یادێک لە کلارا زەتکین - بەبۆنەی هەشتی مارس، رۆژی جیهانی ژن
  2024-03-07       831       
کلارا زەتکین

بەها رەحمانی

 

ویستم بە بۆنەی هاتنی ٨ی مارس شتێک بنووسم. بەڵام دیتم کە زۆر شت لەسەر رۆژی جیهانی ژن  نوسراوە بەڵام کەم کەس ئاوڕی لەو کەسایەتییەی کە خاوەن بیرۆکەی رۆژی جیهانی ژنە، داوەتەوە. بۆیە بە پێویستم زانی زۆر بە کورتی و وەک رۆژمێرێک، لە سەر ژیانی کلارا زەتکین، پێشەنگی خەبات بۆ مافی ژنان ئەم چەند دێڕەی خوارەوە بنووسم.

رۆژی جیهانی ژن مێژوەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٠. لەو ساڵەدا لە لایەن ئەنترناسیۆنالی دووهەم و بە پێشنیاری کلارا زەتکین، ئەم رۆژە بە رۆژی جیهانی ژن ناسێندرا.

کلارا یۆسفین زەتکین (ئایزنەر، ناوی کچێنیەتی) لە ٥ی جۆلای ١٨٥٧ لە دێی "ویدەرلاو" لە باشوری شاری "لایپزیش" لە "زاکسن" (بەشێک لە ئەڵمانی ئێستا) لە دایک بوو.کلارا کچی مامۆستای دێکەیان بوو.
لە ساڵی ١٨٧٠ بنەماڵەکەی کلاراکۆچیان کرد بۆ شاری لایپزیش. کلارا دواتر لە زانکۆی ئەو شارە لە بەشی پەروەردە و پێداگۆگی خوێندی باڵای تەواو کرد و بوو بە مامۆستا. هەر لە زانکۆدا ئەو بۆ بە یەکێک لە خوێندکارە چەپ و رادیکاڵەکان و لە ساڵی ١٨٧٨ بوو بە ئەندامی پارتی سۆشیالیستی کرێکاران (ئێس ئا پێ).

لە هەمان ساڵدا واتە ساڵی ١٨٧٨ و لە کاتی دەسەڵاتی "بیسمارک"،  یاسای دژ بە سوشیالیستەکان هاتە ئاراوە و ئەم یاسایە بەسەر هەموو ئەڵمانیادا سەپێندرا. بە پێی ئەم یاسایە هەموو چەشنە کۆبوونەوەیەکی سوشیالیستەکان لەو وڵاتە قەدەغە کرا و هەرجۆرە تێکۆشانێکی رێکخراوە کرێکارییەکان بە نایاسایی ناسێندرا. لە ئەنجای جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا، دەیان رۆژنامە و گۆڤار لەو وڵاتە داخران. هەر بە پشت بەستن بەم یاسایە، هاوژینەکەی زەتکین، واتە ئۆسیپ زەتکین کە سوشیالیستێکی بە بنەچە ئۆکراینیی بوو، دەسگیرکرا و دواتر لە ئەڵمان دەرکرا.

زەتکین و هاوژینەکەی بەناچار کۆچیان کرد بۆ وڵاتی فەرانسا و لە شاری پاریس نیشتەجێ بوون. ئەوان لەوێ درێژەیان بە خەباتی سیاسی داو لە  باریکادەکانی کۆمۆنی پاریس چالاکانە بەشدارییان کرد.
لە ساڵی ١٨٨٩ کلارا زەتکین کە خۆی یەکێک لە رێکخەران و بەشداربووانی ئەنترناسیۆنالی دووهەم لە پاریس بوو، وتەیەکی لەسەر ماف و  دەوری ژنان لە بزوتنەوەی سوشیالیستی و لەسەر پێشنیاری "فرێدریش ئێنگێڵس" و "ئاگۆست بیبێل" پێشکەش کرد.

کلارا زەتکین دواتر و بە دوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی "بیسمارک"، گەڕایەوە ولاتی ئەڵمان و لە شاری شتوتگارد نیشتەجێ بوو.

