وردەكاری رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە
  2019-09-02       1708       

ئا: ئاوێنە

 

لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە لەسەر پرسی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاكە رێككەوتن و بڕیاریشە تا رۆژی 5ی ئەم مانگە ناوی كاندیدانی ئەنجومەنەكە رەوانەی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە بكەن.

 

دوشەممە ٢/ ٩، دوای كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاكە، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لایەنەكان رێككەوتون و لیژنەیەكیشیان بۆ پرسی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە پێكهێناوە.

بەپێى کۆنوسى کۆبونەوەکە كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە، لایەنە سیاسییەكان رێككەوتون لەسەر بنەمای رێككەوتنی رۆژی 12/03/2017 و نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 104 لە رۆژی 16/03/2017، تا رۆژی 5ی ئەم مانگە ناوی كاندیدانی ئەنجومەنی پارێزگا رەوانەی دیوانی پارێزگا بكەن و وێنەیەكیشی بدەنە نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە هەڵەبجە.

ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە لە (25) كورسی پێکدێت و بەپێى رێککەوتنەکان سەرۆكی ئەنجومەن بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بۆ یەكێتی نیشتمانی و سكرتێری ئەنجومەنیش بۆ كۆمەڵی ئیسلامی دەبێت، دابەشكردنی كورسیەكانی ئەنجومەنیش بەم شێوەیە دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان (5) كورسی، یەكێتی نیشتمانی (6) كورسی، یەكگرتوی ئیسلامی (4) كورسی و  كۆمەڵی ئیسلامی (3) كورسی (لە چوارچێوەى لیستى خزمەت کە حەوت کورسییان دەبێت)، پارتی دیموكراتی كوردستان (3) كورسی، بزوتنەوەی ئیسلامی (2) كورسی، سۆسیالست و حزبی شیوعی (1) كورسی، كاكەییەكان (1) كورسی.

هەر بەپێی كۆنوسی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ، سەرجەم لایەنە سیاسییەكان رەزامەندن لەسەر رێككەوتنی رۆژی 12/03/2017 تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە.
لە خاڵی سێیەمی كۆنوسەكەدا هێما بۆ ئەوە كراوە كە لەكاتی گۆڕینی ناحیەی خورماڵ بۆ قەزا، لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە رەزامەندن بە پێدانی پۆستی قائیمقامی ئەو قەزا نوێیە بە پارتی دیموكراتی كوردستان.

هەروەها بەپێی خاڵی چوارەمی كۆنوسەكە، تا كاتی جێبەجێكردنی خاڵی سێیەم پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ دەدرێتە پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی كاتی و دواتر دەدرێتەوە بە حزبی سۆسیالستی دیموكراتی كوردستان.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×