نرخی عەریزەكەی كۆمپانیای "ئینفۆ ئاڕ ئاڕ" روبەڕوی تەحەدای گەورە دەبێتەوە
  2019-09-02       1706       

كۆمپانیای "ئینفۆ ئاڕ ئاڕ" كە نرخی نوسینی عەریزەی ئەلیكترۆنی كردۆتە 15 هەزار دینار، روبەڕوی تەحەدای گەورە دەبێتەوە. دو كۆمپانیای پسپۆڕی بوارەكە دەڵێن؛ ئامادەین ئەو كارە بە حەوت هەزار دینار بكەین و لەسەدا 40یشی بدەین بە حكومەت. شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی نەوەی نوێ-ش دەڵێت؛ ئێمە بە سێ هەزار دینار دەیكەین. 


ئاوێنە: لەماوەی رابردودا كۆمپانیای "ئینفۆ ئاڕ ئاڕ"، بەپێی گرێبەستێك لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، نرخی نوسینی عەریزەی بەشێوەی ئەلیكترۆنی كردە 25 هەزار دینار، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییەكانەوە چەند رۆژێك لەمەوبەر كۆمپانیاكە رایگەیاند، نرخەكەیان كەمكردۆتەوە بۆ 15 هەزار دینار. بەڵام ئەم نرخەش هێشتا ناڕەزایەتی زۆری لەسەر هەیەو چونكە بە نرخێكی بەرز دەزانرێت.


هەردو كۆمپانیای "ئێرلی فیوچەر" و "ئیكواتۆر ئینتەرپڕایزس" لەنوسراوێكدا بۆ لایەنی پەیوەندیدار، كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە، تەحەدای نرخەكەی عەریزەنوسی ئەلیكترۆنی كۆمپانیای "ئینفۆ ئاڕ ئاڕ"یان كردوە.


ئەو دو كۆمپانیایە كە خۆیان وەك دو كۆمپانیای پسۆڕی بواری ئەلیكترۆنی و داتاو بازرگانی گشتی ناوبردوە، لە نوسراوەكەدا وتویانە"ئامادەیی خۆمان نیشان دەدەین، كە سیستمی ئەلیكترۆنی سكاڵانوسی(عەریزەنوسی ئەلیكترۆنی) بۆ نوسینگەكانی دادنوسی لەهەرێمی كوردستان بكەین بۆ ماوەی 12 ساڵ بە نرخی حەوت هەزار دیناری عێراقی و بڕی لەسەدا 40ی ئەو پارەیەش بدەین بە حكومەتی هەرێمی كوردستان."

 


سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی، كە نوسراوەكەی ئەو دو كۆمپانیایەی لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك بڵاوكردۆتەوە، بەپێویستی زانیوە گرێبەستەكەی كۆمپانیای ئینفۆ ئاڕ ئاڕ، هەڵبوەشێنرێتەوە كە "بارگرانی لەسەر خەڵك زیاد كراوە بەناوی عەریزەنوسی ئەلیكترۆنی لەكاتێكدا كە ئەلكترۆنی نییەو تەنها تایب و پرێنكردنە بە كۆمپیوتەر."


لەلایەكی دیكەوە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسوك لەسەر هەمان بابەت "تەحەدای حكومەتی هەرێمی كوردستان"ی كردوە.


شاسوار عەبدولواحد، سەبارەت بەو نرخەی دیاریكرداوە بۆ عەریزەی ئەلیكترۆنی وتویەتی"ئەمەی دەکرێت لوتکەی گەندەڵییە لە سەرەتای کابینەیەک کە باس لە نەهێشتنی گەندەڵی دەکات'بە حساب'."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ناکرێت ئیشێکی وا گەورە بێ کێبڕکێ بدرێت بە کۆمپانیایەک، بەڵکو بە پێی یاسا دەبو بخرێتە 'کەمکردنەوەی ئاشکرا'و چ کۆمپانیایەک کەمترین نرخ پێشکەش بکات، بدرایە بەو."


جەختیشی كردۆتەوە"ئێمە کۆمپانیایەک بۆ حکومەت دەهێنین کە هەمان ئەو کارە بە سێ هەزار دینار بۆ هاوڵاتییان دەکات (لە بری ئەو ٢٥،٠٠٠ دینارەی کە باسی لێوە دەکرا)، ئەگەر حکومەتیش راست دەکات با تەحەداکە قبوڵ بکات و نیشانی خەڵکی بدەین ئایا ئەو کارە بە (٣،٠٠٠ دینار) دەکرێت یان نا؟"


سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتوشیەتی"جا با خەڵکی کوردستان بزانێت، ئەمە لە عەریزەیەکدا هێندە پارە لە خەڵک بە زیادە وەردەگیرێت، ئاخۆ بۆ کار و پرۆژە گەورەکانی تر چی ڕودەدات؟!!"


لەكاتێكی پێشتر ئەمڕۆشدا، عەلی حەمەساڵح، لەڕاگەیەندراوێكدا، ئاشكرایكردبو كە گرێبەستی عەریزەنوسیی فەرمانگەكانی دادنوسی لەلایەن وەزارەتی داد لەكابینەی پێشو ئیمزاكراوە.
وتبوشی"کۆی دۆسیه‌که‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی و داواکاری گشتی و وه‌زیری نوێی داد. له‌گه‌ڵ داواکاری گشتی و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ قسه‌ کراوه‌و له‌ ڕۆژانی ئاینده‌ کاری پێویستی له‌سه‌ر ده‌که‌ن."


جەختیشی كردبوەوە"ئه‌م گرێبه‌سته‌ پێویسته‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و بۆ خزمه‌تکردنی چه‌ند که‌سێک کراوه‌. ٢٠ هه‌زار دینار بۆ کۆمپانیا، دو هەزارو 500 دینار بۆ حکومه‌ت، دو هەزارو 500 دیناری بۆ كارمەندەكانە."


ئەوەشی خستبوەڕو"کۆمپانیاکه‌ په‌یوه‌ست نه‌بوه‌ به‌ گرێبه‌سته‌کەوە‌، ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک سیستمی ئه‌لیکترۆنی نییه‌و ته‌نها ئەوەیە به‌ کۆمپیوته‌ر ده‌نوسرێت."


سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتبوشی"ئه‌گه‌ر سیستمی ئه‌لیکترۆنی بێت، ئه‌وه‌ ئه‌رکی حکومه‌ته‌، نه‌ک به‌ باخه‌ڵی هاوڵاتی چه‌ند که‌سێکی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکرێت."


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×