لەو ماوەیەدا لە ئەڵمانیا، هەوڵێکی زۆری دا کە پرسی ژنان بکاتە پرسێکی سەرەکی هەموو پارتە چەپ و سوشیالیستەکانی ئۆروپا. هەوڵەکانی  ئەو بونە هۆی ئەوەی کە پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئەڵمان ("ئێس پێ دێ) وەک یەکەم پارتی ئەڵمانی لە ساڵی ١٨٩١ خواستی "مافی دەنگدانی ژنان" بخاتە ناو پرۆگرامی خۆیەوە. کلارا هەر بەمەوە نەوەستا بەڵکو ئەو لە ساڵی ١٩٠٧ خوازیاری ئەوە بوو کە هەموو پارتە کرێکارییەکانی ئەو سەردەمە، تێکۆشان بۆ مافی دەنگدانی ژن بکەنە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆیان.

دواتر کلارا زەتکین لەگەڵ چەند کۆمۆنیستی دیکە، لەوانە "رۆزا لۆگزامبۆرگ"، بەرەی چەپی پارتی سۆشیال دێمۆکراتیان پێک هێنا و لە درێژەدا "پارتی سەربەخۆی سۆشیال دێمۆکراتی ئەڵمان" یان دروست کرد و رێبەری راست و ریفۆرمخوازیان بەتایبەت "ئێدوارد بەرنشتاین" دایە بەر رەخنەی توند. ئەم رەخنانەی ئەوان و ئەو دووبەریکییە هەتا ئەهات لەناو بەرەی چەپ قوڵتر ئەبووەوە، بەتایبەت لە کاتی دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی واتە ساڵی ١٩١٤. لەم شەڕەدا رێبەری پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئەڵمان پاڵپشتی دەوڵەتی ئەوکاتەی ئەڵمانی کرد، بەڵام زەتکین و هاوڕێکانی، دژ بەم شەڕە وەستانەوە و بە شەڕی کرێکار و چینی نەداری ئەڵمانیان نەئەزانی.

کلارا زەتکین دواتر پەیوەندی کرد بە گروپی "سپارتاکیستەکان" کە لەلایەن "رۆزا لۆگزامبۆرگ و "کارل لیبکنێخت" ەوە دامەزرا بوو.

بەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٨، ئەڵمان بە دەورەیەکی زۆر ناسەقامگیردا تێپەڕبوو. زۆر رووداوی گەورە لە ماوەیەکی کورتدا لە ئەڵمان روویان دا. "ویلهێلم ی دووهەم" کورسی دەسەڵاتی جێهێشت و کۆماری "وایمار" بونیاد نرا. دواتریش "شۆڕشی سپارتاکیستەکان" لە بەرلین لە سەرتای ژانویەی ١٩١٩، بە رێبەری "کارڵ لیبکنێخت" و "رۆزا لۆگزامبۆرگ" شکستی هێنا و ئەم دوو رێبەرە مەزنە لە لایەن سەربازانی ژێر فەرمانی سۆشیال دێمۆکراتەکان، تیرباران کران.

زەتکین و هاوڕێ سپارتاکیستەکانی لەدوای ئەم شکستەش کۆڵیان نەداو و پارتی کۆمۆنیستی ئەڵمانیان لە ژانویەی ١٩١٩ دامەزراند. زەتکین لە ساڵی ١٩٢٠ تا وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن هیتلێرەوە لە ساڵی ١٩٣٣، نوێنەرایەتی پارتەکەی خۆی لە پەرلمانی ئەڵمان ئەکرد.

زەتکین لە ساڵی ١٩٢١ بوو بە ئەندامی دەستەی بەرێوەبەرایەتی "کۆمینترن واتە "ئەنترناسیۆنالی سێهەم" و هەتا دواساتەکانی ژیانی لەو پۆستە مایەوە. بەدوای گرتنی دەسەڵات لەلایەن نازیستەکانەوە لە ئەڵمان لە ساڵی ١٩٣٣، زەتکین ناچار بوو ئەڵمان بۆ هەتاهەتایە بەجێ بهێڵێت و بچیتە "یەکێتی سۆڤیەت"ی ئەوکاتە و هەرلەو ساڵەشدا لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە شاری موسکۆ کۆچی دوایی کرد

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×