کۆتـــــــایــــی مـــرۆڤ
  2024-02-13       1002       

نەجات نوری

 

(ڕەحیمی سۆنمەز)ی پاڵەوانی ناو ئەم دەقە (دوایین پێنج ڕۆژی پێغەمبەر) مرۆڤێكی شۆڕشگێڕی چەپە، دوایەمین جار ئەو نایەوێت بكەوێت و باوەڕی خۆی ڕادەستی ڕۆژگاری سەرمایەداری و خەڵكانی بۆرجوازبكات، دێتە سەر ئەو باوەڕەی كە ئاوا گوێبیستی ئەم وشانەببێت (ناچارین بە چەكی خودی بۆرجوازەكان، ڕووبەڕووی بۆرجوازەكان ببینەوە...) یان دەكەوێتە گومانەوە كە نەوەیەكی پێی دەڵێت باپیرە (دوای شۆڕشیش بەردەوام مرۆڤ دەكوژین) ئاوا گومان دەبێتە بەشێك لە چارەنووسی ئەو مرۆڤانەی كە جیهان لە بەرگی پڕۆلیتاریادادەبینن، ئەم بینینە ناچارت دەكات بڕوا بە كرداری ئەوانە بهێنیت كە دوای شۆڕشیش كەسانێك لەناو شۆڕشەكانەوە دێن و بۆ مانەوەی خۆیان بۆ دەستكەوت و مادە خەڵك دەكوژن و دەچنە سەر ڕێگای سەرمایەدارە نەفرەتیەكان و ڕەنجی مرۆڤە بە باوەڕو چەپەكانی هاوڕێیان لەناودەبن.

