مێژووییە بێت، دەنا ھیچ چارەسەرێ بۆ ئەم دۆزە نییە و نابێت.

نووسەر باس لە ململانێ و جیاوازی بۆچوونەکانی نێو لایەنە ئینگلیزییەکان دەکات لەسەر شێوەی چارەسەرکردنی دۆزی کورد. چەرچڵ کە وەزیری کۆلۆنییەکان بووە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکدا بووە بۆ کورد، بەڵام ھەردوو (پێرسی کۆکس و گێرترود بێڵ) سەرسەختانە دژی وەستاونەتەوە و بە ئەندازیاری دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە دادەنرێن. ئەوەی جێی پرسیارە، ھۆکاری دژایەتیی ئەم دوو کەسایەتییە ھێشتا مەتەڵێکی مێژووە و پەیوەندارانی کورد ھەڵیان نەھێناوە.

لەباسەکانی پێشوشدا زۆرمان لەسەر کورد و ئینگلیز نوسیووە و خوێنەریش بەگشتی ئاگادارن لە بیرکردنەوەی گرووپی ماندێتی بەریتانی لە عێراقدا و ھەڵوێستیان بەرانبەر بە کورد و ڕابوون و شۆڕشەکانی کورد. ئەم دەوڵەتە دەستکردانە بەھیچ داوایەکی کورد ڕازی نەبوون، لەوەش ترسناکتر بەردەوام کوردیان بە داردەستی دەرەکی و ئیمپریالیزم زانیوە، لە کاتێکدا ئیمپریالیزم ئاغا و باوکی شەرعی دەوڵەت و حکوومەتەکانی خۆیانە.

ئەم توێژینەوە وردتر و سیستەماتیکی تر بۆ سیاسەت و ھەنگاوەکانی ئینگلیز چووە، بەڵام لەئاکامدا دەگەینە بەردەم ئەو ھاوکێشەیەی کە بۆچی ئینگلیز و فەرەنسا بەو توندییە دژ بە دەوڵەتی کوردی وەستانەوە؟ کورد چۆن نەیتوانی پرۆژەکەیان تێک بدات و خۆی بکاتە دیفاکتۆ؟ چ ھۆکارێک شکستی بە شۆڕشەکانی کورد ھێناوە؟ ئاخۆ هۆکاری ناوخۆیی یان دەرەکی؟ بەھیواین لە ئایندەدا زیاتر لەسەر ئەم پرسیارانە بووەستین و تیشکیان بخەینە سەر.

وەرگێڕانی ئەم کارە گەورەیە کە کۆی کۆمەڵێ توێژینەوەی نووسەرانی جیاوازە لە  سەرچاوەی جیاوازە، جێی دەستخۆشی کردنە لە وەرگێڕ  و هەوڵ و ماندوو بوونەکەیی  و ئەو زمانە ڕەوان و پاراوە جوانەی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×