بەڵێ بۆ لابردنی پەیکەری فاشی سەدام حسێن لەسلێمانی
  2024-02-26       1121       
پەیکەری سەدام لەئەمنە سوورەکەی سلێمانی

زامۆئا داراغا

 

بە هیچ شێوەیەک جێی قبوڵ نییە پەیکەرە سەدام حسێنی فاشی لە ناو جەرگەی سلێمانی لە ناو مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکە بوونی هەبێ، ئەوەندە سوکایەتی پێکردنە بە قوربانیەکان و مێژووی خەباتی کورد، وەندە گێڕانەوەی مێژوو نییە بۆ نەوەکانی دواڕۆژ، وەک بەڵگەیەکی هونەری یان مێژووی بەکاربهێنرێت .

گەر بە وردی سەرنج لە پێکهاتەکانی پەیکەرەکە بدەین ئەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا ئەبێ، کە ئەم پەیکەرە بە جوانی ڕازاوەتەوە، کە گوزارشت لە گەورەیی و شکۆمەندی و نەمری سەدام حسێن ئەکات، نەک داڕمان و ڕوخاونی ڕژێمی بەعسی فاشی و سەدام حسێن .

پەیکەرەکە لە دوو ( قاعیدە ) پێکهاتووە کە شێوەی ( مۆنۆمێنتی ) وەرگرتوە نەک پەیکەر .

قاعیدەی یەکەم پەیکەرەکەی لە سەر دانراوە بە شێوەیەکی لار بۆ پێشەوە، لە سەر قاعیدەی دووهەم کە ڕووبەرێکی گەورەی بۆ تەرخان کراوە لە شێوەی

( پێنج گۆشە ) کە کۆشە تیژەکەی کەوتۆتە بەشی پشتەوە، بە شێوەیەک بەشی پشتەوە بەرزترە لە بەشی پێشەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە هەموو دیزاینەکە لە خزمەتی گەورەکردن و شکۆدانە بە پەیکەرەکە بەرامبەر بە بینەر کە لە پێشەوە تەماشای ئەکای و قەبارەی پەیکەرەکە گەورەتر ئەکات لە ئاستی بینینی بینەرەوە، کە ئەو هەستە ئەدات بە بینەر کە چەند بچوکە لە ئاست ئەو پەیکەرەکەدا .

بە دەوریدا پەرژینێکی شووشە دانراوە بۆ پاراستنی پەیکەرەکە، کە ئەمەش وەک ( پیرۆزیەک ) دەردەکەوێت کە بینەر بۆی نییە دەستکاری بکات و لە پەیکەرەکە نزیکبێتەوە.

لە پێشەوە ڕووناکی بۆ دانراوە لە کاتی شەواندا پەیکەرەکە زیادتر دەربکەوێت .

قاعیدەی پەیکەرەکە لە کاشی ( مەڕمەر ) دروست کراوە وە کە نیشانەی بەهێزی و پاکی ئەبەخشێت وەک بەردی مەڕمەڕ، بە دڵنیایەوە خەرجیەکی زۆری تێچوو بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە . کە بە باوەری من تائێستا بەم شێوە پاک و جوانە کار بۆ قاعیدەی پەیکەر نەکراوە لە هەموو سلێمانی و دەوروبەری .

ئەمنە سورەکە ڕەمزی چەوساندنەوە و دڕندایەتی ڕژێمی بەعسی فاشستی عەرەبی بوو دژ بە میللەتی کورد ئەنجامی ئەدا، لە ئەشکەنجەدان و لە سێدارە دان و لاقەکردنی ژن و پیاوی کورد، کە بووبووە بە قەڵای زۆرداری و ناعەدالەتی، کە ئێستا بووە بە ( مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکە – تا لە یادمان نەچێت ) تایبەتە بە ئەشکەنجەدان و جەنگ و جینۆساید.  

بەڵام بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکە بەبێ ئەوەی بیر لە لێکەوتەکانی ئەم کارە بکەنەوە، دێن بە مەبەست یان بە بێ مەبەست ئەم پەیکەرە دادەنێن لە ناوەڕاستی مەیدانی ئەو باڵەخانەیەدا وە بەبێ گوێدان بەو هەموو زولم زۆردایەی کە لە ڕابوردوودا کردوێتی دژی میللەتەکەمان و شاری سلێمانی بە تایبەتی، کە تائێستا کەس و کاری قوربانیەکانی ئەم خوێنڕێژە فاشستە لە ژیاندا ماون .  

( ئەم بێ ڕێزیە بەرامبەر بە قوربانییەکان و خەڵکی شاری سلێمانی ئەبێ ڕاگیرێت وە بە زووترین کات ئەو پەیکەرە لاببرێت وە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە ئەو پەیکەریان بەم شێوەیە نمایش کردوە )

ئەم پەیکەرە ئەوەندە گوزارشت لە گەورەیی و شکۆداری و نەمری سەدام حسێن و ڕژێمەکەی ئەکات، ئەوەندە گوزارشت لەو مێژووە خوێناویە ناکات کە خەڵکانێکی زۆر لە دژایەتی کردنیدا گیانیان بەختکردوە . زامۆیا داراغا 25.02.2024

 

تێبینی: ئەم پەیکەرە لە ساڵی ( 1997 ) دروست کراوە لە دەروازەی سەربازگەیەک نزیک چوار ڕێیانی عەرەفە لە شاری کەرکوک دانرابوو، لە پڕۆسەی ئازادی عێراقدا لە ساڵی ( 2003 ) ڕووخێندرا، پەیکەرەکە قۆڵی ڕاستی شکێندراوە وە چەند فیشەکێک دراوە بە سەری پەیکەرەکەوە، دەستی چەپی پێوە نەماوە هەروەها هەردوو پێیەکانی شکێندراون. هونەرمەندی فۆتۆگرافەر ( فایق حەمە ساڵح ) پێشکەشی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکەی کردوە .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×