ڕەحیمی سۆنمەز لەنموونەی ئەو ئینسانانە كۆمۆنیستانەن كە بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و تا دوا ساتی ژیانیان هیچ شتێكی جیهانی گۆڕدراوی ژێردەستی بۆرجوازەكان ئەوان نایەنێتە سەر باوەڕی كەوتن و داڕمان، نایانەوێت لەناو تاریكایی و قێزەونی سەرمایەداریدا دەرگای ئەو شۆڕشەی كە هەموو تەمەنی خۆیانیان بۆ تەرخانكردبوو دابخەن و بڕوایان بەو شۆڕشە دادپەروەرەی بۆی تێكۆشاون لە دەست بدەن، كاتێك سەرمایەداری پێ دەنێتە قۆناغی گەشەی خۆیەوە ئیتر ئەم مرۆڤانە دەكەونە ناو گێژاوی سەختی و دابڕانەوە، دژە شۆڕش و هاوڕێ بەرژەوەندخوازەكانیان ئەمان دەكەنە گەمەی دەستی خۆیان، ئەمە دەبێتە گەمەیەكی قێزەون بۆیان و تووشی لەبەریەك هەڵوەشاندنیان دەكات، دەبینن كاتێك كۆمەڵگا و شارەكان و وڵاتەكان دەگۆڕدرێن و باوەڕ لەناویاندا ماڵاوایی دەكات و بەرەو پیری سەرمایەداری دەچن، بەمە كۆتایی بەو مرۆڤە شۆڕشگێڕانە دێت كە ڕۆژگارێك بە هەموو توانایی خۆیانەوە دەیانویست جیهانی سەرمایەداری هەرەس پێبهێن و كۆمەڵگایەكی بێ چین و چەوساندنەوە بهێننە كایەوە، ئەو ڕۆژگارەی كە ئیتر باوەڕ تێیدا دادەڕمێت و هیچ كەسێك بیری لێ ناكاتەوە مرۆڤە شۆڕشگێڕەكان دەكەونە بەردەم دەیان پرسی دژ بەیەكەوە، هاوڕێی تێكۆشانیان لەدەست دەدەن و دەبینن ئەوانە لە باوەڕی چەپگەراییەوە چۆن چۆنی بوونەتە سەرمایەداری قێزەون و بۆ پارە سوكایەتی بە باوەڕ و ئەخلاقی جارانی خۆیان دەكەن، ئاوا یەك یەك جارێ هاوڕێكانت، نەوەكانت، شیعر و ئەدەبیاتت، كتێب و كتێبخانەكەت، ماڵ و خێزانەكەت، شار و كۆڵان و دراوسێكانت بەدوای یەكدا لە دەستت دەدەیی، ئەمە هەمووی لەژێر باهۆزی قێزەونی ڕەوتی سەرمایەداریدا ڕوودەدەن، بەمە مرۆڤە چەپەكان ئیتر لەناو هەناسەساردیەدا دەمێننەوە، توشی جۆرێك لە داڕمان دەبن، توشی ئەو هەڵوێستە سەختانە دەبنەوە كە دەبینن لە قۆناغەكانی ژیانیاندا منداڵ و هاوڕێ و خێزان و خزمەكانیان گەمە بە باوەڕی چەپگەرای ئەوان دەكەن و باوەش بە خۆشیەكانی سەرمایەداریدا دەكەن و نایەن لەسەر ڕێگای ئەوان دژی سەرمایەداری و بۆرجواكان شۆڕش بەرپابكەن، دەبینن دژە شۆڕشەكان تەواوی كۆمەڵگا دەتەنن و دەبنە پشت و پەنای ئەو بۆرجوازانەی كە لە پێناو دەستكەوتی خۆیاندا كۆمەڵگا وێراندەكەن، ئەم مرۆڤە چەپانە ئیتر لە بەر بێ ئیرادەی خەڵك و گەمژەییان لە لوتكەی باوەڕیانەوە دادەكەونە ناو قووڵایی شارە سیخناخەكانەوە، ئەو شارانەی كە پڕبوون لە سۆزانیخانە و كۆشكی بەرز و بازاڕی گەورەو میترۆ و ڕێگای خێرا، لەناو ئەم هەموو شتە قێزەونانەدا كە خەڵك نازانن سەرمایەداری فریویداون و هەموو ڕۆژێك بەشێك لە ڕۆح و دەستكەتەكانیان دەبات، خەڵك بە گاڵتەجاڕیەوە هاواردەكەن: بژی شۆڕش... و دێن گاڵتە بە ئیرادەی ئەوانە دەكەن كە باس لە شۆڕش دژی فاشیەتی سەرمایەداری دەكەن... لەگەڵ ئەمانەیشدا لەگەڵ قۆناغە یەك بە دوای یەكەكانی سەرمایەدارەكاندا ئەم مرۆڤە چەپانە ناتوانن دەست بەرداری خەون و باوەڕی سۆشیالیستی خۆیانی ببن، ئەوان دەزانن كە ڕۆژێك دێت ئەو خەڵكەی باوەش بۆ جوانیەكانی سەرمایەداری دەكاتەوە پەشیمان دەبنەوە و دەزانن كە كەوتوونەتە چ زەلكاویەكی مەترسیدارەوە، بەڵام ئەمان نایانەوێت لە هیچ ڕۆژگارێكدا گیان و باوەڕی خۆیان ڕادەستی هێزی بۆرجوازەكان بكەن، تا كۆتاییەكانی تەمەنیان كە پڕ لە وێنەی دژ بەیەك ناتوانن پشتبكەنە ئیرادی چەپگەراییانەی خۆیان، ئەوان بە باوەڕەوە دەمرن و خەڵكیش بە پشت بە ستن بە گەمە قێزەونەكانی سەرمایەداری كۆیلانە درێژە بە ژیانی كۆلایەتی خۆیان دەدەن.

• دوایین پێنج ڕۆژی پێغەمبەر

• تەحسین یوجەل

• وەرگێڕانی سامان كەریم

• لەبڵاوكراوەكانی ناوەندی ڕەهەند 2023

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×